٥\٣\٢٠٢١
ئازادیی دەربڕینی
بیروڕا لە کوردستان و کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان.

هیوا ئەحمەد
سەرەتا بۆ تێگەیشتن لەم پرسە دەبێت پێناسەیەکی کورتی ئازادیی دەربڕینی
بیروڕا بکەین بە گشتی تا بزانین لە کوردستاندا چەندێک ئەم مافە بوونی
هەیە و لایەنەکانی چۆنە.
ئازادیی دەربڕینی بیروڕا بە گشتیی واتە: دەەربڕین و خۆنیشاندانی
بێمەرجی مرۆڤ لە هەموو روویەکەوە، ئازادیی تەواوی هەڵسوڕانی سیاسی،
دروستکردنی حیزب و ڕێکخرای سیاسی و جەماوەری ومەدەنی، ئازادیی
خۆپیشاندان و گردبونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین، ئازادیی دەربڕین و
رەخنەگرتن لە هەر بیروباوەڕێکی جیاواز، ئازادیی رۆژنامەگەریی، ئازادیی
هەجوکردن، ئازادیی دەەربڕین و خۆنیشاندان لە رووی هونەریی و
ئەدەبییەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێستا دەستورێک نییە کە مافی ئازادیی دەربرینی
بیروڕا و ئەم مافە سەرەتایانەی خەڵکی تێدا جێگیرکرابێت و بەفەرمی
ناسێنرابێت لە لایەن دەسەڵاتەوە، ئەوەی تا ئێستا هەیە و دادگاکانی
کوردستان کاریپێدەکەن یاسای سزادانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و ئەو
یاسایانەن کە هەموارکراونتەوە کە یاساگەلێکی تەواو دژە ئازادیی و
سەرکوتگەرانەیە و دژی سەرەتاییترین مافی مرۆڤە، بەم پێیە یاسایەکی
دانپیانراو و فەرمی سەبارەت بە ئازادیی دەربڕینی بیروڕا لە کوردستان
بونی نییە.
لە لایەکی ترەوە یاسای ئازادیی رۆژنامەگەری هەیە کە لە لایەن پەرلەمانی
کوردستانەوە دەرچوێنراوە، کە ئەویش دەیان مەرج و ڕێگری بۆدانراوە وەک:
ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی نەخاتە مەترسییەوە، دژ بە ئاداب و ڕەوشتی
گشتی نەبێت، دژ بە بنەماکانی شەرع و دین نەبێت... وەختێک ئەم هەموو
مەرجە دادەنرێت ئیتر بە هیچ شوەیەک ناتوانرێت لە خانەی ئازادیی بێمەرجی
بیروڕادا دابنرێت. چونکە هەر ئەو بیانوو و تۆمەتەی کەئەمرۆ شێروان
شێروانی ڕۆژنامەنووس و هاوڕێکانی پێدادگایکراوە ئەوەیە کە دەلێت
ئاسایشی نیشتیمانیان خستۆتە مەترسییەوە!
ئەو کەمە ئازادییەی کە ئێسا لە کوردستان هەیە خێر و سەدەقەی دەسەڵاتی
حیزبەکانی کوردایەتی نییە هەروەک هەمیشە ڕیاکارانە بۆ چەواشەکردنی خەڵک
بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو ئاکام و درێژکراوەی ئەو کەشە نیمچە ئاواڵا
سیاسیەیە کە بەهۆیی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە بەهاری ١٩٩١دا دژ بە
رژێمی بەعس ئەنجامیاندا هاتەئاراوە. بەوەدەرنانی رژێمی بەعس و لاوازبون
و هەڵوەشانی پایەکانی دیکتاتۆریەت و سەرکوت، خەڵک توانی تا ئاستێک سود
لەو کەشە ببینێت و پییادەی هەندێک لە ئازادییەکانی خۆی بکات.
بەدەسەڵاتگەیشتنی ناسیونالیزمی کورد وحیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی
بەپشتیوانی ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا هەر لەسەردەمی بەرەی کوردستانیەوە
تا ئەمڕۆ ئەم دەسەڵاتە لەهەوڵی بەرتەسکردنەوە و نەهێشتنی ئەم کەمە
ئازادییەدا بوە، خودی دادگایکردن و سزادانی دەستگیرکراوانی سیاسی و
رۆژنامەنوسی بادینان لەڕاستای ئەم پرۆسەی بەرتەسکردنەوە ونەهێشتنی
تەواوەتی ئەم کەشە نیمچە ئاواڵا سیاسیەدایە کە جەماوەری ئازادییخوازی
کوردستان لە خەباتدان بۆ هێشتنەوەیی وپاراستنی.
حیزبەکانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد کە خۆی لە یەکێتی و پارتی و
حیزبەکانی بەشدار لە حکومەتدا دەبینێتەوە بەهۆی ناڕەزایەتی قوڵی
جەماوەری کوردستان دژ بەپێشێلکردنی ئازادییەکان و سەرکوت و دزی
وگەندەڵی دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە و هەروەها بەهۆی یەکلانەبونەوە و
نادیاربونی ئاسۆ و داهاتوی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، دوچاربونیان بە
قەیرانێکی قوڵی حوکمڕانی و سیاسی و ئابوری وکۆمەڵایەتی، قوڵبونەوەی
جیاوازی وململانێی سیاسی و حوکمڕانی و حیزبی وبنەماڵەیی و دابەشبونیان
بەسەر دوو قەڵەمڕەوی دەسەڵات و دوو جەمسەری سیاسی ناوچەیی دژ بەیەک کە
بەرەی ئێران و تورکیان، تا ئێستا نەیانتوانیوە دەسەڵاتێکی یەکدەست و
یەک ناوەند و تەواو دیکتاتۆریانە دروستبکەن کە بتوانن بەزەبری هێزی
سەرکوت تەواوی ئەو دەسەتکەوتانە لە خەڵک وەربگرنەوە کە لە ئاکامی
ڕاپەڕینی ساڵی ٩١ دا بەدەستهاتن، هەر بۆیە ئەم کەشە سیاسی و ئازادییە
نیمچەئاواڵایە بەجۆرێک تا ئێستا بەردەوامی هەیە.
بەڵام ئەم دەسەڵاتەی کوردستان لە لایەکەوە کەوتۆتە بەر ناڕەزایەتیەکی
قوڵی خەڵک و داوای ڕوخاندنی دەکرێت، وە لەلایەکی تریشەوە بەجۆرێک توشی
قەیرانی سیاسی وحوکمڕانی و ئابوری بوە کە تەنها بە سەپاندنی
دیکتاتۆریەت و سەرکوتکردن دەتوانێت درێژە بەدەسەڵاتەکەی بدات هەربۆیە
کەیسی دادگایکردنی دەستگیرکراوانی بادینان لەڕاستای توندکردنەوەی ئەم
سەرکوت ودیکتاتۆریەتەی ناسیونالیزمی کورد وحیزبەکانیدایەبۆ بەرگرتن
بەڕاپەرینی جەماوەری خەڵکی کوردستان.
هەردوو حیزبی ناسیونالیستی کورد، یەکێتی و پارتی، ئازادیی دەربڕینی
بیروڕا لە فەرهەنگ و بەرنامەی سیاسی و پراتیکی ئەم دوو حیزبەدا نییە چ
ئەوکات کە لە شاخ بون چ ئێستا کە ئەوە سی ساڵە لە دەسەڵاتدان. هەمیشە
پێشێلکاری ئەم مافە بون و بەجۆرەها شێوە وبیانوی جۆراوجۆر
سەرکوتیانکردوە، تا ئێستا هەزاران نەیاری سیاسی خۆیان زیندانی
وئەشکەنجە وتیرۆرکردوە و دەیەها رۆژنامەنوس و نوسەر و خەڵکی
ئازادییخوازیان تیرۆر کردوە کە نموونەکانی سەردەشت و سۆران و کاوە
گەرمیانی و چەندەهای ترە.
لە کەیسی دادگایکردنی دەستگیرکراوانی بادینانان و حوکمدانیان بە شەش
ساڵ زیندانی، مەبەستی پارتی لەمە ئەوەیە کە ئەو سەرکوتکردنی ئازادیی
سیاسیەی کە لەماوەی دەسەڵاتداریەتیاندا تا ئێستا پایادەیان کردوە،
بەسازدانی سیناریۆیەکی قێزەونی لەمجۆرە بەیاسایی بکەن و شەرعیەتێکی
یاسایی پێبدەن و بە یاسا قەدەغەی بکەن. بەم پێیەش کۆمەڵگا و جەماوەری
کوردستان و چالاکەوانان و رۆژنامەنوسان چاوترسێن بکەن بە جۆرێک کە
بیکەنە لەمپەرێکی یاسایی بۆ ئەوەی لە داهاتودا ڕێگە لەهەر جۆرە
ناڕەزایەتیەک و ڕەخنەیەک کە لەبەرامبەر دەسەڵاتەکەیاندا دێتەئاراوە
بگرن و لێرەشەوە بتوانن درێژە بەدەسەڵاتی سەرکوتگەرانەیان بدەن تا
بتوانن کەڵەکەی سەرمایەی زیاتر و درێژە بە گەندەڵی و دیزینی سەروەت
وسامانی کوردستان بدەن و خەڵکیش لە برسێتی و نەبوونی و ژیانێکی
کولەمەرگیدا بهێڵنەوە.
ئەم سیاسەتەی پارتی ئەگەر بۆیی بچێتەسەر هەنگاوێکی مەترسیدارە بۆ خەڵک
وکۆمەڵگا و پێویستە هەموو ئازادییخوازان و خەڵکی کوردستان بەگشتی لە
هەوڵی جدیدا بن بۆ بەرگرتن بەم سیاسەتە و پاشەکشەپێکردنی.
ماڵپهڕی هیوا ئهحمهد
|