ئازادى
ئەو بەهایەى هەموو داواى دەکەن بەڵام زۆر دەگمەن پێشێلیناکەن.

محەمەدى مشیر
هەرچەند لە سروشتى هزرى و دەروونى پێکهاتە و تاکەکانى ئەو کۆمەڵگەیەى
لەمەڕ خۆمان رادەمێنم و سەرنجى دەدەمێ، دەبینم هەرچى دەمى دەکاتەوە باس
لە ئازادى و ئازادى رادەربڕین و رێزگرتن لە مافى ئەوى دیکەى جیاواز و
لێبوردەیى و...تاد، دەکات، کەچى زۆرێنەى ئەوانەشن هەر لەگەردى بەیانەوە
تا زەردەى خۆرئاوا بە شێوازى جۆراوجۆر و لە شوێنە تایبەت و گشتییەکان
ئازادى پێشێل و ئەنجن ئەنجن دەکەن.هەن تامەزرۆیى ئازادین و هەرچى بکەن
بە ئازادیى دەزانن، هەن ئازادى لەوەدا دەبیننەوە کە ئازادانە هەرچى
بیانەوێ بە خەڵکى بکەن، هیدیکەش هەن لەو نێوانەدا ئازادانە خۆیان بە
کۆیلەى ئەم و ئەو دەکەن، هەموو باس لە ئازادى دەکەن بەڵام زۆربەیان
پێشێلیدەکەن. حزبە باڵادەستەکان لەهەموو کۆڕو کۆبوونەوە تایبەتەکانیان
یان لە بۆنەو مەراسیمە فەرمییەکان ئازادى بەخەڵک و ئەندام و
لایەنگرانیان دەفرۆشن و (ئازادیان) دەکەن، کەچى ئازادى ئەندامانى
حزبێکى دیکەیان قەبووڵ نییە تەنانەت ئەگەر ئەو حزبە لە تێهزرین و
بەرنامەکانیشدا جیاوازییەکى ئەوتۆى نەبێت لە گەڵیاندا، گەورە بەرپرسان
زۆرئازادانە و بێ سانسۆر هەموو قسەیەک دەکەن، بەڵام رازى نین
رۆژنامەنووسێک رەخنەیەکى بەجێیان لێبگرێ، زۆربەى وەزیر و پەرلەمانتار و
بەرپرسە حزبى و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە رەوتار و نووسینى رەخنەگر و
بنیاتنەرانەى رۆژنامەنووسان ناڕازین و دڵیان دەگوشرێ، بەڵام زۆر
ئاساییە بە لایانەوە لە لێدوانێکى زۆر ئازاددا دڵى هەموو خەڵک بڕەنجێنن،
هەندێ لە بەرپرسان ئازادانە و بێخاترانە تەواوى کۆمەڵگە بە نەزان و
کاڵفام و...دەزانن، بەڵام ئەگەر تاکە ئەندامێکى سادەى ئەم کۆمەڵگەیە
ئازادانە گلەیى لەو رەوتارەیان بکات بە گێرەشێوێن و سەرەڕۆ و ئاژاوەچى
لە قەڵەمى دەدەن.
ئازادانە لە پڕۆسەى بنیاتنانەوەى عێراقى نوێ بەشداریمان کرد، ئازادانەش
ئەم رۆڵەی ئێمەیان بەهەند وەرنەگرت،لە نێو خۆماندا بۆ یەکتربڕین و
ناشرینکردنى یەکودوو زۆر ئازادین، لە دانوستان و گفتوگۆیەکانى
دەرەوەشدا (دۆستەکانمان) داوامان لێدەکەن خۆمان سەخڵەت نەکەین و
ئازادانە لە مافەکانمان خۆشبین، هەمووى هەر ئازادییە، بەڵام گەلۆ زۆر
لەوە دەترسم وەک چۆن ئازادانە دەستمان پێکرد هەروا ئازادانەش کۆتایى بە
هەموو شتێک بهێنین!
|