١\١٠\٢٠١٤
ئازادیی
لە لێوانم دەزێ!

دارا
خونچە
ئازادیی؛ نە لە
ئاسمان دادەباری
نە لەو
گۆڕەش
پەیدا دەبی،
ئەز سوڕ دەزانم ئازادیی
تەنێ لەسەر لێوەکانم
ئاوس دەبی و
لەوێش دەزێ!
* * *
کەنگێ پەیڤە
بڤەکان و
گوزارشتە رۆشنەکانم
بێ ترس و پرس و بێ پەروا
وە جریوە جریو
لەسەر لێوانم هەڵفڕین؛
هەنگێ ئازادیی یەک واتای دەبی!
* * *
کەنگێ حەزە پەمبەکان و
خورپە (تەڕوبڕ)ەکانم
بێ ترس و پرس و بێ پەروا
ئارام ئارام
لەسەر لێوانم
داڕژان؛
هەنگێ ئازادیی یەک واتای دەبی!
* * *
ئیدی کەنگێش
تێکڕای جێپەنجەی لێوانم
بێ ترس و پرس و بێ پەروا
لەسەر هەر چشتەک
دەرکەتن؛
هەنگێ ئازادیی سەت واتای دەبی!
کۆتایی ئەیلوولی
٢٠١٤ - لەندەن
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|