ئایدیۆلۆژیا، مرۆڤ،
کۆمەڵگا.
قازی ئاواره*
بە پێچەوانەی پۆست مۆدێرنیزم وئەوانەی کەدەڵێن ئیدی قۆناخ وچاخی ـ
ئایدیۆلۆژی بەسەرچووە، دەتوانین زۆر بەدڵنیایەوە بڵێین، ئەمە چاخی
ئایدیۆلۆژیایە. ئەو دیدو بۆچوونەی پۆست مۆدێرنیزم لەسەر ئایدیۆلۆژیا
بۆخۆیشی جۆرێک، ئایدیۆلۆژی یە!! بۆچی؟؟!! بۆ ئەوەی باشتر بابەتەکە روون
بکەینەوە پێویستە پێناسەیەکی ئایدیۆلۆژی ئەنجام بدەین.
ئایدیۆلۆژی چی یە؟؟
هەندێ دەڵێن: ئایدیۆلۆژی بیرو هزرێکی سیستماتیکە، ئارمانج وهەدەفێکی
هەیە هەفدێکی دیکەش دەڵێن، بۆچوون و هەڵوێستی مرۆڤە لەسەر رووداو،
مژارو بابەتی وەها. لە کتێبی فەرهەنگی سیاسی دکتۆر ئاشووری دا هاتووە،
ئایدیۆلۆژیا( ideoloji) وشەیەکی فەڕەنسی یە ولە دوو بەش پێک دێ: ideo
ئیدیۆ واتای فکرو بیر وهۆش دەبەخشێ و لۆژیا(loji) بەواتای ناسین دێت،
واتای ئەو وشەیە بریتی یە لە، ناسینی بیروفکر ، پاشان واتای وشەکە راڤە
دەکاو دەڵێ، فکر بیەوێت سیستماتیکە کەئارمانجی ئەو فیکرە سیستماتیکە
بەیان کردنی جیهان وگەردوونە. جیهان وگەردوون چۆن خوڵقێندران. هەدەفی
مرۆڤ چی یە... یان ئەوەی کە دەوترێ، ئایدیۆلۆژیا ئەو فیکریە کەتایبەت
بەگروپێکە سیستمێکی فیکریە کە هەڵویستی مرۆڤ نیشان دەدا. رق وخۆشەویستی
لەشتێک ئایدیۆلۆژی دەست نیشانی دەکات.
پێناسەیەکی دیکە لەئایدیۆلۆژیا کەوەکو دوایین پێناسە دەێهێنمەوە،
ئایدیۆلۆژی وەکو کۆی ئەو بیرو فیکرانەی کە وا سیستمی ئابووری،
کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سەر ئەو پایەگوزاری دەبێ.
بەڵام هیچ کام لەو پێناسە و بۆچوونانە ناتوانن واتایەکی تەواو
بەئایدیۆلۆژیا ببەخشن، ئایدیۆلۆژیا پێویستی بەرۆح هەیە. بیرو رامانی بێ
رۆح ناتوانێ خوڵقێنەر و بەدی هێنەری ئایدیۆلۆژیا بێ. بەبڕوای من
ئایدیۆلۆژیا ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێ لەگەڵیدا ژیان بکا و پێش بکەوێ
ومەزن بێ. ئایدیۆلۆژیایەک زمان وچاو، گوێ مرۆڤ دەکاتەوە. مرۆڤی بێ
ئایدیۆلۆژی وەکو جەستەیەکی بێ زمان و بێ چاو و بێ گوێ یە. واتە مردووە.
بۆیە ئەگەر فیکرێک، بیروڕامانێک نەتوانی چاوی مرۆڤ بکاتەوە گوێی مرۆڤ
بکاتەوە وزمانی مرۆڤ بکاتەوە ئەوا ئەو فیکر و ڕامانە، ئایدیۆلۆژیا نیین،
کەواتە ئایدیۆلۆژیا ئەوەیە کە مرۆڤ بکاتە خاوەنی هێز و ورە، مرۆڤی بێ
دیتن، بێ بۆچوون بێ هەڵویست ناتوانێ بڵێ من خاوەنی ئایدیۆلۆژیام،
مرۆڤێکە حەز ناکات کۆمەڵگایەکی وشیار بێتەوە گەلەکەی مافەکانی بناسێ و
لەپێناو گەیشتن بەمافی کانی دا هەوڵبدات ئەوە ناتوانی بڵی خاوەنی
ئایدیۆلۆژیام!! حزبێکیش وەهایە. سەیرکەن، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی
باشووری کوردستان پەسەندیان نەکرد لیستی هیوا بکەوێتە هەڵبژاردن، بۆچی؟؟
چونکە ئامانجی بەشداران بوونی لیستی هیوا ئەوەبوو کە هەوڵ بدەن بەرێگای
بەشداربوون لەپەرلەمان دا بەپەسەند کردن وداهێنانی یاسا و رێسای
کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک وئازاد ساز بکەن. واتە کۆمەڵگایەکی خاوەن
ئایدیۆلۆژیا دروست بکەن. چونکە گوتمان ئایدیۆلۆژی، ئەوەیە کەمرۆڤ
وکۆمەڵگا وشیار بکا و بڵند بکا. بەڵام ئەوان لەدژی وشیار بوونەوەی مرۆڤ
و کۆمەڵگان.
بۆیە دەڵێین ئەوەندەی وشیاری و ئازادی هەبێ ئەوەندە ئایدیۆلۆژی هەبوونی
هەیە.
رێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەکتێبی سوور بوون
لەسۆسیالیزم سوور بوون لەمرۆڤ بوونە دەنووسێ؛ پەیوەندی سیاسەت وسەربازی
بەئایدیۆلۆژیاوە هەیە، پەیوەندی ئایدیۆلۆژیاش بەئاستی ئاژەڵ بوون
وداروخانی کۆمەڵگاوە زۆر روون و ئاشکرایە. کۆمەڵگای کورد، کۆمەڵگایەکە
لەئایدیۆلۆژیا ومۆڕال دابڕاوە پەرتەوازە بووە وتوێنراوەتەوە.
ئایدیۆلۆژیایەک کە ئەو کۆ بکاتەوە سەریەک زۆر گرنگە. ئایدیۆلۆژیا
وسیاسەت زۆر پێکەوە گرێدراون. ئایدیۆلۆژیا دەڵێت وسیاسەت پێکی دێنێت.
کەوایە، کێشەوگرفتی سەرەکی تاک وکۆمەڵگای کوردی ئایدیۆلۆژیایە.
ئایدیۆلۆژیایە کە مرۆڤ لەئاژەڵ جودا دەکاتەوە. مرۆڤی بێ ئایدیۆلۆژی ـ
ئاژەڵێکی تەواوە ـ لەپێناسەی مرۆڤ گووتمانبوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی یە.
ئەگەر تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی بوون لە مرۆڤ بگیردرێت ئەوە شتێکی
بەرچاوی نامێنێ کەبتوانێ شانازی پێوە بکات.
تەسلیم بوون، نەزانی، هەژاری، ژێردەستە بوون، بێ ئیرادە بوون...
بەکورتی دەتوانین لەمەسەلە ومژاری ئایدیۆلۆژی دا پێناسەی بکەین. هۆکاری
شکست ودابەزینی بزاڤە کوردییەکانیش هەر ئەمەیە. کەوایە بەهێز بوونی
مرۆڤ وکۆمەڵگاکەی بەندە بە ئاستی ئایدیۆلۆژیاوە!! بۆیە نەیاران هەمیشە
ئایدیۆلۆژیایان خستۆتە بەر هێرش وزەختێکی گران. هەر ئەم مژارە بووە هۆی
پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ورادەست کردنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئیمرالی،
چونکە ئایدیۆلۆژی وەکو پێویستیەیەکی حاشا هەڵنەگر زانیووە. کوردی نوێ
ومرۆڤی ئازاد وکۆمەڵگای ئازاد کەبەندە بە کرداری کردنی ئایدیۆلۆژیاکەی
رێبەرئاپۆ کەبریتی یە لە، سوسیالیزم دیموکراتیک وزانستی. هەر ئەم
مەسەلە و بابەتە تووڕەیی نەیارانی هەڵگیرساندووە و بەزیندانی کردنی
رێبەری گەلی کورد خواستیان رێگا لەبەردەم ئایدیۆلۆژیا بگرن.
ئەوەی کە هێندەی ئایدیۆلۆژیا دەخوڵقێنێ پەروەردەیە!! بۆیە پەروەردە
بنەمایە. پەروەردەیە کەئاستی تیۆری وزانستی مرۆڤ وکۆمەڵگا بەرز رادەگرێ.
تێگەیشتن بەئاستی تیۆری وزانستەوە پەیوەندیدارە تێگەیشتنی مرۆڤ لەخۆ
واتە خۆناسین، تێگەیشتنی مرۆڤ لەسروشت، لەگەردوون لەمێژوو و لەفەلسەفە
لە مێژوو بۆ تێگەیشتنێکی راست وتێرو تەسەل پێویستە لە هەمووی ئەو
بابەتانە تێبگەی.
چونکە تێگەیشتن خۆشەویستی یە و خۆشەویستی ژیانێکی ئازادە تا تۆ تێنەگەی
ناتوانی بەکاریگەربی، خۆشەویستیش نەبێ ناتوانی ژیانێکی ئازاد بخوڵقێنی.
کۆمەڵگا ومرۆڤ بێ ژیانێکی ئازاد هەبوونیان نابێ. کەوایە بۆ قووڵبوونەوە
لەئایدیۆلۆژیا پەروەردە پێویستە، پێشخستنی تیۆر پێویستە وبۆ ئەویش دەرک
کردن و تێگەیشتن پێویستە.
بێ ئایدیۆلۆژیا و تێگەیشتن خۆشەویستی وئەشقێکی راستیش نابێ. چونکە
بنەمای هەستی گەردوون ئەوینە، خۆشەویستی یە. دیارە خۆشەویستی نەبێ
ژیانیش نی یە، پێویستە ئەوەندە بەها بەئایدیۆلۆژییە بدرێت. ئەوەی ئەوین
و خۆشەویستی راستەقینە پێک دێنێ ئایدیۆلۆژییە، چونکە ئەوەیە کە پێوان
دەخوڵقێنێ. بەگوێرەی کامە پێوان و هەڵسوکەوت بکەین، یان رەفتار بکەین و
ژیان بکەین. پێوان و تەرازو لێرەدا ئایدیۆلۆژییایە. بێ ئایدیۆلۆژی
سیاسەت نابێ، سەربازی نابێ، رێکخستن نابێ، کۆمەڵایەتی بوون نابێ!!
کەوایە سەرچاوەی هەموویان ئایدیۆلۆژییە.
هەروەکو ئاماژەم پێکرد، مرۆڤی بێ ئایدیۆلۆژیا لەئاستی ئاژەڵ دایە،
ئەگەر کورد وکوردستان پارچەکراوە ئەگەر لەیەک دابڕاوەو پەرتەوازە بووە
هەمووی هۆکارەکەی دوورکەوتنەوە لە ئایدیۆلۆژییایە.
بۆیە، رێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت؛ هۆکاری ئەوەی
بەکاریگەر نابن، ئەوەیە کە زێدە خاوەنی ئایدیۆلۆژیا نیین. بۆیە
شێوەیەکی فیتنەو فەسادتان هەیە. هۆکاری پاشکەوتوویی وئەنجام وەرنەگرتن
لەنەبوونی ئایدیۆلۆژیادا دەبینن.
بۆچی ناتوانین ئەوکەسایەتیەی کە دوژمن لەئێمەیدا خوڵقاندوویەتی دەربازی
بکەین، بەجێگەی کەسایەتی نامۆ، سکالاچی، بێ کاریگەر، لاسایی کەرەوە
ببینن بەکەسایەتیەکی هیوادار، بەکاریگەر وبەئیرادە. هۆکارەکەی
دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هێزی ئایدیۆلۆژی. بێ هێز بوون لە بواری
ئایدیۆلۆژییەوە، خیانەت، تسلیمیەت بوون بەدوژمنان، جاسوسی وخۆفرۆشی
هەموو ئەنجامی نەبووونی ئایدیۆلۆژیاییە. ئایدیۆلۆژیایە کە کۆمەڵگا
دەخوڵقێنێ، ئایدیۆلۆژیایەکە تاک و ئەرکەکەی دەناسێنێ وسنوورەکانی دیاری
دەکا، تەنانەت ئایدیۆلۆژییایە کە حەزکردن ونەفرەت دەست نیشان دەکات،
پێوان، میزان. چۆن سەیری سروشت بکەین، چۆن سەیری مرۆڤ بکەین، چۆن سەیری
ژن بکەین؟ بۆ نموونە، کاپتیالیست وەکو هۆڤ سەیری سروشت دەکات ودەڵی؛
سروشت هۆڤەو پێویستە بەسریدا زاڵ ببی. ئەمە لەگەڵ خۆیدا داگیرکەری دێنێ.
دەسەڵات دێنێ. ناوەندگەرایی دێنێت. دیارە لۆژیکی ناوەندگەرایی سەرچاوەی
هەموو خراپیەکانە. ئەو لۆژیکە وەها لەمرۆڤ دەکا کە هەرشتێک بخاتە ژێر
داگیرکەری وکۆنترۆڵی خۆیەوە. بەدیدێکی کاڵا سەیری هەموو شتێک دەکا،
ئیدی مەعنەویات بۆ ئەو هەبوونی نییە. هەرشتێک دادوشەڕی پێ دەکرێ واتە
هەر شتێک بۆی هەیە کە بکڕدرێت یان بفرۆشرێت. دیدێکی وەها باڵادەست
وباوە؛ کەڵکی لێوەربگرێ وفڕێی بدە، واتە بەچاوێکی بەکار هێنان سەیری
هەر شتێک دەکا. قازانجی شەخسی هەبێ تەواوە نەبێ ئیدی بەکار ناێی و
پێویستە دووری لێ بکات. دیارە ئایدیۆلۆژیایەکی وەها رووخێنەرە. هیچ
نرخێک ناهێڵێ، هیچ نرخێک ناخوڵقێنێ. هەرشتێک وەکو ئامێر وکەرەستەیەک
دەبێنێ، لەخزمەت پتەوترکردنی پایە وبنەڕەتی دەسەڵاتەکەیدا مرۆڤ وەکو
ئامێرێک دەبینێ، وەکو رۆبووتێک. بۆیە لەکاپیتالیستدا مرۆڤ بووەتە
بوونەوەرێکی سوپەر یان کۆمپیوترێکی سوپەر. تەنیا بیردەکاتەوە و قسەدەکا
وکاردەکا. بەرنامە، بەرنامەی دەسەڵاتە، واتە شتێکە ئەو دەسوڕێنێتەوە
سیستەمی کاپیتالیزمە. سیستمێکە کە رێبازو رێگە دەست نیشان دەکا. ئەو
تەنیا پێویستە لەو رێگاو رێبازە تێپەڕببێ. وەکو دیکە هیچ جۆرە
دەستپێشخەریەکی نی یەو نابێ. دیارە رووبۆتیش وەهایە. ئەویش بەبەرنامە
دەجوڵێتەوە وئیش دەکات. ئیدی هەست و بەزەیی وتایبەتمەندییەکانی مرۆڤ
لەودا نامێنێ، ماشینێک چ هەستێکی هەیە!! گرێدانی ئەندامەکانی ماشینێک
میکانیکی یە، واتە ئەگەر ئەندامێک، یان بڵێین بەشێک لەماشینێک جودا
بێتەوە ماشین هەستی پێناکات، چونکە گیانی نییە، تا هەست بکا. لەسیستەمی
کاپتیالیزمی دا حاڵی مرۆڤ وەهایە وەکو ماشینێکیان لێکردووە مەعنەویات،
ئەخلاق، هەست، سۆز... هەموویان لێ دزیوە. بۆیە تەنیایە، تەنیایی تەنیا.
ئیدی هاونشین و خەمخۆری نی یە. پەیوەندی لەگەڵ سروشت وباوک ودایک و کەس
و کاری بڕاوە. پەرێشان حاڵە سەربەهەر دەرگایەکدا دەکا هەر پول وپارەیە،
بەرژەوەندیخوازیە. جەوهەر نەماوە هەموو شتێک شکل و رواڵەتە. دیارە
ئەوەی کە دەهێلێ مرۆڤ وەکو مرۆڤ ژیان بکا، کۆمەڵگاو رەوشتە. کاپتیالیزم
و ئایدیۆلۆژییاکەی، نەکۆمەڵگای هێشتووتەوە ونەڕەوشت واتە ئەخلاقی
کۆمەڵگا نەماوە بۆچی؟ چونکە تاک وئازادی رەهای تاکی وەها فەرزێک،
واجبێک و وەکو تایبەتمەندییەکی مۆدێرنیتە لەقەلەم داوەو لەروانگەی
ئەودا مودێرن، پێشکەوتوو ئەوەیە کە ئازادییەکی رەها و بێ مەرجی هەبێ،
ئەویش بێ بەندو بارییە، نەئازادی هەر تاکێک بۆخۆی پێوان و یاساو
رێسایەکی هەیە. هەرکەسێک بەشتێکەوە بەندە، لەخالێکی هاوبەشدا یەک ناگرن
و یەکانگیر نابن ئەویش دەبێتە هۆی پەرتەوازە بوون و دابڕانی شەخس
لەکۆمەڵ و کۆمەڵگا. تاکەکەس تەنیا دەمێنێـتەوە. بێ کۆمەڵگا دەمێنێتیەوە
کە لەوحاڵەدا جیاوازییەکی ئەو تۆی لەگەڵ بوونەوەری دیکەدا نامێنێ.
ئاژەلێک چۆن دەژی، پێوانی ئەو بۆ ژیان چییە، ئەویش وەها دەژی، خۆی
بەبنەما دەگرێ. ئیدی پابەندی هیچ نرخێک نییە. ئەسلەن لەم رەوشە دا
قسەکردن لەنرخیش گونجاو نابێ. چونکەنرخ لەئەنجامی کۆبوونەوە و پێکەوە
ژیان دێتە بەرهەم، لە شوێنێکدا پێکەوە ژیان نەبێ، تاکڕەوی هەبێ ئیدی
نرخ و بەها چۆن هەبوونی دەبێ؟!! کەواتە ئەوە ئایدیۆلۆژییە کە نرخ و
بەها دەخوڵقێنێ، کاتێک باس لەئایدیۆلۆژی دەکەین، مەبەستم
لەئایدیۆلۆژیایەکە کە مرۆڤ لەدەوری یەک کۆبکاتەوە. نرخ بخوڵقێنێ، ئاشتی
مرۆڤ لەگەل سروشت کۆ بکاتەوە. بەتایبەتی لەبابەتی ژن دا زۆر بەهەستیاری
هەڵسوکەوت بکا. ئەمانە هەموو گرنگن وبنەمان. بەتایبەتی مرۆڤ. مرۆڤ چییە؟؟!!
تواناکاریەکانی چین؟!! رێبەری گەلی کورد لەشاکاری پاراستنی گەلیک دا
دەڵێت؛ بۆ ئەوەی گەردوون و بوون بناسرێت پێویستە مرۆڤ بناسرێت. واتە
رێگەی ناسینی گەردوون لەمرۆڤەوە تێپەڕ دەبێت. مرۆڤ زمانی هەر دووجیهانە،
مرۆڤ نەناسرێ شتێک ناناسرێت!! واتە خوودی ناسینی زانست بەندە بەناسینی
مرۆڤەوە. فەلسەفە، مێژووی کۆمەڵناسی، زانستی پسکۆلۆژی بنەمایان
لەناسینی خودی مرۆڤە، واتە ئەوەندە مرۆڤ گرینگە. چونکە ئینسان مێژوو
دەخوڵقێنێ. ناسینی مرۆڤ درک کردنە، درک کردن وتێگەیشتن عەشقە،
خۆشەویستی یە وخۆشەویستیش ژیانێکی ئازادە، بنەمانی ژیانێکی ئازادو
خۆشەویستی راستەقینە لەناسینی وحەزکردن لەمرۆڤەوە تێپەڕ دەبێ. خۆناسین
پێشتر لەمرۆڤ ناسینە، چەندە مرۆڤ ناسین گرینگە، خۆت بناسە، بنەمای
ئایدیۆلۆژی یان پێویستە ئەوە بێت. خۆت بناسە!! بەڵام کاپتیالیزم مرۆڤ
لەخۆناسین دوور دەخاتەوە، چونکە مرۆڤ پارچە پارچە دەکاو دەیشێوێنێ!!
مرۆڤی پارچەکراو کۆمەڵگای پارچەکراو رووخێنەرن، وێرانکەرن، کەوایە باس
لەئایدیۆلۆژیایەک دەکەین، کەمرۆڤ وکۆمەڵگای پارچەکراو کاول کراو
لەنوێەوە بخوڵقێنێ. ئینسان بگەێنێتە گەوهەری خۆی. چونکە ئینسان
لەگەوهەری خۆی دوور کەوتۆتەوە.
خاڵێکی دیکە کەپێویستە رەچاوبکرێ بابەتی ژنە؛
چۆنیەتی سەیرکردنی ئایدیۆلۆژی بۆ ژن؟؟ ژن خاوەن کامە پلەو پایەیە؟؟
رۆڵی ژن چییە؟؟
دەزانرێ ئەمڕۆ کە ژن لە چ بارودۆخێکدایە، چۆن بچووک کراوەتەوە وقەتیس
ماوەتەوە؟ ئاستی ئازادی کۆمەڵگا بەندە بەئاستی ئازادی ژنانەوە.
هەرچەندە ژن ئازاد ببێ ئەوە کۆمەڵگاش ئازاد دەبێ. کەوایە، باس لەو
ئایدیۆلۆژیا دەکەین کەژن بباتەوە گەوهەری خۆی. نەخش ودەوری شایستە
بداتەوە بەژن. ئێستا لەکۆمەڵگاکان ژن وەکو کاڵایەکە. یان لەنێو
چارشێودا قەتیس کراوە، یان لە رووی پەردەکانی سینەما و شاشەکانی
تەلەفیزیۆن ئاشکرا دەبێ و ئامانجی پڕوپاگەندە بۆ فرۆشتنی فلانە مۆدێل
ماشین وکەلوپەل بەکاردەبردرێت، دەچەوسێنرێتەوە دیارە چەوسانەوە بۆخۆی
لەچەوساندنەوەی ژنەوە سەرچاوە دەگرێ؟ کارگەیشتووەتە ئاستێک بەتایبەتی
لەوڵاتە بەناو ئیسلامییەکان کەژن تەنانەت ناتوانێ دەخل و تەسەرووف بکا
لەماڵ و دارایی خۆیدا. یان ئەوەی ناتوانێ بێ ئیزنی هاوسەرەکەی ئیش و
کاربکا یان ئەوەی هێشتا وەک نیوەی پیاویک سەیری دەکرێ و بێ پیاو
ناتەواوە و ئەوە پیاوە کە دەتوانێ تەواوی بکا.
لەوڵاتانی پێشکەوتوو دیموکراتیش بارودۆخ وەهایە. ئەوانیش ژن
دەچەوسیننەوە بەڵام بەشێوازی دیکە. دەیخەنە خزمەتی بازرگانی وبازاڕ،
یان ئەوەی لە قەفەسێکی زێڕین زیندانی دەکەن. باشە بۆ زیندانی قەفەس چ
فەرقێکی هەیە زێڕین زیو یا جۆرێکی دیکە. ئەرکی یەکەمی ئایدیۆلۆژیا،
رزگار کردنی ژنە لەم بارۆدۆخە ناهەموارە ناشایستە گەڕانەوەی ژنە
بەجەوهەر وگەوهەری خوداوەندی دایک. کۆتایی هێنانە بەئەنکی(خوداوەندی
پیاوی درۆزنی بابلیەکان) و ئەنکیەکان. وشیار کردنەوەی کۆمەڵگایە.
کەوایە، ئایدیۆلۆژی رزگاری بەخشی مرۆڤە، کۆمەڵگایە، ئایدیۆلۆژیایە کە
سیاسەت وئابووری وکۆمەڵایەتی وسەربازی دەخاتە سەر هێڵ و رێباز. مرۆڤی
بێ ئایدیۆلۆژیا، بێ فەلسەفەیە، بێ میتولۆژی مرۆڤێکی مردووە. ئەوەندە
جەستە بۆ ژیان کردن پێویستی بەئاو هەوا هەیە، ئەوەندەش پێویستی
بەمەعنەویات و رۆح وموڕاڵ هەیە. ئایدیۆلۆژیایەک کە رۆح و مۆڕاڵ وهێز
دەدا. کەسایەتی بەئایدیۆلۆژیاوە خورت و بەهێز دەبێ. دیارە کەسایەتییە
کە نەقش و رۆڵی هەیە، لەسەرکەوتندا. دیسان رێبەری گەلی کورد بەڕێز
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێـت؛ بەکەسایەتی خۆم دوژمنم شکست داوە بێجگە
لەکەسایەتی شتێکی ئەوتۆم نەبوو. ئەوەندە کەسایەتی گرینگە کە شۆڕشەکەی
بەشۆڕشی کەسایەتی ناوەزەد دەکات. ئایدیۆلۆژیا دەوری بنەڕەتیانەی هەیە
لەچێ کردن وخوڵقاندنی کەسایەتی دا... ئایدیۆلۆژیایەکە لەسەر بناخەی
ئازادی وگەڕانەوەی ئینسان بەگەوهەری خۆی بنیاد نرابێ. ئەوە
کەسایەتییەکی ئازاد وخاوەن ئیرادە و خوڵقێنەر وبەهێز دەخوڵقێنی بەڵام
بەپێچەوانەوە ئەگەر بناخەی ئایدیۆلۆژی یا بناخەیەکی ئازاد وکەسایەتی
یەکی ئازاد نەبێ ئەوە کەسایەتیەکی کۆیلە و دابڕاو لەسەرجەم نرخە
پیرۆزەکان دەخوڵقێنێ. کاتێک پۆست مودیرنیزم دەڵێ ئیدی چاخی ئایدیۆلۆژی
بەسەر چووە، دەخوازێ بڵی چاخی مرۆڤ بوون و کۆمەڵگا بوون تەواو بووە،
لەراستیدا پۆست مۆدێرنیزم دژی مرۆڤە، دژی نرخەکانی مرۆڤایەتی یەو
وەکوئەنجام وکۆتایی پێویستە بڵێین؛ مرۆڤایەتی و بەتایبەتی گەلی کورد بۆ
دەرهاتن لەو رەوشە ناڵەبارو ئالۆزە، لەو ژیانە تاڵ و پڕ لە چەرەمەسەری
ونەهامەتییەی ئێستا تەنیا رێگەیەکی هەیە ئەویش تێگەیشتن و کرداری کردنی
ئایدیۆلۆژی سۆسیالیستی علمی وزانستی دیموکراتیکە. تەنها لەسایەی ئەو
ئایدیۆلۆژیای جارێکی تر مرۆڤ وسروشت ونرخ و بەهاکان بەیەک دەگەن،
ئارامی و ئاسایش و پێکەوە ژیانی ئینسان، پێکەوە ژیانی گەلان بێ
رەچاوکردنی ئایینی رامانی سیاسی و جیاوازی یەکانی کلتووری و رەگەزی و
زمانی مسۆگەر دەبێ.
_________________________
*
قازی ئاوارە:
داوەری دیوانی دادی باڵای کەجەکە.
2009-07-19
|