په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٦\٢٠٢٥

چیڕۆک بۆ منـداڵان:

ئـازادیخـوازێـک.


رەزا سـاڵح       


سـروودێکی نیـشـتمانیم نووسی، بـۆ ئازادی و بۆ ئاشتی، دژی ستەمکاری و زۆرداری. لە وەرزی بەهـار، لەناو باخچەیەکی گـشتیی شار، کە پـڕبوو لە گـوڵ و لە پەپـوولە، لە بولـبوول و لە چـۆلەکە. لەسەرخـۆم، بە دەنگێکی بەرز سروودەکەم خوێـندەوە. هەموو گـوڵەکـان و پەپـوولەکـان و چـۆلەکەکـان و بولـبوولەکـان، گـوێیان لە سروودەکەم گرت. کە تەواوم کرد دەستخۆشییان لـێمکرد. داوای دووبارە کردنەوەیان کرد. بۆیانـم دووبارە کـردەوە. بـولـبوولـێکی زیـرەک، دەقـی سـروودەکـەمی لەبـەرکـرد. ئـاوازێـکی خـۆش و بەجۆشی بۆی دانا. بە دەنگە زوڵاڵەکەی بۆمانی چـڕی. چەپـڵەیەکی درێژمان بۆی لێدا.


سـروودەکەم لەسەر زاری ئەو بولبـوولەوە، کەوتە سـەر زاری بە سـەدان بـولـبوول و بە هەزاران چۆلەکە و کەو و باڵـندەی تر. کەوتە سەر زاری بە هەزاران منداڵ و لاو و گەورەساڵان. لە دەیان شار و شارۆچکە و گونـدا بڵاوبـووەوە. گەیـشتە ئەو شارەی کە پاشای ستەمکار و زۆرداری لـێبوو. لەوێش کەوتە سەر زاری هەموو خەڵکی شارەکە.


رۆژێـک پاشا و سەرۆکی وەزیـران و سـەرۆکی پاسەوانەکانی و تـیـپـێکی ئەسپسواری پاسەوانەکانی، بەنـاو شەقامەکانی شارەکەدا گەڕان. روویان لە هـەر شوێـنێک دەکـرد، گـوێیان لە سـروودەکەی مـن بـوو. پاشا بە تـووڕەییـەوە بەسـەر سـەرۆکی وەزیـرانـدا هـاواریکـرد.


پاشـا: جەنـابی سـەرۆکی وەزیـران. بـۆ هـێـشتان ئـەم سـروودە لە شاردا بـڵاوبـێـتەوە؟
سـەرۆکی وەزیـران: پاشـای گـەورەم، دەمی کێ بـگـریـن. منـداڵان و لاوان و گەورەی شارەکەمان، ئـەم سـروودە دەچـڕن.. چی بـولبـوول و چـۆلەکە و کـەو و باڵـندە هـەیە، ئـەم سـروودە دەچـڕن! دەمی کـێـیان بگـریـن؟
پاشا: دەبێت هەر ئەمـڕۆ، بە دوای نووسەری سروودەکە و ئاوازدانەرەکەیدا بگەڕێـن و بیـان دۆزنـەوە و بیـانگـرن. بە دەست بەستراوی بیـانهـێـنن بـۆ کـۆشکەکـەم. خـۆم دەزانـم کە چـۆن فـەلاقـەیـان دەکـەم و چ سـزایـەکی قـورسـیان دەدەم.
سـەرۆک وەزیـران: پاشـای مـەزنـمـان، کـێ بگـریـن؟ دەڵـێـن بـولـبوولـێک ئـاوازی سـروودەکەی دانـاوە. لە ئـێـستادا بە سەدان بـولـبوول دەیچـڕن.. چـۆن بـزانـین کام بـولـبـوولە و لە کـوێ دایـە؟ چـۆن بـیگـریـن؟! دەشـڵـێـن ئـەو هـۆنـراوەنـووسەی کە ئەم سروودەی داناوە، نـاوی راستیی خـۆی نەنـووسیوە، تەنهـا لەژێـر سروودەکەیـدا نووسیوێتی (ئازادیخـوازێک) ئێمە چـۆن بـزانین ناوی راستیی دانەرەکـەی چـییە و لە کوێـدا دەژی؟ هەمـوو خەڵکی وڵاتەکەشـمان ئازادیخـوازن. کێ بگـرین؟ یان کێ ناڵـێت سـرووددانەرەکە، لە تـرسی گـرتـن و بەنـدکـردن، سەری خـۆی هـەڵـنەگـرتـووە و ئەم وڵاتـەی بەجـێـنەهـێـشـتووە؟
پاشـا: بێـدەنـگـبە و لـەمـە زیـاتـر مـەڕێــسە، ئـەم قـسانە بە گـوێـمـدا ناچـن. لە هـەر شـوێـنـێکی دنیـادا بـن، بیـانگـرن و بیـانهـێـنـن.. ئەگـیـنا سـزای قـورسـتان دەدەم.


لەو رۆژەوە تا ئەمـڕۆ، بە دوای منی سـرووددانەر و بە دوای بـولـبوولی ئاوازدانەری سـروودەکـەمـدا، دەگـەڕێـن و.. دەگـەڕێـن.. بـەڵام نامـانـدۆزنـەوە و.. نامـانـدۆزنـەوە.

 

٢٠٢٦ - دوبـەی
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک