ئایا حکومەتى
داهاتووى هەرێم مرۆڤ دۆست دەبێت؟
ئیسماعیل عبدولڕەحمان
بۆ بەدەست هێنانى ژیانى تەبایى و بەختەوەرى لەهەر کۆمەڵگایەکدا ، ئەوە
دەبێت تاکەکانى کۆمەڵگا ئەوپەڕى ڕێزو بەها بۆ یەکتر دابنێن ، چونکە بێ
ڕێزگرتن لەیەکترى تاکەکانى کۆمەڵگا هەرگیز تەبانابن و یەکتریشیان
خۆشناوێت ، کەواتە هەر کۆمەڵگایەک ڕێزو خۆشەویستى تیانەبێت
نەپێشدەکەوێت و نەبێ کێشەش دەبێت ، سەر هەڵدانى کێشەو گرفتە سەختەکان
لەناو کۆمەڵگا هەمووى بەندە بەنەبونى بەڕێزو بەهاى یەکتر ، ڕێزو بەها
دانانى مرۆڤەکان بۆ یەکترى پێویستیەکى نەبڕاوەو هەمیشەییە بۆ ئەوەى
تاکەکانى کۆمەڵگا هەست بەبونى بەهاى خۆى و دەورو بەرەکەشى بکات کەئەو
هەستکردنە بۆخۆى کەشێکى پڕلەخۆشەویستى و ئارامى و بەختەوەری لەکۆمەڵگا
دروست دەکات ، ، ئینجا لەبەرئەوەى هیچ شتێک بەقەد مرۆڤ بەهادارتر نییە
پێویستە مرۆڤەکان تەنها بەهاى یەکتر لەسەروى هەموو شتێکەوە دابنێن ،
دیارە زانینى ڕێزو بەهاى مرۆڤ تێگەیشتنێکى یەکجار گەورەیە بۆ ئەو کەسەى
بەو شێوەیە لەمرۆڤ بڕوانێت ، بەڵام بەداخەوە هەردەم ئەو جۆرە کەسانە
کەمینەى کۆمەڵگان و لەهەندێک بارو دۆخیشدا گیانى مادە پەرستى مرۆڤەکان
دەگاتە لوتکەو دنیاى مرۆڤ دۆستى لەکۆمەڵگا تاریک و لێڵ دەکەن هەتا ئەو
ڕادەیەى مرۆڤە مرۆڤ دۆستەکانیش توشى ڕەش بینى و نائومێدى دەبن
لەئایندەى کۆمەڵگاکەیان ، ئێستا کام کەسى ڕەوشت بەرزى مرۆڤ دۆست هەیە
بەبینینى کۆمەڵگاى کوردەوارى لەکوردستانى باشور توشى نائومێدى نەبوبێت؟
کێشەى نەبونى ڕێزو بەهاى مرۆڤ لەکۆمەڵگاى ئێمە تەنیا لەلاى چینک و
توێژێک نییە ، بەڵکو سەرتاپامان لەهەموو چین و توێژو ئاستەکان بەخاوەن
بڕوانامەى بەرزو نزمەوە بەبێ بڕوا نامەو نەخوێندەوارو خوێندەوارەوە ،
لەڕاست ڕێزو بەهاى مرۆڤ هەموومان وەک و یەکین ، هەرچەندە هەندێک خاوەن
بڕوانامەى بەرز هەیە زۆر خۆى لەکۆمەڵگا بەبەرزتر دەزانێت ، لەکاتێکدا
دەبوایە خاوەن بڕوانامەکان تۆى مرۆڤ دۆستییان لەناو کۆمەڵگا بچاندایە
نەوەک خۆیان ڕێزو بەهاى مرۆڤ نەزانن ، کەچى هێشتاش ئەو کەسانە لافى
ئینسانیەت لێدەدەن کەچى تۆزى ئینسانیەتیشان لێنەنیشتوە ، ئەگەر لەم
سەردەمەى ئێستاو لەڕابردوش ئاوڕێک لەکێشەو مەینەتیەکانى کۆمەڵگاى
کوردەوارى خۆمان بدەینەوە بۆمان دەردەکەوێت لەڕابردوو تائێستاش تاکى
کورد هەردەم تاکى بەرانبەرى لەخوار بەرژەوەندی پارەو پلەو پایە داناوە.
بۆیە دەبینین زۆرى ناکۆکیە سەختەکان لەناو کۆمەڵگاى ئێمەدا لەسەر
ئاشکرابونى فڕتوفێڵە لەشەریکبون لەکڕین و فرۆشتندا و متمانەبەیەک
نەبوون لەزۆر بوارى تردا ، هەموو لایەکمان دەزانین چەندین کەس بەهۆى
پارەو لەسەر تەماحى پلەو پایەو دەسەڵات کوژراوەو دەکوژرێت لەکۆمەڵگاى
ئێمەدا ، دیارە کۆمەڵگاى ئێمە لەڕوى هەبونى ڕێزو بەهاى مرۆڤ لەخوار
سفرەوەیە ، بۆیە سەرتاپاى تاکەکانى کۆمەڵگا درۆو فێڵ لەگەڵ یەک دەکەن
لەهەموو ئاستەکان و هەرچەندى ئاستەکان بەرز تربێت ئەوە درۆو فێڵەکانیش
زۆرترو گەورەترو ترسناکتریشە ، وەک چۆن ئێستا دەبینین لەکۆمەڵگاى
ئێمەدا توشى چ کارەساتێکى بێ ڕێزى یەکتربوە ، ئەو ڕێزنەگرتنەى یەکتریش
دەگەڕێتەوە سەرئەوەى زۆرینەى زۆرى میللەتى کورد لەهەموو چین و توێژو
ئاستەکان بەگشتى و توێژى مامۆستایان بەتایبەتى کەهەرچەندە ئەم مامۆستا
بەڕێزانە ژمارەیان گەلێک زۆرە لەکۆمەڵگاکەماندا بەڵام من بەخۆم مامەلەم
زیاتر لەگەڵ 500 مامۆستاى زانکۆ کردوە وەلێ زۆر بەداخەوە بەهەموویان
پێنج قسەى ڕاستم لێیان نەبیست ، کەزۆربەشیان دان بەو ڕاستیە دادەنێن ،
کەدرۆو فڕت و فێڵى ئەوان لەگەڵ ئەوکەسانەى لەبازاڕى شێخەڵاو گومرگى ڕسق
و پیشانگاى ئۆتۆمبیل فرۆشتن ئیش دەکەن جیاوازى نییە ، ئەم ڕاستیەش
لەزۆرى دەرچونى ساڵانەى بڕوانامە بەرزەکان لە زانکۆکان دەردەکەوێت
کەلەگەڵ زیاد بونى ساڵانەى کەسانى بڕوانامە بەرز لەزانکۆکان کەچى
کەمبونەوەى بەردەوامى هەستى نامرۆڤانە لەناو کۆمەڵگاى کوردەوارى ئەوە
بەڵگەیە لەسەر ئەوەى تاکى کورد هەستى نامرۆڤانەى بەبڕوانامە نابێتە
مرۆڤانە ، گەر وابوایە ئێستا ئەو هەموو بڕوانامە بەرزانە لەخزمەت هەستى
مرۆڤانە دابوایەن لەکۆمەڵگاى کوردەواریدا ئێستا میللەت لەقۆناغێکى ترى
پێشکەوتنى ژیانى دەبوو ، کەچى تاکى کورد کەخاوەن بڕوانامەى بەرزبێت
ئینجا هەست و سۆزو ڕێزو بەهاى مرۆڤانەى نەبێت ئەى گلەیى چى لەخاوەن
پلەو پایەو پۆستە بەرزەکانى وڵات بکەین کەبەدەگمەنیش کەسێکیان تیا
نابینیەوە بەقەد شوانێک ڕێزو خۆشەویستى بۆ مێگەلەکەى هەبێت.
ئێمەى کورد نەوەک هەرلەبوارى خوێندەوارو نەخوێندەواریدا خەسڵەتمان
لەیەک نزیکە بەڵکو لەبوارەکانى سیاسەت و حزبایەتى و گەشەى ئابورى و
پێوەندى و کێشەى کۆمەڵایەتى و هەموو جۆرە کارو کاسبیەکدا خەسڵەتمان
لەیەک قالب دراوە ، هەروەها لەبوارى بیرى عەلمانیەت و ڕاست و چەپ
ڕەویداو لەبوارى جیاوازى ئاین و مەزهەب و بەدینى و بێ دینیشدا
جیاوازیمان بەزۆرى لەڕواڵەتدایە نەوەک لەناوەرۆکدا هەموومان وەک یەک
جۆرى ئۆتۆمبیل یەک مەکینەو یەک گێڕین وەکو یەک دژی بونى ڕێزوبەهاى
مرۆڤایەتین لەناخماندا ، لێرەدا مەرج و مەبەست نییە بەهەموو تاکەکانى
کۆمەڵگاى کوردەوارى بخەینە ناو یەک قالب و هەمووى بەدژە مرۆڤ
پێناسەبکەین، بەڵکو لەهەموو چین و توێژەکان کەسانى مرۆڤ دۆست هەیە
بەڵام لەبەر کەمیان زۆر ئەستەمە ڕۆڵیان بەرچاو بکەوێت.
بێگومان ئەو خەسڵەتانەى کەباسمانکرد هەمووى ئاکارى دواکەوتوانەیە
لەڕفتارماندا ڕەنگى داوەتەوە ، بۆیە کۆمەڵگاى ئێمە یەک هەنگاو بەرەو
مرۆڤ دۆستى و ڕاستگۆى و دەست پاکى نەچۆتە پێش ، بێگومان تاکەکانى
کۆمەڵگا هەرکەسەو بەگوێرەى ئاست و قەبارەى خۆى بەشى دواکەتویى
بەردەکەوێت ، دیارە خاوەن بڕوانامەکان پشکى شێریان بەردەکەوێت و
ئینجالەدواى ئەوان پلەدارو خاوەن پۆستەکان ، هیچ گومانى تیانیە گەر
لەوڵاتدا کۆمەڵى مامۆستایان کەبەپێشەنگى کۆمەڵگا دادەنرێن نەتوانن
خەسڵەتى مرۆڤ دۆستى لەخۆیان بەرجەستە بکەن ئەوە بێگومان بەهیچ شێوەیەک
ناتوانن کاریگەرى پەروەردەبونیان بۆ سەرکاربەدەستانى حکومەت و نەوەکان
هەبێت کەکاریگەریان نەبو، ئەوە کاربەدەستانى وڵاتیش وەک ئەوانەى ئێستا
هەن لەدەسەڵاتداریەتى هەرێمى کوردستان بەئارازوى خۆیان کڕین و فرۆشتن
بەزۆرینەى زۆرى هەموو جۆرە مامۆستایەکان دەکەن هەرلەمامۆستاى ئاینى و
زانکۆو تا مامۆستاى هەموو قۆناغەکانى خوێندن، کاتێکیش دەسەڵاتداران
دەبینن خاوەن بڕوانامە بەرزەکانى وڵات بەهەموو جۆرەکانییەوە خۆیان
نمایش کردوە بۆ فرۆشتن ، ئەوان یەکسەر میللەتیان بەگشتى بەبێ نرخ دێتە
پێش چاو ، ئینجا خۆنەهەقیشیان نییە میللەتێک ڕێنیشاندەرو پێشەنگەکانى
عەوداڵى خۆفرۆشتن و بێ هەڵوێست بون بن ، ئەى لەبێنرخ بوون بەولاوە
شایەنى چیە؟ ئێستاش کەخەڵکانێکى ترى ڕۆڵەى ئەم میللەتە بەهۆى حزبەوە
هاتونە گۆڕەپانەکەو باس لەشریف بوونى خۆیان دەکەن گوایە ئەوان جیان لەم
چین و توێژەى تاکو ئێستا بەهەستێکى نامرۆڤانە حکومى وڵات دەکەن ، بەڵام
خۆکێشەى نامرۆڤانەى ئەم توێژەى کەتاکو ئێستا حوکمى وڵاتیان کردوە
هەرخۆیان نین تابەدەرکردنى ئەوان چینێکى تر بێن مرۆڤ دۆست بن ، بەڵکو
لەبناغەى پەروەردە بوونەوە لەقوتابخانەو زانکۆو وحوجرەو مزگەوتەکانەوە
کێشەى نامرۆڤانە سەر چاوەى گرتوە ، چونکە مامۆستایانى خوێندن نەک نەیان
توانیوە قوتابیان بەگیانى مرۆڤ دۆستى پەروەردە بکەن بەڵکو خۆشیان ئەم
هەست و گیانە مرۆڤ دۆستەیان تێدانییە ، هەروەک چۆن ئەو هەموو مامۆستا
بەڕێزەى ئاینى هەیەو هەریەکەیان بەهەزاران کەس لەهەموو ئاستەکان دەچن
بۆ گوێ گرتن لە وتارى هەینى ئەم مامۆستا بەڕێزانە ، کەچى ئەمانیش وەکو
مامۆستایانى ترى قۆناغەکانى خوێندن بەدەگمەنیان تیایە هەستى مرۆڤایەتى
هەبێت ، لەکاتێکدا دەبوو مامۆستاى ئاینى بەگشتى هەموویان هەستى مرۆڤ
دۆستیان لەسەر بڕشایە ، هەرچەندە کاریگەرى نامرۆڤ دۆستى مامۆستایانى
ئاینى لەگەڵ مامۆستایانى ترى قۆناغەکانى خوێندن و پیشەى پزیشکەکان
کەمترە بەحوکمى ئەوەى خەڵک ڕۆژانە زیاتر چاویان بەپزیشک و مامۆستایان
دەکەوێت و ئیشیان لەلاى ئەوانە زیاترە نەوەک مامۆستایانى ئاینى.
ئینجا بۆیە دەبینین هەڵوێست جێگیربون لەتاکەکانى کۆمەڵگا لەهەموو
ئاستەکان زۆر ئەستەمە ، ئەمڕۆ بەهەڵوێستى بەرزى خۆڕاگرى وەکو چیاى
سەرکەش دەیبینى ، کەچى سبەینێ لەسەر شانۆ دەیبینى وەک شوڕەبى شلونەرم
بەهەموو بارێکدا دەچەمێتەوەو دەسوڕێتەوە ، هەر بۆیەش میللەت ڕۆژبەڕۆژ
باوڕو متمانەى بەهیچ کەسێک نامینێ و کەسى پێ لەکەس بەباشتر نازانێت ،
هەرچەندە ئەو کەسانەى هاتونەتە مەیدان بۆ گرتنە دەستى دەسەڵات
جیاوازیەکیان هەیە لەگەڵ ئەوانەى ئێستا لەدەسەڵاتن ئەوجیاوازیەش
دەتوانین بڵێین یەک شتە ئەویش حەزنەکردن یان بەرنامە نەبوونە بۆ کوشتنى
یەکترى دەنا لەباقى بوارەکانى تر هەموو یەک چاپەو هەموویان دنیا پەرستن
و بۆ بەرژەوەندى تایبەتەکانى خۆیان لەهەوڵدان ، بۆیەش دەبینین هەموو
لایەکیان ئەوەندەى بەتەنگ بەرژەوەندى خۆیانەوەن چارێکى ئەوە
لەبەرژەوەندى گشتى دا نین ، ئەوەش تەنیا خەتا لەکەسە سیاسیەکان نییە ،
بەڵکو خەتاى گەورەو بەرپرسى گەورە بۆ دروست بوونى سەرکردەى سیاسى ، چین
و توێژەکانى کۆمەڵگا بەگشتى و چین و توێژى مامۆستایانى ئاینى و خوێندنن
بەتایبەتى ، کاتێک میللەتێک لەسەدا نەوەت و هەشتى موسڵمان بێت و
زۆرینەى زۆرى مامۆستایانى ئاینى ئەم میللەتە بەسەر دوو ڕێکخراوى حزبى
دابەش بوبن و بەو هەموو زانستى شەرعییەى هەیانە بکەونە ژێر بیرى تەسکى
حزبایەتى و حزبیش ئەو حزبەبێت تۆسقالێک هەستى مرۆڤانەى نەبێت ، کەچى
کاکى مامۆستا بەجبەو مەندیلەوە بەحزبى بونى بەشانازى بزانى و بۆ سەرۆکى
حزبیش قوربانى بکات ، ئاخر میللەتى داماو چبکات و بەچى پێشکەوێت
لەکاتێکدا مامۆستایانى ئاینى کەبەڕێ نیشاندەرى دنیاو پاشەڕۆژ دادەنرێن
لەجیاتى ئەوەى خۆیان لەحزبى بون بپارێزن بۆئەوەى ئامۆژگارى میللەت بکەن
و میللەت بەگیانى مرۆڤ دۆستى قاڵبدەن ، کەچى خۆیان لەسەنگەرى دژە مرۆڤن
و هاوکارو هاودەم و هاوخەمى ئەو حزب و دەسەڵاتەن کەماف و ڕێزى مرۆڤ
نازانێت.
دیارە ڕۆڵى زۆرینەى مامۆستایانى هەموو قۆناغەکانى خوێندنیش بۆ درێژەدان
بەپشتگیرى و هاوسەنگەر بوون لەگەڵ دەسەڵاتێک کەڕێزو بەهاو مافى مرۆڤ
نازانێت درێغیان نەکردوە ، کەواتە کانگاى پەروەردەبونى وڵات کەخوێندنە
لەخزمەتى مرۆڤ دۆستى نەبێت ئەى بەچى و چۆن دەتوانرێت ڕێزو بەهاى
مرۆڤایەتى لەناو تاکەکانى کۆمەڵگادا دروست بکرێت؟ کەلەوسەردەمەدا کێشەى
گەورەى میللەتى کورد نەبونى ڕێزو بەهاى یەکترە لەلاى یەک ، کەواتە ئەم
نەبونییەى ڕێزى مرۆڤ لەکۆمەڵگاکەماندا بەحزب دروست نابێت ئەگەر زیاتر
نەبونتریشى نەکات ، لەبەر ئەوە من بەخۆم هەرگیز باوڕ بەبانگەشەى مافى
مرۆڤ و ڕێزو بەهاى مرۆڤ لەلایەن حزبەوە ناکەم ، بەڵکو ئەو بانگەشەو
پیاهەڵدانەى حزب بەسەر مافى مرۆڤ تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندن و چەواشەکاریە
گەر حزب ماناى ڕێزى مرۆڤ بزانێ چۆن درۆو دزى لەمرۆڤى وڵاتەکەى خۆى
دەکات ، کاتێک تاکى ئەم میللەتە دەگاتە ئەو بڕوایەى دەسەڵاتدارانى
حکومەتى هەرێم مرۆڤ دۆست دەبێت ئەوکاتى چین و توێژە گرنگەکانى کۆمەڵگا
ڕێزو بەهاى هەستى مرۆڤانەیان هەبێت و بەهەڵوێستى مرۆڤ دۆستانەیان
بتوانن وەکو چیا لەڕوى سیاسیەکان چەق بەستوبن، بۆئەوەى ئیرادەى مرۆڤ
دۆستى دەسەڵاتى نامرۆڤ دۆستى بەچۆکدا بدات و تاکو دەسەڵاتداران داواى
لێبوردن لەمیللەت بکەن و لەو هەموو تاڵان بخۆو بڕۆیانەى کردویانە ،
ئینجا کەى ئەم هەڵوێستە ئینسانیە لەچین و توێژە گرنگ و کاریگەریەکانى
کۆمەڵگا بینرا بەرانبەر بەحکومەت ئەوکاتى حکومەت ناچاردەبێت ڕێزو بەهاى
تاکەکانى میللەتى خۆى بزانى نەوەک لەخۆڕا ئەو ڕێزەى لادروست بێت ،
بێگومان قەد دروست نابێت .
ary_esmail@yahoo.com
|