ئایا وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌که‌ی به‌ختیار پاره‌ی تێچوونه‌که‌ی ئه‌هێنێ.
عامر سابیر
وه‌زاره‌ته‌که‌ی فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی (وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری) بڕیاری داوه که پێنجه‌مین ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لی (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان) وه‌رگێڕێته سه‌ر زمانی ئینگلیزی.
ئه‌م ڕۆمانه که گوایه له‌سه‌ر ئه‌نفاله. ئایا له ئاستی گه‌وره‌یی تاوانی ئه‌نفالدایه ده‌رهه‌ق به خه‌ڵکی کوردستان؟ ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌شایه‌ر و کۆنه‌په‌رستی کوردستان که له ١٧ ساڵی ڕابردووی ده‌سه‌ڵاتیاندا هیچیان نه‌کردووه بۆ زیندووه‌کانی پاشماوه‌ی ئه‌نفال، ئایا له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانی ئه‌م خه‌یاڵ هۆنینه‌وه‌یه‌ی به‌ختیاره‌وه، ئه‌یانه‌وێت چی خزمه‌تێک پێشکه‌ش به‌و خێر له خۆ نه‌دیوانه بکه‌ن.
ئایا ده‌سه‌ڵاتداران له ڕێگه‌ی ئه‌م تێکه‌ولێکه‌یه‌ی به‌ختیاره‌وه (که به کارێکی داهێنه‌رانه‌ی تێکه‌ڵکردنی خه‌یاڵ و واقیعی له قه‌ڵه‌م ئه‌دات) ئه‌یانه‌وێت چی مه‌سه‌له و کێشه‌یه‌کی خه‌ڵکی کوردستان به خوێنه‌رانی ئینگلیزی زمان بڵێن؟
به‌عسی دڕنده له دنیای واقیعدا، به به‌رچاوی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه، ئه‌نفالی ئه‌نجامدا، چیرۆکی سه‌رگوزشته‌ی هه‌ریه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی که به‌عس چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێکردوون، که توانای گێڕانه‌وه‌ی هیچیان نییه و به هه‌ر رێگه‌یه‌ک بووه ڕزگار بوونه له‌و شاڵاوه دڕندانه‌یه، چیرۆکی واقیعی ژیانی ئینسانێکی واقیعییه، که نووسه‌رێکی لێهاتوو ئه‌توانێت شاکارێکی سه‌رکه‌وتووی لێ به‌رهه‌م بهێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌یاڵی پڕوپوچ تێکه‌ڵ به‌و ژیانه ناسۆره‌ی بکات. ڕۆمان نووسێکی سه‌رکه‌وتوو ئه‌توانێت له ڕێگه‌ی داڕشتنێکی سه‌رکوتووانه‌ی ژیانی واقیعی هه‌ر که‌سێکی پاشماوه‌کانی ئه‌نفال، یان له ڕێگه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێک له‌و سه‌دان چیرۆکه واقیعیانه‌ی له سه‌ر قوربانیانی ئه‌نفال ئه‌گێڕدرێته‌وه، شاکارێکی که‌م وێنه به‌رهه‌م بهێنێ و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه ئه‌توانێت یه‌کێک له گه‌وره‌ترین تاوانه‌کانی کۆتایی قه‌ڕنی بیسته‌م و خه‌مساردی و بێده‌ربه‌ستی و دڕنده‌یی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستاش به جیهان بناسێنێ.
ڕۆمان نووسێکی به‌توانا ئه‌توانێت، ژیانی واقیعی هه‌ر یه‌کێک له‌و ده‌یان هه‌زار ژن و کچه‌ی که کوژراون و بوونه‌ته قوربانی شه‌ره‌ف پارێزی له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کی کوردایه‌تیدا، بکات به ڕۆمانێکی زۆر سه‌رنج ڕاکێش، له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه، واته له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی ژیانی واقیعی (نه‌ک فیکشنی) ژنانی کوژراوی ژێر ده‌سه‌ڵاتی بارزانییه‌کان و تاڵه‌بانییه‌کان، گه‌وره‌ترین تاوان له دژی ژنانی کوردستان به جیهان بناسێنێ.
به‌ختیار به‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی پێنجه‌مین ڕۆمانیدا، له گفتووگۆیه‌کیدا له گه‌ڵ ڕادیۆی FM2000 له سدنی، له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که به کورتی باسی ناوه‌ڕۆکی ڕۆمانه‌که‌ی بۆ گوێ‌گران بکات، وتی (ڕۆمانه‌که گه‌وره‌یه و هه‌ر وشه‌یه‌کی مانای تایبه‌تی خۆی هه‌یه، من ناتوانم هیچی لێ که‌م بکه‌مه‌وه، ئه‌وه وه‌ستاوه‌ته سه‌ر که‌سانی تر که هه‌ڵیسه‌نگێنن). له ڕاستیدا له‌م ڕۆمانه‌دا که لای به‌ختیار هه‌ر وشه‌یه‌کی جێگه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و ناکرێت بقرتێندرێت، درێژدادڕییه‌کی له ئه‌ندازه به‌ده‌ر بێزارکه‌ر و نا پێویستی تیادا کراوه.
له سبه‌ی ڕۆژی به چاپگه‌یاندنی ئه‌م ڕۆمانه‌دا، ئه‌و ده‌زگایه‌ی بڵاویئه‌کاته‌وه، ئه‌بێت له یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌یه‌وه به خوێنه‌ری ئینگلیزی زمان بڵێت که ئایا چیرۆکێکی ڕاسته‌قینه‌یه ) True Story) یان ناواقیعییه (Fiction) له پۆلێنکردنیشدا له کتێبخانه‌کاندا ئه‌کرێته به‌شی فیکشنه‌وه.
نۆرما خوری که ژنێکی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک (ئه‌رده‌نی)یه، که ڕۆمانی (Forbidden Love)(١) واته خۆشه‌ویستی حه‌رامکراوی نووسی له ٢٠٠٣ دا، وتبووی که گوایه به‌سه‌رهاتێکی ڕاسته‌قینه‌ی کچێکی عه‌ره‌به له ئه‌رده‌ن که بووه به قوربانی نامووسپه‌رستی، به‌م هۆیه‌وه و به هۆی ئه‌وه‌ی که له‌و کاته‌دا خه‌ڵکی غه‌رب زۆر تینووی هه‌ر شتێک بوون که زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و دنیایه تیادا بێت که ئیسلامی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه، ته‌نها له ساڵی یه‌که‌میدا به زمانی ئیگلیزی ملیۆنێک و چوارسه‌د و چوارده هه‌زار کۆپی لێفرۆشرا.
به‌ڵام که له مانگی ٧ی ٢٠٠٤دا ده‌رکه‌وت که وانییه و نۆرما ئه‌و کاره‌ی به پاره کردووه له سه‌روبه‌ندی هێرشی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر عێراق، ئه‌م ده‌رکه‌وتنی ڕاستییه شه‌رمه‌زارییه‌کی گه‌وره‌ی هێنا بۆ ئه‌و ده‌زگایه‌ی ڕۆمانه‌که‌ی بڵاوکردبۆوه و داوای لێبوردنی کرد له خوێنه‌ران و له کتێبخانه‌کانیشدا له‌سه‌ری نووسرا (Fiction ) و له به‌شی (non fiction) ده‌رهێنرا.
له ساڵی ٢٠٠٧یشدا فیلمێکی دۆکیومێنته‌ری (Forbidden Lies) تایبه‌ت له سه‌ر سه‌لماندنی فیکشنی ئه‌و ڕۆمانه بڵاوکرایه‌وه که نۆرما خۆی ڕۆڵی سه‌ره‌کی تیادا بینی. ڕۆمانه له‌ڕ و بچوکه‌که‌ی نۆرما گه‌رچی فیکشن ده‌رچوو، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ڕۆمانه قه‌ڵه‌و و گه‌وره‌کانی به‌ختیاره‌وه دووره له هۆنینه‌وه‌ی خه‌یاڵ.
به‌ختیار ڕۆمانی شه‌شه‌میشی هه‌ر هۆنینه‌وه‌ی خه‌یاڵه، ژماره‌ی به‌شدارانی ناوی هێنده زۆرن، پێویسته خوێنه‌ر له په‌ڕه‌یه‌کی گه‌وره‌دا ناوه‌کانیان بنووسێ تا تێکه‌ڵیان نه‌کات، به‌ختیار به‌م ژماره زۆره‌شه‌وه ناوه‌ستێ، هه‌ندێ له کاره‌کته‌ره‌کانی سه‌ره‌ڕای ناوی خۆیان، به ناوی پاڵه‌وانی فیلمه‌کانیشه‌وه ئه‌ناسێنێ. به‌ختیار ده‌سپێشخه‌ری ئه‌کات و به هه‌ر خوێنه‌رێک که نیگه‌رانی له‌م هه‌موو ناوه بیژۆکه ده‌رببڕێت ئه‌ڵێت ئه‌وانه (خوێنه‌ری کورتبینن). به‌رابه‌ر که به مانای یه‌کسان دێت، به‌ڵام له دوا ڕۆمانی به‌ختیاردا له جیاتی به‌رانبه‌ر باکارده‌هێنێت.
خۆزگه به‌ختیار وازی له‌م خه‌یاڵبازییه ده‌هێناو پاڵه‌وان و کاراکته‌ری ڕۆمانه‌کانی ئینسانی واقیعی و پێ له‌سه‌ر ئه‌رز ده‌بوون نه‌ک وه‌هم و پێ له حه‌وا، خۆزگه وازی له‌م هه‌موو گێڕه‌ره‌وه‌یه ئه‌هێنا له ڕۆمانه‌کانیدا و ئه‌م شێوه گێرانه‌وه ئاڵۆز و ناسه‌رکه‌وتووه‌ی به داهێنان به خوێنه‌ر نه‌ده‌فرۆشت.
خۆزگه به‌ختیار له ڕۆمانه‌کانیدا، که ناوی هه‌ر که‌سێکی (کاراکته‌رێکی) تازه، ده‌هاته پێشه‌وه، به ئاره‌زووی خۆی به‌و دڕێژدادڕییه‌ی له‌سه‌ری ڕاهاتووه، له یه‌کجاردا وه‌سفی ده‌کرد، نه‌ک ئه‌وه‌ی له هه‌ر جێگه‌یه‌کدا که ناوی ئه‌و که‌سه دووباره ده‌بێته‌وه، به چه‌ند دێڕێک وه‌سفێکی تازه بۆ شه‌خسییه‌تی ئه‌و که‌سه زیاد بکات و ئه‌م شێوه سه‌رلێشێوێنه‌ره به داهێنان له‌قه‌ڵه‌م نه‌دات.
به‌ختیار عه‌لی، زیاتر له‌وه‌ی له ڕۆمان نووس (novelist) بچێت، له چیرۆک گێڕێره‌وه (story teller) ده‌چێت. جیاوازی ئه‌م دوانه‌ش زۆره.
له کۆتایدا ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره بێته‌پێشه‌وه، که ئایا ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره دز و ملهوڕانه‌ی کوردستان ، ئه‌گه‌ر دڵۆپێک له‌و ده‌ریای پاره‌یه‌ی زه‌وتیان کردووه، بۆ کاری وه‌رگێڕانێکی وا سه‌رف بکرێت باشتر نییه؟ ئه‌م پرسیاره نه‌شیاو ده‌بێت، کاتێک خه‌ڵکی هه‌ژار و به‌شمه‌ینه‌تی کوردستان ده‌ڵێن ئه‌و سه‌روه‌ته‌ی ئه‌مانه زه‌وتیان کردووه، خوێن و شیله‌ی ژیانی ئێمه خه‌ڵکی کوردستانه که مژیویانه.
16/5/2008
(١) ئه‌م ڕۆمانه له ساڵی ٢٠٠٤ دا وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی له‌لایه‌ن (ئه‌یوب نوری)ه‌وه، که به‌داخه‌وه ناونیشانه‌که‌ی گۆڕیوه و له ژێر ناوی (عه‌شقی دالیا)دا خانه‌ی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی قانع بڵاویکردۆته‌وه.
|