په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ئاى لەو گێژاوە واى لەو هەڵڵایە!


محەمەدى مشیر     


ماددەى 140 و کەرکوک وەک شەمەندەفەرەکەى جارانى هەولێر کەسێک بە دڵنیاییەوە نازانێ ئێستا لە سەر کام هێڵ رێدەکەن، بودجە لە سەدا حەڤدەکەى بەشى هەرێم وەک بەفرى بەر تاو کەمکەم خەریکى توانەوەیە، پڕۆژە یاساکەى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق لە ژێر عەباى رەشى دەمارگرژە سەدرییەکان و فەزیلە و ناتەوافوقییەکان بە گۆچانێکى کەچەوە لە هۆڵى پەرلەمانى عێراق سواڵ دەکات، گرێبەستە نەوتییەکانى حکومەتى هەرێم بە فیتى ئەمریکا بۆ ئەجەللول غیرموسەمما بەکێشەکران،زمانى کوردى لە عێراق بە دووەم زمانى فەرمى ناسرا بەڵام لە هیچ نووسراوێکى ناوەند کارى پێنەکرا، ئەمریکا بە تۆن وادەى دا بەڵام بە کیلۆش جێبەجێ نەکرا، حکومەتەکەى (گول) بە کەیفى خۆى (گوڵ)مان بەسەردا دەبارێنێ بەڵام کەس پێى ناڵێ قارداش ئەو هەموو گوڵە بۆ خەساردەکەى، لە گەڵ دوا فیکەى مالیکى هەڵمەتى پاککردنەوەى شارى موسڵ دەستیپێکرد بەڵام تیرۆریستان بۆ خۆشى چەندین تەقینەوەی مەرگئاوەریان بەجێگەیاند، پەرلەمانتارانى عێراق بە جوملە چوونە حەج بەڵام بەدانەش کێشەى خەڵکیان پێچارەسەر نەکرا،دەستوورى هەمیشەیى عێراقى فیدڕاڵ دانرا بەڵام موئەقەتیش جێبەجێ نەکرا!،

 

ملیۆنان دۆلار بۆ شوققەکانى پەرلەمانتارانى کوردستان تەرخانکرا بەڵام کێشەى کرێچیانى ئەم وڵاتە هەرچارەسەر نەکرا،لێبوردنى گشتى بۆ هەزاران مستەشار و ئامر مەفرەزەى جاش و ئەمن و موخابەرات دەرکرا بەڵام لە نێو حزبەکانى کوردستان بەدەستوورنەکرا،سەدان پۆست و پلەى چاک بە کۆنە بەعسى و کۆنەجاشى خراپ درا بەڵام خەباتى سەدان پێشمەرگەى دێرین لە سایتى بەرپرسە فێرست کلاسەکان هاک کرا، سەدان باڵاخانە و بەرزەتەلار لەو کوردستانە بنیات نرا بەڵام کێشەى کارەبا و سووتەمەنى بەوادەکارى تەعمیمکرا، ملیۆنان دۆلار و ملیاران دینار لە فیستیڤال وئاهەنگێڕانا فرتەى هات و کەوتە خەبەرى (کان)ەوە بەڵام سەدان خێزانى ئەنفال و شەهید و هەژار موچەى پێرەژنى بە قسمەتکرا،دەیان رێککەوتن و پەیماننامە مۆرکرا بەڵام دەرەنجامیان فى سفر کرا،بە دەرزەن کۆمپانیا هاتنە کوردستان بەڵام بە موفرەد کارى خاوێن کرا، هەزاران پارچە زەوى دابەشکرا بەڵام سلفەى عەقار هەرنەدرا،هەزاران بابەت و راپۆرت لە سەر کێشەى هاووڵاتیان نووسرا بەڵام کێشە لەم وڵاتەدا هەر نەبڕا،هەزاران وتار لە سەر گەندەڵى نووسرا بەڵام گەندەڵێک دادگایى نەکرا،دەریایەک رەخنە و پێشنیارى باش کرا بەڵام وەک رۆینى کیسەڵ جێبەجێکرا،چى و چى و چى کرا بەڵام چى و چى و چى نەکرا،ئاى لەو گێژاوە واى لەو هەڵڵایە سیاسەتى ئەمڕۆ چى لێقەومایە؟!

 

 

Muhammad_mushir@yahoo.com