ئازادیی بیروڕا و فۆبیای ئیسلامی. سه‌باره‌ت به یاداشتنامه‌ی کۆمه‌ڵێک مه‌لای کوردستان .
حه‌مه‌غه‌فور
سه‌ره‌تای مانگی ئایاری ئه‌مساڵ کۆمه‌ڵێک مه‌لای ئایینی ئیسلام "یاداشتنامه"یه‌کیان ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتداران‌و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان کردبوو، که تیایدا ژماره‌یه‌ک نووسه‌رو ئازادیخواز که ڕه‌خنه‌ی زانستی‌و بنیاتنه‌ریان له ئاینی ئیسلام‌و کاریگه‌ری به‌هاکانی به‌سه‌ر زه‌ین‌و هووشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگ‌و تێڕوانینی خه‌ڵکه‌وه گرتووه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌و که‌ناڵی ڕاگه‌یاندن‌و چاپخانه‌و تد، که به بیانووی سووکایه‌تیکردن به ئاینی ئیسلام‌و پیرۆزییه‌کانی به "تاوانبار" ناوزه‌دکراون، وه داواکاری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و سزای توندی شه‌رعیان ده‌که‌ن. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی مه‌لاکان ئاراسته‌یه‌کی ناشیرینی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵی کوردستانه‌و دیار نییه خه‌ڵکی کوردستان هێشتا ده‌بێ چه‌ندی تر ته‌حه‌مولی ئه‌م باره سه‌خته بکه‌ن‌و هه‌تا که‌ی جه‌وری ئه‌م دۆگما ئایینییه بکێشن!
خودی ئه‌و یاداشته قه‌ترانییه به ته‌نها پێمانئه‌ڵێت که تا چ‌ڕاده‌یه‌ک ترسناک‌و کاره‌ساتباره ئه‌گه‌ر ده‌ستی دین‌و پیاوانی ئایینی له ده‌سه‌ڵات‌و له ده‌وڵه‌ت دوور وه جیانه‌کرێته‌وه، ئه‌گه‌ر بێت‌و کاریگه‌ریی‌و ده‌خاله‌تی به‌سه‌ر ژیان‌و چاره‌نووس‌و که‌سایه‌تی زاتی ئینسانه‌وه پاکنه‌کرێته‌وه! ئه‌م یاداشته گه‌وهه‌ری دژ‌و پێچه‌وانه‌ی تێڕووانینی فکرو ئایدیۆلۆژیای ئایینی ئیسلام به جوانترین شێوه ده‌خاته‌ڕوو سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و به‌هاکانی، سه‌باره‌ت به مرۆڤ‌و ئه‌رک‌و ماف‌و ئازادییه‌کانی، سه‌باره‌ت به ئاماده‌بوونی جووڵانه‌وه‌یه‌کی زانستی‌و ڕۆشنگه‌ری که له‌م ده‌ڤه‌ره که‌وتۆته سه‌ر پێ، وه ده‌رباره‌ی خواست‌و ئاره‌زوویه‌کی قووڵ‌و بێئه‌وپه‌ڕی کۆمه‌ڵی کوردستان‌و خه‌ڵکه‌که‌ی بۆ جێهێشتنی هه‌موو شتێکی کۆن‌و داڕشتنی بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵگایه‌کی هاوچه‌رخ‌و ئازاد‌و کراوه. ئه‌م یاداشته نامۆیی‌و نه‌هاتنه‌وه‌ی دیدو ڕێباز‌و ئایدیۆلۆژیای ئایینی به گشتی‌و دین‌و دیانه‌تی ئیسلامی به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ڕێڕه‌وی مێژوویی نیشانئه‌داو ئه‌یسه‌لمێنێ که چۆن ته‌شقه‌ڵه‌و ته‌گه‌ره‌یه‌کی گیانسه‌خته له‌به‌رپێی پێشکه‌وتن‌و نوێبوونه‌وه‌دا.
له ناواخنی ئه‌م یاداشته‌ی پیاوانی ئایینی کوردستاندا سه‌رباری بانگه‌شه‌ی ئاشکرا بۆ ده‌مبه‌ستن‌و چه‌پاندن‌و تۆقاندن‌و هه‌ڵواسین‌و تیرۆر، قه‌باره‌و هه‌یکه‌لی دامه‌زراوه‌یه‌کی زه‌ببه‌للاحی ئیسلامیی ئاماده‌یه بۆ وه‌ستانه‌وه له‌دژی ڕه‌وه‌ندی ڕوو له‌پێش‌و ڕوو له گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان، به‌مه‌به‌ستی کوێرکردنه‌وه‌ی داهێنانه‌کان‌و خه‌للاقییه‌ته‌کانی ئه‌م خه‌ڵکه‌و ئه‌م ووڵاته!
به‌پێچه‌وانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی نووسه‌رانی ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌وه که سینیاڵیان لێدابوو گوایا خه‌ڵکی کوردستان تووڕه‌و ناڕازین، که‌چی به‌شوێن بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م یاداشته‌دا کۆمه‌ڵگای کوردستان نه‌ک هه‌ر له‌جێی خۆی ته‌کانی نه‌خوارد، بگره له ئاستی لێپرسراوێتیدا ڕاوه‌ستاو هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی دیالۆگ هه‌ڵبژارد. به‌ڵام به‌سته‌ڵه‌کی قه‌تماغه‌ی قه‌ترانیی هه‌زاران ساڵه‌ی فکرو ئایدیۆلۆژیای ئایینی له‌کوێ له مانای دیالۆگ تێئه‌گا، یاخود که‌ی هێزو توانای ململانێی فکری‌و دانیشتن‌و حیواری هه‌یه! به‌ڵام له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌ی ئێجگار شوێنی سه‌رنج‌و تێڕامانی گشتی بوو کاردانه‌وه‌ی خێرای سه‌رۆکی هه‌رێم(مه‌سعود به‌رزانی)بوو که داوای پێکهێنانی لیژنه‌یه‌کی کرد بۆ به‌دواداچوونی بابه‌ته‌کانی ناو یاداشته‌که.
ئه‌م کێشمه‌کێشه له نێوان تاریکستانی ئیسلامی له‌لایه‌ک‌و ئازادیخوازان‌و بوێران‌و ڕه‌خنه‌گرانی شایسته‌و جه‌سوور له‌ولای تره‌وه شتێکی تازه نییه‌و زۆر به‌ر له تیرۆری عه‌بدولخاله‌ق مه‌عروف‌و پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ووتاری (ئیغتیسابی ژنان له ئیسلام)ی ڕێبوار ئه‌حمه‌د له بڵاوکراوه‌ی (بۆپێشه‌وه)دا، وه به‌دوای (حه‌مله‌ی ئیمانی ڕژێمی سه‌ددام بۆ سه‌رپه‌ڕاندنی ژنان به بیانووی له‌شفرۆشییه‌وه) چ‌جای ته‌خشان‌و په‌خشانی فه‌توای ڕه‌شه‌کوژی ژنان‌و کیژانی تازه‌لاوو دڵدار له بڵندگۆی مزگه‌وته‌کانی کوردستانه‌وه به به‌هانه‌ی سڕینه‌وه‌ی عارو ئازاکردنی گه‌ردنی نامووسپه‌رستانه‌وه هه‌تا بگات به کاره‌ساتی فلیقاندنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی نازداری (دۆعا) له‌ناوه‌ڕاستی مه‌یدانی شاردا ده‌ستیپێکردووه. ئه‌و نووسه‌رو ئازادئه‌ندێشانه‌ی وا ئه‌و یاداشته ده‌یانگرێته‌وه ڕه‌خنه‌ی بوێرانه‌یان ئاراسته‌ی فکرو ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی کردووه له‌پێناوی ڕۆشنگه‌ری‌و به‌رگرتن به‌و شاڵاوی تاوانکاری‌و جینۆساید‌و داخرانه‌ی وا سه‌دان ساڵه له‌ژێر ناوی پیرۆزییه‌کانی ئیسلام‌و به‌ها کۆن‌و به‌سه‌رچووه‌کانی سه‌ده‌کانی ڕابردوودا له‌دژی ئازادیخوازان، ڕۆشنبیران، ئاته‌ئیسته‌کان‌و سکۆلاریسته‌کان‌و ژنان‌و کیژانی ئازاده‌و دڵدار وه لایه‌نگارانی دیالۆگ‌و فره‌یی‌و کرانه‌وهو کۆمه‌لگا خراوه‌ته‌گه‌ڕو زۆر به سه‌ختی پرۆسه‌ی گۆڕان‌و گه‌شه‌و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی په‌کخستووه!
ئه‌م یاداشته خۆی زۆر ئاشکراو ڕاشکاوانه لێوانلێوه له سووکایه‌تیکردن به مرۆڤ‌و ماف‌و ئازادییه‌کانی، پڕاوپڕه له بانگه‌شه‌ی توندوتیژیی بێ‌ئه‌وپه‌ڕ له دژی هه‌موو ئینسانێکی بێ‌تاوان، ئه‌مسه‌ر تا ئه‌وسه‌ری هه‌مووی تاوانبارکردنی بێ‌بنه‌ماو پێ‌له‌هه‌واو نه‌سه‌لمێنراوو نایاساییه له دژی نه‌یارانی فیکری‌و ئایدۆلۆژی، پێشێلکردنی هه‌ق‌و مافی تاک‌و کۆیه‌و بانگه‌شه‌ی ئه‌نفال‌و جینۆسایدێکی ڕوون‌و ئاشکراو بێ‌په‌رده‌یه‌و ده‌بێ نووسه‌ران‌و ئیمزاکه‌رانی بدرێنه دادگا‌و سزای یاسایی بدرێن.
کوردستان کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نییه‌و سه‌رباری هه‌ڵواسراویی چاره‌نووسی سیاسییه‌که‌ی، حکومه‌ت‌و یاسایه‌ک له‌ئارادایه‌و نابێ ڕێگابدرێ به هیچ که‌س‌و لایه‌نێک به‌بیانووی هیچ پیرۆزی‌و موقه‌ده‌ساتێکه‌وه ئازادی‌و مافه‌کانی ئینسان بخاته‌ژێرپێوه‌و بانگه‌شه بۆ توندوتیژی‌و تۆقاندن‌و پاکسازی مرۆڤ بکات له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قیده‌یی‌و ئایدیۆلۆژی.
تاوانبارکردنی به‌کۆمه‌ڵ که یه‌کێکه له ڕه‌کیزه‌کانی ئه‌و یاداشتنامه‌یه خۆی تاوانێکی گه‌وره‌یه‌و نابێ له‌ژێر هیچ بیانوویه‌کدا له کوردستان ڕێگه به هیچ که‌س‌و هێزو لایه‌نێک بدرێ ده‌سی بۆ به‌رێ! چونکه ئه‌وه که‌ره‌سه‌و پاشماوه‌ی داهێنانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هاو تۆتالیتاریی ئایینییه‌و له‌وانه‌ش ئایینی ئیسلام که له سوره‌تی ئه‌نفال‌و چه‌ندین جێگای تری "قورعان"دا ته‌ئکیدی له‌سه‌ر کراوه‌ته‌وه. ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و یاداشتنامه‌یه ده‌یانگرێته‌وه ئێجگار زۆرن. پیاوانی ئایینی هاتوون له‌سه‌رووی ده‌سه‌ڵات‌و یاسا‌و سه‌روه‌ری‌و به‌هاکانه‌وه به‌ناو پڕوپووچی موقه‌ده‌ساتدا باڵده‌گرن‌و شمشێری هارونه‌ڕه‌شید ڕائه‌وه‌شێنن‌و گه‌ره‌کیانه له‌م هه‌زاره‌ی سێهه‌مه‌دا پێمانڕاگه‌یه‌نن که ئه‌وه‌ی ده‌نکه جۆیه‌کی سوڵتانی خواردبێ ئه‌که‌و‌ێته به‌ر غه‌زه‌ب‌و تووڕه‌یی خوداوه‌و جێبه‌جێکردنی ئه‌و غه‌زه‌به‌ش ئه‌رکی نوێنه‌رانی خودایه له‌سه‌ر ئه‌رز!
ئه‌م یاداشتنامه‌یه له‌ئاستی بانگه‌شه‌ی ئه‌نفالدایه‌و خاوه‌نانی ئه‌و یاداشته پێویسته لێپێچینه‌وه‌ی یاساییان له دادگایه‌کی ئاشکرادا له‌گه‌ڵدا بکرێ‌و سزای یاسایی خۆیان وه‌رگرن. له هه‌مانکاتدا پرۆسه‌ی لێپێچینه‌وه‌ی درووستی یاسایی له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵه مه‌لایه‌دا بکرێته که‌ره‌سه‌و بنه‌مای داڕشتنی بڕیارێکی یاسایی بۆ به‌رگرتن به‌م جۆره کارانه‌و بۆ پارێزراوبوونی ئازادی بیروڕاو ئازادی ڕه‌خنه‌گرتن له کوردستان. له‌گه‌ڵیشیدا قه‌ره‌بووی له‌که‌داربوونی که‌سایه‌تی‌و حورمه‌تی ئینسانیی وه ڕۆشنبیریی بۆ ئه‌و نووسه‌رانه‌و بۆ ئه‌و که‌ناڵ‌و ڕۆژنامانه‌ی له‌و یاداشته‌دا ناویان هاتووه بکرێته‌وه! له‌م ڕیگایه‌وه ده‌کرێ کۆمه‌ڵگای کوردستان‌و به‌ها پیرۆز‌و جوانه‌کانی، له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه سه‌رجه‌می هاووڵاتیان‌و ماف‌و ئازادییه‌کانیان له‌مه‌ترسی دۆگما‌و ده‌مارگیری ئایینی‌و بیر‌و بڕوا‌و ئایدیۆلۆژیای سه‌پێنراو پارێزراو ڕابگرین‌و هه‌میشه له گه‌شانه‌وه‌دا بن!
10/6/2008 hamaxafoer@yahoo.com
|