په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠١٣

ئای لە داماویی کورد؟!


ستار محەمەد قادر   


کوردو کورد بوون لەنێو ئیشکالیەتێکی گەورەدایە، کورد بوون تا ئێستا نەبووە بە هەوێنی بیرکردنەوەو تێڕامان و هەڵوێست وەرگرتن، کورد میللەتێکە لەڕێی سۆزەوە کاری تێدەکرێت و کاری پێدەکرێت، هەر لەڕێی سۆزداریشەوە لە دۆزو خاک و نەتەوەکەی رادەمێنێت، کورد هێڵی سووری نیە، بە واتای ئەوەی ئەو پانتاییەی ئێمەی تێدا نیشتەجێین، شوێنی زۆر شتی نامۆی لێدەبێتەوە.

 

هەر چەندە ئێستا سنوورەکان بۆ زۆر ئایدیا و ئایدۆلۆجیا بەرتەسک بوونەتەوە، بەڵام ئەمە نەبووە بەهۆکاری ئەوەی تاکی کورد بخاتە سەر رێچکەیە بە تەواوەتی خۆی تێدا بدۆزێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە میللەتێکی هەژارین، نەک لەڕووی ماددیەوە، بەڵکو لەڕووی مەعریفیەوە، هەژاری ئێمە بەڕووخساری ژێرخان سەرخانی کوردستانەوە دیارە، بەرخۆری ئاماژەیەکی روون و بەرچاوە بۆ پەتای هەژاری هزریمان.

 

کورد میللەتێکە لەڕووی سۆزداریەوە دەیەوێت گوڵی پێشکەوتن و گۆڕان لە بەرۆکی بدات، لە بەرنامەیدایە رۆژگار کێشەکانی بۆ یەکلایی بکاتەوە، خەونەکانی زۆر نێزیکن لە یۆتۆپیاوە، بەداخێکی زۆرەوە سیاسەت لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان بووە بە مایەی ئەوەی کۆمەڵگە هۆشیار بکاتەوە و وەئاگایان بهێنێت، بەڵام بەداخەوە لەلای ئێمە سیاسەت لە دوژمنانمان زیاتر خەڵکی بەلا رێدا دەبات، کۆمەڵکوژی کوردانی رۆژ ئاوا نیشانەیەکی مەترسیدارو ئاماژەیەکی روونن بۆ ئەو پاشاگەردانییەی کە بە حەقیقەت کوردبوونمان وەکو نەتەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

بە راستیی زۆر ئەوە بەلامەوە سەیرە، ئەگەر کەسێک بەڕۆژوو نەبێت، هەزارو یەک قسەی خوارو خێچی پێدەگوترێ، بە چاوێک تەماشا دەکرێت، وەکو ئەوەی دوا رۆژی کوردی خستبێتە ژێر مەترسیەوە، بەڵام ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی دەرهەق بە براو کەسەکانیان دەکرێت بەدەستی بەرەی نوسرەوە، خۆیان لە ئاستیدا دەکەن بە کەڕەی شەربەت و وەکو هیچ تاوانێکی دژە مرۆیی رووی نەدابێت؟! ئەمە سەرەڕای ئەوەی هێزی ئسلامی هەیە لە کوردستاندا بە ئاشکرا لایەنگری ئەو بەرەیە دەکەن و گەنجانی کوردستان بەنێوی جیهادەوە رەوانەی ئەو کووشتارگەیە دەکەن، دەکرێت لێرەوە بێین قسە لەسەر هەژاری و نەداری هزری سیاسی و نەتەوەییمان بکەین.

 

لێرەوە نیشانەی پرسیار بخەینە سەر کورد بوونمان و ئایدۆلۆژیای ئەو پارتانەی وا تەنها سەرقاڵی درووستکردنی بۆشایین، کووشتن و لە سێدارەدانی منداڵانی کوردی بێ دیفاع و حەڵاڵ کردنی سەرو ماڵیان و تەکفیرکردنیان، جگە لە ئەنفال ناکرێت هیچ ناوێکی دیکەی لێ بنێین؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک