ئایا یه‌کگرتوو حیزبێکی (مه‌ده‌نی)یه وه‌ک ڕێبین پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ئه‌کات .
عامر سابیر
هه‌رچه‌نده ڕێبین هه‌ردی ئه‌ڵێت (له کو‌ێ فکر نه‌بوو قه‌ڵه‌می منیش له‌وێ نیه)(١) به‌ڵام پێده‌چێت له کاتی نووسینی ئه‌و دوو وه‌ڵامه‌ی بۆ هادی مه‌هدی، فکر نه له نزیک قه‌ڵه‌مه‌که‌ی وه نه له ته‌نیشت کیبۆرده‌که‌ی بوو‌بێت، ئه‌مه نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به حیزبێکی کۆنه‌په‌رستی وه‌ک یه‌کگرتووی ئیسلامی ئه‌ڵێت (حیزبێکی مه‌ده‌نین)(٢)، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به زمانێکی هێنده لاواز نووسیوێتی که تووڕه‌بوون فکری تۆرانووه له‌وناوه و به‌سه‌ریا زاڵه. له پاداشتی ئه‌و پیاهه‌ڵدانه‌ی که کاک ڕێبین، یه‌کگرتوو به مه‌ده‌نی ناو ئه‌بات، یه‌کگرتووی ئیسلامی کارێکی زۆر خراپ ئه‌کات، ئه‌گه‌ر وه‌ک ئێستا هه‌رچی وه‌سائیلی ئیعلامیان هه‌یه نه‌یخه‌نه خزمه‌ت ڕێبین هه‌ردی و گروپه‌که‌یان (ڕه‌هه‌ند).
ئایا ئه‌گه‌ر حیزبێک مه‌ده‌نی بێت، دژی جیاکردنه‌وه‌ی دینه له ده‌وڵه‌ت؟ ئه‌ی ئه‌وه نییه یه‌کگرتوو له سه‌ر زاری ئه‌مینداره‌که‌یانه‌وه (سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین) له دژی که‌مپینی لابردنی ماده‌ی ٧ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان ئه‌ڵێت (شناسی ئاینی گه‌له‌که‌مان له سه‌رووی هه‌موو سه‌روه‌ری و پیرۆزیه‌کانیه‌وه‌یه‌تی)(٣)، وه له به‌رانبه‌ر لابردنی ئه‌و ماده‌یه‌دا به ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق، که تا سه‌ر مۆخ نا مه‌ده‌نییه، هه‌ڕه‌شه ئه‌کات.
ئایا حیزبێک به‌رنامه و ستراتیژی ئه‌وه بێت، که به شه‌ریعه‌تی ئیسلام کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به‌ڕێوه‌به‌رێت، ئه‌کرێت پێی بووترێت مه‌ده‌نی؟
ئایا حیزبێک له به‌رانبه‌ر بڵاوبونه‌وه‌ی کاریکاتێره‌کانی هونه‌رمه‌نده (دانیماکی)یه‌که‌دا، له هه‌ولێر و سلێمانی شمشێر ڕاوه‌شێنێ، حیزبێکی (مه‌ده‌نی)یه؟
ئایا حیزبێک ئاژیتاتۆره‌که‌ی (حاجی کاروان) به گه‌نجان بڵێت، سه‌یرکردنی کلیپ و سه‌ته‌ڵایت، حه‌رامه و کارێکی زۆر خراپه، ئه‌کرێت پێی بووترێت مه‌ده‌نی؟
ئایا حیزبێک به‌هره‌مه‌ند بێت له پشتیوانی کۆنه‌په‌رستانی سعودییه‌ی عه‌ره‌بی و ئاخونده‌کانی ئێران، ئه‌کرێت مه‌ده‌نی بێت؟
ئایا حیزبێک باوه‌ڕی به ئازادی جل و به‌رگ پۆشین نه‌بێت، ئه‌کرێ به مه‌ده‌نی ناوببرێت؟ چونکه ئه‌وه‌ی ئێستا به غه‌زه‌بی خوا و ئاگری دۆزه‌خ ژنان ئه‌ترسێنێ، سبه‌ی ڕۆژ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌ست بێت، به شمشێر ئه‌یسه‌پێنێ.
جیاوازی زۆره له نێوان ئه‌وه‌ی که‌سێک باوه‌ڕی به ئازادی سیاسی هه‌بێت و ته‌نانه‌ت دیفاع له ئازادی هه‌ڵسوڕانی سیاسی گروپی زۆر ڕه‌جعی وه‌ک کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو بکات، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به مه‌ده‌نی ناویان بهێنی.
پێده‌چێت له لای کاک ڕێبین، حیزبه‌کانی ئیسلامی سیاسی ئه‌گه‌ر کاری وه‌حشیانه‌ی وه‌کو ١١ی سێپته‌مبه‌ر و خێڵی حه‌مه ئه‌نجام نه‌ده‌ن و به ئاشکرا دیفاعی لێنه‌که‌ن، وه سه‌رکرده‌کانیان له جیاتی ئه‌وه‌ی بستێک ڕیش درێژ و عه‌مامه له‌سه‌ربن، ئه‌گه‌ر قات له‌به‌ر بکه‌ن و ڕیشیان قولانجێک بێت، ئیتر ئه‌بن به مه‌ده‌نی!
21/9/2007 ١) ئه‌م هه‌موو ده‌به‌نگیه چیه؟ وه‌ڵامێک بۆ فس فس پاڵه‌وانه‌که‌ی ده‌رهێنه‌ری ئاریا. ڕێبین هه‌ردی، کوردستان نێت 6/7/2007. ٢) له فه‌یله‌سوفی شانۆوه بۆ ڕۆشنبیریی ناو چایخانه، ڕێبین هه‌ردی، کوردستان نێت،11/7/2007. ٣) ماده‌ی حه‌وتی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان ئیلتزامێکی ئاینی و خواستێکی میللی و نه‌ته‌وه‌ییه. سه‌ڵاحه‌دین محمد به‌هائه‌دین، کوردستان نێت،23/5/2007
|