٩\٧\٢٠١٠ گۆشهی '' رۆژهک نا رۆژهک ''. (٦) ئاى خوایە..... ئەو رۆژەى حکومەتەکەمان نەمێنێ ئیتر ئێمە باسی کێ بکەین..؟!*
• لەوسەرەوە موشتەریەک(ئەگەر حکومەت بەو 17% تێرنەبێ و بەشی نەکات بە هیچ تێرنابێ)، ناوەڕۆکى بابەتەکە دەقۆزرێتەوە. • موشتەریەکى تر بەوجۆرە گەرمترى دەکات: برایان ئینسافتان هەبێ ئەوە نییە حکومەت بەو پارانە مووچە زیاد دەکات و بازاڕیش گەرم و گران دەکات. • یەکى تر کە فەرمانبەرێکى پلەدارى سوودمەندە: ئەوەى من دەیزانم کارەساتە خەڵک هەیە چوار مووچەى هەیە و لە گوڵی کاڵترى پێ ناڵێن، سێ پارچە زەویشى وەرگرتوە و جنێویش بە حکومەت دەدات و بەو وەزعەش ناڕازیە. • سەرتاشەکەى تر: ئێوە بۆ باسی داو و دەرمان ناکەن، باشە دەبێ حکومەت ئەو خەڵکە بە مرۆڤ نەزانێت رێگرى لەو بازرگانانە ناکەن لە هێنانى دەرمانى خراپ و ئێکسپایەر، بڕوا بکەن حکومەت ئاگادارى هەموو شتێکە چونکە ئەمەیان پەیوەندى بە ئەمنى قەومیەوە هەیە هەر دەبێ حکومەت ئاگاداربێ. • موشتەریەک کە دڵی زۆر پڕە: کە گووتیان (مووچە) حکومەت وا خۆی نیشاندا نەباى دیوە و نەباران، خۆ ئەگەر بیانگووتبایە مووچە کەمدەکرێتەوە ئەوا حکومەت لە سێ مانگ پێش وەختەش کەمى دەکردەوە، ئێوە بۆ باسی ئەو شتانە دەکەن بۆ باسی ئەوە ناکەن کە حکومەت و حیزبەکان هەموو خەڵکیان کرد بە موچەخۆر و ئێستا وا تەواو مەستەهلیک بووینە و خەڵکى ئێستا پێی شەرمە کشتوکاڵی و مەڕدارى و کاربکات، توخوا حکومەت پێی شەرم نییە ماستاومان لە ئیران و هەنگوینى بیابان لە سعودیا و پەتاتە لەسوریا و شوتى لە فەلوجە و حەویجە و رانکو چۆغەلمان لە چینەوە بۆ دێت، کەوایە نازانم وەزارەتى(کشتوکاڵ و پیشەسازى و کار و ....هتد)مان بۆچییە، توخوا پێم بڵێن حکومەت شەرم لەخۆی ناکات کە وەزارەتێکى زل و زەبەلاحى کارەباى هەیە و کەچی هەموو کارەباى ئەو هەرێمە لەسەر مۆلیدە بەندە، باشە نازانم وەزارەتى ژینگە چ کارەیە لەکاتێکدا بە تۆن دووکەڵی ژەهراوى لە مۆلیدەکانى کارەبا دەردەچێت و ژینگەمان وێران دەکەن، باشە وەزیری ژینگە دەبێت ئەو مۆلیدانەى نە دیتبێت.
•
موشتەریەکى دیکە کە پێدەچوو تازە لە
ئەوروپا گەڕابێتەوە: هەر دار واشنتۆنێکیان بە 1350 دۆلار فرۆشتۆتە
حکومەت کەچی لە ئەنقەرەى تورکیا دانەى تەنها بە 40دۆلار گەیشتۆتە
کوردستان، کەچی حکومەت خۆی لە وشکە ساڵی بێ ئاگا کردووە، نازانم چ
حیکمەتێک لەو هەموو دار واشنتۆنەوە هەیە، ئایا نەدەکرا لە بری ئەو
پڕۆژە ئیفلیجە چەندین پارک لە دەورى شار دروست بکرابوونایە بۆ ئەوەى
هەر نەبێ لە گەردەلوولى تۆز و خۆڵ بارین رزگارمان ببێ. • سەرتاشەکەى تر بە ئاهێکەوە: کێشەکە لێرەیە، بەهۆی ئەو گەندەڵیانەوە خەڵک دەسەڵات و حکومەت و ئینتیماى نیشتمانى و نەتەوەیی تێکەڵدەکات، حکومەت هەرچی بێت نابێت ئێمە ئەوە لەبیر بکەین کە کوردین و ئینتیماى نەتەوەییمان لەبیربچێتەوە.
• توخوا کەى مۆدێلی ئەوە ماوە خەڵک باس لە عەیبەکانى حکومەت بکات، ئەوەندەمان ویست و ئەوەندەمان داواکرد هیچی بە هیچەوە نەبوو، کە شتێک چارەسەر نەکرێ نەنگە زیاتر لێیەوە بدوێین و باسی بکەین، کوڕینە حکومەت سوا سوا.!!
_______________________
|