په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٠\٢٠٢٢

ئایە جورجەکانیش خۆیان بە ناشرین و پیس دەزانن!؟


ژیار زاگرۆزی      


باغێکی گەورە و بەرفراوان لە نزیک ماڵەکەمان هەیە.. یان زۆر جوانتر و راستترە دانی پێدا بنێم و بێژم: 'ماڵەکەمان خۆی خزاندۆتە ژێر باڵی ئەو و لە نزیکەوە لە کەش و هەوای پاک و لە بۆنوبەرامەی مەستکەر و لە سەرجەم جوانییەکانی بەهرەمەند بووە'، یەک پارچە دار و دەوەنی کورت کورت و مامناوەند لەو باغەدا بە ئاسۆیی پەلیان هاویشتوە و بە شواڕک و چڵوچێویان چەپک چەپک شۆڕابەیان بەسەر دایکە زەویدا کردوە وەک ئەوەی نەیانەوێ لێی دووربکەونەوە و دڵی بڕەنجێنن.. هەشیانە سەرچڵانە بەرز و بڵند توند توند چەنگیان لە زەوی گیرکردوە و سەرکەشانە سەریان لە ئاسمانێ دەشەکێتەوە.. لە گژوگیا و نەرمە چیمەنی تەڕ تەڕ و گوڵ و گوڵزاری هەمەچەشنیش هەر مەپرسن چۆن ئەو دەرودەشتەیان لە رەنگی جۆراوجۆر هەڵکێشاوە و چ دیمەنگەلێکی رازاوە و ناوازەیان خەمڵاندوە، گۆماوێکی فرە دڵگیر و خنجیلانە لە نێو چەقیدا هەڵکەوتوە و ژیان و گەشە و ورشەورش و تەڕوبڕیی بە یەکسانیی بەسەر هەموواندا دەپڕژێنێ، پڕاوپڕە لە قاز و قورینگ و مراوی و مەلی جۆراوجۆر، هەر دەڵێی نیشتیمانی کۆتر و کوکوختی و سیوانکە و قەلەباچکە و شالوور و پەڕندە خۆشئاوازەکانی دیکەیە ئەو باغە، ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵە جۆراوجۆرەکان وەک سمۆرە و جورج و مشک و خشۆکەکان لە کون و کەلەبەرەکان دێن و دەچن و لە سەرەتاتکێی خۆیان ناکەون، سەردانییکەرانێکی زۆریش رۆژانە تەنانەت زۆر جار لە وەرزی زستانانیش دەستە دەستە بەسەریدا دادەڕێژێن و لە نێو کەشوهەوایەکی فرە خۆش و ئارام بۆ ماوەیەک لەگەڵ سروشت ئاشدەبنەوە و زۆر بە ئاسوودەیی کاتەکانی خۆیانی تێدا دەگوزەرێنن.


جا با واز لە بوون و پێکهاتە جوان و دڵفڕێنەکەی ئەو باغە بهێنین چونکێ هەرچەندی پێیداهەڵبڵێم هەر بنی نایێ! من و یارۆیە خۆشەویستەکەم وەک خووێکی هەمیشەیی ئەگەر هەفتانە دوو جار خۆمانی پێدا نەکەین ئەوە هەر دەبێ جارێک پیاسەیەکی دوور و درێژی تێدا بکەین.. خۆشترین کاتی ئێمەش لەو باغەدا ئەوەیە کە ورتکەنان و خواردەمەنیی جۆراوجۆر دەدەینە باڵندەکان و ئیدی بەدیاریانەوە خۆمان لەبیردەکەین و لە خۆشییان شاگەشکە دەبین!


لەو دواییانە و چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کوڕە بچووکە پەپوولە ئاسایەکەشمان لەگەڵ خۆمان بردبوو کە من وەک هەر یەکێک لە ئاژەڵە بێ زیان و دڵپاک و بێوەکانی باغەکە سەیری دەکەم چونکە هێشتا رق و کینە و خۆپەرستیی لە مێشکی چەکەرەی نەکردوە و رەوشتی دوژمندارانەی گەورەکانی نەگرتوە! هەر بەدەم رێوە وردە وردە پارچە نانی بچووک بچووکمان بۆ باڵندەکان هەڵدەدان، کە گەیشتنە نزیک گۆماوەکە کۆمەڵە کەسێکمان دیت زۆر بە خێرایی و لێکدا لێکدا خواردنیان بۆ باڵندەکان فێڕێدەدا کەچی هەر پێڕانەدەگەیشتن چونکە باڵندەکان یەکجار زۆر بوون.. ئیدی ئێمەش کە تەنیا هەندێ نانمان پێبوو هاوتای ئەوان خێرا خێرا نانەنەکمان پارچە پارچە دەکرد و بۆمان هەڵدەدان، لەپڕ سەرنجم کەوتەسەر چەند جورجێک کە لە پەنایەک وەک ئەوەی لە بۆسەی دوژمنان خۆیان دانووساندبێ ناوەناوە هێرشەکێی کتوپڕیان دەکرد بۆ ئەو شوێنانەی کە ئێمە خواردمان بۆ فڕێدەدان و هەندێک جار نەدەگەیشتنە نێو ئاوەکە و دەکەوتنە سەر زەوی.. کەچی زۆر بە داخەوە بۆ تەنیا جارێکیش نەدەبوونە خاوەنی یەک لەتە نانی بچووکیش چونکە بێجگە لە خۆم هەموو ئەوانی دیکە بە یارۆیە خۆشەویستەکەی خۆشمەوە هەر کە جوورجەکانیان دەدیتن لێیان لە هاتوهاوار دەدان و بەسەریاندا دەقیژاندن ئیدی ئەو بەستەزمانە بێ بەرگرییانەش بە ناچاریی و بەپڕەپڕ هەڵدەهاتن و خۆیان دەگەیاندەوە پەنایەکە و بۆ ماوەیەک خۆیان بزردەکرد.. پاش ماوەیەک بەدەردەکەوتنەوە و هێرشی خۆیان دەستپێدەکردەوە.. بەڵام نەخێر هیچ سوودی نەبوو بۆیان و هەرگیز نەمدیت هیچ شتێکیان بەدەست بکەوێ! نازانم ئەو خەڵكە دڵیان لە بەرد دروستکرابوو یان لە ئاسن! تەنانەت بۆ ئەوەی هەرگیز جورجەکان دەرفەتی ئەوەیان نەبێ هیچیان چنگ بکەوێ پارچە نان و خواردنەکانیان توند هەڵدەدان تا بکەونە نێوە ئاوەکە و تەنیا باڵندەکان لێیان سوودمەند بن! ئەو هەڵسوکەوت و نادادپەروەرییە تەواو بێزار و وەڕسی کردبووم و زۆر ئازاربەخش بوو بۆ من.. ئاخر دەبێ باڵندە و جورج چ جیاوازییەکیان هەبێ تا بەو جۆرە نایەکسانییە بەرخوردیان لەگەڵ بکرێ!؟ هەر بۆیە وردە وردە خۆم گەیاندە نزیک ئەو پەنایەی جوورجەکانی لێوە دەهاتن.. زۆر بە ئەسپایی و بێ جوولە تا لێم نەترسن و خۆیان لە کوونەکانیان نەنێنەوە ئارام ئارام نانەکەم لەت لەت دەکرد و بۆیانم هەڵدەدا.. هەرچەندە ئەوان هێشتا هەر لێمدەترسان چونکە دەمدیت کە لەتە نانەکانیان وەچنگ دەکەوت یەکسەر وەک باڵندەکان نەیاندەخوارد بەڵکە بەپەلە هەڵیاندەگرت و دەیانبردە پەنایەکە و نێزیک کوونەکانی خۆیان تا دوور لە چاوی ئێمە و بە بێ ترس لەوێ بیخۆن، بەڵێ تەواو هەستم بەوە کرد کە ئێمە لە چاوی ئەوان تەنیا کۆمەڵە دڕندەیەکی دوو پێین و هیچی دیکە! بەڵام کە دەمدیت هەرچۆنێک هەیە وا خەریکە ئەو جورجە برسییانە تێردەکەم وردە وردە دڵ و دەروونم ئارام دەبۆوە و هەستم بە ئاسوودەیەکی زۆر دەکرد، کەچی لەناکاو یارۆیەکەم گەیشتە سەرم و گوتی:


- ئەوە چ دەکەی گیانەکەم.. ناشێ نانەکە بدەیە ئەو جورجە پیسانە!؟
- جا بۆ نا گیانەکەم.. جورج و باڵندە چ جیاوازییەکیان هەیە بە تایبەتییش کاتێک کە برسیی دەبن؟
- ئاخر ئێمە ئەو نانەمان بۆ باڵندە جوانەکان هێنابوو.. ئەو جورجە پیس و ناشیرینانە شایەنی ئەوە نین.
- بەڵێ شیرینەکەم.. ئێمە نانەکەمان بۆ باڵندەکان هێنابوو بەڵام ئەوانەش برسییانە و هەروەک باڵندەکان مافیان بەسەر ئێمەوە هەیە و بەشێکن لەو ژینگەیە، ئاخر ئەو هەموو خەڵکە نان بە باڵندە جوان جوانەکان دەدەن کە دڵنیام ئێستا هەموویان تێریان خواردوە.. چی تێدایە ئەمنیش هەندێک نان بەو جورجە جوان جوانانە بدەم تۆزێک لە برسییەتی رزگاریان بکەم.


ئەو خەڵکانەی کە لە نزیکمان بوون و گوێیان لە قسەکانمان بوو بە چاوێکی نامۆ و سەیر لە منیان دەڕوانی، هەرچەندە ئەوەم دەزانی کاتێک کە ئەمن قسەیەک دەکەم یان بە کارێک هەڵدەستم یارۆیە خۆشەویستەکەم زۆر بە وردیی بیری لێدەکاتەوە و سەرەنجامیش هەر هاوڕا دەبێ لەگەڵم چونکە بە تێڕوانینی ئەو هەرگیز ئەمن قسەیەک یان کارێکی بێ سوود ناکەم.. بەڵام هەر (یەع)ێکی کرد و بە تەوسەوە گوتی 'جورجی جوان جوان'! منیش دیسان تێهەڵچوومەوە بەڵام بە دەنگێکی هەندەک بەرزتر بۆ ئەوەی خەڵکەکەش بە تەوایی گوێیان لێبێ:


- باشە پرسیارێک گیانەکەم، ئایە جورجەکانیش خۆیان بە پیس و ناشیرین دەبینن؟ نا نەخێر نا.. ئەوان هەرگیز خۆیان بەو شێوەیە نابینن کە مرۆڤەکان دەیانبینن.. ئەوە تەنیا ئێمە مرۆڤەکانین بە ئارەزووی خۆمان گیاندارەکان بە جوان و ناشیرین، دڕنده و ماڵیی، دەنگخۆش و دەنگناخۆش، ترسناک و دەستەمۆ و... تد دەستنیشان دەکەین و پێناسەی سەیر سەیر دەخەینە پاڵیان! نا شیرینەکەم.. دڵنیابە کاتێک ئێمە هەندێکیان بە ناشیرین و قێزەون و دەنگناخۆش و دڕندە و ترسناک دەبینین و بەو شێوازە هەڵسوکەوتیان لە تەکدا دەکەین.. ئەوانیش بە هەمان شێوە ئێمە دەبینن و بگرە خراپتریش.. ئاخر ئەوە تەنیا ئێمەین بێ هیچ بیانووەک و هەر لەو گۆڕەی ئازاریان دەدەین و مافەکانیان بە رەوا نابینین! کێشەکەش هەر ئەوەیە ئێمە لە سروشتی خۆمان دەرچووینە و وردە وردە خۆمان لە تەواوی ئەو ژینگەیە دوورەپەرێز کردوە و زمانی گیاندارەکانمان لەبیرچۆتەوە.. ئیدی وەک ئێستامان بە پێی بیرکردنەوە بەرتەسکەکانمان هەرچی بە دڵی خۆمانە لە بەرانبەر ئەو گیاندارانە دەیکەین کە بێجگە لە قازانج هیچ زیانێک بە ئێمە نابەخشن، ئایە ئەوە کارێکی راست و دروستە مرۆڤ بەو شێوەیە ببێتە مایەی ئازار بۆ ئەو گیاندارە بێوەیانە کە وەک ئێمە مافیان بەسەر ئەو ژینگە جوان و دڵگیرەوە هەیە کە وا خەریکە ئەویش لە نێو دووکەڵ و ئەو گازە پیس و ژەهراوییانەدا دەخنکێنین کە تەنیا بۆ وەدەستهێنانی هەندێک خواردنی پڕ لە کیمیا دروستیان دەکەین و خۆمانمان پێ گرفتار کردوون و رۆژانە توشی چەندین دەرد و نەخۆشییمان دەکەن... (دیار بوو ناوەناوە یەکێک لەوانەی لەوێبوون لاقرتێیەک یان مۆڕەیەکیان لێدەکردم و ئەوێیان بەجێدەهێشت.. بەڵام یارۆیە خۆشەویستەکەی خۆم نەیهێشت قسەکانم تەواو بکەم و لەپڕ بە چەپڵە لێدانەوە قسەکانمی پەسندکرد و چەند کەسێکی دیکەش لە خەڵکە بە هەمان شێوەی ئەو دەستخۆشییان لێکردم و باوەشیان تێوەرگرتم.. ئیدی هەرچی نان و خواردن بوو پێمان مابوو لە نزیک پەنایەکەی جورجەکان هەڵمانڕشتن و زۆر بە ئاسوودەیی لەگەڵ یارۆیەکەم هەر بەدەم گوتن و دوبارەکردنەوەی ئەوەی کە ئەمن دەمگۆت و ئەو وەڵامیدەدامەوە بەرەو ماڵ بووینەوە):


- ئێستا چی بکەین؟
+ با دۆستایەتی لەگەڵ هەموو گیاندارەکان بکەین بێ جیاوازیی.
- ئەی چی دیکە؟
+ لەگەڵ تەواوی ژینگە بە دار و بەرد خاک و ئاو ئاسمانیەوە ئاشت ببینەوە.

 

 

johnkurd@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک