ئازادى و
دیموکراسیەکە لە لوتکەیە!!

بەشدار عهلی
لە زانستى دەروونزانى جۆرە نەخۆشیەک هەیە، لەم نەخۆشیە مرۆڤ دوو
کەسایەتى دەبێت،کەسایەتیەک کە خۆى پیشانى دەرەوە دەدات و نمایشى
دەرەوەى پێدەکات و بەم کەسایەتیەى هەڵوێستەکانى بەرامبەر خەڵک
وەردەگرێت ،بێگومان ئەو کەسایەتیەش نەخوازراوە و دێوێکى تر لە ناخەوە
خۆى حەشارداوە و پێچەوانەى هەموو هەڵس و کەوتەکانى ،لەهەر دەرفەتێکدا
کە چاوى خەڵکى وون بێت بەم کەسایەتیە شاراوەى هەڵوێست وەردەگرێت و هەڵس
و کەوت دەکا، جا ئەو جۆرە مرۆڤانە ئامانجەکانى خۆیان وون دەکەن و
هەمیشە لەسەر پەتەکان یارى دەکەن و نابن بە خاوەنى هیچ شتێک و متمانەى
خەڵک و دەوروبەریان لەدەست دەدەن و دەکەونە کەنارەوە.چونکە ئەوەى
دەیکەن لە ناچاریە و بڕوایان پێى نیە و ناتوانن لەسەرى بەردەوام بن.
پارتى و یەکێتیش رێک دووچارى ئەو نەخۆشیە هاتوون ،لەبەرامبەر میدیاکانى
جیهانى و راى گشتى دەرەوە جۆرە تەمسیلێک و نمایشێک دەکەن زۆر
پێچەوانەیە لەگەڵ هەڵومەرج و واقعیەتى کار و کردەوەکانیان،ئیدعاى
ئازادى و دیموکراسى و مافى مرۆڤ دەکەن،کەچى لەلایەکى تر کەسایەتى و
کەڕامەتى ئینسانەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، یە یاسا و دەستور توندترین
سانسۆر لەبەردەم راى ئازاد و سەربەخۆ دادەنێن، ئازادییە فەردى و
مەدەنیەکان بەرتەسک دەکەنەوە، بە کورتى ئەوەى لە معدنى ئەسڵى ئەحزابى
ناسیونالیستى کوردیش گەیشتبێت ئەو راستیە بە ئاسانى درک دەکات کە
ناتوانن دەستبەردارى عەقڵیەتى خێلەکى بن و نەخۆشى ( دووفاقیان) بە
روونى لە سیمیایان دەبینێت کە (ئازادى و دیموکراسى و مافى مرۆڤ)بە
فەرهەنگى ئەوان نامۆیە،ئەوە تەمسیلە !لەبەرامبەر گۆڕان و
گۆڕانکاریەکانى دونیا و پێشکەوتنەکانى دووچارى ئەو نەخۆشیە هاتوون و
پێویستى بە نەشتەرگەریەکى گشتى هەیە بۆ گۆڕینى هەموو جومگەکان،ئەگینا
ئەم شەلەلیە بە مەترسەک تەواو دەبێت و چارەنوسێکى رۆشنیش نابێتە
نسیبیان .
بەهەر حاڵ ،بەپێى هەواڵێک لە لیستى(ئازادى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى ) ،(مام
سمایل ) پێشکەشکارى بەرنامەى (دەمەتەقێى بەیانیان) لە رادیویى ئاشتى کە
بەرنامەیەکە خەڵکێکى زۆرى شارى هەولێر و دەوروبەرى گوێى
لێدەگرن،هەروەها کاندیدى لیستى ناوبراو بۆ پەرلەمانى کوردستان لەلایەن
دەسەڵاتدارانى هەولێر بانگکراوە و هەرەشەى لێکراوە کە ناوى خۆى لەم
لیستەدا بکوژێنێتەوە،سەرەنجام لەژێر فشارەکاندا دەست لەکارکێشانەوەى
خۆى راگەیاندووە و ئامادەنوبوە ژیانى خۆى و خێزانەکەى بخاتە مەترسیەوە.
لەماوەى دوو دەیەى دەسەڵاتى کوردى ئەو جۆرە کار و کردەوەیە نامۆ نەبوە
بە ژیانى خەڵک و ئەمجارەش کە کاڵبونەوەیان خەریکە دەست پێدەکات ،چاوەڕوانى
هەڵوێستى ناشیرینتریش دەکەین و پەلامارى هەموو لایەک دەدەن بۆ ئەوەى
درێژە بە مانەوەى خۆیان بدەن،عەقڵیەتى دیکتاتۆرى و تۆلیتارى ئەگەر بە
ناچارى لەگەڵ تەپ و تۆزى قاچەکانى ئاڵوگۆڕەکانى دنیا لە دەرگاکانیان
چوبێتە دەرەوە ،کۆنکرێتى ژێر سەقفەکانیان شکاندووە هێناویانەتەوە ناو
ماڵ و دامودەزگاکانمان. هەڵوێست هەنگاوەکانى بەر لە هەڵبژاردن و رۆژانى
داهاتوش پێمان دەڵێت نەک هەر ناتوانن لەگەڵ پێشکەوتن و کرانەوەکانى
دنیا هەڵ بکەن ،بەڵکو دژیشى دەوەستنەوە،نەک هەر نەیانتوانى ئەزمونێکى
جوان نیشانى دەرەوە و ناوەوە بدەن،بەڵکو خەریکە لەزۆر لایەنەوە دەچێتە
دواوەى حکومەتە پڕکێشەکەى بەغداشەوە !
Bashdar_net@yahoo.com
|