په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١\٢٠١٢

ئایەتوڵا مستەر نورى مالیکى

لە نێوان کلکایەتى ئەمریکا و گوێ لە مستیى ئێراندا.


هیوا رەش       


سیاسەتى سەرچڵانەى سەدام حوسێن ، عێراقى کردە بەهەشتى ململانێى نێودەوڵەتى و دۆزەخیشى بۆ بەشمەینەتیى عێراقییەکان هەڵخست و جەنگى درێژخایەنى داگیرکارى ئەمریکاى بە دواى خۆیدا هێنا ، سەرەنجام دەوڵەتان بە شێواز و ئامانجى جیا دەستیان خستە ناو کاروبارى عێراقەوە ، هەریەکە و بە مەرامى وەدەسهێنانى پشکى زیاترى بەرژەوەندییەکانیان ، تاقم و گروپە سیاسییەکانى عێراقیان کردە ماشەى دەستى خۆیان ، ( دۆڕاو ) ەکان کە لە سوریا و وڵاتانى کەنداودا خۆیان دەبینییەوە هەوڵى ئەوەیان دەدا بە پاڵپشتیى کردنى تیرۆر و ڕەشەکوژیى ، ڕێکخراوە سوننە مەزەبە تیرۆریستەکان دنە بدەن بۆ ئەوەى ئارامى بشێوێنن و لەو ڕێگەیەوە بەرژەوەندییەکانى خۆیان بپارێزن ، تاکە داردەستى تورکیا لە گواستنەوەى ویستەکانى خۆى ، بەرەى تورکمانى بوو ، بۆیە دەکرێت بڵێین هەرچەندە تورکیا لە وێنا کردنى سیاسەتى خۆى لە ناوچەکەدا کاریگەرییەکى بەرچاوى هەیە ، لێ بە حوکمى سەنگسوکیى بەرەى تورکمانى نەیتوانیوە لە عێراقدا ڕِۆڵى بەرچاو بگێڕێت ، جا لەبەرئەوە گەلێک جاران لە پێناوى دەسکەوت و فازانجدا ناچارى داننان بە هەرێمى کوردستان و پەیوەندى بەستن دەبێت لەگەڵیدا ، لە هەمووى بەرچاوتر ، ململانێى توندى سیاسى و سەربازى لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا لە سەپاندنى پشکى زیاترى بەرژەوەندییەکانیان تا دێت چڕتر دەبێتەوە .

بۆ ڕاگرتنى باڵانس لەو نێوەندەدا مالیکى وەکو سەرکردەیەکى دیکتاتۆر هێنراوەتە پێشەوە ، ناوبراو وێڕاى ئەوەى کەسایەتییەکى قبوڵکراو نیە لە نێوەندە سیاسییەکاندا ، بەڵام خۆبردنە پێشەوەى لە هەردوو دژەلاى ئەمریکا و ئێران بۆ پارێزگاریى لە بەرژەوەندییەکانیان زەمینەى بۆ ڕەخسێنراوە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بە ڕەفتارە نادیموکراسییەکانى جێپێى قایمتر بکات ، ئەمجارەیان لە سەرەتاى هاتنە سەرکاریەوە چەند وەزارەتێکى بێوەزیر هێشتەوە ، خۆى کردە سەرۆکى هێزە چەکدارەکانى عێراق ، بە هێزى سەربازیى دژایەتى مافى بەهەرێمبوونى پارێزگاکان دەکات ، هەنگاوى جدى بۆ جێبەجێ کردنى مادەى 140 نانێت و خۆى لێدەدزێتەوە ، تا ئێستا چەندین جار جوڵەى بە فرقە 12 ى سوپا کردووە و لەو ڕێگەیەوە پەیامى هەڕەشاوى ئاراستەى کوردانى ناوچە داگیرکراوەکانى کەرکوک و خانەقین و جەلەولا و سەعدیە و بندەستەکانیتر دەکات ، شەڕى گرێبەستە نەوتییەکان و بودجەى پێشمەرگەش لەولاوە بوەستێ ، جگە لەوەى بۆى بکرێ هەڕەشەى بڕینى بودجەى هەرێمى کوردستان دەباتە سەر کە لەم ڕۆژانەدا بە گەرمیى دوپاتى کردەوە ، ئەمانە دەریدەخەن کە مەلۆتکەیەکى سەدامیى لە منداڵدانى بیرکردنەوەى مالیکیدا جوڵەجوڵیەتى .

مالیکى لە پێناوى پتەو کردنى پایەى کورسییەکەیدا عێراقى بەرەو قەیرانێکى ئاڵۆز و بنبەست بردووە و دەبات ، ناڕەزایەتییەکان لە سیاسەتى ئەو ، وێڕاى ئەوەى هەرێمى کوردستان و دەڤەرى سوننەکانى تەنیوەتەوە ، خەریکە بەرەو دەڤەرى شیعەنشینەکانیش تەشەنە دەکات ، بۆ لەبیربردنەوەى ئەو تەنگژە قوڵانە و ترساندنى خەڵک ، تەماشا دەکەین هەندێک جار لەسەر هەمان قەوانى سواوى سەدام حوسێن هەڵدەپەڕێت و باس لە بوونى هەوڵ بۆ ئەنجامدانى کودەتا دەخاتە ناو بازاڕەوە ، ئەمە لە کاتێکدایە بە پێى دانپێدانى نائاگایانەى خۆى ، چەند ساڵێکە لە هەوڵە تیرۆریستەکانى کۆنەبەعسییەکان و پیاوانى لیستى عێراقیە ئاگادارە و بێدەنگیى لێیان کردووە ، ئەمەش خۆى لە خۆیدا بە پێى یاساى سزادانى عێراقى بە تاوانى پەردەپۆشیى تستر هەژمار دەکرێت و دەبێت سزاى وەکو تاوانبار یاخود سوکتر وەربگرێت ، بەڵام بە سۆنگەى پەلەقاژێى پاراستنى کورسییەکەیەوە هێڕ و کاس بووە ، بۆیە سەرقاڵە بەوەى سیاسەتى کۆنەپەرستانەى جمهورى ئیسلامیى ئێرانى پاسداریى بە ڕەزامەندى ئەمریکاى خوێنمژى گەلانەوە ئاوێتە بکات ، بێئەوەى گوێ بەوە بدات ئاییندەى عێراق چى لێدێت و بە کوێ دەگات ! خۆى لە هەردوولا دەباتە پێشەوە و ( خورمیش ) انە هەڵسوکەوت دەکات ، بە مەبەستى پێڕاکێشانى زۆرترى خۆى و پێبڕینەوەى ڕکابەرەکانى ، لە پێناوى حوکمى تاکڕەوانەیدا ئۆباما دەکاتە براگەورە و ئاخوندەکانیش بە باپیرە گەورە چاو لێدەکات و لە ئاستى گەورەیى ئەواندا بچوک دەبێتەوە ، بەڵام کاتێک نیمچە گەرەنتییەک وەردەگرێ ئیتر خۆى لێدەبێتە قەلەمون لە هەمبەر مافە زەوتکراوەکانى کورددا فش دەبێتەوە و دەڵێ شتێک نەماوە لە عێراقدا بە ناوى کێشەى کوردەوە وەکو ئەوەى لاى وابێ مادەى 140 کە گەورەترین مادەى دانپێدانراوى دەستورییە 140 ساڵە جێبەجێکراوە و قەرەبوى مادى و مەعنەوى کەسوکارى ئەنفال و کیمیابارانکراوانى هەڵەبجە کراوەتەوە ! هەروەها بێمنەتیى لە چارەنوسى عێراقییەکان بۆتە هۆى خوێنبەربوونى هاوڵاتییانى بێتاوان و وزە لێبڕینیان و لەوانى سەرکردەوە هەناردەى نێو کوچە و کۆڵان و ماڵى خەڵکى بێژیان و بێنان و بێکار و بێکارەبا و بێئاو دەکرێ ، بۆ نمونە : لە برى پێشکەشکردنى کارنامەى نوێ بۆ چاکسازى و چارەسەریى گیروگرفتەکان ، بۆ بچوکترین تەنگوچەڵەمە و مەترسیى لە کورسییەکەى خۆى دەهاوێتە باوەشى ئۆباما و عەوەجەى دەبێتەوە ، جگە لە واڵا کردنى سنورەکان بۆ جرتوفرتى سوپاى قودس و پاسداران بۆ گۆبەند نانەوە ، بە ئیعازى ئێران پاڵپشتیى ڕژێمى بەعسى فاشى سوریا دەکات بۆ سەرکوتکردنى گەلانى سوریا ، سیاسەتى ( بانێکە و دوو هەوا ) لە ناخى مالیکیدا ڕەگى داکوتاوە ، بێئاوڕدانەوە لە مێژوو دەیەوێ چارەنوسى گاڵتەجاڕى و خوێناوى بەعسییەکان بەسەر خۆیدا بهێنێتەوە .

لێرەدا پێویستە لەسەر سەرکردایەتى سیاسى کورد ( العین بالعین و السن بالسن ) لە وەڵام بە ڕەفتارى دیکتاتۆرییانەى مالیکیدا هەڵوێست بنوێنن ، تا بۆیان دەکرێت بایەخى تەواو بە پێشخستنى ئابورى کوردستان و سامانە سروشتییەکانى بدەن بۆ خۆشگوزەرانیى خەڵک نەک بۆ گیرفانى خود ، هێزى پێشمەرگە لە ئامادەباشیدا بێت تا لە حاڵەتى بڕینى بودجەدا ڕێگریى بکەن لە بە تاڵان بردنى سامانى نەوتى ناوچە تا ئێستا داگیرکراوەکانى کوردستان ، پێویستە هەرێمى کوردستان تاکلایەنە هەنگاو بۆ جێبەجێ کردنى مادەى 140 ى مردارەوە بنێت و ڕوحى بخاتەوە بەر ئەگەر بە زەبرى هێزیش بێت ، نابێت چیتر مام جەلالى سەرکۆمار و کاک مەسعودى سەرۆکهەرێم خۆیان سەرقاڵ بکەن بە ڕێکخستنەوەى ماڵى شێواوى مالیکى و هاشمییەکان و لە برى ئەوە گرنگى تایبەت بە ڕێکخستنەوەى بارودۆخى کوردستان بدەن باشترە ، مێژوو سەلماندویەتى و دەبێت عیبرەتى لێوەربگرین کە دوژمنان مولەقانە لە بۆسەدان بۆ داگیرکاریى کوردستان ، هەر کاتێک حکومەتى بەغا لاواز بوبێت خۆى بە غەمخۆرى کوردستان نواندووە و لە بەهێزیشدا کوردستانێکى ئەنفال و کیمیابارانکراو خەون و ئاواتیان بووە ، بۆیە پێویستە حەکیمانە کار بکەین بۆ بەهێز نەبونى دەسەڵاتدرانى بەغا و نەهێڵین دەرفەتى خۆکۆککردن بن بۆ کەوتنە وێزەمان ، بە تایبەتى لە هەلومەرجێکى ئاوهادا کە مالیکى لە بێهێزیشدایە هەڕەشەمان لێدەکات ، ئێمەش دەبێت لە بێهێزیدا بێهێزتر و نوزەلێبڕاوترى بکەین ، چونکە ساڵح موتڵەگ وتەنى - لە ئێستادا دەستیان شکاوە - و نێزەیان پێ بە دەستەوە ناگیرێت سکمانى پێ هەڵبدڕن ، جا بۆچى ئێمە دەستیان بگیرسێنینەوە بۆ ئەوەى شەڵاڵى خوێن و بندەستەییمان بکەنەوە ؟ !

سەدام بە جەستە لەناوچووە، بەڵام ڕوحى ئاوێتەى گیانى دەیان شۆفینیزمى وەکو مالیکى و موتڵەگ و سەدر و هاشمى و جەعفەرى و بەربەرى و سەدان چەقۆکێش و سەرسەریی بووە.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک