په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١١\٢٠٢٣

ئایە بنچینەی کێشەی فەلەستین

دینییە یان سیاسییە؟

نەهرۆ ئیبراهیم        


سەدان ساڵە ئەم کێشە یە هەیە و تا ئیستا کەم کەس دەستی بۆ بنچینەی راستی کێشەکە بردوە. کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل لە سەدەی رابردوەوە دەستی پێ نەکردوە، وەك هەندێ دەیگێرێتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکە لە ساڵی ١٩٤٨. هەروا ناشگەرێتەوە بۆ بەڵێنی بلفۆرکە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئارسەر بلفۆر پێش کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم، بە نوێنەرایەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا، پێشکەشی رۆتشێلدی کردبوو. بنچینەی ئەم کێشەیە، زۆر لەوە دێرینترە و دەگەرێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئیستا. لەو کاتەوە دەستیپێکردوە، کە وەك لە پەرتوکە دینییە هاتوە، گوایە ئەو زەویە دراوە بە ئیبراهیم و نەوەکانی کە دەکاتە ئیسحاق و ئیسماعیل.

 

لە تەوراتا هاتوە، پەرتوکی دروستبوون بەشی دەیەم، خودا لەو رۆژەدا پەیمانێك لەگەڵ ئیبراهیم دەبەستێ و دەڵێ (ئەم زەویە بە نەوەکانت دەبەخشم، لە روباری نیلەوە تا روباری فورات). رەنگە واتێبگەن ئەم زەویەی خودا بە ئیبراهیمی بەخشیوە، زەویەکی چۆڵ بووە و کەسی لێ نەژیاوە. لە راستیدا ئەو زەویە دەیان میلەتی لەسەر دەژیاو چەندین نەتەوە بە زەوی وزار و زێدی باوباپیرانیان دەزانی، میلەتانی وەك قەینیەکان و قەیزیەکان و هیتیەکان و ئاموریرکان و کەنعانیەکان و گرگاشیەکان... هتد لێدەژیا، لە تەوراتدا ناوی دە نەتەوە هاتوە کە لە سەر ئەو خاکانە دەژیان. بە پێی لێکۆڵینەوە زانستیەکان و هەڵکۆڵینە ئارکیۆلۆژییەکان لە خاکی ئیستای ئیسرائیل، کەنعانیەکان ژیاون. کەواتە ئەو خاکەی کە خودا بەخشیوێتی بە ئیبراهیم و نەوەکانی خاكی کەنعانییەکان بووە. ئەمە بێجگە لەوەی کە خودا جارێکی تر ئەم زەویە دەداتەوە بە موسا وەك لە پەرتوکی دەرچوون هاتوە لە تەورات (پاشان یەزدان فەرمووی: «چونکە من لە میسردا ناخۆشی گەلەکەمم بینی و گوێم لە هاواریان بوو بەهۆی ستەمکارەکانیانەوە. ئازارەکانیان دەزانم، من هاتمە خوارەوە بۆ ئەوەی لە دەستی میسرییەکان ڕزگاریان بکەم و لەو خاکە دەریانبهێنم بۆ خاکێکی باش و فراوان، بۆ خاکێک کە شیر و هەنگوین لێ دەڕژێت، لە شوێنی کەنعانییەکان،... هیتییەکان و ئەمۆرییەکان و فەریزییەکان و حیڤییەکان و یەبوسییەکان) دیسان خاکی خەڵكی تری پێبەخشین نەك خاكێك کە چۆڵ هۆڵ بێت و کەسی لێنەژێابێت. بەڵام وەك دەرئەکەوێ لە هەردوو جارەکەدا ، ئەگەر هیتیەکان بە باوباپیری کورد دابنرێ ئەوە خودا خاکی کوردیشی پێبەخشیوون. لە پەنای خاكی میلەتانی تردا. بەڵام لە جاری دووهەم خودا فەرمانی کوشتن بۆ جێنیشینە کۆنەکان دەرئەکات و بە موساش دەڵێت کە دەبێ جێبەچێی بکات. هەر بۆیە لەسەر داخوازی خودا موسا کەنعانیەکان قاتوقڕ دەکا و زۆریان لێدەکۆژێ. لە هەمان ئەو کاتەدا، ناوی فەلەستینیەکانیش دەرئەکەوێ، بە بروای من ناوی فەلەستین بە پێی پێکهاتەی ناوەکەی دەبێ لەسەر دەمی رۆماییە خۆرهەڵاەتیەکان بە دەستی خستبێ، هەر وەك بیزەنتین، کوستەنتین، بەڵام بە پێی پەرتوکە مێژوویەکان فەلەستین لەوە کۆنترە و لە زۆر پەرتوکی مێژوویی ناوی هاتوە، دیارە فەلەستین هیچ پەیوەندی بە عەرەبەوە نیە و ئەم فەلەستینەی ئیستا زۆر جیاوازە وەك لە خوارەوە دێینە سەری. لەگەڵ ئەوەشدا هەر وەك چۆن لە تەورتا هاتوە کە ئەو زەویە بەخشراوە بە ئیبراهیم و نەوەکانی و دواجاریش دووپاتی دەکاتەوە و دەیدات بە موساو گەلی ئیسرائیل، قورئانیش ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە خودا ئەو خاکەی بەخشیوە بە موسا هەر وەك چۆن لە سورەتی مائیدە هاتوە (٢٠) ئەی گەلەکەم، بچنە ئەو خاکە پیرۆزەی کە خودا بۆی دیاری کردوون و لەسەر مەگەڕێنەوە دواوە، نەک هەڵگرێنەوە بە دۆراوی، (٢١) گوتیان: «ئەی موسا، بەڕاستی گەلێکی بەهێزی تێدایە، و ئێمە ناچینە ناوی تا ئەوان لێی دەرنەچن، ئەگەر لێی دەربچن، ئەوا ئێمە دەچینە ژوورەوە)، هەروەها لە چەندین سورەتی تر هاتوە وەك ''اعراف و ایسراء''. لێرەش خودا زەوی خەڵکی دابەش دەکات و فەرمان دەکات کە لەناویان بەرن. بەڵام ناوی فەلەستین لە هیچ پەرتوکێکی سەرەتایی ئیسلام نەهاتوە بەڵکو بە وڵاتی داود و ''بیت المقدس''... هتد ناوی هاتوە . دوای هاتنی ئیسلام بۆ فەلەستینی ئیستا خەڵکەکەی تێكەڵ بە کلتوری عەرەب دەبن و دوا جاریش وەك زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکانی ئیستا دەبن بە بەشێك لەو جەستەیە.

 

ئەوەی راستی بێت لە دەرەوەی مێژوونوسانی ئیسلامی و ئەدەبیاتیان تاکو سەد ساڵێ لە بڵاوبونەوەی ئیسلام کەم جار ناوی ئیسلام هاتوە، بەڵکو پێیانیان دەوت هاجەریەکان ، یان نەوەی ئیسماعیل یان سەراسینەکان. (من بۆ خۆم زۆرم لا سەیر بوو کاتێ لە یۆنان لەگەڵ یۆنانییەک قسەم دەکرد، بە ئیسلامی ئەوت محەمەدیانەکان)، بە پێی پاتریشا کرۆنە و مایکل الان کۆك لە سەردەمی عبدالملك بن مەروان ناوی ئیسلام بەکار هێندراوە ، بەتایبەتیش لە نەخشی مزگەتی ''قبة الصخرة''. هەر وەها لە چەند سەرچاوەیەکی تریشەوە وەك (ئیسلام لە روانگەی ئەوانی ترەوە نوسینی رۆبێرت هۆیلاند)، (دەستنوسی دێر زوقنی یە لە ساڵی ٧٧٥ ز) دەتوانین بزانین کە ناوی هاجەریەکان یان ئیسماعیلیەکان پێشتر هەبوە نەوەك ئیسلام و موسڵمان، هەر بۆیە دەگەرێینەوە بۆ بابەتەکە و دەڵێین لەسەردەمی عەرەبە هاجەریەکان نەوەی ئیسماعیل لە هاجەرەوە و یەهودە ناسریەکان نەوەی ئیسحاق لە ساراوە، هاوپەیمانییەکی پتەو هەبوو بۆ رزگارکردنی ماڵی پیرۆز بیت المقدس یان ئۆرشالیم لەدەستی بیزەنتینییەکان و فارسەکان بەجیا. هەردووك بەرەی یەك بەرە بابن و ئامۆزای یەکن هەر بۆیە ئەو هاوپەیمانێتیە وایکرد چەندین جار ئەو ناوچانە ئازاد بکرێن.

 

بەڵام لە دوای هاتنی عەبدولمەلک بن مەروان، ناسنامەیەکی تر دەدرێ بە عەرەبە هاجەریەکان و ناوی ئیسلام دەرئەکەوێ و جیایان دەکاتەوە لە یەهودە ناسریەکان. لەو کاتەوە تا ئیستا ئەم دوو گروپە ململانێی ئەوەیانە کێ نەوەی کورە قوربانییەکەی ئیبراهیمە، ئاخۆ ئیسماعیلە یان ئیسحاق. لاتان سەیر نەبێ لەسەردەمی یەکەمی ئیسلام زۆرترین تاوتێکەرەنی قورئان وەك تەبەری و قورتوبی و چەندین هاوەڵی پەیامبەر محەمەد قوربانیەکە ئیسحاقە نەك ئیسماعیل، بەڵام دوایی بە هۆی سیاسییەوە گۆردراوە بە ئیسماعیل هەر بۆیە کێشەکە لێرە بەدواوە دەبێت بە کێشەیەکی سیاسی تێکەڵ بە کێشەی دینیی هەر لەو روانگەیەوە ئەو کێشەیە هیچ کات کۆتایی نایات تا لایەنێك هەبێت مافی ئەو خاکە بۆخۆی بگەرێنێتەوە و بە بەخشینێکی خواوەندی بزانێت. نە عەرەبەکان ئاشتی دەبینن بەو پێ یەی نەوەی ئیسماعیلن و مافی مڵکیەتی ئەو خاکەیان هەیە لە لایەن خوداوە، نە یەهودییەکان ئاشتی دەبینین تا واتێبگەن ئەو خاکە مافی خۆیانە بە سپۆنسەری دەقی خودایی پێیان بەخشراوە.

 

لە راستیدا هەردوو نەتەوەکە دەتوانن پێکەوە بەئاشتی بژێن لە ژێر فەلەسەفەی کۆنفیدرالیزمی نەتەوی دیموکرات کە فەیلەسوفێکی کوردی زیندانی ، مانیڤیستۆی کردوەو پێشکەشی مرۆڤایەتی کردوە نەك هەر ئەوان بگرە تەواوی مرۆڤایەتی دەتوانێ هەناسەی ئازادی و ئاشتی و پێکەوە ژیان بدات لە ژێر پیادەکردنی ئەو فەلسەفەیە . بەڵام بەو پێی یە ئەو رێگە چارەیە، دژی خواست وپلانی فرەوان خوازی دەوڵەتانی سەرمایەدار و نیۆلیبرالیزمە، ئەوە بە شۆرشی گەلان نەبێ نایەتە دی . گەلان دەبێ هۆشیارانە، درکیان بگات بەئاستی کۆمەڵگای دیموکراتی و پێکەوە ژیان ، دوور لە خواستی دەوڵەت و ناوەندەکانی دژبە مافی ئازادی گەلان.
 


nahro55@hotmail.de

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک