١٨\١١\٢٠٢٣
ئازادیی خەڵکی فەلەستین،
رزگاریی خەڵکی
ئیسرائیلیشە لەو تاوانانەی کە بە ناوی ئەوانەوە ئەنجامدەدرێ.

عامر سابیر
لە مێژووی ئیسرائیلدا هیچ کات هێندەی ئێستا ئەکادیمیست و هەڵسوڕاوانی
سیاسی و نووسەران و میدیاکارانی بەڕەگەز جوو، لە ناوخۆی ئیسرائیل و
بەتایبەت لە دەرەوەیدا، وە لە دەرەوەش بەدیاریکراوی لە ئەمەریکا و
ئەوروپادا. هەرگیز هێندەی ئێستا ڕەخنەی تووند و کاریگەریان لە زایۆنیزم
و سیاسەت و هێڕشی دڕندانە و کارکردە نائینسانیەکانی حکومەتی ئیسرائیل
نەگرتووە. ئەمە خاڵێکی زۆر پۆزەتیڤە و ئێستا ئەوان زۆر زیاتر، لە زۆر
لە فەلەستینییەکان، لەبەرگری خەڵکی فەلەستیندان و بە بەڵگە و دۆکیمێنتی
سەرلمێندراوەوە بوونەتە هاواری گەرووی زووڵملێکراوانی فەلەستین لە دژی
جینۆساید و ئاپارتاید کە لە ١٩٤٨ەوە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی
ئیسرائیل، دەرحەق بە خەڵکی فەلەسین ئەنجامی ئەدەن. وێرانکردنی غەزە،
هێمای لاوازی ئیسرائیل و ئەمەریکایە، نەک پێچەوانەکەی.
ئەم بەناو لانکەی دیموکراسییەی ئەمەریکا و ئەوروپا لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا، ڕێگە بەهیچ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک نادات لە ناوخۆی
ئیسرائیلدا. هەرچی ڕەخنەی لێ بگرێ نانبڕاوی ئەکات. وە بە وەحشیانەترین
شێوە هەر ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێک دائەپڵۆسێ و تا ئێستا بە سەدان لە
خۆپیشاندەران و ناڕازیانی ئەشکەنجە داوە و زیندانی کردووە. لە کاتێکدا
کە حکومەتەکەی نەتەنیاهۆ ڕێگەی خۆپیشاندان نادات لە دژی جینۆساید و
تاوانی جەنگ و سزای بەکۆمەڵ و کۆمەڵکوژییەکانی دەرحەق بە خەڵکی
فەلەستین، بۆیە لە ٣٠/١٠/٢٠٢٣ ەوە بەرەی ناڕازی و پێشکەوتووخوازی ناو
ئیسرائیل، تاکتیک و داواکاری و شوێنی خۆپیشاندانەکانیان گۆڕیوە و ئێستا
لەبەردەم ئۆفیسی بنیەمین نەیەنیاهۆ (سەرۆک وەزیران) داوای
دەستلەکارکیشانەوە و دادگاییکردنی ئەو ئەکەن، بەوەی کە نەیتوانییوە لە
٧/١٠/٢٠٢٣ دا ئاسایشی خەڵکی ئیسرائیل بپارێزێ.
ئیلان پاپەی کە لە ٢٠٠٧دا لە ئیشەکەی دەرکرا لە زانکۆ حەیفا لە
ئیسرائیل، لەبەرئەوەی کە دژی سیاسەتەکانی حکومەتی ئیسرائیل بووە دەرحەق
بە خەڵکی فەلەستین و تا ئێستا ٢٠ کتێبی مێژوویی گرنگی نووسیوە کە
زۆربەیان بەرگرییە لە کێشەی ڕەوای خەڵکی فەلەستین. پاپەی لە ئێستادا
باوەڕی وایە کە لە ناوخۆی ئیسرائیلدا توانایییەکان سنوردارن بۆ
ڕاوەستانی شەڕ و چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکی فەلەستین، پێی وایە چونکە
بەرەی ڕاست باڵادەستە کە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرست و ئاپارتایدە بەرانبەر
بە خەڵکی فەلەستین. پاپەی باوەڕی وایە کە ئەگەر کارێک و فشاریک بکرێ
ئەبێت لەدەرەوەی ئیسرائیل بکری و فشارەکان سەخت بکرێتەوە تا ئیسرائیل
لە کورت ماوەدا ناچار بە شەڕڕاگرتن و لە درێژ ماوەدا بهێندرێتە پای
داننان بە مافی خەڵکی فەلەستییندا.
ئەم وێرانکارییە بێ وێنەیەی ئیسرائیل بە پاڵپشتی مادی و مەعنەوی و بە
چەک و جبەخانەی ئەمەریکا ئەنجام ئەدرێ (ئەمەریکا ساڵانە ٣.٨ ملیار
دۆلار ئەدات بە جەیشی ئیسرائیل، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بۆ ئەم
وێرانکارییەی ئێستا ئەیکات، سەرۆکی ئەمەریکا -بایدن- داوای لە کۆنگرێس
کردووە کە ١٤ ملیار دۆلاری تر بەسەریەکەوە بدا بە ئیسرائیل). ئەمە
ئەڵقەیەکی ترە لە ڕۆچوون و لاوازی ئەمرکا و بە بنبەستگەیشتنی
سیاسەتەکانێتی لە ناوچەکەدا، بۆیە ئاوا بێ پەردە بەردەوامە لە پشتیوانی
ئیسرائیل و کوشتنی زیاتری مناڵان و دانیشتیوانی مەدەنی خەڵکی فەلەستین
و گوێ نادا بە یاسا دانپانراوەکانی مافی مرۆڤ و هەموو یاسا
نێونەتەوەییەکان و بڕیارەکانی (یو ئێن) پێشێل ئەکا و هیچ بەهایەک بۆ
ئیعتیباری خۆی و دەسکەلاکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دانانێ.
ئەوەی کە لە ٧/١٠/٢٠٢٣ دا ڕێکخراوی حەماس هێڕشێکی هەمەلایەنەی لە
ئاسمان و زەوی و دەریاوە کردە سەر ئیسرائیل، کە نزیک بە ١٢٠٠ کەسی
کوشت، کە نزیک بە نیوەی کەسانی مەدەنی بوون و لە نێویاندا ٣١ منداڵێشی
تیادا بوو، وە نزیک بە ٢٤٠ نەفەریش وەک بارمتە فڕێندران و لەگەڵ خۆیان
بردیان. وە لە بەرانبەر ئەو کارە تیرۆریستییەی حەماسدا ئەوە زیاتر لە
پێنج هەفتەیە ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی تیرۆریست و ڕەگەزپەرست و
ئاپارتاید، لەهەموو لایەکەوە هێڕشی دڕندانەی ئاسمانی و زەمینی کردۆتە
سەر فەلەستین و غەزە و تا ئێستا زیاتر لە یازدە هەزار و دووسەد و شەشت
کەسی سیڤیلی کوشتووە کە نیوەی مناڵانن، وە تا ئێستاش ئیسرائیل
بەردەوامە لەم کوشتارگا و کاولکاریەی کە بەشێکی زۆری غەزەی وێران
کردووە. لە کاتێکدا خۆپیشاندەران لە شەقامی شارەکانی دنیادا داوای
دەستبەجێی ئاگربەست ئەکەن، بەڵام سەرانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە
بیانووی بەرگری کردن لە خۆ، داوای درێژەدان بە هێڕش و کوشتنی خەڵکی
سڤیل و ئاگرباران کردنیان ئەکەن. بەڵام دەمیان ئەبێت بە تەڵەی تەقیوو
کاتێک هەندێ جۆڕنالیستی بە تەجرەبە پرسیاری ئەوەیان لێ ئەکەن کە ئایا
خەڵکی فەلەستینیش مافی بەرگری لەخۆ کردنی نییە؟
لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ دا بنیەمین نەتەنیاهۆ بە تاوانی گەندەڵی و دزی و
بەرتیل وەرگرتن، ڕاکێشرایە بەردەم دادگا و بە ٣٣٣ کەیسی گەندەڵی
تاوانبارکراوە و شەقامەکانی ئیسرائیل بە خۆپیشاندان لەدژی تەنرابوو. وە
لە مانگی جون و جوڵای ئەم ساڵدا (٢٠٢٣) دوای ئەوەی ویستی دەستوری وڵات
بگۆڕێ و دادگا سەربەخۆ نەهێڵێ، گەورەترین خۆپیشاندان لە مێژووی
ئیسرائیلدا لە دژی ڕوویدا و بە سەدان هەزار کەس لە شارەکانی ئیسرائیلدا
بۆچەندین هەفتەی لەسەر یەک ناڕەزایەتیان لە دژی دەربڕی و لەئەنجامدا
نەتەنیاهۆ ناچارکرا کە تێپەرکردنی ئەو بڕیارە لە پەرلەماندا (کەنێسەت)
دوابخا. نەک هەر نەتەنیاهۆ تاوانبارە و شوێنی زیندانە بەڵکو هەندێ لە
وەزیرەکانیشی کە سەرۆکی حیزبە بچوکەکانی تری هاوپەیمانی نەتەنیاهۆن لە
حکومەتەکەیدا، بە تۆمەتی کوشتنی بەنقەستی خەڵکی سڤیلی فەلەستین
تۆمەتبارن و کەیسەکانیان لە دادگادایە. بۆیە هێڕشە تیرۆریستییەکەی
حەماس کە لە ٧/١٠/٢٠٢٣ دا کردی، هەلێکی زێڕین بوو بۆ نەتەنیاهۆ بۆ
گۆڕینی ناڕەزایەتییەکان لەسەر خۆی و درێژەدان بەتەمەنی حکومەتە
فاشیستەکەی.
بە پێچەوانەی هەندێ لە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان و ئیران و عێراق،
کە بۆچوونێکی زۆر نادروست و تێگەیشتنێکی زۆر ڕووکەشانەیان هەیە لەسەر
ئەوەی کە لە ئێستادا لە فەلەستین و ئیسرائیلدا ئەگوزەرێ. کە بەداخەوە
بۆ ئەو چەپانە، هێڕشەکەی حەماس خاڵی جەوهەری وەرگرتنی هەڵوێست و
لێکدانەوە و شیکارییەکانیانە، بەڵام بۆ زۆر لە هەڵسوڕاوان
وئەکادیمیستان و میدیاکارانی بەڕەگەز جووی پێشکەوتووخواز، وە بۆ هەموو
ئەو کەسانەی کە تەواوی کێشەکە ئەبینن و شارەزای مێژووی زایۆنیزم و
ئیسرائیلن، خاڵی جەوهەری بۆ ئەوان، واتە تاوانباری سەرەکی ئەم
کوشتارگایەی کە لە ٧/١٠/٢٠٢٣ وە لە ئیسرائیل و فەلەستیندا دەستی
پێکردووە، هێڕشەکەی حەماس نییە، بەڵکو کارکرد و سیاسەت و ڕەفتارەکانی
دەوڵەتی ئیسرائیل و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی و ئایدۆلۆجیاکەیەتی
(زایۆنیزم). وە بەدروستی ئەڵێن ئەو تاوانەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا
دەرحەق بە خەڵکی بێگوناهی سڤیل و مناڵان ئەنجامیدا، ئیسرائیل ڕۆژانە لە
١٩٤٨ وەوە وە زاییۆنیزمیش بە پاڵپشتی بەریتانیا لە (ڕاگەیاندنی
بلفۆرەوە کە لە ١٩١٧ دالە نێوان وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و سەرۆکی
زایۆنیستەکاندا ئیمزاکرا)١، پێش ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیلیش دروستبێ و لە
سەرەتای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، ڕۆژانە دەرحەق بە خەڵکی بێتاوانی
فەلەستینن ئەنجامی داوە و ئەنجامی ئەدات. وە بەدروستی حەماس بە بەرهەمی
سیاسەتەکانی ئیسرائیل ئەزانن. وە پێیان وایە بۆ بنەبڕکردنی حەماس لە
ئێستادا و بەرهەمنەهێنانەوەی هاوشێوەکانی لە داهاتوودا، ئەوە ئیسرائیلە
کە ئەبێت سیاسەتەکانی بگۆڕێ و دان بە مافی خەڵکی فەلەستیندا بنێ و واز
لە ئاپارتاید و ڕەگەزپەرستی بهێنێ.
بەداخەوە بۆچوونی هەندێ لەو چەپ و سۆشیالیستانەی لەمەڕ خۆمان هێندە
ڕووکەشانە و ناواقعیانەیە کە تەنانەت هەندێکیان بەشداری لە
خۆپیشاندانەکانی شارەکانی وڵاتانی دنیادا بە بەرگری لە حەماس پێناسە
ئەکەن. ئاخر چۆن سێ سەد هەزار کەس لە شەقامەکانی واشنتۆن، ئاخر چۆن
هەشت سەد هەزار کەس لە شەقامەکانی لەندەن و دەیان هەزار خۆپیشاندەری تر
لە شارەکانی تری وڵاتانی دنیادا ساپۆرتی (حەماس) ن؟! ئاخر حەماس کە لە
ناوخۆی غەزەشدا زۆرینە نییە و دەسەڵاتی خۆی بەزۆر سەپاندووە بەسەر
خەڵکدا و بە پێی ڕاپرسییەک کە لە سێپتەمبەری ٢٠٢٣ دا بڵاوکراوەتەوە ٦٧٪
ی دانیشتوانی غەزە، حەماس بە بەربەست لەبەردەم خۆشگوزەرانی خۆیاندا
ئەبینن.
ئەو چەپە ناڕۆشنانە هەندێکیان دژی وەستانی شەڕن و ئەلێن با درێژەی هەبێ
تا حەماس بەتەواوی لەناو ئەچێ، یان گاڵتەیان بە داواکاری وەستانی شەڕ
دێت و ئەڵێن سۆشیالیزم بە وەستانی شەڕ دانامەزرێ! بەڵام ئایا هیچ کەس
لەو جووانەی لە بەرگری خەڵکی فەلەستیندان و هیچ لەو کۆمۆنیستانەی کە
ڕۆشنن و تەواوی کێشەکە ئەبینن، وتوویەتی کە ٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣ وەزعەکە
ئارام بووە و چارەسەری نەویستووە؟
بۆچوونێکی تری نادروسستی هەندێ لەو چەپ و سۆشیالیستانە ئەوەیە کە
پروپاگەندە و پاساوەکانی سوپا و موسادی ئیسرائیل دووبارە ئەکەنەوە و
ئەڵێن حەماس دانیشتوان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار ئەهێنێ. لێرەدا پرسیار
ئەوەیە ئایا تەوەقوعت لە گرووپێکی تیرۆریستی ئیسلامی چییە؟ ئەو چەپ و
بەناو سۆشیالیستانە بەم بیانووە هەر وەک ئیسرائیل پاساو بۆ کوشتنی
زیاتر لە یازدە هەزار خەڵکی سڤیل کە نیوەیان مناڵانن ئەهێننەوە و ئەڵێن
ئایا بە تیاچوونی حەماس ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی زیانێک ئەکات؟ بە ڕاستی
سەیرە، ئاخر تیاچوونی حەماس بە نزخی چی؟ بە کوشتنی یازدە هەزار بێتاوان
و ئاوارەکردنی ملیۆنونیوێک لە دانیشتوان و خاپورکردنی شارێک بە دەیان
هەزار تۆن بارووت!
وەڵامی بەرەی ئازادیخواز و ئەکادیمیستان و میدیاکارانی جوو، بەم
پاساوەی ئیسرائیل کە هەندێ لە چەپەکانی لای خۆمان دووبارەی ئەکەنەوە،
ئەوەیە کە؛ دەوڵەتی ئیسرائیلیش بەردەوام دانیشتوانی خۆی وەک قەڵغانی
مرۆیی بەکارهێناوە و بەکارئەیئەهێنێ. لە هەرشوێنێک کە خاکی تازەی
فەلەستینییەکان داگیر ئەکەن و دانیشتووانە ڕەسەنەکەی دەرئەکەن و جووی
تازە هاتووی تیادا نیشتەجێ ئەکەن، سەرەڕای ئەوەی ئەو جووە تازە
نیشتەجێبووانە هەموو چەکیان هەیە بۆ پارێزگاری لەخۆیان لە دژی
ناڕەزایەتی فەلەستینییەکان و ئازادن بەکاری بهێنن و فەلەستینییەکان
بکوژن، لە هامان کاتدا لە ناوەندی ماڵەکاندا مۆڵگەی سەربازی هەیە و
سەربازیان بۆ دائەنرێ بۆ پارێزگاریکردن لێیان. هەر ئەو جووە ناڕازی و
ئینساندۆستانە ئەڵێن ڕادیۆی جەیشی ئیسرائیل لە تەلئەبیب لە بینایەکدایە
کە لە چەند قاتێکیدا خەڵکی ئاسایی تیایدا ئەژی.
هەر بە دوای هێڕشەکەی حەماسدا، ئیسرائیل پێشنیاری کرد بۆ میسر و ئەردەن
کە دانیشتوانی غەزە وەک پەنابەر قبووڵ بکەن. ئەمەریکاش بەڵێنی پێدان کە
لە بەرانبەر ئەو کارەدا لە زۆر لە قەرزەکانی سەریان خۆش ئەبێت. بەڵام
شا عەبدوڵای ئەردەن کە تا ئێستا لە وڵاتەکەیدا ١١ ملیۆن پەنابەری
فەلەستینی هەیە، وتی بە ناوی خۆم و سەرۆکی میسرەوە قسە ئەکەم و بە هیچ
جۆرێک ئێمە ئەو کارە ناکەین. هەر یەک لە (ئیلان پاپەی و نوریت
پەلید-ئەلحەنان)٢ ئەڵێن کە دەوڵەتی ئیسرائیل لەوەتەی دروست بووە،
زایۆنیزم ئایدیۆلۆجیاکەیەتی و پەیڕەی ئەکات، ئایدۆلۆجیای زایۆنیمیش
واتە داگیرکردن و جێلەقکردن بە دانیشتوانی ئەسڵی فەلەستین، جا بە کوشتن
و لەناوبردن بێ، یان دەرکردن و ئاوارەکردن، بۆ دەستبەسەراگرتنی
خاکەکەیان. ئەم دوو پرۆفیسۆرە جووە کە بە هۆی ڕەخنەکانیان لە زایۆنیزم
و ئیسرائیل، کە بە هۆی بۆچوونی سیاسیانەوە هەردووکیان لە زانکۆکانی
ئیسرائیل لە کارەکانیان دەرکراون، ئەڵێن ئەمە ئامانجی دەوڵەتی
ئیسرائیلە و لە ١٩٤٨یشەوە هەر وای کردووە و زایۆنیزمیش لە کۆتایی سەدەی
نۆزدەوە کاری بۆ ئەو ئامانجە کردووە کە تا ئێستا جێبەجێ ئەکرێ لە
فەلەستیندا.
حیزبی لەیبەر (کرێکار) لە ئیسرائیل، لە ئێستادا تەنها چوار کورسی هەیە
لە پەرلەماندا. نۆم چۆمسکی لە سمینارێکیدا باسی ئەوە ئەکات کە لە
ئیسرائیلدا حیزبی لیکود (حیزبەکەی نەتەنیاهۆ) حیزبی هەژاران و ئاینییە
تووندڕەوەکانە. وە حیزبی لەیبەر (کرێکار) حیزبی دەوڵەمەندان و
عەلمانیەکانە. لە ١٠ی جوڵای ٢٠١٨ وە، حیزبی لەیبەی ئیسرائیلی لە
ڕێکخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ کشایەوە، چونکە ئەو ڕێکخراوە لە ٥ی
جوڵای ٢٠١٨دا سیاسەتی (بی دی ئێس)٣ ی لەبەرانبەر ئیسرائیلدا
پەسەندکردبوو وە کردوێتیە سیاسەتی ڕەسمی خۆی و داوای بایکۆتی هاوکاری
سەربازی بۆ ئیسرائیل کردووە لەسەر درێژەدانی بە داگیرکاری و ئاپارتاید
لە بەرانبەر فەلەستینییەکاندا.
لە ٢٨/١٠/٢٠٢٣ دا (کرەیک مۆکیبە)٤ کە بەڕەچەڵەک جووە و سەرۆکی مافی
مرۆڤی ڕێکخراوی یو ئێن بوو لە ئۆفیسی نیو یۆرک، کە پارێزەرە و شارەزا
لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و مافی مرۆڤە، دەستی لە کارەکەی کێشایەوە، وەک
ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بێتوانایی یوئێن و دەبڵ مۆڕاڵی و بێدەربەستی
ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەبەرانبەر ئەو جینۆسایدەی کە حکومەتی
ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین ئەیکات. کرەیک مۆکیبە نامەی
ئیستیقالەکەی لە مانگی مارسەوە پێشکەش کردبوو، وە پێی وایە کە لە پێش
٧ی ئۆکتۆبەرەوە، بەڵگەی بێشومار هەیە کە ئەیسەلمێنی حکومەتی ئیسرائیل
لە چەندین دەیەی ڕابردوودا جینۆساید و ئاپارتایدی دەرحەق بە خەڵکی
فەلەستین بەکار هێناوە و ئەبوایە دەمێکە دادگایی بکرایە لەسەری، نەک
کوێرانە پشتیوانی لێ بکرێ و بۆ مەبەستی سیاسی تاوانەکانی بپۆشرێ.
لە جەنیوەری ١٩٧٦دا لەسەر پێشنیاری سێ دەوڵەتی سەرەکی عەرەبی و هاوسێی
ئیسرائیل (میسر و ئەردەن و سوریا)، لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند
کە دان بە ئیسرائیلدا ئەنێن و داوای دامەزراندی دوو دەوڵەتیان کرد
(فەلەستین و ئیسرائیل) کە هاوشانی یەک بە ڕەسمی بناسرێن، وە گەرەنتی
پاراستنی ئاسایشی هەردوولایان دابوو، بەڵام لەو بڕیارەی نەتەوە
یەکگرتووەکاندا، ئیسرائیل هۆڵەکەی بەجێهێشتوو و بەشداری نەکرد، وە
ئەمەریکاش ڤیتۆی لە دژ بەکار هێنا٥. ئەوە ئیسرائیلە نایەوێ ئاشتی
بەرقەراربێ، نەک وڵاتانی عەرەب و نەک تەنانەت حەمسایش کە چەندین ساڵە
ڕایگەیاندووە و ئامادەی گفتووگۆیە.
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، لەو کاتەدا کە بەریتانیا گەورەترین و
بەهێزترین دەوڵەتی ئیمپریالیستی دنیا بوو، قسە لەسەر ئەوە کرابوو کە
دەوڵەتێک بۆ جووەکان لە کینیا یان لە ئەرجەنتین یان لە تاسمانیا (کە
جەزیرەیەکی بەتەنهایە لە باشوری ئوسترالیا و یەکێکە لە ویلایەتەکانی
ئوسترالیا) پێک بهێنن. بەڵام کۆنگرەی زایۆنیستەکان لە ١٩٠٣ دا پاش
کێشەمەکێشی زۆر لە نێویاندا ڕازی نەبوون بە کینیا و دەنگیان بە
فەلەستین دا کە تیایدا دەوڵەتێک بۆ جووەکان دروستبکرێ. هەر لەوکاتەوە
زایۆنیزم کەمپینی بۆ ئەوکارە کردوە و جووەکان هاندران و کۆمەکی مادی
کران تا کۆچ بکەن بۆ فەلەستین. سەرەڕای هەموو ئەو کۆچکردنانەش لە ساڵی
١٩١٤ دا ژمارەی جووەکانی فەلەستین تەنها ٨٪ی دانیشتوانیان پێک هێناوە٦.
هەر ئێستا و لەسایەی سیستەمی سەرمایەداریدا باس لە دوو ڕێگە چارە ئەکرێ
لە لایەن بەرەی پێشکەوتووخوازی دنیاوە. بەشێک باوەڕی وایە کە
دامەزراندنی یەک دەوڵەتی سکۆلار کە تەواوی دانیشتوان مافی یەکسانیان
هەبێت ڕێگە چارەیە. بەشێکی تر کە ڕەچاوی ئەو هەموو ناسۆرەی خوڵقاوە و
مێژووەکەی لەبەر چاو ئەگرن. دامەزراندنی دوو دەوڵەت کە یەکتر بە ڕەسمی
بناسن و بەگوێرەی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و سنوری ١٩٦٧ بێت بە ڕێگە
چارەیەکی واقیعی تر و مومکین تر ئەزانن.
لێرەدا ئەوەی شایانی سەرنج و تێڕوانینی پڕ دیقەتە ئەوەیە کە پرۆفیسۆر
ئاڤی شلەیم، کە هاوڵاتی ئیسرائیل وبەریتانیایە و مامۆستایە لە زانکۆی
ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا، کە بە ڕەچەڵەک جوویەکی عێراقییە و لە ١٩٤٥ دا
لە بەغداد لەدایک بووە، ئەڵێ من هەرگیز ئینکاری وجودی ئیسرائیلم
نەکردوە کە لە سنووری یاسایی و بەڕەسمی ناسراوی خۆیدا ببێت، ئەو
سنوورەی کە ئیسرائیل و دراوسێکانی ڕازیبوونە پێی. ئاڤی شلەیم باوەڕی
وایە کە لە ١٩٤٩ لە دوای وەستانی شەڕ لەبەینی ئیسرائیل و عەرەبدا، تاکە
سنوری بەڕەسمی ناسراو لە ئاستی نێونەتەوەییدا کە ئیسرائیل هەیبێت
ئەوەیە، وە ئەڵێ کە من ئێستاش باوەڕم بەو سنورە یاسایییەیە کە پێویستە
ببێت بە سنوری نێوان هەردوو وڵاتی فەلەستین و ئیسرائیل٧.
ئیسرائیل تاکە وڵاتی دنیایە کە لەوکاتەی دروست بووە بەردەوام نەخشەکەی
لە گۆڕان و زیاد بووندایە بە هۆی داگیرکاری و دەرکردنی دانیشتوانە
ڕەسەنەکانی وڵاتەکەوە٨. ئەمە ئەبێت کۆتایی پێ بێت و دوو دەوڵەتی
هاوشانی یەک دابمەزرێ و کۆتایی بەو برینە بهێندرێ کە ئیمپریالیزمی
جیهانی لە دڵی ناوچەکەدا خوڵقاندوویەتی و بەردەوام بۆ مەبەست و
باڵادەستی خۆی بەکاری ئەهێنێ.
_______________________________________
سەرچاوەکان:
١-
https://www.jewishvirtuallibrary.org/text-of-the-balfour-declaration
٢-
Nurit Peled-Elhanan and Ilan Pappe
٣-
Boycott, Divestment and Sanctions (BDS) is a Palestinian-led
movement promoting boycotts, divestments, and economic sanctions
against Israel. Socialist International of 140 Global Political
Parties Adopts BDS, Calls for Military Embargo on Israel
https://bdsaustralia.net.au/about/what-is-bds
٤-
Craig Mokhiber
٥-
https://www.youtube.com/watch?v=j8UKO6NNb5w
٦-
https://www.youtube.com/watch?v=ZXfuqUhzESg
٧-
https://www.youtube.com/watch?v=W43Rgzge4Po
٨-
https://www.youtube.com/watch?v=-NKkmnnQud8
تێبینی:
شایانی باسە کە ناونیشانی ئەم وتارە لە ناوەڕۆکی وتارێکی (مەنسور
حیکمەت) بە ناونیشانی (فەلەستین لە سەربەخۆییەوە بۆ ئازادی) کە لە ١٧ی
نۆڤەمبەری ٢٠٠٠ دا نووسیوێتی، وەرگیراوە.
١٤\١\٢٠٢٣
ماڵپهڕی عامر سابیر
|