په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئایا پەژاک دەتوانێ پێشڕەوایەتی خەباتێکی مەدەنی و سیاسی بکات لە ناوخۆی ئێران
دووبارەکردنەوەی ئەزموونی دەتەپە چەندە سەرکەوتوو دەبێ لە ئێران؟


زانا بەهرام    

پێویستی خەباتی چەکداری :

بێگوومان هیچ کاتێک ناتوانین باوەر بەخۆمان بێنین کە خەباتی چەکداری رۆڵ وکاریگەری پۆزەتیڤی نەبووە لە مێژوویی کورد دا بەرامبەر دوژمنانی گەلەکەمان لەهەر بەشێکی کوردستان ، بەو پێیەی هیچ یەک لەم دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە نەیان توانیوە نمونەیەکی دیموکراتی نیشان بدەن و دان بەمافەکانی گەلی کورد دا بنێن ،هەروەها ناشتوانین دان بەو راستییە نەنێین کە لە زۆر قۆناغ دا خەباتی چەکداری رەمزی پارێزەریی و مانەوەو بەردەوامی ناسنامەی نەتەوەکەمان بووە ، بۆیەش لەم پێناوەدا خەباتی چەکدارانە لە ئەدەبیاتی بزوتنەوەی رزگاری خوازیی گەلی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان و بەجیاوازی بیرو بۆچونەوە وەک پێوییستییەکی مێژوویی سەیری کراوە . بەڵام ئەوەش بەم مانایەنیە کە لایەنە نێگەتیڤەکانی خەباتی چەکداری لەبەرچاو نەگرین و بەکەمیان بزانین بۆ نمونە: ناکرێت زیانە گەورە گیانیەکانی دەرئەنجامی ئەم خەباتە چەکدارییە کە بەر گەلەکەمان کەوتووە بە کەم بزانین ، هەروەها ناشێت لایەنە نێگەتیڤەکانی بەردەوامی خەباتی چەکداریی بەڕێگر نەبینین لە پێشکەوتنی رەوتی دیموکراسی نێو خۆی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان ، چونکە بەدرێژایی مێژووی خەباتی چەکداریی هێزو پارتە کوردییەکانی ئێمە ئەوەندەی لولەی چەکەکانیان ئاراستەی یەکتر کردووە ، ئەوەندە ئاراستەی دوژمنەکانیان نەکردووە ، کە بێگوومان ئەگەر تەنها هۆکارێکی سەرەکی لە پشت ئەم شەری یەکتر سرینەوەو یەکتر کوشتنەوە بوبێت، تەنها ئەو کەلتورە بووە کە چەک بەرهەمی هێناوە .

ئایا دروست بونی پەژاک پێویستیەکی مێژووی بوو ؟

ناتوانین باس لە هۆکارەکانی دروست بوون و گەشەکردنی پەژاک بکەین بەبێ سەرنج دان و گەرانەوەمان بۆ هۆکارەکانی شکستی پارتە کوردییەکانی تری کوردستانی ئێران ، بێگوومان لەئەنجامی شکست خواردن و دورکەوتنەوەی پارتە کوردیەکانی تر لە نێو گۆرەپانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئوردوگانشینیان لە باشوری کوردستان ، ئەو بۆشاییە گەورە سیاسیە ، فکرییە ، چەکدارییە ،دروست بوو کە پێویستی بە دروست بوونی پارتیێی لە شێوەی پەژاک هەبوو ، وەک وەڵام دانەوەی ئەم قۆناغەی نوێیەی نێو گۆرەپانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، بەڵام ئەوەی چەند پرسیارێکی سەرەکی دروست دەکات کە مەبەستی سەرەکی ئەم نوسینەیە ئەوەیە: ئایا پەژاک دەتوانێ ئەو بۆشاییە فکرییە سیاسییە ، چەکدارییە ،بەشێوەیەکی مۆدێرن و واقعیانە پربکاتەوەو ببێ بە بەدیلی پارتەکانی تری رۆژهەڵات ؟ ئەگەر چی وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە دەشێت زۆر کارێکی سانا نەبێت ، چونکە پەژاک پارتێکە ئێستا لە سەرەتایی هاتنەمەیدان و خەبات کردن دایە ،بەو پێیەی کە تەمەنی دروست بوونی چەند ساڵێکە ، بەڵام دەرکەوتن و بلاوبوونەوەیەی پەژاک بەم ناوبانگ و بەم شێوەیە لەماوەیەکی کورتی تەمەنی دا ، دەشێت وەڵامدانەوەیەکی گونجاو بیت بۆ ئەوەی کە پەژاک دەتوانێ وەڵام دەرەوەی ئەم قۆناغە بێت ، لە رووی پێشەرەوایەتی کردنی خەباتێکی چەکدارانە کە ئەمەش لەم قۆنائەدا دەشێت بڵێین هیوایەک دە گێرێتەوە بۆ کوردی رۆژهەڵات ، کە ئومیدێکی ئەوتۆیان بە پارتەکانی تر نەماوە .

ئایا ئەو ئاماژانە چیین پێمان دەڵێن کە پەژاک ناکەوێتە ناو هەمان قەیرانی سیاسی وفکری و ئایدۆلۆجی و چارەنوسی وەک پارتە کوردییەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان نابێت؟


وەک دەزانین ئەوبارودۆخەی کە هێزە کوردییانی تر تێیدا سەریان هەڵداوە کۆمەڵگایی ئەوسایی کوردستان بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی لە ناو هەژارییەکی گەورەیی فەرهەنگی سیاسی و نەتەوەیی دا ژیاوە ، هەروەها کوردستان کۆمەڵگایەکی کشتووکاڵیی و خێڵەکی و دوااکەوتوو بووە و پاشخانێکی دینی تێیدا باڵا دەست بووە، کە نوخبە دیارەکان وئاڵاهەڵگرانی بیری ناسیۆنالیستی کۆمەڵگاکەمان لەو سەردەمە ، بریتی بووە لە میر و مەلای ئایینی و شێخ و سەرۆک خێڵ و ...هتد کە بێگومان ئەم نوخبە سیاسی و پێشرەوانەمان کاریگەرییەکی زۆریی ئەم قۆناغ و فەرهەنگە هەژار و پەرپوتەیان بەسەرەوە بووە ، کە ئەمەش رەنگدانەوەی زۆر نێگەتیڤی هەبووە بەسەر بیرو ئایدیایی پێشرەوان و ئاڵا هەڵگرانی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردیی ، بەجۆرێک بووەتە مایەی هۆکاری سەرەکی پاسیڤ بوونی بزوتنەوەیی سیاسی و ناسیۆنالیستی کوردی لەو سەردەمە دا کەهەر لە سەرەتایی دەست پێکردنی خەباتەکە دا بەشکستێکی گەورە دەستی پێ کردووە کە روخانی کۆماری مهابات بوو ، ئەمەش بە سەرەتایی هەرەس و داروخانی سایکۆلۆجیایی گەورەی مرۆڤی کورد دەژمێردێت ، واتا بەشێک لەکەم وکوری وخاڵە لاوازەکانی پارتەکانی رۆژهەڵات ئەوە بووە: کە هەر لە سەرەتایی دروست بوون و هاتنە مەیدانیان بەشکست و دەست بەتاڵی فکریی و سیاسیی هاتوونەتە مەیدان، کە هۆکارەکەشی بە شێوەیەکی گشتی قەیرانی بۆشایی فکریی وئایدۆلۆجیی بووە ، کە ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤی زۆری داناوە لەسەر کۆیی بزوتنەوەکە ،کە دواتر ئیفلیجی سیاسی و فکریی لەلای رێبەران و سەرکردەکانی ئەم پارتانە بەرهەم هێناوە بەجۆرێک کە زیاتر لە سێ دەیە ئەم پارتانە لە ژیر کاریگەریی راستەو خۆیی هەیمەنەی فکر وسیاسەتی پارتە غەیرە کوردییەکانی وەک حیزبی تودەی ئێرانی و کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێرانی بوونە ، بەمەش سەربەخۆیی سیاسیان لەدەست داوە و وەک لقێکی ئەم پارتانە لە کوردستان کاریان کردووە ، کە ئەمە راستیەیەکە و کەس ناتوانێ ئینکاری بکات ، بەڵام ئەوەی کە ئێستا زۆر جێگەی سەرسورمانە ئەوهێزانە بەردەوام هەوڵی ناشیرن کردنی پەژاک دەدەن و بە لقێکی رۆژهەڵاتی کوردستانی( پکک )ی دەدەنە قەڵەم ، بێگوومان پەژاک لەژێر رۆشنایی ئەوفکرو رێبازە دا کە عەبدوڵا ئۆجەلان ئەفراندویەتی بەدریژایی سی ساڵی رابوردوو دا ،هاتۆتە مەیدان و وەک هێزێکی هاوبیرو هاوشێوەی پکک ئەمرۆ لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەلاتی کوردستان ئامادەیی راستەو خۆیی هەیە ئەگەر بە نهێنیش بێت ،پەژاک نەک هەر کێشەو قەیرانی فکری و ئایدۆلۆجی نەبووەو نیە ، بەڵکو ئەوەی کە شانسی بەهێز بوون و بەرەو پێش چوونی پەژاکی زیاتر کردووە ئەوەیە کە جیاوازیی ئایدۆلۆجی و فکری زۆری لەگەڵ پارتە کانی تری رۆژهەڵات هەیە . کە ئەمەش دەشێت ئومێدێکی تر بێت کە چارەنوس و داهاتوویی ئەم پارتە هەمان چارەنوس پارتەکانی تر نەبێت لە داهاتوو .

ئایا پەژاک دەتوانێ پێشرەوایەتی بزوتنەوەیەکی مەدەنی سیاسی و رێکخراوەیی بکات لە ناو خۆیی ئێران ؟

بێگوومان هەڵەیەکی فکری و ومەنهەجی گەورە دەکەین ئەگەر رۆڵ وکاریگەری خەباتی سیاسی ومەدەنی و کاری رێکخراوەیی بەکەمتر بزانین ،لە بەرامبەر خەباتی چەکداری بۆ بەدەست هێنانی مافەکانمان ، بەتاییبەتی لەم ئەمرۆیی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاو جیهانگیریی ،کە دونیا بەگشتی بەرەو بچوک بوونەوەیە دەروات ، بەجۆرێک رەنگە کاریگەری هاتنەسەرشەقامی خەڵکی مەدەنی بۆ داخوازی کردنی مافەکانیان لە هەر وڵات و کوێیەکی ئەم دونیایە لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا بتوانێ سەرنجی تەواوی دوونیا بۆ لایی خۆیی راکێشێ و ناوەندە بریار بەدەست و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ...هتد جیهان بهێنێتە قسە ، هەروەک چۆنیش خۆمان بەهەڵە دا ئەبەین ئەگەر پێمان وابێت هەر کاتێک بمانەوێ دەتوانین دەست بەخەباتێکی مەدەنی و سیاسی و رێکخراوەیی بکەین ، چونکە چەند شتێک هەیە وەک بنەماو پرەنسیپێک وایە کە ناکرێت باسی نەکەین بۆ تێگەیشتنمان لە کرۆک ومەفهوومی ئەم جۆرە خەباتە:

 

یەکەم: دەوڵەمەندی فەرهەنگی سیاسی: پێم وایە یەکێک لە هەڵە مێژوویی وستراتیجە گەورەکانی خەباتی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردی لە رۆژهەڵەتی کوردستان، بەدرێژایی نیوو سەدەی رابوردو تادەگاتە ئێستاش بایەخ نەدان وپشت گوێ خستنی ئەم جۆرە خەباتە بووە ،کە بێگوومان هەر ئەو هۆکارەش بۆتە هۆیی دروست نەبوونی فەرهەنگیکی هۆشیاریی سیاسی خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی لەلایی نوخبەکانی ناو کۆمەڵگاکەمان و کەسانی سیاسی و رێبەرانی بزوتنەوەیی رزگاریی خوازیی گەلەکەمان و دواتریش رەنگی داوەتەوە لە سەر خەڵک وچین وتوێژەکانی کۆمەڵگاکەمان بە گشتی ، کە بێگوومان ئەوەش لەخۆرا نەبووە ، بەڵکو دیسان پێنەگەیشتوویی و کامڵ نەبونی تیۆریی خەباتمان بۆ دەردەخات ، لەلایەن سەرکردە و رێبەرانی ئەم پارتانە بە دریژایی ئەم مێژووە .

دووەم: ئیرادەیەکی بەهێزو وشیار: ئەگەر بەوردی سەرنج بدەینە ئەمرۆیی واقعی سیاسی لە ناو خۆیی ئێران دا ، دەبیینین کە زەمینەی خەباتێکی سیاسی و رێکخراوەیی مەدەنی لەبار و ئەو تۆ بەدی ناکەین لە ژێر سایەی باڵی موحافیزکاران و ئەوسیاسەتە تۆقێنەرو نادیموکراتییەی کە ئەحمەدی نەژاد وکابینەی حکومەتەکەی پەیرەوی دەکەن ،کە ئەمەش نەک تەنها سیاسەتیک بێت بەرامبەر بە کورد پەیرەو بکرێ و دەرفەتی لە کارو چالاکی کورد گرتبێت ،(کەنییەتی) بەڵکو تەواویی کەمەنەتەوەو هەتا باڵی پارتی ریفۆرمخوازانیش دەرفەت ودەرەتانی سیاسەت وکارو چالاکیان لێ بەر تەسک بۆتەوە ،بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە کە دیموکرات نەبوونی حکومەتەکەی ئەحمەدی نەژاد واتا کۆیایهاتنی ئەم جۆرە خەباتە ، چونکە هیج وڵاتێک نادۆزینەوە ئەگەر لەواقعدا باوەریشی بە بەندەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی بیرو را و ئازادییە سیاسیەکان نەبێت ... هتد بەڵام واژۆیی هەموو ئەو بەندانەی کردووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە یاساکانی ولاتەکەی باسی کردووە ، کە بێگوومان ئێرانیش یەکێکە لەم وڵاتانەی کە بەکردەوە سەلماندوویەتی کەباوەوری بەوەها بەندو یاسایەک نییە ، کەچی لەناو یاسایی بنەرەتی ئێران زۆرێک لەم مافانەی باس کردووە ، بۆیە دەشێت نوخبە رۆشەنبیرەکان و پارت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسییەکان سود لەم بەند و یاسایانە وەر گرن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان ، بێگوومان وەک لەسەرەوە باسمان کرد کە دەست پێکردنی خەباتێکی لەم جۆرە پیویستە ئیرادەیەکی بەهێزو وشیار لە پشتیەوە بێت ، کە ئەمرۆش لە واقعی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان کە تەنها هێزێک خاوەن ئیرادەیەکی بەهیز بێت و لەهەمان کاتیشدا خاوەن فەرهەنگێکی سیاسی و وشیار بێت پەژاکە ، چونکە پەژاک بە هۆیی ئەو فکرە دەوڵەمەندو خاوەن ئەزموونەی ئۆجەلان ، دەتوانێ خەڵکیێکی زۆری رۆشەنبیر و خوێندکارو مامۆستایی زانکۆ و کۆبکاتەوەو هەوەها ژنانیش دەتوانن رۆڵی بەرچاو ببینن، بەو پێیەی کە ئۆجەلان خەباتێکی زۆری لە پێناو یەکسانی ژن وپیاو دا کردووە ، هەرچەندە خەباتی مەدەنی و رێکخراوی سیاسی ، پێویستی بە هێمنی و پشوو دریژی و هەول دانی زۆر هەیە ، بەڵام دیسان پێم وایە پەژاک دەتوانێ پشتگیری لە دامەزراندنی پارتێک یاخود کۆمەڵە و رێکخراوی جۆربەجۆر بکات و هەوڵی بەرەوپێش بردنیشیان بدات ، چونکە وەک دەزانین ئەزموونی سەرکەوتووی دەتەپە لە باکوری کوردستان بە هاو کاری وپشتیوانی پکک و ئۆجەلان دەشێت ببێتە هاندەر و هاوکاریکی باش و پەژاک سودی لێوەربگرێ ، لەسەرووی هەموویانەوە پێم وایە پژاک دەبێت سود لە تواناو هێزی یاسایی و ئەزموونی کاری ئەو پەرلەمانتارە کوردانە وەرگرێت و بۆلای پرۆژەکەی خۆیی رایانکێشێ بەو پیێەی کەئەوانیش پێویستیان بە پارت و رێکخراوی یاسایی کوردیەو دووبارە چونەوە پەرلەمانیان مسۆگەر دەکات .