|
١٤\٢\٢٠٢٦
ئازادیی دەربڕین.
دارا خونچە
کە
لە ئازادیی دەربڕین دەدوێین.. هیچ پێویستمان بە چەقەچەقی ئەکادیمیایی و
فەلسەفیی نییە تا پێناسەی سەیروسەمەرەی بۆ دابتاشین! هەروا ئەو گشتە
پەیف و گوزارشت و دەستەواژە بێ واتا و سەرلێشێوێنەر و
هەڵبزوڕکاوانەشمان گەرەک نییە کە بیرمەندان و رۆشنبیران کاوێژیان پێوە
دەکەن و بە پێی بەرژەوەندییە تەسک و خۆپەرستییەکانیان ئازادیی دەربڕینی
پێ لە چوارچێوە دەگرن! تەنانەت پێویستە بەرپەرچی ئەو تێڕوانینە
میللییانەش بدەینەوە کە زۆرێک لە چین و توێژە هەژار و کرێکارییەکان بە
هۆی چەوسانەوەکەیان لە نەزانیی نقوم بوونە ''بە تایبەتییش دینییەکان و
نێرسالارەکانیان'' پێیانوایە ئازادیی دەربڕین واتە بەرەڵایی یان بە
ئارەزووی خۆت وەنێوبکەوی!
بەڵکە ئازادیی دەربڕین زۆر بە سادەیی و بە روونیی و راشکاویی واتە؛ هەر
کەسێك بێ لەبەرچاوگرتنی رەنگ و رەگەز و نەتەوە و دین و هەر لەمپەرێکی
دیکە و بەوپەڕی ئازادیی لە سەرجەم کار و جوولە و هەڵسوکەوتەکانی
ژیانیدا ناخی خۆی دەرببڕێ، بە شێوەیەکی رۆشنتر واتە بتوانێ ئازادانە
خۆی کار و چالاکییەکانی رۆژانەی ژیانی خۆی هەڵببژێرێ و ئەنجامیانبدا،
لە رووی هزر و فەلسەفە و رامیاریی و رێکخرابوون و کۆی کار و چالاکییە
فەرهەنگییەکانیش جیهانبینیی و تێڕوانینەکانی خۆی لە رێی ئاخاوتن و
نوسین و هونەر و هەر ئامرازێکی میدیایی هەیە دەرببڕێ، لە خواردن و
خواردنەوە و سێکسکردن و هەر جۆرە پەیوەندییەکی سۆز و خۆشەویستیی
بەهرەمەند بێ، خۆی بڕیار لەسەر شوێنی نیشتەجێبوون و چۆنیەتی و چەندیەتی
گەشت و گەڕانی خۆی بدا، لە نمایشکردنی کردنی جەستەدا خۆی جلوبەرگ و
رەنگ و شێوە و ئاکاری خۆی دەستنیشان بکا... بە کورتییەکەی لە تێکڕای
خۆدەربڕینی خۆی ئازاد بێ، بەڵام نابێ بە هیچ جۆر و شێوەیەک لە کاتی
هەڵسوکەوتکردن و پێڤاژۆی هیچ ئازادیی دەربڕینێک زیان بە ماف و ئازادییە
گشتییەکان و پاراستنی ژینگە بگەیەندرێ.
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|