په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠١٩

ئایا ''مەیدانی تەحریر''ی بەغدا

بە شوێنپێی مەیدانی بەردەرکی سەرای سلێمانیدا هەنگاو دەنێ؟


شوان عەزیز      

‌‌‌‌‌‌

 (ئەگەر مەیدانی تەحریر شێوازو ئاراستەی هاتنەمەیدانی نەگۆڕێت و بەرنامەی هاتنەسەرکاری ئامادە نەبێت دەبێت چاوەڕێی هەمان چارەنووسی حەڤدەی شوباتی سلێمانی و شۆڕشی ٧٩ ی گەلانی ئێران بێت).

مەبەستی نووسینی ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک لە کەمکردنەوەی گرنگی و کاریگەری مەیدانی تەحریری بەغدا نیە بە قەدەر ئەوەی کە خەمێکە و پێشبینی چارەنوسێک دەکرێت کە خەڵکی ناڕازی مەیدانەکە و گەلانی عێراق بە گشتی بۆ پێچەوانەکەی لەوێیە.

گەڕانەوەیەک بۆ دوێنێ و نیشاندانی دوو نموونەی زەق و ئاشکرا.

لە کوردستانی عێراقدا زۆر جاران خەڵکەکەی هاتۆنەتە سەرشەقام و جادەو مەیدانەکانیان پڕکردووە بۆ دەربڕینی ناڕازایەتی لە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا، لە پێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان. زۆربەی چین و توێژەکانی خەڵک، پێش و دوای ڕاپەڕینی ساڵی ٩١ هەم لە بەرامبەر ڕژێمی بەعسی ئەو کات دا و هەم دواتریش لە بەرامبەر دەسەڵاتی کوردیدا ڕاپەڕیون. زۆر دەگەمەن هەبووە دەسەڵاتی کوردی وەڵامی موسبەتی بە داواکاریەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو دابێتەوە. زۆر جاران نەک هەر وەڵامی ئیجابی بە داواکاری خەڵکی نەداوەتەوە بەڵکو شتی زیاتریشی کردۆتە سەربار. واتە بە کورتی هەمیشە خەڵکی کوردستان لە مەوقیعێکی وادا ڕاگیراون کە هەمیشە ئەمڕۆ خۆزگەیان خواستووە بە دوێنێ.

خەڵک وگەلانی ئێران راپەڕین و سیستەمی شایان روخاند بەڵام بەهۆی نەبونی ڕابەرایەتیەکی پتەوهەروەها سازماندراوەوە نەتوانرا بەدیلی خۆیان بکەنە جێنشین. بەڵکوتەنها بە بەربڵاوی و وەک داخ لە دڵێک لە ڕژێمی سەرکوتی شا ڕژانە سەر شەقامەکان. لەو لاوە ئیسلامیە ئاخوندەکان بەیارمەتی هەندێک وەڵاتی غەرب و بوونی ڕابەرایەتی، ئاراستەو بەرنامەی هاتنەسەردەسەڵاتیان دیاریکرد. ئاکامەکەی ئەوەبوو شایان دەرپەڕاند و ئاخوند هاتن. ژیانی خەڵکی ئێران لەژێر سایەی نیزامی سەرمایەداری جمهوری ئیسلامیدا نەک هەر بەرەو باشتر نەڕۆیی بەڵک و خەڵکی ئێران لە مێژووی خۆیان دا رژێمی دڕەندەی وەک جەمهووری ئاخوندەکانیان بەخۆوە نەبینیوە. واتە ئەشحاس و دەم و چاویان گۆڕی ئەگینا سیستەم خەراپتر بووە چاکتر نەبووە.

لە کوردستان دا لە کاتی ناڕەزایەتی و هاتنە سەر شەقامەکاندا خەڵک لە هەندێک جاران دا شیعارو وتافی وایان بەرز دەکردەوە کە خۆزگە خواستن بوو بۆ سیستەمی پێش دەسەڵاتی کوردی.
لە حەڤدەی شوبات دا دوای چەندین دەیە بە دەیان هەزار کەس لە بەردەرکی سەرادا ناڕەزایەتیان دەربڕی و بۆماوەیەک بەبەردەوامی دەمانەوە. لەو مەیدانەدا شیعاری وەک : دەبێ تەواوی ئەو سیستەمە لە ڕیشەوە بگۆرێت. بەڵام بەهۆی نەبوونی رابەرایەتیەکی سیاسی وسازمەندراوی چیانەیەتی کە لە بەرژەوەندی خەڵک دا بێت دیار نەبوو کێ وە چۆن بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕۆن. هەروەها بە بەرنامەیەکی وا تۆکمەوە لەوێ کۆنەببونەوە کە توانایان هەبێ کە لە دوای ڕوخانی دەسەڵات وسیستەمی بنەماڵەیی لە کوردستان دا سیستەمێک دابمەزرێنن کە لە پێناوی دا لەبەر دەرکی سەرا هاتبوونە مەیدان و چادریان بەو سەرمایە بۆی هەڵدابوو.

چارەنووسی حەڤدەی شوبات لە دوای ماوەیەکی درێژو مانەوەی خەڵک لەبەر دەرکی سەرا ئەوەبوو کە هەندێک لایەنی سیاسی تری کوردایەتی و ئیسلامی بە بەرگی ئۆپۆزسیۆن و چاکسازیەوە، توانیان سواری ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتیەی خەڵک ببن و لە بەرژەوەندی خۆیان دا ئاراستەی بکەن و لێی سوودمەن بن.

هۆ سەرەکیەکانی کە حەڤدەی شوبات و ئاکام و چارەنووسەکەی بەو ڕۆژە گەیشت بە بڕوای من ئەوە بوو کە :

یەکەم: خەڵکەکە سازمەندراو نەبوو. واتە بە بەرنامە نەهاتبووە بەردەرکی سەرا، سازماندراو بەمانای بوونی حزبی چینایەتی و لەبەرژەوەندی ئەوان ناڕەزایەتیەکە بەرێتە پێشەوە . شتێک لەو بارەوە نەدەبینرا. وە ئەگەر هەش بووبێ ئەوا زۆر لاواز بووە.

دووەم: تەواوی کاتیان بە وتارو باسی گەندەڵی و خەراپی دەسەڵاتی کوردی بەسەر دەبرد. کە دەسەڵاتداران لە ئاستی باڵادا زۆر جاران بە دەمی خۆیان بە ئاشکرا ئەوەی کە لە بەردەرکی سەرا دەگوترا ئەوان لە ڕێگەی ڕۆژنامەو تیڤیەکانەوە بە زیادەوە دەیان گوت. واتە لە بەردەرکی سەرا دەوترا ئەو دەسەڵاتە نوێنەری خەڵک نیە بەڵام بەدیلی دەسەڵات نەدەخرایە روویاخوود لەسەری ڕێک نەدەکەوتن.

سێیەم: خەڵکی بەدەرکی سەرا وا ئاراستە کرابوو کە هەرچی گەندەڵی و نادادی هەیە ئەوە خەتای ئەشخاس و دام و دەزگا حکومیەکانە نەک خەتای حزب و سیستەمێک کە حاکمە. بۆیە خەڵک لۆمەی مودیر ناحیەو قائیمقام و پارێزگارو وەزیریان دەکرد لە کاتێک دا ئەوانە هیچ نەبوون بێجە لە کەسان و شوێن بۆ بە یاسایی کردنی دزی و گەندەڵی ئەحزابی دەسەڵات. واتە ڕۆشنتر بڵێن ئەوە خەتای ناوچەو کەرت و کۆمیتەو لق و مەڵبەندو مەکتەب سیاسی ئەحزابەکان بووە کە چارەنووسی کوردستانی بەم ڕۆژە گەیاندووە نەک خەتای وەزیریرێک یا مودیر ناحیەیەک.

ئا لێرەدا خەتاباری گەورەو سەرەکی ئەو دوو حزبە گەورەیەی دەسەڵات بوون لە گەڵ پاشکۆکانیان کە خۆیان شاردبویەوە لە پشتی حکومەت و لە ناو حکومەتدا کە خەڵک نەی دەبینین. سیاسەتی ئەحزابی دەسەڵات بە شێوەیەک بوو کە حزب وەک بێتاوان سەیر بکرێت و حکومەتیش وەک تاوانبار. خەڵکیش لە بەردەرکی سەرا ڕێک بەو ئاراستەیە کاری دەکردو هەر ئەوەش بوو کە کاریگەریەکی وای نەبوو کە دەسەڵات بلەرزێنێ.

چوارەم: خەڵکی لە بەردەکی سەرا ڕێخراو نەبوو بە بەرنامەو سیاسەتێکی ڕێکخراو کە بەرچاوی ڕۆشن بێت چی دەکا لە بەر دەرکی سەرا. هەر بۆیەش لاواز دەردەکەوت و ئاسان بوو بۆ دەسەڵاتی سیاسی و پاشکۆکانیان کە خەڵکی خۆیان بنێرن بۆ بەردەرکی سەراو ئاراستەی خۆپیشاندان بگۆڕن و تەنانەت کاربکرێتە سەر شیعارو وهوتافەکانیشیان.

ئەمانەی سەرەوە تەنها هۆنین کە حەڤدەی شوباتی بەردەرکی سەرای سلێمانیان بە شکست گەیاند، بەڵک و چەندین هۆی تریش بەڵام ئەمانەی سەرەوە لە زەقەکانیان..

بە بڕوای من لە باتی چوونە سەر بارەگای ناحیەو قائیمقام و پارێزگارێک دەبێت خەڵک بچێتە سەر بارەگای ناوچەو کۆمیتەو لق و مەڵبەندەکان. لە باتی پەڕلەمان و ئەنجومەنی وەزیران دەبێت مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیەکان بە ئامانج بگیرێت. ئاوا دەتوانرێت وا لە دەسەڵات بکرێت کە داواکاری جێبەجێ بکات یاخود لە دەسەڵات لاببرێت. ئەمانە دزو گەندەڵە گەورەکانن. بەڵام ئەمانە لە ڕێگای حکومەتێک کە هەر خۆیان دایان مەزراندوە دزی و گەندەڵیەکە بەڕێوە دەبەن. حکومەت هیچ نیە تەنها ئامڕازێکە بۆ ڕاییکردنی دزی و گەندەڵیەکەیان بەڵام وەک دەگوترێت بە یاسایی بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاشکرا هەستی پێ نەکات.

لێکچوونێک لە نێوانی بەردەرکی سەرا و (مەیدانی تەحریر).
١- خەڵک لەبەر دەرکی سەرا ئەوەی پێی کرا بە وتارو قسەوتن بە دەسەڵاتی سیاسی کوردی کرد. خێمەیان هەڵداو جۆرەها چالاکیان نواند بە دژی دەسەڵات و شەو و ڕۆژ بەردەرکی سەرایان چۆڵ نەکرد. ئەوەتا خەڵکی لە مەیدانی تەحریریش بە هەمان شێوەیە.

٢- لە حەڤدەی شوبا تدا سلێمانی و لە وێشدا بەردەرکی سەرا کرا بە چەقی قورسایی خۆپیشاندانەکان و زۆر بە کەمی گوازرایەوە بۆ گەڕەک و کارگە و زانکۆکان. هەروەها نەتوانرا بۆشارەەکانی تربگوازرێتەوە، بە تایبەتی بۆ زۆنی زەرد. بە دەیان هەزار کەس لە حەڤدەی شوباتدا ناڕازایەتی خۆیان پیشان دا. لە شارەکانی تریشەوە خەڵک دەهات بۆ بەردەرکی سەراو وەک نوێنەری شاری خۆیان لەوێ دەمانەوە و لە کاتی گەڕانەوەشیان بۆ شارەکانی خۆیان تووشی گرتن و سزادان دەهات. هەندێک جاران بزر دەکران.
ئەوەتا لە مەیدانی تەحریریش هەروایە. خەڵک مەیدانی کردۆتە چەق و بە هەمان گەرموگوڕی لە شارەکانی تر نیە. ڕاستە لە شارەکانی خواروو دەستی پێکردو بارەگاو هەندێک شوێنی حکومی و حزبیشیان سوتاند بەڵام هێشا دەبێت بۆ پشتگیری مەیدانی بەغدا زۆرتر بکرێت.
ئەوەتا لە مەیدانیش خەڵک بزر دەکرێت و نوێنەرانی شارەکانی تر و چالاکوانیان کە دەگەڕێنەوە لە ڕێگەدا دەکوژرێن، ئیهانە دەکرێن، دەگیرێن و بزریش دەکرێن. ئەوەتە لە مەیدانیش فۆکەس لەسەر حکومەتە وەک تاوانباری سەرەکی و ئەحزابی قەومی و دینی کەمتر کراونەتە ئامانج.
ئەوەتا مەیدانیش سازمەندراو نیەو زۆر ئاسانە کە لایەنێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بتوانێت سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییان ببێت و ئاراستە و ئامانجی خۆپیشاندان بگۆڕێت.

٣- حەڤدەی شوبات خۆی و چالاکوانەکانی خۆی پێ نەدەپارێزرا چونکە هێزێکی ڕێکراو نەبوو. هەر ڕۆژەو یەکێک سزادەدراو بزر دەکرا. ئەوەتە لە مەیدانیش هەروایەو ئەحزاب و میلیشیا ڕوباری خوێنیان درووست کردووە.

٤- خاڵێکی هاوبەشی تری سەرای سلێمانی و تەحریری بەغداد واتە ناڕەزایەتیەکانی کوردستان وعێراق ئەوەیە کە بەدیل نەبوو بۆ دەسەڵات. ئایا خەڵک نابێت بزانێت کە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لادەبات لەکوردستان و عادل عبدولمەهدی لەبەغداد ئەی چی لەجێگای دادەمەزرێتنێ کە نوێنەری خەڵك بێت؟

بە ڕۆشنتر دەتوانین بڵێین کە هاتنە سەرجادەو کۆبوونەوەو زۆری خەڵک لە مەیدانەکان بۆ ئامنجی لە ناوبردنی سیستەمی دەسەڵاتدار بۆی هەیە لە هەندێک وڵات سەرکەوتن بەدەست بێنێ بەڵام مەرج نیە لە هەموو وڵاتێک بە هەمان میکانیزم سەرکەوتن بەدەست بێنێت. کوردستان نموونەیەکە لەو شێوە سیستەمە کە بەم میکانیزمە مێش میوانی نابێت لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی حاکمە. عێڕاقیش بەدەر نیە لەو جۆرە سیستەمە. دەسەڵاتدارانی عێڕاق و کوردستان هەموویان مامەڵەو ئاڵ و وێری سیاسی و ئابووریان بەیەکەوە هەیە. بەرژەوەندیەکانیان ئاوێزانی یەکتر بوون و لێک جیاکردنەوەیان زەحمەتە لە کوردستاندا دیار نیە دەبێت زوڵملێکراو و بەشخوراوان لەبەرامبەر کێدا بێیتە سەرجادە. بە دەیان میلیشیاو بنەماڵەو گرووپ و ئەشخاس و بەرپرسی شاخ و قەبیلەو عەشیڕەت هەیە. ئەوانە هەر هەمویان بۆ خۆیان حکومەتێکن و توانای خۆپاراستن و قەتڵ و عامی خەڵکیان هەیە. هەر هەمووشیان بەڕواڵەت لە ژێر چەتری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا خۆیان شاردۆتەوە کۆبوونەتەوە.

لە عێڕاقیش دا هەر بەهەمانشێوە خەڵکی لە مەیدانی تەحریر ڕووبەڕووی دەیان میلیشیای حزبی بوونەتەوە کە هەر هەموویان وەک حکومەت هێزو توانای عەسکەریان هەیە. ئەو حکومەتەی کە بەڕواڵەت کابینەی وەزاری و سەرۆکی هەیە هیچ نیە تەنها سەنگەری میلیشیاکانە بۆ بەرەنگاری لە خۆیان لەبەرامبەر خەڵکی عێڕاق دا.

هێزی خەڵک زۆر کاریگەرەو کە هاتە سەرشەقام دەتوانێت زۆر شت بکات. دەتوانێت بە ئامانجەکانی بگات ئەگەر ڕێکخراو بێت. بە پێچەوانەشەوە کە ئەگەر ڕێکراو نەبێت و ئامادە نەبێت بۆ گۆڕینی سیستەم ئەوە تەنها قوربانی و ماندووبوونی پێ دەبڕێت و لایەنی سیاسی تر بەرهەمهێنانی تێدا دەکات.

من لێرەدا چەند پرسیارێک دەکەم . بەڵام دیسان دەیڵێمەوە کە من بە دوای ئەوەوە نیم کە ناهومێدی بڵاو بکەمەوەو لە کاریگەری خۆپیشاندان و ڕاپەڕین و هاتنەسەر شەقامی خەڵک کەم بکەمەوە کە بە دژی سیستەمێک کە هەتا سەر ئێسقانی دژە ئینسانیە ڕا دەپەڕێت.

من تەنها دەمەوێت شێلگیرانە بەرەنگاری لە بۆچوونی خۆم بکەم. ئەویش ئەوەیە کە خەڵک لە مەیدانی تەحریری بەغدا ناتوانێت سیستەمێک بێنێتە سەر حوکم کە لەمەی ئێستا باشتربێت کە ئەگەر بە بەرنامەو ڕێکخراوی نەهاتبێتە ئەو مەیدانە و بەدیلی سیاسی و ئابوری نەبێت.
خەڵکی لە مەیدانی تەحریر ئەگەر ڕێکخراو و بەرنامە دار نەبن و بە ئامادەیی نەهاتبن لە وانەیە بتوانن ئەم کابینەی حکومەتە لابەرن. لە وانەیە بۆ دامرکاندنەوەو لابردنی کەف و کوڵی خۆپیشاندان و نەهێشتنی ئەو ڕقە زۆرەی خەڵک هەندێک دەم و چاو لاببرێن یا خود سزا بدرێن وەک ئەوەی بینیمان لەوچەند هەفتەیەدا . بەڵام ئەوە بە مانای گۆڕینی سیستەم ناێێت.

هەندێک جاران وەک تەجروبەی کوردستان و وڵاتانی ئەو دەڤەرەش سەلماندوویانە کە هەندێک جاران لایەنی سیاسی وا هەیە لە نێو دەسەڵات دا چونکە ناڕازیەووەک پێویست بەشی نادرێت، لەسەر پارەو کورسی و بەرژەوەندی و دەسەڵات بەشێک دەبن لە هێنانی خەڵک بۆسەر شەقام. ئەم کوردستانە پڕە لەو تەجروبەیە.

بۆیە با هەندێک پرسیاری بە ناوەڕۆک گرنگ و بە ڕواڵەتیش سادە لە خۆمان بکەین و وەک:

ئایا مانەوەو کۆبوونەوەی خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیو تەنیا لە مەیدانی تەحریر دەتوانێت ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی سیاسی عێڕا ق دا بەدی بهێنێت؟ یا بەلایانەوە گرنگ نیە کێ دێت گرنگ ئەوەیە ئەوانە بڕۆن؟
ئایا ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوە سازمان دراوەو گرووپێک هەیە ڕابەڕایەتی بکات و بەرچاوڕوونی بداتێ؟
یاخووود هەر ڕق و توڕەیی خەڵکەو بێ بەرنامەو ڕێکخراو بوون لەو مەیدانەو لە شەقامەکان تردایە؟
ئایە شیعاری: هەمووی دەبێ بڕوات بەسە بۆ بەدیهێنانی سسیستەمێک کە خەڵکی ڕاپەڕیو لە پێناوی هاتۆتە مەیدانی تەحریر؟ چی گەرەنتیەک هەیە کە چارەنووسی مەیدانی تەحریر بەهەمان چارەنووسی حەڤدەی شوباتی سلێمانیدا ناڕوات؟ یاخوود وەک تەجروبەی گەلانی ئێران؟

کەواتە بە نیسبەت عێڕاقیشەوە ئایا هیچ بەرچاوڕوونیەک یا گەرەنتیەک هەیە کە لە عێڕاقیشدا هەمان سیستەمی ئاخوندی لە پشتی مەیدانی تەحریرەوە لە بۆسەدانیەو ئامادە نیەو چاوەڕێی ڕۆژو هەل و دەرفەت نیە؟

ئینجا لە ئەنجامی وەڵامی درووستی ئەو پرسیارانەدا دەتوانین بڕیار بدەین کە ئاخۆ مەیدانی تەحریر چارەنووسی باشتر دەبێت لە حەڤدەی شوباتی بەردەرکی سەرای سلێمانی و خەڵکی راپەڕیوی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دا. یاخوود ڕێک بە شوێن پێی ئەوانەدا دەڕوا؟


١٥\١٢\٢٠١٩
shwanaz@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک