١٤\٧\٢٠١٦
ئایا ھێشتا
ئومێدێک ھەیە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی؟

تاهیر حەسەن
لێکدانەوە یان خوێندنەوەیەک بۆ وەڵام دانەوە بەم پرسیارە ڕەنگە ھەروا
کارێکی ئاسان نەبێت و ھەڵگری یەک چەمک نەبێت بۆ لێکدانەوەو خوێندنەوە
بۆی. چونکە دەبێت بپرسین ئاخۆ ھێشتا شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرپاکراوە
کەلەبەرژەوەندی کۆی کۆمەڵگەکان بوبێت یان ئەوەی تائێستا ڕویداوە لەژێر
ناوی شۆڕشی کۆمەڵایتیدا لەبنچینەدا تەنھا لەبەرژەوەندی چینێکی
کۆمەڵایەتیدا شکاوەتەوە؟ دیسان دەبێت بپرسین ھۆکاری ئەوە چی بوە کەدوای
بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی،ئاکام و ئامانجەکانی وانەشکاوەتەوە وەک
ئەوەی چاوەڕوانی لێکراوە؟ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەفەرەنسای
سەردەمی کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەیەمدا نەیتوانی لەبەرژەوەندی گشتی
کۆمەڵگەی فەرەنسیدا بشکێتەوە.شۆڕش لەئەمریکا بۆ سەربەخۆی لەساڵی ١٧٧٦دا.
شۆڕش لە بەریتانیادا.شۆڕش لە ڕوسیادا. شۆڕش کردن گەر ناوی شۆڕشی لێ
بنێین لەوڵاتانی ڕۆژھەڵات و ئاسیادا. لەم شۆڕشانەدا،ھێزی بزوێنەر تێیدا
ناھاوسەنگی و دەرئەنجامی ململانێی چینایەتی و چەوساندنەوەی زۆری بەشی
زۆری کۆمەڵگە بوە.ئەو جومگە سەرەکیانەیشی کە بەشداربوی نێو شۆڕشەکان
بوون،تەنھا چینە چەوساوەکەی نێو کۆمەڵگەکان بوون لەکاتی پەلامار و دەست
بردن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشەکان. بەڵام دواجار بەرھەمی شۆڕشەکە بۆ ئەو
چینە سیاسی و بەرژەوەند خوازە بوە کە دیسان بوەتەوە بەدوژمنی چینە
چەوساوەکە. ئاخۆ بڵێی ئەو چەمک و دیدانەی کەسانی وەک ئەفلاتون و ئەرستۆ
لەسەردەمی خۆیاندا ھەیان بوە لەسەر مەسەلەی ئەوەی مرۆڤەکان بەپێی
سروشتی خۆیان دابەش کراون،لەنێوان عاقڵ مەندان و بەھێزەکان و
کۆیلەکاندا،دروست وابێت و ھەروایش بمێنێتەوە؟ بۆ دەبێت ئەو چینە
زەحمەتکێش و چەوساوانە ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێت کەلەپێناو
بەرژەوەندیەکانی چینی چەوسێنەری دەسەڵاتداردا ئامادە بن خۆیان
بەکوشتداندا بدەن بەڵام زۆر زەحمەت بێت کە ئەو گیان فیدا کردنە لەپێناو
ڕزگاری بونی خۆیاندا بکەن تالەوەی چیتر وەک کۆیلەو چەوساوە نەمێننەوە.
ئاخۆ دیسان ئەوە تەنھا ھۆکاری ناھوشیاریە سیاسیە چینایەتیەکەی خودی ئەو
چینە چەوساوەیە وەک مارکس ئیشارەی پێدەدات کە دەبێتە ئەو ھۆکارە
یەقینەی خودی ئەو چینە نەتوانێت ببێتە ئەو مەشخەڵی بەرپاکردنی شۆڕشێکی
کۆمەڵایەتی لەپێناو ئامانجەکانی خۆیداو چیتر خۆی نەکات بەسوتەمەنی بۆ
چینێکی چەوسێنەری کۆمەڵایەتی؟
گەر بەووردی بچینە نێو لاپەڕەکانی مێژودا و لەنێو ئەو مێژوانەی تائێستا
بەرھەم ھاتون بنواڕین،دەبینین ھەمیشە مێژویەکی پڕاوپڕ لەچەوساندنەوەی
چینایەتی دەبینین و لەگشت وەرچەرخانەکاندا،دیسان ململانێ چینایەتیەکان
بەردەوامیان پێدراوە و ھێزی چەوسێنەرو بەرژەوەندخواز و قازانج پەرست
بەبەردەوامی زاڵ بوون بەسەر گشت پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا.
گۆڕانکاریەکان چ لەڕوی ئابوری و چ لەڕوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی
و کەلتوری و دینیەوە،دیسان ھەر لەبەرژەوەندی چینە دەسەڵاتدارەکان
شکاوەتەوە.
شۆڕشی فەرەنساو شۆڕشی ڕوسیا،کەبەدوو مەزنترین جۆری شۆڕشی کۆمەڵایەتی
دەژمێردرێت تا ئەوکاتە وەک ئومێدێک چاوی لێدەکرا لەسەردەمی خۆیدا،
تائەوەی کۆتای بھێنێت بەململانێی چینایەتی و کۆتای ھێنان
بەچەوساندنەوەو کاری بەکرێ و زۆرەملێی بەسەر چینە
بەرھەمھێنەەکاندا،کەچی دواجار،نەک وانەشکاوە،بەڵکو دیسانەوە ئومێدەکانی
ئەو چینە چەوساوەیەی خستە ژێر گڵەوە.
چینە چەوسێنەرەکانی تائێستای مێژوی مرۆڤایەتی،ھێندە تواناو وزەی
ھەڵخەڵتێنەریان تێدایە کەبتوانن ڕەوڕەوەی مێژوو بەقازانجی خۆیان
وەرچەرخێنن،ئەویش تەنھا بەھۆکاری ئەو ووتەی مارکسە کە ووتی،ھەژاری
ناتوانێت شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرپا بکات،بەڵکو ئەوە ھۆشیاری ساسی
چینایەتی، ھەژارەکانە کە دەتوانێت شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرپا بکات. بۆیە
دەتوانین بڵێین تائێستا شتێک ڕوی نەداوە بەناوی بەرپاکردنی شۆڕشی
کۆمەڵایەتیەوە بێت و توانیبێتی کۆتای بەکێشمەکێش و ململانێ
چینایەتیەکان بھێنێت.بەپێچەوانەوە ئەوەی ڕویداوە کۆتای ھێنان بوە
بەچینێکی دەسەڵاتدار لەپێناو چینێکی دەسەڵاتداری چەوسێنەری دیکەدا.
سیستەمی بۆرژوازی خاوەن پیشەسازی کاتێک دەبێتە ئەمری واقیع بەناچاری
ھەلومەرجێک دەخوڵقێنێت کە خۆبەخۆ دەست دەبرێت بۆ شۆڕش کردن تا زاڵ ببێت
بەسەر چینی دەرەبەگی پێش خۆێداو لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا دەبێت
ئەو وەک ھێزو دەسەڵات و ئابوریەکەی و سیاسەتەکەی لەناو ببات یان کەنار
ی بکات. بەڵام دواتر ئەو چینەی لەم نێوەدا وەگەڕ دەخرێت بۆنێو ئەو شۆڕش
و وەرچەرخانە،تەنھا ئەو چینە چەوساوەیە کە تائێستا ژێر دەستەی
دەسەڵاتداران بوە،چ دوێنێ و چ ئەمڕۆ. چونکە ھیچ سیستەمێک خۆبەخۆ لەنێو
نەچوەو لەڕێگەی چاک سازی و داواکاری ئاشتیانەوە کۆتای پێ نەھاتوە،بەڵکو
وەک جەبر گەرایەک تەنھا لەڕێگەی ھێزو بەرپاکردنی جەنگ لەدژی کۆتا
پێھێنراوە.
ھەلومەرجە ناساقامگیریەکانی تائێستای سیستەمی سەرمایەداری ھەر لەسەدەی
پازدەوە بەنێو جەنگی بەردەوام و ململانێی چینایەتی نێوان چینی
دەسەڵاتدار و چینی چەوساوەو دەوڵەتی بەھێزو دەوڵەتی لاوازدا بەردەوامی
ھەیەو،پاڵ نەرە سەرەکیەکانی نێو ئەو ناسەقامگیریەیش تائێستا خۆی لەنێو
پارێزگاری لەمانەوەی چینە دەسەڵاتدارە بەھێزەکاندا بینیوەتەوە. خودی
ئەم سیستەمە سەرمایەداریە کە بەرھەمھێنانی ئابوری لەژێر دەستدایە
بەناچاری کۆی کایەکانی دیکەی سەرخانی کۆمەڵگاکانیش دەخاتە ژێر ڕکێفی
خۆیەوە. بۆیە بەپێی چونە پێشی ھەلومەرجی بەرھەمھێنانی ئابوری بەو
ئەندازەیەش لەبوارەکانی دیکەدا ئاستی ھۆشیاری کۆمەڵگاکانیش دەچێتە
پێشەوە،بەڵام ھێشتا ئاستی ھۆشیاریەکانیش بەو ئەندازەیە نیە کە بتوانێت
کۆتای بەو چینە دەسەڵاتدارە بھێنێت کە پێگەی جومگە سەرەکیەکەی ژێرخانی
کۆمەڵگەی لەژێر دەستدایە.
وڵاتانی زلھێزی سەرمایەداری بۆخۆی ھەر چەند دەیە جارێک خۆی لەنێو
قەیرانی ئابوری و دارایدا دەبینێتەوە و ئاستی بژێوی چینە نەدارەکان
بەئەندازەیەکی زۆر دێنێتە خوارەوەو بێکاریەکی زۆر لەگەڵ خۆیدا
دەھێنێت.بازاڕەکان سست دەبن و لەپێناو سەرھەڵنەدانی شۆڕشداو خاڵی
کردنەوەی قەیرانەکان و کۆتای ھێنان پێی،دەست بۆ بەرپاکردنی جەنگ دەبرێت
و کۆمەڵگەکان سەرقاڵی نێو پلانەکانی زلھێزان دەکرێن. جەنگەکانی سەدەی
شازدەو دەست بردن بۆ داگیرکاریەکانی وڵاتانی لاواز،ھەمیشە بەشێکی
سەرەکی نێو پرۆژەکانی خاوەن ھێزەکان بوون.( خۆ ئەگەر لەنێو پەرتوکە
مێژویەکانیشدا کەمێک بچینە دواوە،ئەوا دیسان ھەرجەنگ دەبینین ئیتر
جەنگە ئاینیەکان بوبێتن یان جەنگی سەردەمی ئیمپراتۆریەکان بوبێتن).خودی
ئەم ململانێیانە و جەنگانە دەرئەنجامی ئەو بەرژەوەندخوازیەی چینە
دەسەڵاتدارەکان بوە کە ئامادە نین ژیانێکی یەکسان و ھاوسەنگ ھەبێت بۆ
گشت مرۆڤایەتی.
لەم سەدەیەشدا،ئەو زنجیری چینایەتیە نەپچڕاوەو تائێستا درێژە بەو
ڕابردوە ناھاوسەنگە دەدات و دەسەڵاتی زلھێزی سەرمایەداری ھەروەک
خۆی،ھەڵگری ھەمان چەمکی قەیران و ڕێگر لەبەردەم گەشەی ئابوری و ھێنانی
جەنگە کاول کاریەکانیەتی. جەنگ و کوشتارگاکانی جا لەھەرچ سەرزەمینێکدا
ھەلومەرجەکەی بۆی لەباربێت لەوێدا جەنگ ھەڵدەگیرسێنن و کۆمەڵگەکانی
پێوە سەرقاڵ دەکات و مەیدانی قازانجەکان لەڕێگەی فرۆشی چەک و
داگیرکاریەکانەوە بەرفراوانتر دەکات. لەم سەدەیەدا،سەرزەمینی وڵاتانی
ڕۆژھەڵات،زۆر لەبارن بۆ خاڵی کردنەوەی قەیرانەکان لەڕێی بەرپاکردنی
جەنگەکانیانەوە. ئەو گۆڕانکاریانەی سەریان ھەڵداوە لەناوچەکەدا
بەئەندازەیەکی زۆر ھێشتا لەژێر پلان و کۆنترۆڵی زلھێزانی
سەرمایەداریدایەو لەنائامادەی ھاتنە مەیدانی چینی کرێکارو بەرەی
ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کۆمەڵگەکاندا،ھێشتا جێگا ئومێدێک نابێنرێت
کە ئێستا و ئایندە لەبەرژەوەندی ئەو چینە بەرھەمھێنەرەدا بشکێتەوە.
ئەوەیش ھۆکارێکی سەرەکیە بۆئەوەی بڵێم ئەوەی تائێستا ڕوی داوە
بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی نەبوە،بەڵکو تەنھا ئەو،یانی شۆڕش وەک
چەمکێک بەکارھێنراوە لەپێناو بەرژەوەندی چینێکی نوێدا کە خواستی دوبارە
کردنەوەی ھەمان ھەلومەرجی دوێنێی پێیە.ئەویش چینێکی کۆمەڵایەتی
چەوسێنەرە.
شۆڕشی کۆمەڵایەتی ساتەوەختێک ڕودەدات کە
ھەڵگری کۆتای ھێنان بێت بەخاوەندارێتی تایبەت و کاری ھەرەوەزی بکاتە
ئەرکی گشتی نێو بەرپاکردنی شۆڕشەکەی. ئاخۆ ھێشتا ئەو قۆناغە زۆری ماوە
تا دەست ببرێت بۆ بەرپاکردنی ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتیە یان ئەوە تەنھا وەک
ئومێدێکی چینە بەشخوراوەکان و ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان دەبینرێت؟
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|