٢٨\٦\٢٠١٥
ئازادیی سوتاندنی
هێمایەکان.

حەمە غەفور
خەڵکو ڕای شەقام پێش ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی کوردی کەوتووە، چونکە
ڕاشکاوانەو بێ پێچو پەنا بە سووتاندنی وێنەی مەسعود بارزانیو
جامەدانی سوور وەکو هێما بۆ پارتی دژایەتیی خۆیان بەرانبەر
کاندیدبوونەوەی بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێم بەیان کردووە. ئەمەش لە
کاتێکدایە تەواوی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە لە پشتی خەڵکەوەو بە شێوازی جیاجیا
لەبارەی ئەم پرسە هەڵوێست دەگرنو زیاتریش بەرژەوەندی سیاسیی خۆیان پێش
هاوڵاتیان دەخەن، وە ئەگەر زۆرە ساتو سەوداو سازان بارزانی بکاتەوە بە
دیکتاتۆری هەرێم. ئەم هەنگاوەش هێمایە بۆ هەر کاریزماو ڕەمزێکی دیکە کە
ئاراستەی خۆسەپاندنی تێدا بەرجەستە بووبێت. لەم بارەوە دەنگۆو هەواڵی
ئازاردانو موتابەعەی کەسانێک لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی پارتییەوە
بڵاوبۆتەوە! هیچ ڕێو شوێنێکی یاساییو ئاساییشیش نەگیراوەتەبەرو ڕەنگە
لەداهاتووشدا نەگیرێتەپێش!
ئەرکی پارلەمانی کوردستان لێرەدا ئەوەیە بە یاسایەک ئازادی سووتاندنو
ژێرپێنانی هەر ڕەمزو پیرۆزیو کاریزمایەکی سیاسی کە هاوڵاتیان بە دژی
مافو ئازادیو چاوەڕووانییەکانی خۆیانی بزانن هەمووار بکات. چونکە
هاوڵاتیان مافی خۆیانەو دەبێت ئازادی ئەوەشیان هەبێت بە هەر شێوازێک
خۆیان بەباشی دەزانن ڕاو بیرو بۆچوونی خۆیان سەبارەت هەر دیاردەو
پیرۆزیو کاریزمایەک نیشانی ڕای گشتی بدەنو تەبلیغی بۆ بکەن.
بەرگری لە مافو ئازادییەکانی هاوڵاتیان بڕیارە بەیاسا پارلەمان
بەرجەستەو جێبەجێی بکات. بە پێچەوانەوە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ئەکەوێتە
بەردەم هەڕەشەو پەلاماردانەوە. ئەگەر پارلەمان کارێکی لەدەست دێت با
ئەم مافە بۆ هاوڵاتیان بە یاسا بسەلمێنێت. چونکە هاوڵاتیانی کوردستان
نایانەوێت مەسعود بارزانی جارێکی دیکە نەک هەر ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێم،
بەڵکە ناشیانەوێت باسی کاندیدبوونیشی بکرێتەوە. ئەوەش ڕوون بۆتەوە
هەموو ئاماژەکان سەبارەت بەم پرسە هەڕەشە لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی
کوردستان دەکات. پێویستە ئەم تەنگژەو قەیرانە بە یاسایەک ڕێکبخرێتەوە.
ئەگەر نا پارلەمان هیچکارەیەو باشترە باسی نوێنەرایەتی هاوڵاتیان
نەکات.
٢٦\٦\٢٠١٥
ماڵپهڕی
حهمهغهفور
|