١٥\٨\٢٠٢٤
ئایا وڕێنە
دەکەم.. ئایا تۆ باشیت.
ئەرسەلان مەحمود
یەک جیاوازی بەڵام دوراییەکی قوڵ هەیە لە نێوان بەرژەوەندی و
پابەندبوون، مرۆڤ کاتێک حەزی لە ئەنجامدانی شتێک ئەبێ، تەنها کاتێک
ئەنجامی ئەدا کە گونجاو بێت بۆی، بەڵام کاتێک کە پابەندە بەشتێکەوە،
هیچ بیانوویەک بۆ خۆ بواردن لە کات و ساتی ئەنجامداندا قبوڵ ناکات.
بەرژەوەندی، مرۆڤ دابەشت دەکـات بەسەر هەموو شتێکدا جگە لە خۆی، چونکە
دواجار کاتێک سەیری خۆی دەکات هیچی نەماوە لەدەستیبدات، بەڵکوو تا ماوە
هەر دەبێ تەسبیحات بە دەنکەکانی ئەسەفەوە بکات، چونکە بووە بە ڕابردوو،
رابردوی بەردەوام!
لە پابەندیدا، تۆ یان لەژورەوەی یان لەدەرەوە، بەڵام لە هەردوو باردا
بەها هەیە، لە ئەرکدای و جێبەجێ دەکەیت، لـەسەر پێی خۆتیت و سەرکۆنەی
نا بەرابەری و چەوساندنەوەو بێدادی دەکەی و ئەنجام دەگری.
بەشبەحاڵی خۆم، پابەندبوون بەشە هەرە گەورەکەی منە، زۆر باوەڕم پێیەتی
و رۆژانەیش ئەبمە قوربانی لەپێناویدا، ئەی بۆ یان چۆن قبوڵم کردوە؟
چونکە بەها باڵاکەی زیندو مانەوە لەواقیعدا هەر ئەمەیە، هەرچی بەهادارە
بەئازارە.
ئەی تۆ تا چەند پابەندیت بە بردنەوە؟ تا چەند پابەندیت بە خێزان؟ بە
خزم؟ بە هاوڕێیەتی؟ بە کارو ئەرک؟ بە خۆت و خەڵک؟ بە ژیان وەک
پرۆسەیەکی بەردەوام؟ بە ژینگە وەک دەستپێک بۆ سەرەتایەکی نوێ؟ ئەگەر
واقیع وڵام بگۆیەکی باشە بۆت شتێکەو باقیات شتێکی تر.
بەرهەمهێنان ڕووداوێک نییە رووبدات، ئەمە ئەنجامی پابەندبوونە بە
نایابی، بە پلاندانانی ژیرانە و بە چڕ کردنەوەی هەوڵەکانی تەرکیز و بە
جێبەجێکردن لەکات و ساتی خۆیدا نەک چۆن و کەی گونجا، ئەگەر ئەمە نەکەی
یەکێکی تر لەبری خۆت ئەم کارەت بۆ دەکات، بێگومان وەک ئەوەی خۆی دەیەوێ
نەک وەک ئەوەی خواستی تۆیەو بۆ تۆ باشە، گەشەکردن و پێشکەوتن بەندە بە
پابەندییەوە.
بۆ ئەوەی لەجێگەی متمانەدابم، بۆ ئەوەی سەرکەوتووبم، بۆ ئەوەی باوکێکی
باش، برایەکی باش، هاوڕێیەکی باش، لیدەر یان کارەکتەرێکی باش،
نمونەیەکی باش و ئەندامێکی هەرە باش بم لەتیمەکەماندا، هەموو بەیانییەک
سەیری ئاوێنە دەکەم.
باش چییە؟ پابەند بوونە بەبڕیارەکانت و نەرمی نواندنە لە
بۆچوونەکانتدا، هەست دەکەم هێشتا پێویستیم بە راهێنانی زاتی زیاتر
هەیە، تۆ دەتوانی پابەندبی بە بیرو ڕا و بڕیارەکانت بەڵام ناکرێ نەرم
نەبی لەبۆچوونەکانتدا، دەتوانی نەرم بیت لە بۆچوونەکانتدا بەڵام ناکرێ
پابەند نەبی بە بیرو ڕاو برەیارەکانتەوە.
ئایا وڕێنە دەکەم؟ ئایا تۆ پابەندیت؟ تۆ باشیت یان نا؟!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|