١٩\١١\٢٠١٤
ئایا لە دەرەوەی
ڕەوتی مێژوو،
شوناسە
کولتوورییەکان بوونیان هەیە؟
هەژێن
بەر لەوەی بچمە سەر وەڵامدانەوە بەو پرسیارە، پێویستە سەرنجی گوتارە
باوەکانی میدیای زاڵ یا میدیای هۆش-خەسێن بدەین " پیاو بوونی ژن لە
نێوگەڵیدا کورتدەکاتەوە" ، "پیاو ژن وەك ڕۆبۆتی ماڵخاوێنکەر و ئاشپەز
دەبینێت" ، " پیاو ... پیاو ... پیاو" ...تد، ئایا بەڕاستی پیاو ئاوای
دەبینێت یا کولتوورەکان و سیستەمە ڕامیارییەکان؟
هەڵبەتە ئەگەر بگوترێت فڵانە کەس و فلانەکەس و فڵانەکەس، هیچ گرفتێك لە
تێڕوانین و دەربڕینەکەدا نامێنێت، بەڵام چەکمەجەسازیی و ئاخینی هەموو
ژنان، هەموو پیاوان، هەموو عەرەبان، هەموو ئیزیدییان، هەموو
نێرەمووکان، هەموو ڕەشپێستان، هەموو کورتەباڵایان، هەموو کوێران، هەموو
و هەموو بۆ نێو چەکمەجەکانی گشتگیرکردنی دیاردەیەك یا ڕەفتار و هەڵویست
و بیرکردنەوەەیەك، بێجگە لەوەی کە نیشانەی تێنەگەییشتنە لە سەرهەڵدانی
مێژوویی دیاردەکان و سووکایەتی بە دەستە یا توێژێکی دیاریکراوی کۆمەڵ،
تەنیا کاردانەوەی نیگەتیڤ بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێتە هۆی ڕوخاندنی
هەموو پردەکانی دیالۆگ و لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و
هەستی هاودەردیی و هاوئامانجیی ستەملێکراوان و دابەشکردنیان بەسەر
دەستە و بەرەی دژ بەیەك، کە لەو بارەدا بێجگە لە ئاسانکاریی بۆ
زاڵبوونی دەسەڵاتداران بەسەر ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیەکدا، تا ئێستا
هیچی دیکەی بەرهەمنەهێناوە و ناشهێبێت.
با بۆ تێگەییشتن لە دیوی شاراوەی پرسەکە، لەم پرسیارە سەرتایییەوە
دەسپێبکەین؛ ئایا ئەو کەسانەی کە بە دەستەواژەکانی گشتگیرکردنی دیاردە
و ڕەوشت و بیرکردنەوە و تیڕوانینەکان بەسەر دەستە و توێژ و پێکهاتە
ڕەگەزیی، نەژدادی، زمانیی و ئایینی و ..تد دەست بە لێدوان لەسەر پرس و
کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ئابووریی و ڕامیارییەکان
دەکەن، هیچ کات بیریان لەوە کردووەتەوە، کە لە وەها کۆمەڵیکدا
[بەگوێرەی چەکمەجەسازییەکانی ئەوان لە کۆمەڵدا] ژن خۆی چۆن دەبینێت و
چۆن خۆی وێنادەکات و چۆن کاراکتەری خۆی بەرجەستەدەکات و چەند بە
ئاراستەی دژەتەوژم یا دژەباویی وێناکانی پیاوسالاری، ڕەوتیکردووە؟
ئەوانەی کە هەمیشە پەنجەی تاوان بۆ پیاو وەك کاراکتەرێکی هاتووی
دەرەوەی کۆمەڵ یا دەرکەوتەیەکی نامۆ بە ژنبوون وێنادەکەن، هەرگیز
نایانەوێت وەها پرسیارێك لە ژنان بکرێت و ژن لەخۆی بیکات، چونکە لە
پەیداکردنی وەها وەڵامێکدا ژن لە کاراکتەرێکی دەستەمۆ و نائومێد و
بڕوابەخۆنەبوو و پاشڕەوەوە دەگۆڕدرێت بە کاراکتەرێکی خودئەندێش، چالاك
و دەربەست، کەسێك کە چیدی لە دەرەوەی بیرکردنەوە و توانا و خەونە
سروشتییەکانی خۆی لەدوای وەڵامەکان ناگەڕێت و چیدی ئامادەنییە
نائومێدانە چارەنووسی خۆی بەڕێکەوت [لوحة المحفوظة] یا دەستەبژێرە
فریادڕەس-خۆناسینەکان بسپێرێت!
چونکە وەها هاندانێك لەدوای وەڵامە پەردەپۆشکراوەکان، ئاژاوە و پشێوی
دروستدەکات، ئاژاوە و پشێوییەك، کە بواری کایەی میانیجگەرانەی
دەسەڵاتخوازانی تێدا نامێنێتەوە! مەیدانێك بۆ کایەی دەسەڵاتخوازانەی
دەستەبژێرێك لە ژنان کە بەناوی گەڕانەوە بۆ ڕەگەز [فێمینیزم]، کە
واوەتر لە ڕامیاران ژنان بۆ پشتبەستن بە دیگەران بانگەوازدەکات،
نامێنێتەوە. هۆکارەکەش زۆر سادەیە، وەها دەستەبژێرێك هەروەك
دەسەڵاتخوازانی دیکە هۆشمەندیی بە تایبەتمەندیی کەمینەیەك لە
دەرکەوتووان یا ئەوانەی بواری دەرکەوتنیان بۆ ڕەخساوە دەزانن و لەو
دەستپێکەوە خۆیان وەك ڕزگارکەری دیگەران دەناسێنن و تەنانەت هەر
بەڕاستی خۆیان لێ دەبێتە وەها کاراکتەرێکی ناوازە، وەك ئەوەی کە
دیگەران هەرگیز توانانی گەییشتن بە پلە و ئاستی هوشیاری ئەوانی نەبێت!
ئێستا با بگەڕێینەوە سەر سەردێڕی بابەتەکە، بەبێ ئامادەیی ژنان بۆ وەها
ڕۆڵێك، بەبێ ملدانی ژنان بە وەها بیرکردنەوەیەك، بەبێ ڕەزامەندیی یا
پێداگریی خۆبەخشانەی ژنان بۆ پەسەندکردنی وەها وێنا و شوناس و
کاراکتەرێکی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی، ئایا پیاو دەتوانێت ژن بۆ ئەو
مەبەستەکانی خۆی کۆیلە بکات؟ لە کاتێکدا کە پیاو منداڵی ژنە، برای ژنە،
باوکی ژنە، مامی ژنە، خاڵی ژنە و تەنیا لە دوا قۆناخدا دەبێتە مێردی
[یەزدانی] ژن و حەزە دەسەڵاتخوازیی و ملهوڕیی و سێکسیی و تەمەڵییە
کولتوورکردەکانی بەرەو کوتەککاریی یا زنجیرکردنی ژن پاڵیپێوەدەنێن!
ئایا دەتوانین بڵێین پیاو وەك شوناسێکی کولتووریی دیاردەیەکی نامۆیە و
لە ئاسمانەوە باریوە؟ ئایا داپیرەژن و دایكەژن و خوشكەژن و خاڵۆژن و
مامۆژن و میمكەژن و مەلاژن و سەیزادەژن و ژنانی خێڵ و هاوسێ و
مامۆستاژن و بەڕێوەبەرژن هیچ ڕۆڵیان لە پاراستن و واوەتر هێشتنەوەی
شوناسی کولتووریی (پیاو)دا نییە؟ ئایا ئەگەر ئەو ژنانە [بێجگە لە
کاراکتەرە کۆیلەکەی/ژنەکەی] دژی وەها شوناسێك بن و نەخوازن پیاوی ساوا
و منداڵ و هەرزەکار ببێتە کوتەکی کولتووریی و ئابووریی سەر سەری خۆیان،
کێ ئەو ئەرکە لە ئەستۆدەگرێت، لە کاتیكدا کە پەروەردەی منداڵ و فێرگەی
یەکەمی منداڵ دایك و مامۆستایی دایکە؟ ئەگەر ژنانی پەروەردەکەر و
بارهێنی پیاو، کیژۆڵەکانیان خەتەنەنەکەن بۆی، لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا
کە پەیوەندی سێکسیی یەکێکە لە تابووە هەرە گەورەکان و بەبێ ڕێکەوتنی
ئابووریی و کولتووری هەگیز ڕوونادات، کێ بە ئەرکی خەتەنە [کوشتن و
دەستەمۆیی سێکسیی ژنان]، کە دیاردەیەکی کولتووریییە هەڵدەستێت؟
پاش وەڵاموەرگرتنەوەی ئەو پرسیارانە، ئەی بەبێ ئامادەیی و ملدانی ژنان
بە پاوانکردنی دەسەڵات و چەپاوڵی ئابووریی لەلایەن پیاوەوە چ لە سنووری
دەوڵەتە بچووکەکەی پیاوان لە خێزاندا و چ لە سنووری دەوڵەتە گەورەکەی
ڕامیاران لە کۆمەڵدا کێ دەتوانێت وەها دەسەڵاتێك بۆ کەمینەیەکی
خود-ناکۆك مسۆگەر و دابینیبکات، لە کاتێکدا کە پیاوان بەبێ کاری ژنان و
هاریکاریی ژنان هەرگیز ناتوانن لە خێزان و هەم لە کۆمەڵدا تەواوی
کارەکان ئەنجامبدەن و تەواوی پێداویستییەکانی خۆشیان دابینبکەن؟ ئەم
پرسیارە لەبارەی پەیوەندی نێوان کۆیلە - کۆیلەدار، جوتیار- فیئۆداڵ،
کرێکار - سەرمایدار لە چۆنیەتی مانەوە و ڕێفۆرم و پاراستنی وەها
سیستەمێکی ئابووریی-ڕامیارییدا دروستە و وەڵامەکەی دەتوانێت بە هەمان
سەرەنجاممان بگەیێنێت و ئاسۆیەکی ڕۆشن بخاتە بەرچاومان و دەتوانین بە
ڕۆشنی لێکچوونی ڕۆڵی پارتییەکان و دەستەبژێری دەسەڵاتخوازی نێو ژنان
ببینین و لەوەش واوەتر سرووشوەرگرتنی ژنانی دەسەڵاتخواز لە ئەزموونی
چۆنیەتی بەدەسەڵاتگەییشتن و دەسەڵاتداریی پیاوان و میکانیزمەکان و
ئامرازەکان و هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی دەسەڵاتیان بە قۆستنەوەی
ناهوشیاریی ناڕازییانی ڕەگەزەکە، چینەکە، گەلەکە و... تد!
باشە کاتێك کە پیاو وەك کاراکتەرێكی پەروەردەی کولتووریی و دەسەڵاتی
ئابووریی و دەسەڵاتی کولتووریی و گەمەی ڕامیارییکردن نەتوانێت لە
دەرەوەی کۆمەڵ و ڕێکەوتنە کولتوورییەکانەوە بوونی هەبێت، ئەدی چۆن
دەتوانێت لە دەرەوەی ڕەوتی مێژوودا وەك کاراکتەرێکی چالاك بوونی هەبێت
و نیوە بنچینییەکەی کۆمەڵ بەبێ خواستی خۆدی، بخاتە ژێر ڕکێفی ملهوڕیی
دەرەکیی [ئاسمانیی] خۆی [پیاو]؟
کاتێك ئەو وەڵامانە بەدەستدەهێنین، ئیدی تێگەییشتن لەوە ئاسانە بۆچی
بەراورد بە دوادەهەی سەدەی ڕابوردوو، کە ڕەشەکوژیی ژنان تێیدا بوو بە
دیاردەیەکی زاقی کۆمەڵ و پاساویی دەمارگیرانەی ناسیونالیستی [کوشتنی
ژنانێك کە گوایە بەکرێگیراوی ڕژێمی بەعس بوون] و پاساوی ئایینی
[هەرچەندە کۆمەڵی کوردستان لە سەدەی پێشوودا ئایینیتر بوو] بۆ
دەهێنرایەوە، ئێستا ژنان زیاتر دەکوژرێن و زیاتر ستەمیان لێدەکرێت و
دەچەپێندرێن؟ لێرەوە لەتەك کۆمەڵێك پرسیاری دیکەدا ڕووبەڕوودەبین؛ ئەی
ڕۆڵی ئەو هەمووە ڕێکخراوانە بەناوی ژنانەوە، ئەو هەمووە پیاوە بە
فێمینیستبووە، ئەو هەمووە ناڕەزایەتییانە چی بووە؟ ئەی ڕادەی
هوشیاربوونەوە و یاخیبوونی خودی ژنان لەو شوناسە کولتوورییە چەندە،
ئایا توانیویانە سنوورەکانی ڕەگەز [ژنێتی] وەك شوناسێکی پلەدووی
کولتووریی و پێگەیەکی پلەدووی ئابووریی لە ئاوەزی خۆیان و ڕێکەوتنە
کۆمەڵایەتییە کولتوورییەکان و کەتواری کۆمەڵدا و هەروا لە ئاوەزی
نەوەکاندا کە لە منداڵدانییەوە تا چوونە فێرگە، یەکەمین ماسۆستا و
پەروەردەکاریەتی، ببەزێنن و بوونێکی دیکە بەسەر کۆمەڵدا بسەپێنن؟ ئەگەر
وەڵام نەرێیە، ئەدی ڕێگرەکان چی بوون و سەرچاوەیان چییە؟ ئایا لە ماوەی
بزاڤی چەکداری و ساڵانی پاش ڕاپەڕین، کە بڕیاربوو ئەو دوو ڕووداوە
بگۆڕی کۆمەڵەکەمان بن، توانیومانە هۆکارەکان بناسین و کار لەسەر
وەلانانیان بکەین؟ ئەگەر نا، بۆچی و دیسانەوە چی ڕێگربووە لە هەستان بە
بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە بۆ ناسینی ڕێگرەکان و سەرچاوەی هێزیان؟
بە ئاراستەکردنی ئەم پرسیارانەی کۆتایی دەخوازم بگەڕێمەوە سەر ڕۆڵی
دەستەبژێری دەسەڵاتخواز لەنێو خودی ژناندا، کە لاقێکی لە کایەی
پارتایەتیدایە و لاقەکەی دیکەی لە کایەی بەدەستهێنانی بەرتەریی
ئابوورییدایە لە ڕێگەی شووکردنەوە [شووکردن* نەك هاوسەرییکردن]،
تەنانەت ناتوانێت و نەیتوانیوە بە ئاستی ژنە جوتیارێکی ناڕازی ناهوشیار
لەسەر سنووری کەسایەتی پێداگرییبکات و ورەی یاخیگەرانەی هەبێت؛ کاتێك
کە ژنێکی گوندی ئامادەنییە ژنێکی*
دیکەی بەسەردا بێت یا بەسەر ژنێکی دیکەدا شووبکات و تا ڕادەی جەنگ و
بەرەنگارییکردن ئامادەیە هەموو شت لەدەستبدات، بەڵام ئامادەنییە
کەسایەتی لەدەستبدات، کەچی لە دەهەی دووەمی هەزارەی سێیەمدا لە کۆنترین
شارەکانی کوردستانی بەشی عیراقدا ژنانێك لە دەستەبژێری دەسەڵاتخواز
بەناوی چالاکی بزووتنەوەی ژنان و وەك قسەکەری فێمینیزم لەو هەرێمە،
ئامادەن لەپێناو دەستکەوتی ئابوریی شوو**
بە پیاوانی دەوڵەتمەند، دەسەڵاتدار و ناوبانگدار بکەن یا ئامادەن بۆ
پلەیەکی پارتیی و دەسەڵاتیی سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی داخوازییەکانی
بزووتنەوەی ژنان و ڕێز و کەسایەتی خۆشیان بڕیاربدەن و مل بۆ ڕێسا
کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ڕامیارییەکان کەچبکەن. ئایا ئەمە
شیاوی هەڵوێستەکردن و وردبوونەوە و لێکدانەوە و تێگەییشن نییە؟
لێرەدا من خۆم لە وەڵامدانەوە لادەدەم و نامەوێت لەوە زیاتر لەسەر
پرسیارەکان بوەستم، چونکە ئەوەیان ئەرکی نووسەر نییە، بەڵکو ئەرکی
خوێنەری چالاکە و پرسیار تەنیا پردێکە بۆ دیالۆگ و بەشداریکردنی خوێنەر
لە گەییشتن بە ئامانجەکە، کە لێرەدا دۆزینەوەی ئەو هۆکار و ڕێگرە
بنەڕەتییانەن، بەبۆچوونی من، بەهێزی دەسەڵاتی کولتووریی و دەسەڵاتی
ئابووریی بەر لە دەسەڵاتی ڕامیاریی پشتئەستوون. لەبەرئەوە تەنیا
هەوڵدەدەم بە بەراوردکردنێکی خێرا کۆمەك بە ڕۆشنکردنەوەی زیاتری
پرسیارەکان بکەم. بۆ ئەم مەبەستە دەتوانین سەرنجی گۆڕانە کۆمەڵایەتیی و
کولتوورییە بروسکە-ئاساکانی هەرێمی کانتۆنەکانی "ڕۆژاوا" بدەین،
بەپێچەوانەوەی دەرکی دەستەبژێرە دەسەڵاتخواز و ناسیونالیست و
نیئۆلیبراڵەکانەوە، کە پلەدوویی ژنان لە کۆمەڵدا تەنیا بۆ ڕۆڵی
ئایینێکی دیاریکراو؛ زاڵبوونی کولتووری خێڵایەتیی ئێتنییەکی دیکە
[عەرەب] لە ڕێگەی زاڵبوونی ئایینی ئیسلامەوە [بە تێڕوانینی ئەوان]؛ بە
پێشمەرج-زانینی پێشکەوتنی ئابووریی و تەکنەلۆجی و مۆدێرنیزەکردنی کۆمەڵ
بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم و پلەدوویی ژنان؛ یا گێڕانەوەی کۆی هۆکارەکان
بۆ نەبوونی بەشداریکردنی ژنان لە دەسەڵاتی ڕامیارییدا ** دەگیڕنەوە،
ئەو چوار تێز و تێڕوانینە هیچ بوارێك بۆ ڕۆڵ و چارەنووسازیی گۆڕانی
کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵ و کارایی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکی
هوشیارانەی بواری کولتووریی ناهێڵنەوە، لە وەها بەراوردکردنێکدا
دەبینین ئەوەی کە لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەرایەتیی گەلیی "ڕۆژاوا"دا بە
پشتبەستن بە دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ بە سێ (٣) مانگ دەبێتە کەتوار و بەشێك
لە کولتووری ڕۆژانەی زۆرینە، لە سایەی سیستەمی فەرمانداریی [حکومەتی]
بۆرجوازیی پشتبەستوو بە پارلەمان بە سێ (٣) دەهە توانای ئەنجامدانی
نییە، هەڵبەتە لێرەدا مەبەست لە سیستەمی پارلەمانیی عیراق و کوردستانی
بەشی عیراق نییە، بەڵکو مەبەست لە سیستەمی پارلەمانییە لە نیوەی دووەمی
سەدەی نۆزدەدا، کە لە هەڕەتی دەوڵەتی بۆرجوازی [نەتەوەیی]دا بە
پشتبەستن بە دێمۆکراسی پارلەمانی بۆ خۆسەپاندن و جێگیربوون وەك
سیستەمێکی جیهانی، لە بەرانبەر دەسەڵاتی کلیسا و هەڕیمیی خانزادەکان
ناچار بە ڕادیکالبوون بوو.
وەك دەزانین لە کانتۆنەکانی "ڕۆژاوا"دا بێجگە لە ئێتنیی کوردان، ئێتنیی
دیکەی وەك عەرەب، تورکمان، ...تد هەن وکاراییان لەسەر یەکدی هەیە،
ئایین و مەزهەبی جیاواز هەن و کاراییان لەسەر کۆی کۆمەڵ هەیە، هەروەها
ئەوە تەنیا ژنانی کورد نین، کە چەکیانهەڵگرتووە و شانبەشانی پیاوان یا
ڕاستر بڵێم پیاوان شانبەشانی ژنان بەرەنگاریی ڕەوایەتی ئایینی و
کولتووری کۆیلەگەر دەبنەوە، هەروەها لە بوارەکانی دیکەی ژیانی
(ئاسایی)یشدا ژنان چ کورد و چ ناکورد هەنگاویانناوە، بەواتایەکی دیکە
پلەدوویی و ژێردەستەیی و ستەم لە ژنان دیاردەیەکی هاوردەی دەرەوەی
کۆمەڵی کوردستانی بەشی عیراق نییە، هەر ئاوا کە ئازادیخوازیی و
جەنگاوەریی ژنان لە "ڕۆژاوا" تەنیا تایبەتمەندیی ئێتنیی کوردان نییە.
ئایینی ئیسلام زیاتر لە کۆمەڵی عیراق بەگشتی، لەوێش ئامادەیی هەیە،
هەرێمی کانتۆنەکانی "ڕۆژاوا" لە ڕووی ئابووریی و تەکنۆلۆجیشەوە لە
"هەرێمی کورستان" و عیراق پێشکەوتووتر نییە و کۆمەڵەکان بەراورد بە
کۆمەڵی "هەرێمی کوردستان" مۆدێرنیزە
*** نەکراون و هەر ئاواش ژنانی ئەوێش تا دوو ساڵ لەمەوپێش لەژێر
دیکتاتۆرترین سیستەمی ناوچەکەدا دەژیان، کەواتە هیچ یەك لەو هۆکارانەی
یا پێشمەرجانەی کە دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەکان یا ڕیفۆرمیستەکان بۆ
ڕزگاری ژنان لە ستەمی ڕەگەزیی قوتیاندەکەنەوە، ئەو کاراییە چارەنووساز
و یەکلاکەرەوەیان نییە!
ئەدی جیاوازییەکە و ئەو هەنگاوانەی کە لەوێ بەو بروسکەئاساییەی دوو ساڵ
نراون و لە هەرێمێکی وەك کوردستانی بەشی عیراقدا لە ٢٣ ساڵدا
نەتوانراوە یا نەویستراوە بنرێن، کامانەن؟
بە بۆچوونی من، ئەمە کڕۆکی پرسەکەیە و لێرەوە دەتوانین هۆکاری ئاوەژوو
یا بەرەودوا هاژووژتنی شەمەندەفەری گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵی "هەرێمی
کوردستان" دەرکبکەین یا بدۆزینەوە. بەواتایەکی دیکە پێویستە سەرنجمان
بخەینە سەر ئەو هەنگاوانەی کە ژنان و دەستە ڕۆشنگەرەکان لەوێ لە
کانتۆنەکان هاویشتوویانن و ئەو کاراییە ئەفووسناوییەکان لێ
کەوتووەتەوە. لێرەدا من لەبەر درێژترنەبوونەوەی بابەتەکە و خۆلادان لە
درێژدادڕیی، خۆم لە لێدوانی تەسەل لەبارەی ئەو هۆکارانەوە لادەدەم و
تەنیا ئاژامە بە سەردێرەکانیان دەکەم و هیوادام چالاکانی بواری خەباتی
جەماوەریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتی لە مەیدانەکانی تێکۆشان دژی ستەمی
ڕەگەزیی هەر لە هۆنراوەوە تا دەگاتە شانۆیی گەڕۆك و گروپە خۆجێیی و
گەڕەکییەکان و ڕێکخراوە پیشەییە سەربەخۆکان و نێوەندەکانی کار و چالاکی
هاوبەشی هەر دوو ڕەگەزەکە و پەروەردەی نەوەی نوێ هەر لە ساواییەوە تا
هەرزەکاریی و تا دەگاتە ئامێتەکردنی ئەو تێکۆشانە هەمەلایەنە بە
شێوازەکانی خەباتی ڕاستەوخۆی وەك نافەرمانی سڤیلی و داگیرکردنی
نێوەندەکانی بڕیاردان و کردنەوەی یانە و نێوەندە کولتووریی و هونەریی و
کۆمەڵایەتییەکان چ بۆ خودی ژنان و چ بۆ بەشداریی هەردوو ڕەگەزەکە
لەبەرچاوبگرن و سەرنجی کارایی ئەرێنییان بدەن. بەکورتی و بە کوردی لە
کانتۆنەکانی "ڕۆژاوا" بە پێچەوانەی "هەرێمی کوردستان" و کۆمەڵەکانی
دیکەی خۆرهەڵاتی ناوین و تەنانەت جیهانیش، هەنگاونانی بزاڤە
کۆمەڵایەتییەکان بۆ دروستکردنی گۆڕانی ڕێشەیی بەواتای گۆڕانی کولتووریی
و کۆمەڵایەتیی لە خوارەوەرا لە کۆڕ و کۆمەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا وەك
وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە و بەرەنگاریی، لە ڕێکخستن
و پێکهێنانی یەکەکانی کۆمەڵی نوێدا کار بۆ ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییە
کراوە؛ بۆ نموونە لەوێندەرێ لەجیاتی داواکردنی یاسایەك لە دەسەڵاتداران
بۆ بەرگرتن بە ستەم و توندوتیژی بەرانبەر ژنان، ئەوان [ژنان و پیاوانی
یەکسانیخواز] لە نێوەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییدا دوو ساڵ بەر لە
دەرکردنی یاسای یەکسانی ڕەگەزەکان و پشتیوانی لە ژنان لەلایەن
خۆبەڕێوەبەرایەتی کانتۆنەکانەوە، هەنگاو بە هەنگاو، خاڵ بە خاڵ کاریان
بۆ کردووە، دژی ژن بە ژن، گەورە بە بچووك، مارەیی، فرەژنیی،
توندوتیژیی، کوشتنی ژنان بەپاساوی شەرف و نامووس، دژی کەنارخستنی ژنان
لە بوارەکانی بەڕێوەبەردنی کۆمەڵ، دژی هەراسانکردنی ڕەگەزیی و دژی
میدیا و بڵاوکردنەوەی ئایدیلۆجیا کۆنەپەرستەکان، تێکۆشاون و ئەوەی لەم
ڕۆژانەدا بیستمان بەرەنجامی ئەو تێکۆشانە کۆمەڵایەتییە بوو، کە سێ ساڵە
گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە بچووکترین یەکەی کۆمەڵدا خستووەتەگەڕ.
بەڵام با بەویژدانەوە بەبێ دەمارگیریی و شاردنەوەی کەموکوڕییەکانمان
سەرنجی ئەو کارانە بدەین، کە لە "هەرێمی کوردستان"دا بۆ نەهێشتنی ستەم
و هەڵاواردن و پلەچەندی ژنان ئەنجامدراون، داواکردنی یاسایەك لە
دەسەڵاتداران، نامەناردن بۆ جۆرج بوشی کوڕ و ئۆباما، دروستکردنی
ڕێکخراوە و نێوەند بەناوی ژنانەوە بۆ ڕاکێشکردنی ژنان بۆ ئەندامەتی
پارتایەتی و دەنگدان بە چەوسێنەرانیان، پاساودانی نامووسپەرستی،
پاساودانی دەستێوەردانی پیاوانی ئایین لە بەرێوەبەردنی کۆمەڵ و یاسا و
ڕێساکان، دروستکردنی ڕێکخراوەی پارەپەیداکردن بۆ گەشتوگوزاری سەرانی
ڕێکخراوەکان، بەرزکردنەوەی دروشمی بریقەداری بێبنەما لە هۆڵی کۆنگرەی
پارتییەکاندا، ئەگەر لە یەك ڕستەدا هەموو ئەوانە کورتبکەمەوە، ئەوا
دەکاتە پاشڕەوکردنی ژنان بۆ دەستەبژێرێکی ڕامیار لەنێو ژناندا بەناوی
ڕابەر و فریاگوزار و ڕۆشنبیر، کە دیوەکەی دیکەی واتە بێتواناکردن و
بێئاوەزکردن و ناڕۆشنبیرکردن و کەمهۆشکردنی ژنان بەگشتی و ژنانی پاشڕەو
و خۆشباوەڕ بەتایبەتی. ئەمەش لەتەك پرسیارێکی هەردەم یەخەگیر
ڕووبەڕووماندەکاتەوە؛ ئایا هەموو ئایینەکانیش هەر هەمان تێڕوانینی ئەو
دەستەبژێرانەیان نییە، کە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن؛ ژنان بەخۆیان
لاواز و کەمهۆش و بێئاوەزن و پێویستییان بە سەروەریی و ڕێنوێنی و
ڕابەریی ئەوان [دەستەبژێرەکان] هەیە؟
_________________________________
*
لێرەدا ئاگایانە و بە مەبەستەوە ئەم دەستەواژانە [ژن بەسەرهێنان ،
شووکردن] بەکاردەبەم، چونکە ناکرێت فرەژنی بخرێتە خانەی هاوسەری یا
ئەوینداریی.
**
لە تێروانینی مندا دەسەڵاتی ڕامیاریی یەکساننییە بە خۆبەڕێوەبەرایەتی
کۆمەڵایەتی، چونکە دەسەڵاتی ڕامیاریی هەمیشە دەسەڵاتێکی سەروخەڵکییە و
سیستەمێکی ناسروشتییە، کە تەنیا بە چەپاندن و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی
و بنەما کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵ دەتوانێت خۆی بەسەر کۆمەڵدا بسەپێنێت و
هەموو توانایەك و سەربەخۆییەك و بڕوابەخۆبوونێکی کۆمەڵایەتی لە تاك
بسێنێت و ئەو باوەڕە لە لای تاکی ژێردەست دروستبکات، کە بەبێ وەها
سیستەمێکی سەرووخەڵکی ناتوانرێت ژیان لە کۆمەڵدا بەردەوامبێت ...
***
[مۆدێرنایزەکردن] بەواتای ڕەوتکردن لەتەك بنەما ئابووریی و کولتووریی و
ڕامیارییەکانی سیستەمە جیهانییەکە؛ سیستەمی سەرمایەداریی.
• خوێنەری
هێژا لە هەندێك ڕستەدا ناچاربووم لە ڕاستەکەوانە [...]دا ڕۆشنکردنەوە
بنووسم، ئەگەر هاتنەپێشی ئەو کەوانانە تێگەییشتن سەختدەکات یا پچرانی
هێڵی خوێندنەوە دروستدەکات، بە ئاسانی دەتوانیت بەسەر کەوانەکاندا
بازبدەیت، چونکە هیچ گۆڕانێك لە واتای ڕستەکەدا دروستناکات.
ماڵپهڕی ههژێن
|