١٧\١١\٢٠١١
(ئایین) و
(ئایدز).. مەسعود مەلای کامیانە؟!
ھیوا رەش
لە ١١\١١\٢٠١١
لە ھەولێری پایتەختدا , مەلا مەسعود لە وتاری ھەینیدا وەکو پیشەی
ھەمیشەیی ھەندێک بەناو مەلا , بە پەنجە ڕاوەشاندنەوە ترس و دڵەڕاوکێی
خستۆتە نێو دڵی خەڵکی شارەکەوە , گوایە گەنجێک بە مەبەستی تەوبە و
چارەسەریی سەردانی کردووە کە لە ئاکامی کرداری سێکسیی لەگەڵ ١٨ کچدا
توشی نەخۆشیی - ئایدز - ھاتووە , بە پێی درۆکانی ئەو بێت گەنجەکە
شۆفێری پاس بووە و ھاتوچۆی بە کچانی خوێندکار کردووە و لاقەی
ھەندێکیانی کردووە , ئەمەش :
١ - دەبێتە مایەی تۆقاندنی ئەو کچانەی کە خوێندنگاکانیان دوورە و بە
پاس دێن و دەچن , دایکوبابیشیان تا جگەرگۆشەکانیان دەگەڕێنەوە ماڵێ
دڵیان لای کچەکانیان دەبێت نەبادا لاقە بکرێن , بۆیەھەموو خاوەن کچان
بەر لەوەی ئامرازی ھاتوچۆ بۆ کچەکانیان مەیسەر بکەن دەبێت شۆفێرەکان
سوێند و تەڵاق و قورئان بدەن و لای دادنوس بەڵێننامەشیان پێ پڕ بکەنەوە
و گەرەنتییان لێوەربگرن کە کچەکانیان ساغ و سەلامەت بگەیەننەوە دەستیان
, ئەگەر مەلا مەسعود درۆش دەکات , پێویستە تەواوی شۆفێران سکاڵا لەسەر
مەلا مەسعود تۆمار بکەن بە تۆمەتی ناوزڕاندنیان .
٢ - بێگومان تەنھا شۆفێرێک بە تەنھا بەوەندە کارە ناشیرینە ھەستابێت ,
ئەدی دەبێت بەو ھەموو شۆقێرە چی بڵێین کە ڕۆژانە خوشک و دایک و خێزان و
کچانمان سواری پاسەکانیان دەبن ؟ بۆیە دەبێت دیکوبابی کچانیش لە ڕاستیی
بوختانەکە بکۆڵنەوە و سکاڵا لەسەر بوختانچیی تۆمار بکەن .
٣ - ئەم باسە خۆی لە خۆیدا سوکایەتییە بە شاری ھەولێری پایتەخت و دەبێت
خەڵکی شکۆمەند و شەرەفمەندی شارەکە ئەم زمان و پێدرێژییە قبوڵ نەکەن و
سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن .
٤ - حکومەتی ھەرێم بەرپرسیارێتیی گەورەی دەکەوێتە ئەستۆ لە ڕێگرتن لە
بەکارھێنانی مینبەری مزگەوتەکان بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و
پێویستە لەم ڕەفتارە دزێوانە بەدەنگ بێت .
٥ - پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم
ھەڵبەستنانە بکەن و لێی بێدەنگ نەبن و مەلا مەسعود پەلکێشی لێپێچینەوە
و دادگا بکەن .
٦ - لایەنە تەندروستی و پزیشکییەکان ڕاستییەکان بدۆزنەوە و بۆ خەڵکی
ڕابگەیەنن کە مەلا مەسعود نەک چارەی ئایدز , بەڵکو چاری زمانی
بوختاناوی خۆشی پێناکرێت .
٧ - زانایانی ئایینی لە ئاستی ناشیرین کردنی خۆیان و ئاینەکەیان
دەسەوەستان نەبن کە لەسەر دەستی مەلا سیاسەتبازەکان دوچاری دێن و دەبێت
لە پێش ھەمووانەوە بوختان و قسەی نابەجێی لەو جۆرە ڕیسوا بکەن .
٨ - ناکرێت مەلایەک بەژن و باڵا و مەنزڵگەی شەیتان کە گوایە لە دوڕگەی
بەرمۆدایە , مەلایەک جیھادچێتی ڕابگەیەنێت بەرامبەر یەکتر و مەلایەک
دەم لە ئایدز وەر بدات و سەرپێبی لێیان وەربگیرێ , بەڵکو دەبێت سنورێک
بۆ بەربەڕەڵاییان دابنرێت و نەھێڵدرێت ئاین بکرێتە ئامراز بۆ مەبەستی
پەنھان .
مەلا مەسعودی ( موبارەک ) , ئەگەر پێی وایە چاکەخوازە ( چاکی نەکا با
خراپتر نەبێ ) و نیەتی پاکە لەوەی دەیڵێ , دەبێت لە ھەمان مینبەرەوە
داوای لێبوردن بکا , یان ئەگەر بە ڕاستیی گەنجێکی لەو جۆرە چۆتە لای ,
دەبێت ھاوکار بێت لە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵیدا , ئەگینا ھەردوکیان
درۆزن و دوڕوون و تۆمەتبارن بە بوختان و ناوزڕاندن و دەبێ سزا بدرێن ,
دوای ئەوەی پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێ , ئەگەر دەرکەوت گرێی دەرونییان
ھەیە , ئەوسا دەبێ ڕێگەچارەی گونجاویان بۆ دەسنیشان بکرێ .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|