٢٢\٣\٢٠١٤
ئازادکردنی ئاپۆ
لە سەرکەوتنی پەیام و ئامانجەکەیەتی
نەک ئازادکردنی
خودی خۆی لە زیندانی ئیمراڵیدا!

تاهیر حەسەن
لە دیدی سیاسی و ڕۆشنبیری مندا، ئۆج ئالان،
کارڵ مارکسی سەدەی بیست و یەکەمینە.
کارڵ مارکس، ئەو مرۆڤە بە توانایە بوو، لە سەدەی نۆزدەیەمدا، توانی
بەگژ کۆی فەلسەفەی پێش خۆیدا بچێتەوە و بە جیاواز لەوان، شیکردنەوەی
تایبەت بدات. گەر کۆی فەلسەفەی پێش مارکس بە شیکردنەوەی بارودۆخیئ
ئەوکات بشوبهێنین، ئەوا مارکس، هەر لەو ساتەی خۆیدا، کە گەشتبووە
ئاستێکی خۆ لەسەر پێ وەستان، توانی بیسلەمێنێت، کە چیتر شیکردنەوەکان
دادی ژیان نادات، هێندەی ئاڵوگۆڕ پێکردنی سیستەمی سیاسی کاری هەر
ئێستایە، ئەویش لە وتە بەناوبانگەکەیدا بەرانبەر بە کۆی فەیلەسوفان کە
گوتی( فەیلەسوفەکان تا ئێستا خەریکی شیکردنەوەی جیهانن، کە دەبووا
کاریان لەسەر گۆڕانکاریی جیهان بووایە) کارڵ مارکس و فردریک ئەنگڵسی
هاوڕێی، ئەو دوو مرۆڤە خۆنەویستە بوون، توانیان بە پێی لێکدانەوە واقعی
و دوور لە بان سروشتییەکان، کۆی پەیامە نەگەیەنراوەکان ڕاست بکەنەوە و
جیهان بینی فەلسەفەش، کە تایبەتمەنمد بوو بە دەستەیەک لە هەڵبژاردە،
بگۆڕن بۆ دەست ڕاگەیشتنی کۆمەڵگا بەو فەلسەفەیە و، و بەو گۆڕانە
کۆمەڵایەتی و سیاسیانەش کە پێداویستی ژیانی کۆمەڵگاکان دەستەبەر دەکەن،
ئەوەیش لە ڕێگای یەکخستنی چینی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگا- یانی چینی کرێکار،
و بەرپاکردنی شۆڕش، بۆ دابینکردنی ژیانی سۆسیالیزمانە، کە چیتر، کەس
چەوساوە و چەوسێنەر نەبێت،، دژی ئەو چینە سەرمایەداریەی کە تەنها کاری
قازانج خواردن و بردنەپێشی خواستە تایبەتیەکانی خۆیەتی (یانی چینی
نەجیبزادە و خاونانی سەرمایە). فەلسەفەی سیاسی ئەوان، خۆی لە
دابینکردنی بنیاتنانی ژیانێکی یەکسانیخوازانەدا دەبینێتەوە، کە کۆتایی،
بە خودی خاوەندارێتی تایبەت دەهێنێت و کۆمەڵگای دیموکراتخواز و
سۆسیالیزم دادەمەزرێنێت، لە جێگای کۆمەڵگای چەوسێنەری سەرمایەداریدا.
لێرەدا ناتوانم بابەتەکە تایبەت بکەم بە خودی تایبەتمەندی کۆی فەلسەفەی
ماتەریالیزمی دیالەکتیکی کە مارکس و ئەنگڵس داڕێژەرە سەرەکیەکەین،
هێندەی مەبەستمە بڵێم، ئاپۆ، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی
کوردسدتان، لای من، ئەو کەسایەتیەیە، پڕ بە پێستی خۆی ، گەر مارکس و
ئەنگڵس و لینین، ژیانیان لە سەرەتاکانی پێگەیشتنی سیستەمی
سەرمایەداریدا، بردۆتە سەر، ئەوا بۆ ئاپۆ، ژیان کردنی لە تەواوی
قۆناغێکدا بردۆتە پێش، کە نەک تەنها سەرمایەداری وەک سیستەم پێگەیشتوە،
بەڵکو خودی قۆناغی ئیمپریالیزمیشی تەواو کردوە و، ئێستا پێی ناوەتە
قۆناغی جیهانگیری گلۆبالیزمی، تەواوەوە. لێرەدایە، گەر مرۆڤ، نەک هەر
کورد زمان، بەڵکو مرۆڤی میللەتانی دیکەش، گەر ئاپۆ لە ڕێگای فەلسفەفە
مەزنەکەیەوە نەخوێننەوە، ئەوا ناچار دەبن، ئاپۆ، تەنها لە ڕێگای
میدیاکانی سیستەمی شۆڤێنیستی تورکی و سیستەمی سەرمایەداریەوە بناسن و
خودی خۆی و بزووتنەوە جەماوەرییە مەزنەکەی وەک جووڵەیەکی تیرۆریستی
بناسن! هەڵە گەورکە لێرەدایە. کاتێک کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش، تەنها
لە ڕێگای میدیایی، سەردەستەوە، بزانن، کە بزووتنەوەی پارتی کرێکارانی
کوردستان، خاوەن چ ئەلتەرناتیڤێک و کامە پرەنسیپە. بێگومان، میدیایی،
سەردەست، کە بڕواپێکەری دەسەڵاتی چەوسێنەری سیستەمی سەرمایەدارییە، ئەو
بزووتنەوەیە، وەک بزووتنەوەیەکی تیرۆریست و دوور لە بەها مرۆییەکان
پێناسە دەکات، چونکە ئەو خاوەن پرەنسیپێکە- دڕندانە نییە، کە وەک خودی
سیستەمی حاکمی چەوسێنەر بێت.
من کەسێکم، دوور لە هەر جۆرە ڕقێک، خوێندنەوە بۆ کۆی ئایدۆلۆژییەکان
دەکەم، چ ئایدۆلۆژیای، ئایدیالیستی بێت، چ ئایدۆلۆژیای، ماتەریالیستی و
لیبراڵی سەرمایەداری بێت. لێرەدا هیچ کات، تەماشای بەرژەوەندییە
خودپەرستیەکانی خۆم ناکەم، ئەوەندەی بیر لە بەرژەوەندیی کۆی کۆمەڵگاکان
دەکەمەوە، مانای وایە لای من نەتەوەپەرستییش، دەچێتە قاڵبی
خودپەرستیەوە. ئەمە، بیر کردنەوەیەکی ئایدیالیی و خۆزگەیی نییە، هێندەی،
بیر کردنەوەیەکی واقیع بینانەیە.
گەر لە خودی ئەو بەرنامە نامرۆڤانەیە بڕوانین، کە خودی ئۆج ئالان تێیدا
کرا بە مەبەست و کۆی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی وەک ئەمەریکا و ئیسرائیل و
، تا دەگات بە وڵاتانی ئەوروپا، ئەو داڕێژەرە زەلیلە بوون، بۆ ئەوەی
کەسایەتی ئاپۆ، دەستەمۆ بکەن و ناچاری بکەن تەسلیمیان ببێت و دواجار
بیگرن، و لە ساڵی ١٩٨٩ دا وڵاتی سوریا بەجێ بهێڵێت، ئامانجەکەیان،
شکستپێهێنانی ئەو ئەلتەرناتیڤە بوو، کە ئۆج ئالان و بزووتنەوە
سیاسیەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان شوێنهەڵگری بوون، (ئەمێستا دادگای
بەناو مافی مرۆڤ لە ئەوروپا ڕەخنە لە دەوڵەتی تورکیا دەگرێت لە
بەرانبەر زیندانیکردنی هەتایی، ئۆج ئالاندا، چونکە دەبینێت ملیۆنان لە
مرۆڤی ئازادیخوازی کورد و نەتەوەکانی دیکەی جیهان بەرگری لەو مرۆڤە و
بزووتنەوەکەی دەکەن، و لە لایەکی ترەوە ئەوانی سەرانی ئەوروپا باش
دەزانن، لە سبەی ڕۆژدا بەرژەوەندییە ئابورییەکانیان دەکەوێتە ئەو
سنوورانەوە، بۆیە ئیستا خوازیارن هیچ نەبێت دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا
چاو بەو یاسایەدا بخشێنێتەوە و گۆڕانکاریی تێدا بکات، تا بە قازانجی
ئاپۆ بشکێتەوە.
خاوەنانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا هەمیشە دوو سەرەن و بەرنامەی مافەکانی مرۆڤ،
تەنها بە پێی بەرژەوەندییەکانی خودی سیستەمەکەیان بەکاردەهێنن، نەک
لەئەسڵدا لە خزمەت ئەو ئامانجە پیرۆزەدا، بن).
سیستەمی سەرمایەداری بەدڕەوشت، بە گەلەکۆمەیەکی نێو دەوڵەتی، توانی لە
١٥/٢/١٩٩٩ دا، خودی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ڕێگای
قێزەونترین ڕەوشتیانەوە، بگرن و ڕادەستی دەوڵەتی فاشیزمی تورکیایی
بکەنەوە. مەخابن، ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە قازانجپەرستیە، کە خودی
ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا تا دەگات بە دەوڵەتی ڕووسیە و دەوڵەتی چینی
بەناو کۆمۆنیستی، هێند زەلیل و بچووک بوون، نەک هەر نەیانتوانی بگەن بە
ئامانجە سیاسی و ئامانجە بەدڕەوشتییە قازانجپەرستیەیکانی خۆیان، بە
پێچەوەانەوە، کاتێک بینیان، بە ملیۆنان، لە مرۆڤی زەحمەتکێشی کوردستان،
دژی ئەو پیلانە نامرۆڤانەیەن، ڕژانە سەرشەقامەکان، چیتر، لایان ڕوون
بوو، کە گەمەکەیان، بە خۆگێلکردن بووە، نەک بە پێکانی ئامانجەکانیان.
ئەوانی خاوەنانی زلهێزانی سەرمایەداری، وا چاوەڕوانیان دەکرد، کە لە
دوای ڕادەستکردنی ئاپۆ، چیتر، ئەو بزووتنەوەیە، شکست دەخوات. بە
پێچەوەانەوە، نەیانزانی، ئەو مرۆڤە، تەنها ئامانجی، خودپەرستییەکانی
خۆی نەبووە، لەوەی بگاتە مەنزڵی دانیشتن لەسەر کورسی چەوساندنەوەی
مرۆڤەکانی ژێردەستی، ئەوانی خاوەنانی بەرەڵایی قازانجپەرستی سیستەمی
سەرمایەداری، ئابەم شێوەیە لە خودی ئاپۆ و بزووتنەوە جەماوەرییە
سیاسییەکەی تێگەیشتبوون، بە پێچەوانەوە، ئەو، کەسایەتییەک بوو، سەد لە
سەد، پێچەوانەی کۆی ڕەوشتی سیاسی سیستەمی سەرمایەدارییە.
ئاپۆ لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییە سیاسییەکەی، خاوەن ئەو ئامانجە پیرۆز
و مەزنەن، کە بەرانبەر، کۆتاهێنان، بە سیستەمی چەوسێنەرانەی شۆڤێنزمی
قەومی و سەرمایەداری، ئەلتەرناتیڤی، شارستانێتی دیموکراسییان هەیە، ئەم
ئەلتەرناتیڤە، دەتوانێت، جێگرەوەی کۆی داهێنانە قازانجپەرستیەکانی
سیستەمی چەوسێنەری حازر بێت.
من داوام وایە، لە کۆی خوێنەری کوردی، گەر خوازیارە، لە ماناکانی ژیان
و کۆی فەلسەفەی ڕابردووی مرۆڤەکانی پێش خۆی بگات، با بە بێ، دڵڕەقیی،
بچێت، ئەو پێنج بەرگەی مانیڤێستۆی شارستانی دیموکراتی، ئاپۆ بخوێنێتەوە،
یان هیچ نەبێت، پەرتووکی مێژوویەک لە ئاگر، بخوێنێتەوە، کە
چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ، جەمیل بایکدا، ئەو کات، بۆی ڕوون دەبێتەوە، کە
خەباتی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پێناو کام ئامانج دایە.
ئێمە گەر دوور نەڕۆیین، سەیرێکی ئەو پەروەردە سیاسی و کۆمەڵایەتییە
بکەین، لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە، بە تەواوەتی دەتوانین تێبگەین، کە
خەباتی سیاسی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە لە خزمەت چ جۆرە چینێکی
کۆمەڵگادایە، ئاخۆ ئەوان خەباتیان بۆ نەهێشتنی جیاوازییە چینایەتیەکانە
یان خەباتیان بۆ سەپاندنی چینێکی کۆمەڵایەتییە بەسەر چینێکی تردا. من
دەتوانم بڵێم، ئەوەی تەنها ئومێدێکی تێدا بێت بۆ ژیانێکی ئازاد و
سەرفراز، تەنها، ئەو ئەلتەرناتیڤە واقعیانەیە، کە خودی ئاپۆ و
بزووتنەوە سیاسیەکەی هەڵگرین، بە بێ، ئەو ئامانجە، من هیچ ئامانجێکی
چەوسێنەرانە نابینم لەو بزووتنەوە جەماوەرییە سیاسیەدا کە دوای
سەرکەوتن، بڵێین، ئەوە دیسان کەوتینەوە نێو هەمان تەڵزگەی ڕابردووی
سیستەمانی دوێنیوە، دواجار ببێتە، جێگای نائومێدیی کۆی کۆمەڵگاش.
خاڵێکی دیکەی گرنگ لە نێو فەلسەفەی ئاپۆدا، ئەوەیە، تەواو دژی کۆی
بنەما شۆڤێنی و نەتەوە پەرستیی و ڕاسیستیەکانە، کە بەهای ئەو فەلسەفە و
ئایدۆلۆژیانە، تەنها لای خاوەنانی خودی سیستەمی قازانجپەرستی
سەرمایەداری و نەتەوەپەرست و دینپەرستەکان دایە. دواجار دەتوانم بڵێم،
ئاپۆ، ئەو مرۆڤەیە، شایانی ڕێز و خۆشەویستیی کۆی ئەو مرۆڤانەیە کە
خەباتیان لە پێناو نەهێشتنی سیستەمی چەوسێنەرانەی نیزامی سەرمایەداری
دایە، من دەتوانم بڵێم، ئاپۆ، کارڵ مارکسی سەدەی بیست و یەکەمە، ئێوەش،
چۆن لێکی دەدەنەوە ئازادن!!!
٢١\٣\٢٠١٤
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|