٤\١١\٢٠١٦
ئایا رێگایەکی تر
بۆ بەدەستهێنانی موچە هەیە؟

ئاسۆ کەمال
"حکومەت وەڵام ناداتەوە ڕێگاچارە ئەوەیە یان درێژە بەمانگرتن و کار
راگرتن بدەین یان لیژنەیەکی ١٥٠ کەسی پێکبێنین و لەداهاتی خۆمان موچە
دابین بکەین و زیادەکەی بنێرین بۆ سەروی خۆمان. "
ئەمە قسەی نوێنەرانی فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی بۆ
نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی. ئەم وەڵامە پڕبەپێستی حکومەتی ئەم
دوو مافیا گەنجەیە کە بڕیاریان داوە سفرەی کرێکار و فەرمانبەر و
مامۆستای ئەم هەرێمە خاڵی بکەنەوە تاکو دڵی بانکی نێودەوڵەتی ڕازی بکەن
بۆ قەرزوەرگرتن و پارەی داهاتی نەوت و وەزارەتەکانی ئەم هەرێمە لە
حسابی شەخسی خۆاین لە بانکەکانی دەرەوە و ژێرزەمینەکانی ناوەوەی
کوردستاندا تا بن دیوار هەڵچنن. ئەم هۆکاری ئەم کەمکردنەوەی موچەیەیە
بەناوی درۆی پاشەکەوتەوە. هەربۆیە نە بەرزبونەوەی نرخی نەوت و نە
تێپەڕبونی قەیران کۆتایی بەم بڕیارەی حکومەت ناهێنێ و تاکو داهات
لەژێردەستی ئەمانەدا بێت بەشی خەڵک دەبێتە نێچیری دەستی ئەم ڕاوچیانەی
موچە.
بێگومان ئەم وەڵامەی فەرمانبەران ،کە خۆیان داهاتی فەرمانگەکان دابەش
بکەن ،بێ قوربانی نابێ و هەربۆیە دوای زیندانی کردنی بەشێک لە
نوێنەرانی فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی ئێستا بڕیاری
تەرحیلیان داون.
کرێکار و فەرمانبەر زۆر جار توشی شەڕی سەختی لەم جۆرە دەبنەوە. ئێمە
کۆمەڵێک کرێکاری کارگەی ساردەمەنی گوڵزار بوین لە هەشتاکاندا مانمان
گرت و خاوەن کار دەرگای کارگەی لێ داخستین و ناردینیەوەبۆ ماڵەوە. کاتێ
بەم بڕیارە ڕازی نەبوین چوینەوە ناو کارگە و وتمان خۆمان کارگە ئیش پێ
دەکەین و موچەی خۆمان پەیدادەکەین ، خاوەن کارگەی کورد ئەوکات وەک ئەم
بەڕیوەبەرانەی باج بەم بڕیارە بوێرانەیەی ئێمە شێت بوون و پۆلیسی بەعسی
بۆ هێناین و زیندانیان کردین و توانیان دەرمان بکەن. ئەمە پیشەی هەموو
دەسەڵاتێکی سەرمایەدارە، جا خاوەن کارگەیەکی بچوک بێت یان خاوەن
حکومەتێکی گەندەڵ، بەعسی بێت یان یەکێتی و پارتی. ئەم پیشەیە بریتیە لە
دزی و پاوانی داهات و هەڕەشەی گرتن و ترحیلی کریکار و کارمەند و
مامۆستا. بەڵام ئایا حکومەتی هەرێم چەند نوێنەر سزا دەدا و ترحیل دەکا.
ئایا بە ترساندنی چەند نوێنەرێک دەتوانێ کۆتایی بەم مانگرتن و بایکۆت و
ناڕەزایەتیانە بهێنێ؟
بێگومان ناڕەزایەتیەکان لەوە بەرفراوانترن کە بەم جۆرە هەڕەشە و
سزایانە تەواو بن و کۆتاییان پێ بێت بەڵام نابێت ڕێگە بەم حکومەتە بدرێ
کە سەرەڕای نەدانی موچە هێرش بکاتە سەر نوێنەرەکانمان. ئەمڕۆ دیفاع
کردن لەم نوێنەرانە دیفاعە لە موچە و مافی مانگرتن. دەبێ خواستی
هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ترحیل و سزادانی کارمەندانی فەرمانبەرانی
کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی ببێتە داوای ئەو تۆڕە سەراسەریەی لە
دەستەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دروست بوە و بەرامبەر بەم بڕیارەی
وەزارەتی دارایی وپیشەسازی و حکومەتی هەرێم بوەستنەوە. ئەمە شەڕی
دیفاعە لە سەنگەرێکی ئەو جەبهەیەی کە ئەمڕۆ بەدرێژایی شاروشارۆچکەکانی
کوردستان کارمەندان و مامۆستایان و خەڵکی هەژار دژ بە بڕیاری حکومەت بۆ
برسیکردنی خەڵک ڕاوەستاوە.
سەرەڕای ئەم پشتگیریە لە فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی
گرنگە ئەو داخوازەی ئەوان بۆ سەرپەرشتی داهات لە فەرمانگە و کارگە و
وەزارەتەکاندا ببێت بە خواستی ناڕەزایەتیەکان. ئەگەر ئەو سەدان هەزار
کارمەندەی کوردستان داوابکەن کە پێویستە لیژنەی کارمەند و مامۆستا و
کرێکار پێک بێت بۆ سەرفکردنی موچە لەداهاتی وەزارەتەکان و فەرمانگەکان
ئەوا ئەم دۆخەی ئێستا بەرەو باشتر دەگۆڕێت کە حکومەت زۆرباکی نیە بە
وەستانی کەرتی خوێندن و خزمەتگوزاریەکان و دەیەوێت خەڵک خۆی بەناچاری و
بەبێ دەستکەوت کۆتایی بە مانگرتن و بایکۆت بهێنێ.
ئەمڕۆ ئەم پێشنیارەی فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی باجەکان لە سلێمانی کە با
خۆیان سەرپەرشتی داهات بکەن پێویستە هێزی هەمو دەستە و گروپەکانی
ڕێکخەری ناڕەزایەتیەکانی لەدەور کۆببێتەوە و ڕێگای چۆنیەتی بەشداری
کارمەندان پەیدا بکەن لە ئیدارەی داهات و وەرگرتنی داهات لە حکومەتی
مەرکەزی و ناچارکردنی بەڕیوەبەرایەتیەکان بە دابینکردنی موچە
لەداهاتەکان . ئاشکرایە کە ئەمە شەڕێکە دەبێ لەگەڵ دەسەڵاتێکی مافیا و
دەزگا سەرکوتگەریەکانی بکرێ بەڵام لەگەڵ ئەم حکومەتەدا نابەرپرس و
گەندەڵەدا تەنیا ڕێگای دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و ڕانەوەستانی
خوێندن و خزمەتگوزاریە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و گشتیەکان شەڕە لەسەر
ئەوەی خەڵک چۆن دەبێ خۆی دەوری هەبێ لە سەرپەرشتی داهاتی کوردستاندا.
لەگەڵ حکومەتێکدا کە مانگرتن بە لەکٶڵ بونەوەی مەسرەف دەزانێ ڕێگاچارە
دەستبردنی ڕاستەوخۆ و فشار دروستکردنە بۆ لێسەندنەوەی داهاتی خەڵک.
ئەمە تەجروبەی ٢ ساڵی ڕابردوی بایکۆتە کە لە حاڵەتی پاسیڤەوە دەیکاتە
جوڵانەوەیەکی ئاکتیڤ بۆ بەدەستهێنانی موچە. ئەمڕۆ هیچ ڕێگایەکمان بۆ
نەماوەتەوە جگە لەوەی ئیرادە و هێزی یەکگرتوی کارمەندان و مامۆستایان و
کرێکاران نیشانی ئەم دەسەڵاتە سەرمایەدارە مافیاییە بدەین. نیشانی
بدەین کە ئێمە لەوان باشتر دەتوانین ئیدارەی کۆمەڵگەی کوردستان بکەین و
دەتوانین لەداهاتی کوردستان نەک هەر موچەی تەواو بەڵکو خۆشترین گوزەران
و پێشکەوتن دابین بکەین. ئەم دەسەڵاتە دەبێ لە خەڵکی کوردستان ئەم دەنگ
و ئیرادەیە ببیستێ ئەگینا لەسەر سیاسەتی برسی کردن و کۆیلەکردنی کردنی
خەڵک بەردەوام دەبێ.
ماڵپهڕی ئاسۆ کهمال
|