٩\٣\٢٠١٧
ئایا شەڕی کورد بە
کورد ھیچ واقعیەتێکی ھەیە؟

تاهیر حەسەن
بەرەی ناسیۆنالیزمی کورد لە باشوردا ھەرلەسەردەمی شاخیانەوە تا ئەم
چرکە ساتەیشی لەگەڵدا بێت،ھەرساتەو دەکرێت چاوەڕێی جەنگێکی تری
ناوخۆییان لێ چاوەڕوان بکرێت ھەروەک ئەو کۆ جەنگەی لەمێژووی ڕابردودا
کردویانە لەدژی یەکتری. دەکرێت بپرسین ئاخۆ گەر ناسیۆنالیزم بەمانای
چەمکێک بێت خۆی لەسەرو کایە چینایەتیەکانەوە ببینێتەوە،ھۆکار چی بوە
وابەردەوام ئەو حیزبانەی باشوور بەتایبەتیش پەدەکەو یەنەکەو پارتە
بچوکەکانیتریشی لەگەڵدا بێت جەنگی دژی یەکتریان کردوە و کوڕی کوردیان
بەکوشت داوە؟ ئاخۆ لێرەدا نابێت ئاوڕێک لەمێژووی وڵاتانی دیکەیش
بدەینەوەو بەمێژوەکەیاندا بنواڕین کەبزانین لەلایەن دەسەڵات و ئەحیزبی
بەناو ناسیۆنالیستی و ئەحیزبی ئاینیان،چەندین شەڕیان بەرپاکردوەو
بەھەزاران ھەزار مرۆڤی ھاوزمان و ھاو نەژاد لەخۆیان بەکوشت دراون؟ باشە
ئەوان بۆچی خەڵکی ھاوزمانی خۆیان کوشتون؟ ئاخۆ ئەوە لەبنەڕەتدا لەپێناو
چیدا بوە؟ ئایا لێرەدا نابێت بگەین بەو دەرئەنجامەی کەئەوەی ڕودەدات
لەکایەی جەنگدا،ڕاستەوخۆ دەرگیری نێو کێشمەکێشە چینایەتیەکانە؟ ئاخۆ
خەڵکی کورد زمان لەدەرەوەی پێناسە گشتیەکانی جیھانەوەن،تەنھا لەبەر
ئەوەی خاوەن دەوڵەتی خۆیان نین،ئیتر دەبێت بەچاوێکی جیاوازترەوە
ببینرێن و لەکێشمەکێشە چینایەتیەکان بەدەربکرێن؟
ئەو شەڕەی دوێنێ ڕویداو ئەوەی ئەمڕۆ ڕویداو ئەوەی سبەینێ ڕودەدات،نەک
بەدەرن لەیاساو ڕێسا چینایەتیەکان،بەڵکو ھەڵقوڵاوی نێو ئەو ململانێو
کێشمەکێشە چینایەتیانەن و شەڕەکە،شەڕە لەپێناو سەپاندنی ھەیمەنەی
چینێکی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتدار بەسەر کۆی لایەنەکانی تری نێو سیاسەت و
پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە باوەکەدا.
پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتەکەی یانی یەکێتی و چوار پێنج
حیزبەکەی تری نێو ئەو حکومەتە،ماوەی بیست و شەش ساڵە بەڕاستەوخۆ
نوێنەرایەتی چینی چەوسێنەری دەسەڵاتدار دەکەن و کۆی پەیوەندیەکانیان
لەگەڵ دەوڵەتانی چواردەور و دەوڵەتانی جیھاندا لەپێناو پاراستنی
ھەیمەنەتی چینایەتیدایە. ئیتر مەسەلەی کوردایەتی و نەفی کردنی شەڕی
ناوخۆی براکان و کوشتنی کورد بەدەستی کورد حەرامەو ھێڵی سورە،لەدرۆیەکی
شاخدار زیاتر شتێکیتر نیە. بۆ مەگەر کورد زیاترە لەعەرەب وائێستا
لەدەیان لاوە بەربونەتە یەکتری و کوشتوبڕی کۆمەڵگا درێژە پێ دەدەن؟ بۆ
مەگەر کورد لەتورک جیاوازترە،وائێستا بەشێکی زۆری زیندانەکانی تورکیا
پڕە لەخەڵکی تورک زمان کەلەلایەن دەوڵەتی تورکەوە زیندانی
کراون.بۆمەگەر کورد جیاوازترە لەفارس و پاکستانی و کێوکێیتر کە لەنێو
زیندانەکانیاندا پڕاوپڕن لەبەندکراوانی سیاسی و ئەوانەی ناڕازین بەو
دەسەڵاتە دیکتاتۆرو چەوسێنەرانەیان؟
بەڕێزان من ئێستایش ئەو پرسیارە دەکەمەوە:ئاخۆ لەبری پەیەدە ئەنەکەسە
دەسەڵاتی بەدەستەوە بگرتایە لەڕۆژئاوای کوردستاندا،ڕێی تێدەچو پارتی و
دەوڵەتی ئەردۆ داعش پەلاماریان بدایە؟ ئاخۆ ھۆکار بۆچی دەگەڕایەوە
لەحاڵەتێکی وادا؟ ئاخۆ تەنھا ھۆکار بۆئەوە نەدەگەڕایەوە کەئەنەکەسە
دەبوە جێبەجێ کەری پرۆژە چینایەتیەکانی پارتی و دەوڵەتی ئەردۆ داعش؟
کەوایە ھاوکێشەکە ڕونەو پێویست بەخۆ گێل کردن و ھێنانەوەی بەھانەی بێ
مانا ناکات. پەیەدەو شۆڕشەکەی لەڕۆژئاوای کوردستاندا ھەڵگری چەمک
گەلێکی جیاوازن و ھاوتەبا نین لەگەڵ ئەو خواست و بەرژەوەندی
وئەجێندایانەی پارتی و دەسەڵاتدارانی باشور بەشوێنیەوەن. شۆڕشی
ڕۆژئاوای کوردستان خاوەنی ئەڵتەرناتیڤێکی جیاوازەو لەھەگبەکەیدا
مژدەیەکی نوێی وەرچەرخانی مێژووی ھەڵگرتوە کەھەموو ساتێک دووبارە
نابێتەوە.ھەڵگرتنی مژدەی وەرچەرخانی کۆتای ھێنان بەچەوساندنەوەی
چینایەتی و کۆتای ھێنان بەوەھمی ناسیۆنالیستیانە.تەنھا ئەم ھۆکارەیشە
کۆی بەرەی نەیاری ئەو شۆڕشەی تووشی شۆک کردوە. ئەگەر وانیە،ئەی خێرە
ئەردۆ داعشی فاشی ڕێزو حورمەت دەدات بەوالیە کوردیەکەی لەباشوردا بەڵام
دێت و جینۆسایدی گەلی زەحمەتکێشی باکوری کورد زمان دەکات،یان بەکۆی
سوپاکەیەوە پەلاماری ڕۆژئاوای کوردستان و شۆڕشەکەی دەدات؟
بەڕێزان،مێژوو پڕاو پڕە لەو وەھمە ناسیۆنالیستیەی خۆی لەسەرو خەتی
چینایەتیەوە دەناسێنێت.ھەرلەسەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریکاو ڕزگاری
ئەمریکا لەساڵی ١٧٧٦ وە تا دەگات بەشۆڕشی فەرەنسای ١٧٨٩ و دوای
بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ناپۆلێۆنی لاوەوە،ئیتر جەنگەکان لەژێر
سەری ھەیمەنەی ئایدۆلۆژیا ناسیۆنالیستەکاندا بوە بۆ شاردنەوەی خەتە
چینایەتیەکان و زاڵ کردنی ھەیمەنەی چینە بۆرژواکان بەسەر چینە کارگەرو
زەحمەتکێشەکاندا. مرۆڤ گەر مێژوو بەشێوازە دروستەکەی بخوێنێتەوە باش
لەناوەڕۆکە ترسناکەکەی ناسیۆنالیزم تێ دەگات. بەڵام مەخابن،کاتێک ئاستی
ھۆشیاری سیاسی چینایەتی لاوازە،ئیترە خۆش کردنی ڕێگای جەنگی بەرژەوەند
خوازانەی چینە دەسەڵاتدارەکان لەژێر ناوی پاراستنی شەرفی نیشتیمان و
تەڵاقی دەوڵەتدا ڕەونەقێکی سەرسوڕھێنەری پێدەدرێت. دەکرێت بپرسین:ئاخۆ
گەر ئاستی ھۆشیاری سیاسی چینایەتی لەبار بوایەو دەست بردن بۆ خۆڕێکخستن
بچوایەتە مەیدانی ھاتنە مەیدانەوە،ڕێی تێدەچوو سەرانی ناسیۆنالیزم ئاوا
بەئاسانی بیان توانیایە لەڕێی خیانەتەکانیانەوە ھێشتا فەزڵ فرۆشی
بنوێنن و خۆیان وەک قارەمانی گەل نیشان بدەن؟ ئاخۆ گەر ئاستی ھۆشیاری
سیاسی چینایەتی لاواز نەبوایە لەسەردەمی جەنگی یەکەمی جیھان و جەنگی
دوەمی جیھاندا ڕێی تێدەچوو سەرانی بەرژەوەند خوازی دەوڵەتی بۆرژواکان
وا بەئاسانی بیان توانیایە مەیدانی جەنگەکانیان گەرم بکەن و ملیۆنان
مرۆڤ بکەنە سوتەمەنی نێو بەرژەوەندیەکانیان؟ ئاخۆ گەر ئێستا بێت ئەو
دەوڵەتانە دەتوانن لەژێر ھەیمەنەی پاراستنی نیشتیمانی و پاراستنی ئەمنی
قەومیدا مرۆڤەکانیان ڕاپێچی نێو جەنگێکیتری وەک ئەو دوو جەنگەی ڕابردوو
بکەن؟ کەوایە ئەوەیش ئێستا بۆ پارتی و ھەیمەنەتەکەی دەست دەدات ئاستی
لاوازی ھۆشیاری سیاسی چینایەتی و ناڕێکخراوبونی چینوتوێژە
زەحمەتکێشەکانە،بۆیە توانویەتی لەڕوی ھێزی سەربازیەوە لەشکری زۆرو
زەبەندی ھەبێت و لەڕێی وەھمی دەوڵەتی کوردی و ناسیۆنالیزم و ئاڵاوە،
ھەیمەنەتی حیزبی و بنەماڵەیی خۆی بسەپێنێت و بێ ھیچ سڵەمینەیەکەوە دەست
ببات بۆ شەڕی کورد کوشتن،کەدیارە لای من پێچەوانەکەی ڕاستەو بەشەڕی
چینایەتی ناوی لێ دەنێم.
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ھاوپەیمانەکانی ھەڵگری چەمکی کۆتای ھێنانی
ناسیۆنالیزم و چەمکی ھەیمەنەی دەوڵەت نەتەوەن،بۆیە ھەر لەپارتیەوە
تادەگات بەدەوڵەتانی چواردەور بەنەیارو دوژمنی خۆیانی دەزانن. ئەو
شەڕەی ئێستایش ھەیە نەتەواو دەبێت و وەنە کوشتنی کورد بەدەستی کوردیش
کۆتای پێ دێت!
٣\٣\٢٠١٧
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|