٣\٦\٢٠١٢
ئازادیی بیڕوڕا
له روانگهی ڕیفۆرمخوازێکی ئیسلامییەوە!

حەمە غەفور
بە دوای سیناریۆی بڵاوبوونەوەی بابەتێک لە
گۆڤاری "چرپە"دا کە گوایا سوکایەتی بە پیرۆزییە ئایینیەکان کراوە
تیایدا، شاری هەولێر بوویە شانۆی ڕووداوێکی نەخوازراو کە ئاڵۆزیو
پشێوییەکی زۆری لێکەوتەوە. پاشان ئەو ڕووداوانە کرانە بیانوو بۆ هێنانە
ئارای پڕۆژە یاسای "پاراستنی پیرۆزیە ئاینیەکان" کە لەلایەن لیژنەی
ئەوقافی پەرلەمانی کوردستانەوە لە رۆژی ١٠/٥/٢٠١٢ دا خرایە بەردەم
پەرلەمان. "کەمپینی بەرگرتن بە سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین"یش بە
ئیمزای سەدان کەس لە ڕۆشنبیران، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانو
هەڵسوڕاوانی سیاسیو مەدەنی لە ناوەوەو لە دەرەوەی کوردستان کەوتەڕێ بۆ
بەرگرتن بە تێپەڕاندنو پەسەندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایەو لەکارخستنی.
سەرجەمی حزبە ئیسلامیەکانی کوردستان بێگومان وەکو پێشڕەوییەکی خۆیان
تەماشای پڕۆژە یاساکە ئەکەن. دیارە کە دەرچوونی یاسایەکی لەو جۆرە
بواری فراوانترو دەست ئاواڵەییەکی زیاتر بۆ ئیسلامی سیاسیو دەسەڵاتیش
هەموار ئەکات هەتا لەژێر ناوی پیرۆزییە ئایینییەکاندا هەوڵی داخستنی
دەمی هاوڵاتیان بدەنو سنورەکانی ئازادی دەربڕینو ڕەخنەگرتن تەنگتر
بکەنەوە. بۆ ئەوەی هەر کەسێک بیروڕای خۆی سەبارەت بە ئایینو
پیرۆزیەکانی، دەربارەی پێشهاتو دەرەنجامە زیانبارو کۆنەپەرستانەکانی
بانگەشەو فتوا ئایینیەکان ڕابگەیەنێت لەڕێی یاساوە بتوانن بیدەنە
دادگاو لە زیندان توندی بکەن. بەمپێیە ئەو پڕۆژە یاسایە ئیسلامی سیاسی
کوردستانو دەسەڵاتی کوردی یەک کاسە کردەوە سەبارەت بە پرسی ئازادی
بیروڕا.
ئەم یاسایە هەڵکردنی چرای سەوزە لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ حزبە
ئیسلامیەکانو دامەزراوە ئایینیەکانی تریش هەتا بە پاڵپشتی یاسا
بانگەشەو تەبلیغاتی ژەهراویو دژە ئازادیو دژە خەڵکی زیاتر تاوبدەن.
پێئەچێت سیناریۆکەی دەسەڵات زیاتر ئامانجی بەرپەرچدانەوە یان هەوڵێک
بێت بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی بەرگری لە ئازادی بەیانی بیروڕا، کە ئەمساڵ
بەبۆنەی دووهەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمانەوە لە کوردستانو لە
دەرەوە بەڕێخراو قورسایی خۆی نیشانی ڕای گشتی دا. ئەمە جگە لەوەی کە
دەسەڵاتی کوردی سیناریۆی دادگایی کردنی سەردەشت عوسمانی بۆ نەچووە سەرو
شکستی هێنا.
وەکو ئاماژەیەک بۆ بەرژەوەندی هاوبەشی دەسەڵاتو ئیسلامیەکان، ئەبینین
یەکەمین هەنگاوی دژایەتی کردن لەگەڵ کەمپینی بەرگرتن بە سنووردارکردنی
ئازادی ڕادەربڕین لەلایەن یەکگرتووی ئیسلامییەوە دەستیپێکردووە. بەڵام
تا ئێستا هیچ کام لە حزبەکانی تری کوردستان کاردانەوەیان نیشان نەداوە.
لە دوایین ژمارەی هاوڵاتیدا ووتارێکی بەڕێز، ئەبوبەکر عەلی، ئەندامی
مەکتەب سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانی؛ "خەمی
ئازادی ڕادەربڕینو خەونی بە پاڵەوان بوون".(لینکی ووتارەکە لە
پەراوێزی ئەم نووسینەدایە). نووسەر،وەکو خۆی ووتوویەتی لە ووتارەکەیدا،
وەکو ئیسلامییەک لە سەنتەری بڕیاری حزبێکی ئیسلامیدا، پشتبەستوو بە
میراتی کەلەپوری ئایینی ئیسلام، هەوڵی زۆری داوە لە ڕوانگەی ئیسلامەوە
وەڵامی "کەمپینی بەرگرتن بە سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین" بداتەوە.
بەڵام ناوەرۆکی ووتارەکەی کەمتر وەڵامدانەوەی پێوە دیارە وەکو کەمبایەخ
بوونی کەمپینەکە یاخود بەتەنگەوەبوونی یەکگرتوو بۆ پرسی ئازادی بیروڕا،
بەڵکو زیاتر ڕەنگدانەوەی کاراییو گوشاری کەمپینەکەی بەسەر یەکگرتووی
ئیسلامیو فەزای ئیسلامیزمەوە عەکس کردۆتەوە. بەڵام بە دوور لە ویستی
ناوبراو، مادام هەڵوێستگیرییەکانو پێداگرییەکانی خۆی سەبارەت بە پرسی
ئازادی بیروڕاو دەربڕین لە ڕوانگەی ئیسلامیزمەوە خستۆتەڕوو، کەوتۆتە
ناکۆکی قووڵو ئاشکراوە لەگەڵ ئەسڵی پرسی ئازادی بیروڕا لە کۆمەڵگای
کوردستاندا. هەر ئەوەش تەنگژەیەکی زۆری لە بیرو بۆچوونی کاک ئەبو
بەکردا پێشهێناوە.
لە بەشێکی ووتارەکەی ئەبو بەکر عەلیدا هاتووە: "بۆئهوهی ههوڵهکان
لهپێناوی ئازادیهکی زۆرتر، کهڵهکهبوون بهخۆیانهوه ببینن و،
دیدێکی ریفۆرمخوازانهی جدیان لهپشتهوهبێت و، نهبنه کۆمهڵی شهری
ئاسۆیی دابراو لهیهکتر، کهتهنها ماستهر پلانی خهباتی فکری و
سیاسی و کۆمهڵایهتی بشێوێننو، لهبهرهنجامی کۆتایشدا نهتوانن
ببنه چوارچێوهیهکی مهعریفیو روحیو فهرههنگیو کۆمهڵایهتی
، بۆ گهشهکردنی بهها باڵاکان و، گهشهدان بهژیاندۆستیو کهمکردنهوهی
کاریگهری یهکانی بیرکردنهوهو پیادهکردنه نائومێدکهرهکان." (هێڵی
تەئکید هی منە). ئەبێ لە کاک ئەبو بەکر بپرسین؛ کام هەوڵی ئەوان وەکو
یەکگرتوو!؟ لە پێناوی کام جۆر لە ئازادیدا!؟ کەڵەکەبوون بەخۆیەوە
ببینێت!؟
ئیسلامیزمو ئازادی دوو شتی دژ بەیەکن! پێناسەی مرۆڤ لە ڕوانگەی
ئیسلامەوە "عەبدی خودایە"و تالعو چارەنووسی ئەم عەبدە خوداوەند دیاری
ئەکات! بەمپێیە خوداوەند ژیانی بەو عەبدە بەخشیوە هەتا عیبادەتو
خواپەرستی بکات لە ژیاندا، وە ئەم عەبدە هیچ مافو ئازادیەکی نییەو
ژیان بۆ ئەو لە تاقیکردنەوەیەک زیاتر نییە. کاتێک عەبدی خودا لەم
چوارچێوەیە دەرچێت ئەکەوێتە بەردەم توڕەییو غەزەبی زاتی ئیلاهیەوەو
لەم جیهانەشو لەو دنیاش توندترین سزای بۆ دانراوە!! مرۆڤ لە دیدگای
ئایینی ئیسلامەوە خاوەنی هیچ مافو ئازادیەک نییە وەکو ئینسانێکی
سەربەخۆو ئازاد. کاتێک مرۆڤ لە ڕوانگەی ئیسلامدا بەهایەکی نەبێت، لەکوێ
ئیسلامیزمو حزبەکانی ئەتوانن بچنە شەڕی ئازادی بیروڕاو ئازادی
دەربڕینەوە!! ئەوەی کە مرۆڤ هەیەو ئەیبینین مافی هەیە ئازادیەکانی
یاساییەو ژیانو ئێستاو ئاییندەی باڵاترین بەهاو پیرۆزیی کۆمەڵی
مرۆڤایەتیە، مەسەلەیەکی دیفاکتۆیەو کۆمەڵگا پەسەندی کردووە، وە خۆشی
ڕەواڵێکی ژیانی واقعی ئینسانە کە خۆی دژەو بەرامبەرە لەگەڵ ئیسلامو
ئیسلامیزمدا. ئیسلام لە هەقی ئەم واتایەی ژیان نایە، وە ئیسلامیزم
هەموو هەوڵی خۆی بۆ ئەوەیە ئەم بەها بەرزەی ژیانو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی
سووکو بێنرخ وێنا بکات، تا ڕێگاخۆش بکات حوکمەکانی قورعان بگۆڕێت بۆ
یاساکانی کۆمەڵگا. لە بنەڕەتدا جووڵانەوە ئیسلامییەکانی ئەم ڕۆژگارە
ڕێک لەبەرامبەر بە پێناسەی دووهەمیاندا ڕاوەستاون!
هەموو حزبە ئیسلامیەکان بە یەکگرتووی ئیسلامیشەوە کتو مت لەگەڵ پڕۆژە
یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئایینییەکاندا نەک هەر هاوڕان، بەڵکە وەکو
پێشڕەوی ئیسلامیزم سەیری ئەکەن. ڕەوتە ئیسلامیەکان بەشێک لە کاری
سیاسیان تا بەئەمڕۆ بریتییە بووە لە هەوڵدان بۆ بەرتەسککردنەوەی سنووری
ئازادییەکان. لەم ڕاستایەشدا ئیسلامیزم هەرگیز ناتوانێ ئامڕازەکانی
توندو تیژیو تیرۆرو هەڕەشەو تۆقاندن لەنێو میراتی کەلەپووری ئیسلامیدا
دەرنەکێشێت. تەواوی فۆرمەکانی زەبرو زەنگو توندوتیژی تەنیا ئامڕازێکی
دەستی ئیسلامیزم بووە بۆ سەپاندنی بەرنامەو پەیامەکانی. هەموو لایەک
ئەزانن کە حزبە ئیسلامیەکانی کوردستان لە پشتی سەرجەمی ئەو بانگەشەو
فتواو هەڕەشانەوە ڕاوەستاون بۆ ترسنانەوەو کوشتارو تۆقاندن کە لەماوەی
ئەم ٢٠ ساڵەی کوردستاندا ڕوویان داوە. دژ بە کۆمۆنیستەکان، بە
ڕۆشنبیران، نووسەران، چالاکوانانی مەدەنیو بەرگریکار لە ژنانو
مافەکانیان، لە دژی ژنانو بۆ کۆتو بەندکردنی ژنانی ئازادەو لاوانی دڵ
پڕ لەهیواو مۆدێرن، پەروەندەی ئەستوور لەبەر دەستدایە. ئێستا مادام کە
دەسەڵات خۆی فرسەتی خوڵقاندووە لەڕێی یاساوە سەرکوتی ئازادیەکان بکرێت،
نورعلی نور! ئیسلامیزمی ئەم سەردەمە دەرەنجامی جەنگی ساردە. بە
دیاریکراوی پەیامی سیاسی ئەم ڕەوتە ئیسلامیانە ئەوەیە قەڵەمڕەوی
فەرمانڕەواییو دەوڵەتداری لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی ئیسلامی لەم
کۆمەڵگایانەدا سازمان بدات، کە زەبرو زەنگ تاکە ئامڕازی دەستیەتی نەک
بڕوابوون بە نەریتی فرەییو یەکترقبوڵکردنو دیالۆگی تەندروستو
هەوڵدان بۆ پاراستنی ناوەرۆکی ئازادیو بنەماکانی مافو ئازادی
دەربڕینی بیروڕا.
ڕەنگە ئەبو بەکر عەلی لە بەشی دووهەمی ووتارەکەیدا بۆمان ڕوون بکاتەوە
کە "بەها باڵاکان!" لای بەڕێزیان کام جۆرە بەهایانەن وا داوای
گەشەکردنیان ئەکات؟! مەبەستی بەها ئایینییەکانە کە هەر لە ناواخنی ئەم
ووتارەیدا بەرگری تەواویان لێئەکات، یاخود چی شتێکی ترە؟! ئایا ئەم
هەڵویستە ناکۆک نییە لەگەڵ چاوەڕوانیەکانی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ سەدان
کەس لە نوخبەی فکریو سیاسی ئێمە کە کەمپینی ئازادیان ئیمزاکردووە دژی
پڕۆژە یاسایەکە!؟ لە سەرتاسەری ووتارەکەیدا نووسەر بە ووشەیەکیش بە باش
بە خراپ باسی پڕۆژە یاساکەی لیژنەی ئەوقاف ناکاتو خۆی لێ بواردووە!؟
پڕۆژە یاسایەک پێشنیار کراوە بۆ دەمکوتکردنی هاوڵاتیان، تۆ وەکو حزبێکی
ئیسلامی بەرگری لەو پرۆژەیە ئەکەیت، وە بیانووش بۆ خۆلادان لە مافو
ئازادی دەربڕینی بیروڕای ئەوانی تر ئەهێنیتەوە! ئیتر کامەیە ئەو بەها
باڵایانە وا بەڕێزتان باسی ئەکەن!؟
زۆربەی خەڵکی جیهان، وە زۆربەی هاوڵاتیانی کوردستان، خودی ئینسان خۆی
وەکو دیاردەیەکی ئەسڵیی ژیان بە باڵاترین پیرۆزیو بەهای مرۆڤایەتی
دائەنێن. بەها ئایینییەکان بۆ ئەو کەسانەیە کە بڕوایان پێی هەیە. بەڵام
ئەساڵەتی ئینسان هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەگرێتەبەر، بە بێ
لەبەرچاوگرتنی نەتەوە، زمان، ڕەنگی پێست، نەژاد، ئایینو بیڕوڕای
جیاواز! پیرۆزیی مرۆڤ یونیڤێرساڵەو هیچ بیرو ئایدیۆلۆژیەکی فاشیستی
ناتوانێت نەکەوێتە بەرامبەرو دژایەتی کردنی ئەم پیرۆزیو بەها باڵایەی
ئینسانەوە. بۆیە ئەگەر گوشاری تەبلیغاتی ئیسلامیانە بەسەر سەری خەڵکو
کۆمەڵگاوە هەڵگیرێت، ئەوسا دەرئەکەوێت ئەو پیرۆزییە ئایینییانەی وا
ئیسلامی سیاسی ئەیانکاتە پیرۆزی کۆمەڵگا، چۆن ئەبنە گاڵتەجاڕو ئەچنە
خانەی بیرچوونەوەوە!
دواتر باسی گەشەدان بە "ژیاندۆستی!" ئەکات!؟ ئیسلام لەگەڵ ژیاندۆستی
زۆر لە یەکترەوە دوورن. خەسڵەتی کۆنەپەرستانەی ئیسلامیگەری بریتیە لە
ڕۆژەڵاتپەرستی بەتەنیشتی دوژمنایەتی کوێرانەی ڕۆژئاواوە، لە پیاوسالاری،
لە بێمافی مناڵانو تەماشاکردنیان وەکو حەشامات، لە ڕۆحیەی میللیگەرایی،
لە ڕەشپۆشیو مەرگپەرستیو دوژمنایەتی لەگەڵ شادیو ئومێددا. ئیسلامی
سیاسی بریتیە لە ڕەوتگەلو بزووتنەوە گەلێکی لە ڕادەبەدەر توندڕەو و
دڵڕەق کە لەژێر پەرچەمی ئیسلامدا خۆیان ڕێکخستووە. زنجیرەیەک
جووڵانەوەی فاندەمێنتالیست، دژە ئینسان، توندوتیژو دوژمن بە مرۆڤن.
کارکردی ئەمانە بە پلەی یەکەم بەشێوازی دوژمنایەتیان لەگەڵ ئازادی
ژناندا خۆی دەرئەخات، دوژمنایەتی کردن لەگەڵ مافە مەدەنیەکانی ژنان،
لەگەڵ ئازادی دەرکەوتنی بوونی مرۆڤ لە زەمینەکانی فەرهەنگیو شەخسیدا،
وە پیادەکردنی یاساو سونەتە دڕندانەکان لەدژی ئینسان، تا بگات بە
کوشتار، سەربڕین، کوشتنی بەکۆمەڵی مرۆڤ لە مناڵانەوە تا گەورەساڵان.
چەقۆکێشیو خوێنڕێژی بەشێکە لە پێناسەی سەرجەم ڕەوتە ئیسلامیەکان لە
هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی ئایینی ئیسلام ڕەسمییە تیایاندا، هەتا بگات بە
گوێپێنەدانو بە هیچ سەیرکردنی بەهاو حورمەتی مرۆڤ، تا دوژمنایەتیان
لەگەڵ شادیو خۆشی ئینسان، وە دژایەتیان لەگەڵ هەر کۆمەڵگایەکی ئاسوودە
وە لەگەڵ هەر کارو کاردانەوەیەکی ئازادانەی ئینسانەکان. ئەمانە خاسیەتە
دیارو بەرجەستەکانی ڕەوتە ئیسلامیەکانن.
ڕەنگە ئەبو بەکر عەلی بڵێت؛ ئێمە حزبێکی ئیسلامی میانڕەوینو ئەو
پێناسەیە شموولی ئێمە ناکات! یان ڕەنگە هەندێ ڕۆشنبیر چووبێت بە
عەقڵیاندا لەژێر گوشاری تەبلیغاتی ڕۆژئاواییەکاندا، کە بەڵی ئیسلام
توندڕەو وە میانەڕەوی هەیە. بەڵام بەر مەبنای کارکردیان ڕەوتە
ئیسلامیەکان هەر هەمویان میراتی ئیسلامیان وەکو پەرچەمێک بۆ بەرپاکردنی
دەوڵەتی ئیسلامی بەدەستەوە گرتووە. وە ئیسلام سەرچەشمەی فکریو
ئایدیۆلۆژیو مەعریفی هێزە ئیسلامیەکان هەموویانە. هەمووشیان لەو
شوێنانەی هێشتا دەسەڵاتیان لەدەست نیە، بە هاوپەیمانی لەگەڵ دەسەڵات
بەناوی پیرۆزیو بەها ئایینییەکانەوە هەژموونی میراتی ئیسلامی ئەکەنە
تەوقی ملی هاوڵاتیان. کارنامەی سیاسی ئیسلامیزم سەندنەوەی هەموو مافو
ئازادیەکانی هاوڵاتیانەو ڕووتو ڕەجاڵو ڕەزیلکردنیانە تا ئاستی
عەبدێکی بێبەهای خوداوەند.
سەرنج بدەن لەم بڕگەیەدا ئەبو بەکر عەلی چۆن بەرگری لە ئیسلام ئەکات لە
بەرامبەر بە ئازادیدا! وە چەندە بیروڕای ئەوانی تری بەلاوە بێنرخو
هیچە. ئەو ئەنووسێت: "به بروای من شهری ئازادی بیروراو رادهربرین
لهوڵاتی ئێمهدا، شهرێکی رهوایهو پاساوی مێژویی، واقیعی خۆی
ههیه، بهڵام تێکهڵ کردنی بهههندێ پرسی (لهوێنهی بابهتهکهی
گۆڤاری چرپه) کهله دوورو نزیکهوه پهیوهندی به ئازادی رادهربرینهوه
نیهو، ئاماژهیه بۆ بوونی بوغزێکی کوێرانه بهرامبهر به ئیسلام
و سهرجهم ئاینهکان.(هێڵی تەئکید هی منە).
ئەگەر شەڕی ئازادی بیروڕا ڕەوایە، نابێت شەرتو مەرجی بۆ دابنرێت لە
بەرژەوەندی خۆت! ئازادی بیروڕا واتای ئەوەیە کە ئینسان ئازاد بێت هەر
بیرو بۆچونێکی کە هەیەتی بەرامبەر بە ئەم جیهانەو تەواوی پێکهاتەکانی
بە هەر شێوازێک کە خۆی پێی باشە دەری ببڕێت، وە بیگەیەنێت بە ڕای گشتی،
وە لەم ڕاستایەشدا نابێ هیچ ڕێگریو کۆسپێکی بۆ دروست بکرێت. کاتێک کە
تۆ لە ڕوانگەی هەڵوێستگیری سیاسیو ئیسلامیانەی خۆتەوە ناتوانیت بەرگری
لە مافی کەسێک بکەیت بۆ ووتنی بیروڕای خۆی، چی وای لێت کردووە پرسی
گرنگی ئازادی بیروڕا بخەیتە کەناری بوغزێکی کوێرانەوە بەرامبەر بە
ئیسلام!؟ بۆچی ووتنی ڕای خۆ بەرامبەر ئیسلام ناوی لێئەنرێت بوغزی
کوێرانە! لێرەدا نووسەر بە ڕاشکاوی بەرگری لە پیرۆزیو بەها ئایینیەکان
ئەکاتو مافی ئەوانی تر بۆ دەربڕینی بیروڕایان وەکو بوغزی کوێرانە
وێنائەکات!؟
ئینسان باڵاترە لە هەر پیرۆزیو بەهایەکی ئایینی قەومی نیشتمانیو...تد.
هەرچەند من پێموایە بوغزی کوێرانەش بەرامبەر بە هەر دیاردەیەک جۆرێکە
لە دەربڕینی بیروڕاو ئەچێتە چوارچێوەی ئازادی بەیانی بیروڕاوە. چونکە
ئازادی بیروڕا تەنیا بۆ نوسەرانو ڕووناکبیرانو سیاسیەکان .. تد نییە،
ئازادی پەیوەندی بە هەر تاکێکی کۆمەڵگاوە هەیە، جا هەر پلەو پایەیەکی
هەبێت یان نەیبێت. ئینسان کە پێینایە نێو ژیانەوە ئەم مافەی لەگەڵ خۆی
دێنێو کۆمەڵگا لەسەریەتی دەسبەجێ بۆی بسەلمێنێت تا بتوانێت مومارەسەی
بکات. ئازادی بیرورا بە واتای کاردانەوەی ئازادانەی هاوڵاتیان بەرامبەر
بە ژینگەکەی، بەرامبەر بە جیهان بەرامبەر بە تەواوی ستراکتورەکانی
کۆمەڵگاو پێکنەرەکانی تا بگا بە هەموو ئەو میراتە دەستو پاگیرەی ناوی
پیرۆزیی ئایینی لەسەر دانراوە.
نووسەر لە جێیەکی تردا ئەنووسێت؛ "قۆستنهوهی ئهم پرسه بۆ بهرێوهبردنی
جهولهیهکی شهری ئازادی بیرورا له کوردستاندا، بهسهرکهوتوو
لۆژیکی نابینم. بهڵکو بهدووری نازانم دووباره ببێته هۆی شێواویهکی
تری ناوهرۆکی چهمکی ئازادی و ترس و گومان دروست بوون بهرامبهر
ئهم چهمکه له هوشیاری و بیرکردنهوهی بهشێکی کۆمهڵگادا،
چونکه بابهتهکهی چرپه لهناو کۆمهڵگایهکی موسوڵمانی یاخود
دیندارو باوهر بهخودا، جاههر ئایینێکی ههبێت، قابیلی بهرگریلێکردن
نیهو، دهچێته خانهی تێرکردنی ههندێ حهزی نهخۆش و، خۆ به
پاڵهوانکردنی ساخته.(هێڵی تەئکید هی منە). ئەبو بەکر عەلیو
ئیسلامیەکانو دەسەڵات سیناریۆکەیان سازکردوەو قۆستووشیانەتەوەو خەریکن
گۆڵی خۆیان ئەکەن لە خەڵکی کوردستان، وە یاسایەک بۆ دەمکوتکردن
دەرئەهێنن لە پارلەمان، کەچی ڕوو بە ئازادیخوازان ئەڵێ؛ لۆژیکی نییە
ئەم شەڕی ئازادییە بەرپاکراوە! پاساوی ئەم نەسیحەتخوانییەی بۆ کەمپینی
ئازادی ئەوەیە کە ترسی هەیە ناوەرۆکی چەمکی ئازادی بشێوێنرێو گومان
لەسەری لە نێو ووشیاری گشتیدا پێشبێنێت! پاڵپشتی ئەم نەسیحەتخوانییەشی
ئەوەیە کە بابەتەکەی گۆڤاری چرپە لە کۆمەڵگای موسڵماندا شایەنی بەرگری
لێکردن نییە، بەڵکو ئەچێتە خانەی وەڵامدانەوەی "حەزی نەخۆشەوە!".
ئەگەر کەسێکی وەک ئەبوبەکر عەلی کە بە کەسایەتیەکی موعتەدیل و
خوێندەوار ناسراوە، لەسەر نووسین خەڵکی تر بە حەزی نەخۆش تاوانبار بکات،
دەبێ ڕوون بێت کە بۆچی هەر کات گروپێک لە ئیسلامیەکان فرسەتیان دەست
دەکەوێت لە خۆپیشاندانێکی دینیدا بڕژێنە سەرجادە، دار و دیوار و فرۆشگا
و باخ و هۆتێل تێک ئەدەن و دەسوتێنن. ئەگەر ئیسلامیزم لە فۆرمی
خۆدەرخستنیدا تێکدەریش نەبێت لە ناوەرۆکی بیرکردنەوە و هەڵوێست گرتنیدا
ڕێزدانان بۆ ئینسانەکان و بەها ئینسانیەکان بەلایەوە مەرجدارە بە ڕادەی
نزیکیانەوە لە بیرو باوەڕەکەیان و ئاینەکەیانەوە.
سەرەنجام ئەبو بەکر عەلی بەڕادەیەک دەرگیری تەنگژەی فکریو ناهاوسەنگی
ویژدانیو سیاسی هاتووە، بەسەریدا تێپەڕیوە کە پێیوایە کەمپینی بەرگرتن
بە سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕینو ئیمزاکەرانی کەمپینەکەش ناوەرۆکی
ئەو بابەتە ئەسەلمێننو بەرگری لێئەکەن کە چرپە بڵاوی کردۆتەوە! لە
کاتێکدا بۆ هەر ئینسانێکی ئاسایی نەک سەدان نووسەرو ڕۆشنبیرو سیاسیو
چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی کە ئیمزای خۆیان داوە لە کەمپینەکە، ئەسڵ
بۆیان بەرگری کردنە لە مافو ئازادی بیروڕاو دەربڕین، بێگومان مافی
نووسەری بابەتەکەی چرپەشو تەنانەت خودی گۆڤاری چرپەش کە ئەو بابەتەی
بڵاوکردۆتەوە. جا ئەو مافەو ئەو ئازادیە بۆ تاک تاکی هاوڵاتیانی
کوردستانە لە هەر پلەو پایەیەکدا بن یان نەبن! بابەتەکەی چرپە کرایە
بیانوو بۆ سازکردنی سیناریۆکەو دەسەڵاتیش هەردووکیانی قۆستەوە بە
هاوئاهەنگیەکی ڕانەگەیەنراو لەگەڵ ئیسلامیەکاندا بۆ دەرهێنانی پڕۆژە
یاساکە، بەڕای من کەمپینی ئازادیش ئەم سیناریۆو بیانووە ڕەتئەکاتەوە
چونکە بۆتە هۆکاری بەرتەسککردنەوەی ئازادی بیروڕا. وە ئەم هەڵوێستەش
جێگای شانازی ئیمزاکارانیو دەسپێشکەرانی کەمپینەکەیە.
لینکی وتارەکەی ئەبو
بەکر عەلی لە سایتی هاوڵاتی:
http://www.hawlati.co/babetekan/18214
٢٦\٥\٢٠١٢
ماڵپهڕی حهمهغهفور
|