١٦\٢\٢٠١٦
ئایا نەوشیروان
موستەفا وەک خومەینی دەگەڕێنرێتەوە یان بە شێوەیەکی جیاوازتر؟

تاهیر حەسەن
شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دا توانی کۆتای بەڕژێمی پاشایەتی
ئێران بھێنێت. ئەو شۆڕشە جەماوەریە لە ئێراندا ھەڵگری وەرچەرخانێک بوو
لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی جیاوازتر لە سەردەمی دیکتاتۆری،یانی لەو
شۆڕشەدا ھێندەی ھەڵگری بنیات نانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراس خواز و
کراوە بوو،ھێندە ھەڵگری بنیات نانی کۆمەڵگایەکی ئیسلامی سیاسی
شیعەگەرێتی نەبوو. چونکە لەو سەردەمەدا باڵی بزوتنەوە سیاسیە چەپەکان
لەبرەودا بوون،وە گەر پلانە دەرەکیەکانی وڵاتانی زلھێزی سەرمایەداری
نەبوایە لەتێک شکاندنی خواستەڕەواکانی شۆڕشدا،ئەوکات چاوەڕێی
ئایندەیەکی گەش و پێشکەوتن خوازانە دەکرا بۆ گشت خەڵکی ئێران لەو
سنورەدا.
خۆ ئەگەر دەست تێوەردانی ئەو وڵاتانە نەبوایە لەسەرو ھەموشیانەوە
ئەمریکا ئەوا پێدەچوو ئێستاش ئەم جەنگە دڕندانەیەی لەناوچەکەدا ھەیە
نەبوایە،بەڵکو لەجێیدا ناردنی ئامانجە مەزنەکانی شۆڕش بوایە بۆ وڵاتانی
چواردەور،ئەوکات ئاسایش و ئارامیەک دەبینرا لەجێی جەنگی کاول کاریانە.
خومەینی ئەوکات ڵە وڵاتی فەرەنسا نیشتەجێ بوو،دوای ئەوەی دەبینرا
ئایندەی شۆڕش بەرەو کام ئامانج ھەنگاو ھەڵدێنێت،وڵاتانی سەرمایەداری
لەترسی تیاچونی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیان وە لەترسی دەست
تێوەردانی دەوڵەتی شورەوی لە جێخستنی بەرژەوەندیەکانی،کە دەتوانین
بڵێین ھەرچۆنێک بوایە لەچاو وڵاتانی سەرمایەداری پێشکەوتوخوازتر بوون.
بۆیە ئەو دەوڵەتانە زوو بەزوو کەوتنە ئامادەکاری بۆ گێڕانەوەی خومەینی
بۆ ئێران. من ڕەنگە بەشێوازێکی دروست شارەزای ئەو قۆناغە نەبم،بەڵام
ھێندەی شرۆڤە واقعیەکان باسی لێ دەکەن،ئەو ڕاستیە نیشان دەدات،کە
پرۆژەی خومەینی وەک ڕابەری ڕۆحانی شیعەگەرا،ئەو تەنھا چەکە بوو وە
بەکۆمەکی وڵاتانی زلھێزی وەک ئەمریکا و فەرانسەو دیارە ئیسرائیلیشی
لەگەڵدا بوە،تەنھا حەرەکەتێک دەبوو بتوانێت چۆک بەئامانجەکانی شۆڕش
دابدات. دواتر لەڕێی ئەو پرۆژە شیعەگەرایەتیەوە جۆرێک لە سیستەمی
سەرکوت گەر سەپێنرا بەسەر کۆمەڵگاداو کوشتاری خۆی ئەنجام دا لەدژی کۆی
بەرەی چەپ و ئازادیخوازەکان،وە کۆی ئەو بزوتنەوانە ناچار بە تیاچوون و
دەرچون لەوڵات کران.
پرۆژەی شیعەگەرێتی بۆ نێو ئامانجەکانی وڵاتانی سەرمایەداری ئێجگار سوود
بەخش بوو،چونکە لەلایەک کۆی ئامانجەکانی بەرپاکردنی شۆڕشی سەرەو نگون
کردو ھەر لەنێو خودی وڵاتدا لەڕێی کوشتاری بزوتنەوە کرێکاریەکان و
دیسانەوە ژێر خستنی ئامانجە یەکسانیخوازیەکانی ژنان و سەپاندنی باڵا
پۆشی بوون کرا بەکاری دەستبەجێ و، تا زیاتر بۆیان کرا،ئامانجەکانی
پرۆژەی شیعەچێتی بنێرنە دەرەوەی سنورەکانیانەوە. لێرەدا نمونەیەک خراپ
نیە باسی بکەم؛ئەوکاتەی ناپلیۆن تاجی ئیمپراتۆری دەنێتە سەر لەساڵی
١٨٠٠یان ١٨٠١ دابوو،ئەو کارانەی دەستی بۆبرد،کوشتنی کۆی ئامانجەکانی
شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩ بوو،تەنانەت لەو کۆ ڕۆژنامانەی دەردەکرا تەنھا چوار
دانەیان مافی بەردەوامیان بۆمایەوە،ئەویش بەو مەرجەی دوور و نزیک باس
لە سەردەمی بەرپاکردنی شۆڕش و ئامانجەکانی شۆڕش نەکەن،یانی بەو
ئەندازەیە دیکتاتۆر بوو کۆی بەرەی چەپ و ناڕازیانی لەڕێی ھێزەوە سەرکوت
کرد. ئەو کارانەی خومەینیش دەستی بۆبرد یاساغ کردنی کۆی مانا
کۆمەڵایەتیەکانی شۆڕش بوو.
ئێمە ئێستایش باجی لەناو بردنی ئامانجەکانی ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتیە
دەدەین. بیرمان نەچێت ھەر لەڕێی سیاسەتی دڕندانەی دەوڵەتی ئەمریکاوە
بوو کە جەنگی عێراق ئێران بەرپاکرا لەساڵی ١٩٨٠ دا،وە تائێستاش ئەو
جەنگە کۆتای نەھاتوە.
درووست کردنی بزوتنەوەی ئیسلامی توند ڕەوی داعشی سونەگەرایش،
بەئاراستەیەکیدا پەیوەستە بە ئاستی چونە پێشی مەدی شیعەگەرای
لەناوچەکەدا،بێجگەلەوەی داعشی ئیسلامیش لەڕێی کۆمەکی دەوڵەتەکەی ئەردۆ
داعشەوە دەیەوێت شکست بەشۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان بھێنێت.
دیارە ئامانجی من لێرەدا بەراورد کاریەکە لەنێوان ئەو دوو کەسایەتیەدا.
ئامانجی خومەینی و ھێنانەوەی لەڕێی کۆمەکی وڵاتانی زلھێزەوە بۆ کوشتنی
شۆڕش بوو،وەتوانیشیان سەرکەون بەسەر ئامانجەکانی شۆڕشدا. بەڵام
کەسایەتیەکی وەک نەوشیروان موستەفا چ نزیکایەتیەکی ھەیە لەم بەراود
کاریەدا؟
خەڵکی باشووری کوردستان ماوەی زیاد لەدوو دەیە دەبێت دەچەوسێنرێنەوە
لەژێر ھەیمەنەی دوو حیزبی ناسێۆنالیستی کوردیدا،بۆھەمیشەیش
ناڕەزایەتیەکان بوونی ھەبوە لەبەرانبەر ئەو دوو حیزبەدا کە خاوەنی
حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتن،بەڵام ھەمیشە ناڕەزایەتیەکان بچڕ بچڕ و
خاوەن ڕێکخراو بونێک نەبوون کەبتوانن دەست ببەن بۆ بەرپاکردنی ڕاپەڕینی
جەماوەری یان بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی.
دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان لەساڵی ٢٠٠٩ دا، وا لای خەڵکی ناڕازی خۆی
بەیان کرد کەدەتوانێت ببێت بەداینەمۆی بەدیھێنانی خواستە ڕەواکانی
جەماوەر،لەو مێژوە بەدواوە ئەو بزوتنەوەیە لەململانێ دا بوە لەگەڵ
دەسەڵاتدا،تاوێک چوەتە نێو دەسەڵات و تاوێک ناڕازی بوە،دیارە ئەو
ململانێیانە نەک لەبەر ئامانجەکانی خەڵکی زەحمەتکێشدا بێت
لەبنەڕەتدا،بەڵکو لەژێر ئەو ناوەدا بەشوێن چەسپاندنی ئامانجەکانی
خۆیەوە بوە کە بتوانێت جێگایەکی شیاو بەچنگ بخات لەنێو جومگەکانی
دەسەڵاتدا. لێرەدا ئەو بزوتنەوە سیاسیە نەیتوانی ببێتە بەدیھێنەری
خواستە جەماوەریەکان وە نەیشی توانی سەرکەوێت بەسەر ھەیمەنەو پرۆژەکانی
ئەو دوو حیزبە ناسیۆنالیستیە بۆرژوازیەدا.
وا بۆ زیاد لەچەند مانگ دەچێت سەرۆکی ئەو بزوتنەوەیە لەژێر ناوی
چارەسەریدا ڕووی لەدەرەوە کردوە،وەک دەزانرێت ئەو ئێستا لەوڵاتی
بەریتانیادا دەژی. لەم نێوەشدا زیاد لەپێنج مانگە ئەو دەسەڵاتە
چەوسێنەرە ناسیۆنالیستیە لەڕێی حکومەتەکەیەوە موچەی موچەخۆرانی نەداوەو
قەیرانێکی دروست کردوە لەژێر ناوی دابەزینی فرۆشی نرخی نەوتدا. ئەم
قەیرانە دروست کراوە،وابڕستی لەھێزوتوانای کۆمەڵگاو بازاڕ بڕیوەو
ناڕەزایەتیەکان تادێت زیاتر دەبێت و ئاستی چارەسەریەکانیش ھیچ ئاسۆیەکی
نیە لەنێو ئەو حکومەت و دەسەڵاتە مافیایەدا.
ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان وەک ووتم بەردەوامە،بەڵام خاوەنی ڕێکخراو
بوون وە خاوەنی بەرچاو ڕۆشنیەک یان ھەڵگری ئەلتەرناتیڤێکی دروست نیە
لەوەی گەر نەتوانێت داخوازیەکانی بەجێ بگەیەنێت، چی بکات یان دەست
بۆکام چارەسەر ببات. ڕەنگە ناھەقیشیان نەبێت،چونکە سەرکەوتنی ھەر
ڕاپەڕینێک یان ھەر شۆڕشێک پەیوەست بوە بەوەی ئاخۆ ئەو ناڕەزایەتیە
جەماوەریانە خاوەنی ڕابەرایەتیەکی دروست بوون یان نا. ھەمیشە
سەرکەوتنەکان لەڕێی بەرپاکردنی شۆڕشەوە پەیوەست بوە بە جۆری
ڕابەرایەتیە سیاسیەکەیەوە. خۆ دوور نەڕۆین ئەگەر لەڕۆژئاوای کوردستاندا
ڕابەرایەتیەکی وەک پەیەدە نەبوایە پێ دەچوو سەرکەوتنی شۆڕش وەک ئێستا
نەبوایە،ئەوە ڕاستیەکی تەواوە.
سەرھەڵدانی ڕاپەڕینەکان لەوڵاتانی عەرەبی لەساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١١ دا،
وەدواتر شکست پێدانی دەرئەنجامی ئەوە بوو کە ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریانە
خاوەنی ڕابەرایەتیەک نەبوون کە لەبەژەوەندیەکانی زۆرینەی کۆمەڵگادا بن.
ئێستایش دەبێت بپرسین ئاخۆ نەوشیروان موستەفایش چاوەڕێیە تا ڕاپەڕین
بکرێت و دواتر بەفڕۆکەیەکی تایبەتی بەریتانیا بیگوازنەوە بۆ ھەرێم
تاڕابەرایەتی ڕاپەڕین بکات،بەڵام دواتر وەک خومەینی لێ بێت لە شکستدان
بەئامانجەکانی ڕاپەڕیندا،چونکە خواستی دەوڵەتانی چەوسێنەر ھێنانەدی
دیموکراسیەت و یەکسانیخوازی نیە لەوڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا؟ یان پێ ناچێت
مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە. خۆ دەشکرێت بپرسین بێ دەنگی ئەو پیاوە چ
خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێت! لەبێدەنگی بەردەوامدا ھەمیشە پۆزەتیف بەدەست
ناخرێت. ئاخۆ ئەو لەبەریتانیادا خەریکی کام پرۆژەیە وا بێدەنگیەکی بەو
ئەندازە بێدەنگی ھەڵبژاردوە،ڕەنگە ئەوە ھەرخۆی و دەوڵەتی بەریتانیا
بیزانن!؟
ئاخۆ ئەم جارەیش ناڕەزایەتیەکان دەخرێتە نێو بەرداشی سات و سەودای
حیزبە ناسیۆنالیستی و حیزبە ئیسلامیەکانەوە؟ بێگومانم گەر
ناڕەزایەتیەکان گشتگیر نەبنەوە و خاوەنی بەرچاو ڕوونی خۆیان نەبن،ئەوا
دەبێت چاوەڕێی ١٧ ی شوباتێکی تر بین و دیسان ئامانجەکانی چین و توێژە
ناڕازیەکان خولانەوە بێت لەنێو بازنەی گۆدۆیدا.
بەھیوام گەر ئەو قۆناغەیش ھاتە پێشەوە و نەوشیروان موستەفا بتوانێت
ڕابەرایەتی ڕاپەڕین بکات،وەک کەسایەتی خومەینی نەبێت بەڵکو وەک
کەسایەتیەکی کەم وێنەی عەبدول کەریم قاسم بێت،(ڕەنگ بێت کۆی مێژووی
عێراق تەنھا ئەو سەرۆکە خاکیەی بەرھەم ھێنابێت کە بەئەندازەیەکی مەزن
لەخزمەتی ئاوەدان کردنەوەی وڵات و بنیات نانی پەروەردەیەکی تەندروستی
کۆمەڵایەتیدا بوو بێت،چونکە لەو ماوەی چوار ساڵ و چەند مانگەی
دەسەڵاتەکەیدا زۆرترین پرۆژەی خزمەت گوزاری و پرۆژەی بەرھەمھێنان دروست
کراون،کاتێک لەڕێی بەڵگەنامەکانەوە دەوری ئەو کەسایەتیە مەزنە
دەبینین،بەڵام چونکە لەخزمەتی ئامانجەکانی دەوڵەتانی داگیرکەردا
نەبوو،لەڕێی کودەتای سەربازیەوە لەنێو درا) ئاخۆ چاوەڕوانیەکی وا ڕێی
تێ دەچێت جارێکی تر عەبدول کەریم قاسمێک درووست ببێتەوە و کۆمەڵگایەکی
مەدەنی ڕێک بخاتەوە یان خومەینیەک دەکەن بەبەرۆکی کۆمەڵگادا؟
١٤\٢\٢٠١٦
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|