په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠١٣

ئایا خوێنەری کورد ئاگادارە کە چیڕۆکەکانی کازیوە ساڵح بە جیهانیی بوون؟


گەشبیر ئەحمەد    


ئەگەر باس لە چیرۆکی کوردی بکەین دەبێت بگەڕێینەوە خاڵی سەرەتا چونکە ئەم ژانرە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیووە، بەڵام من لەو قۆناغەوە دەستپێدەکەم کە مامۆستا حسێن عارف پەرەی پێدا لە نێوان شەستەکان بۆ هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، لە پاشان مامۆستا شێرزاد حەسەن توانی تەکانێک بدات بەو ژانرە لە دوای هەفتاکان بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە شێوەیەکی جوانتر و باشتر پەرەی پێبدات، وەلێ لەدوای ئەو قۆناغەوە چیرۆکی کوردی هەمیشە لە بازنەیەکدا دەسوڕایەوە هەتا دەرکەوتنی کازیوە ساڵح لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، کازیوە توانی بەو پاشخانە ڕۆشنبیریەی کە هەیبوو فۆڕمی نوێ بهێنێتە نێو چیرۆکی کوردی کە دەتوانین بڵێن کازیوە سەرەتایەک بوو بۆ دروست بوونی فۆڕمی نوێ بۆ ئەم ژانرە، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت کازیوە بەروارد بکەین لەگەڵ چیرۆک نوسەکانی تردا بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو چیرۆکەکانی جیاوازە و گەلێکیش نامۆیە لە دەربڕیندا ئەو بە شێوەیەک گوزارشت لە ناوەڕۆکی چیرۆکەکان دەکات وا هەست دەکەیت لە دونیایەکی ترەوە هێناونی، هەمیشە بابەتی نوێ باس دەکات ئاوێتە بە ئاریشەکانی کۆمەڵگا ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت گرینگ نییە چی دەنووسیت گرینگ ئەوەیە کە چۆنی دەنووسیت. ئەشێ هەر ئەم هۆکارەش بووبێت کە بووە هۆی ئەوەی چەندین خەڵاتی ئەوروپی بباتەوە لە چیرۆکدا. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت هەوڵ و تواناکانی ئارامی کاکەی فەڵاح و توانا ئەمین لەیاد بکەن لەم ژانرەدا بەڵام لەم وێستگەیەدا من تەنها تیشک دەخەمە سەر بەرهەمەکانی کازیوە ساڵح.


سەرەتای نەوەتەکان کازیوە وەک چالاکوانێکی بواری ژنان دەرکەوت لەو سەردەمەدا ڕێکخراوی ژنان بوونی نەبوو تەنها چەند جالاکوانێک بوونیان هەبوو ئەگەرچی کازیوە زۆر لە تەمەندا گەنج بوو وە چەندین بەربەست دەهاتنە بەردەمی وەلێ ئەو دەیتوانی بەسەریاندا تێپەڕێت. کازیوە هەمیشە داینامۆیەکی بە توانا و کارابوو لەو بوارە هەتا ئێستاش و بەهۆی جەنگی ناخۆ بوار نەبوو بۆ بڵاوکردنەوە بەرهەمەکانی هەتا لە ساڵی ١٩٩٥ لە گۆڤاری سەرماوەرزدا یەکەم بەرهەمی خۆی بڵاو کردەوە. وە لە ساڵی ١٩٩٨ یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی لە کتێبێکدا بڵاوکردەوە بەناوی (حیکمەتەکانی بەقەرەج بوونم) لەبەر نایابی و ئاست بەرزی چیرۆکەکانی له‌ ساڵی ٢٠٠١ دا خه‌ڵاتی یه‌که‌می فێستیڤاڵی (ئامیتا)ی پێ به‌خسرا که‌ له‌ ئیتالیا سازده‌کرێت، به‌ چیرۆکی (کێ کوشتنه‌که‌ی ئاشکرا کرد). وە لە ساڵی ٢٠٠٢ دا خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی دووه‌مین فێستیڤاڵی (ئامیتا)ی وه‌رگرت به‌ چیرۆکی (ژنێک له‌ پێکی رابردوودا)، لە ساڵی ٢٠٠٤ دەزگای ئاراس کۆمەڵە چیرۆکی ( نامەکان بەر لە مردن ناخوێندرێنەوە) بە چاپ گەیاند کە پێهاتووە لە ١٠ چیرۆک. دواین کتێبی کازیوە ساڵح لە ساڵی ٢٠١٢ دەزگای ئاراس کۆمەڵە چیرۆکی (دەزگیرانە قوڕینەکەم) ی بە چاپ گەیاند کە پێکهاتووە لە ٢٨ چیرۆک.


کە چیرۆکێکی کازیوە دەخوێنیتەوە پێتخۆشە بە دوای بەرهەمێکی تری نووسەردا بگەڕێیت چونکە هەمیشە بابەتی نوێ و سەرنج ڕاکێش بەدیدەکەیت هەروەها لە نێوە چیرۆکەکاندا دەچیتە نێو جوگرافیای جیاواز و بە چەندین وێستگەی هونەر و فیکری و فەلسەفیداگوزەردەکەی. بۆ نموونە کتێبی (نامەکان بەر لە مردن ناخوێندرێنەوە) هەست دەکەیت لە شەقامێکدا پیاسەدەکەیت لەوێ دە مرۆڤ لە دە وێستگەی جیاوازدا وەستاون تۆش بە نێویاندا پیاسە دەکەیت و بەسەرهات و چیرۆکەکانیان دەبیستیت. لەهەندێک لە چیرۆکەکاندا دەکەویتە گومانێکی قوڵەوە هەتا نەگەیتە دوا وشەی چیرۆکە گومانەکەت ڕوون نابێتەوە، ئەوەش یەکێکە لە نهێنێکانی سەرکەوتنی کازیوە کە خوێنەر پەلکێش دەکات هەتا دوا وشەی چیرۆکەکە ، بۆ نموونە لە چیرۆکی ( ئەو بخوردی نەمری دادەگیرسێنێت) دەکەویتە قوڵترین گومان هەتا کۆتا وشەی چیرۆکەکە پاشان گومانەکەت دەڕەوێتەوە هەر وەک دایکی ئەو کچە کە دەکەوێتە هەڵەوە، کازیوە وویستووەیەتی باس لە بیرو بۆچی گۆمەڵگا بکات کە چەن زوو بڕیار لەسەر شتەکان دەدەن بەبێ هەبووونی بەڵگە و بەبێ ئەوەی بزانین ئەوە ڕاستە یان هەڵە بەبێ هیچ هۆکارێک خۆمان دەخینە نێو دەیان پرسی جیاواز و گومان دروست دەکەین. یان لە چیرۆکی (کچە ئازاکە) کازیوە بە چەمکی نامۆیی مان دەناسێنێت و چەندین پرسی زۆر جیاواز دەوروژێنێت و باس لەو بەربەست و کێشانە دەکات کە چۆن کەسێکی ڕۆژهەڵاتی دەچێتە نێو کۆمەڵگای ئەوروپی یان ئەمریکی توشی چ بەڵایەک دەبێتەوە بەهۆی لێکتێنەگەیشنت لە جیاوازی کەلتوور و داب و نەریت و چۆنێتی ببیرکردنەوەی بەرامبەرەکانیان لە کاتێکدا تۆ هەر دەبێت خۆت بگونجێنیت لەگەڵ دۆخەکەدا کە ئەوەش کارێکی ئاسان نییە.


لە ئێستادا کازیوە خاوەنی ١٢ کتێبە و بەرهەمەکانی نووسەر لە لایەنی چەندین دەزگاوە وەریان گێڕاوە بۆ سەر چەندین زمانی بیانی و لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ووڵاتانی عەرەبی بوونی هەیە و خوێنەرێکی بەر فراوانی هەیە، ئایا ئەمە بەهێزترین بەڵگە نییە بۆ ئەوەی بڵێن کازیوە ساڵح نووسەرێکی جیهانییە؟ ئەوەشمان لە بیر نەچێت نووسەر خاوەن چەندین خەڵاتی ئەوروپیە لەو بواری چیرۆکدا، لە ئێستادا نووسەر جێگری سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکانە لقی کەنەدا لە تۆرینتۆ. ئەمەش بۆخۆی جێگەی شانازییە کە ژنێکی کورد لەو پلە بەرز و ئاستە نایابەدایە لەگەڵ ئەو بڕوانامانەی کە بەدەستی هێناون لە زانکۆکانی کەنەدا لە بواری میدیا و ئەدەبیات وە لە ساڵی ٢٠٠٢ هەتا ئێستا نووسەر لە کەنەدا دەژی.
__________________________________

بۆ زانیاریی پتر لەسەر بەرهەمەکانی ''کازیوە ساڵح'':

ماڵپەڕی کازیوە ساڵح: www.kaziwa.com

ماڵپەڕی تایبەت بە کازیوە ساڵح لەسەر ماڵپەڕی ئەمڕۆ: www.emrro.com/malperikaziwe.htm

 

بەریتانیا

ماڵپه‌ڕی گه‌شبیر ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک