په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 



ئازادکردنى دیلەکانى تورکیا و حیکایەتى مەڕ و گورگەکە.


سالار بابەشێخ     


رێکەوتى 4/11/2007 هەر 8 جەندەرمەى تورکیى دیلکراوى بەردەستى گەریلاکانى pkk، لە رێگەى هێڵى ئاسمانى و لە ناو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و لە پێتەختى کوردستانەوە بەرەو وڵاتى خۆیان بەڕێ کرانەوە. ئامادەبوونى کەریم سنجارى وەک وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى ناوخۆ و عوسمانى حاجى مەحمود وەک وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى دیلەکان لە pkk و هەڵوێستى کۆنسەى سەرکردایەتى pkk شتێکى روون و ئاشکرایە و بەمکارەو بە هەموو لایەنەکانیەوە، کورد و سەرکردایەتى سیاسى کوردی بەش مەینەت و هەڕەشە لەسەر، جارێکى تریش بە شەفافییەتێکى حاشاهەڵنەگرەوە، سەلماندیان کە نەتەوەى کەوناراى کورد شەڕخواز نییەو ئەگەر شەڕ بەرۆکى کوردى باب مردوو نەگرێت و شەڕى پێ نەفرۆشن، ئەوا کوردیش وەک هەموو مرۆڤى سەر گۆى زەوین حەزى لە حەوانەوە و ئاشتى و پێکەوە ژیانێکى ئازادە. بەمکارە عقڵییەتى سیاسى و دیپلۆماسى کوردى سەلماندى کە ئیرادەى نەتەوەیى وا دەخوازێ هەتا رێبەرایەتى سیاسى کورد هەموو رێگەیەک وەبەر بگرێ بۆ ئەوەى کێشەکان لە رێگەى گفتۆگۆوە چارەسەر بکرێن و جارێکى تر کورد تووشى ماڵوێرانى و ئاوارەیى و لێقەومان و نەهامەتى نەبێتەوە. ئەمەش بەو مانایە نییە کە لە شوێنى خۆیدا بە پێى تواناى دیپلۆماسى خۆى، کورد بێبەشکردنى لە مافە رەواکانى لە قاو نەدات.
بێگومان ئازاد کردنى دیلە تورکەکان تەنها نیەتپاکى کورد دەردەخات و ناتوانرێت هیچ تۆمەتێک بخاتە پاڵ رەفتارێکى جوامێرانە کە چەند سەربازێکى رژێمێکى شۆڤینى و داگیرکەر، لەو سەربازانەى کە قەستە سەرى کوردیان کردووەو وافێر کراون خۆیان بە خوێنى کورد پاراو بکەن، دواى بە دیل گرتنیان، میواندارى بکرێن و بەڕێزوحورمەتەوە ئازاد بکرێن و بە ماڵ و خێزانى خۆیان شاد بکرێنەوە.
لەوانەیە تا ئێرە زۆر ئاسایى بێت و هەموو ناوەندەکانى هەڵسووڕ لە بوارى چەسپاندنى مافەکانى مرۆڤدا ئەمکارە بەرز بنرخێنن و چەپڵەى بۆ لێبدەن، بەڵام ئەوەى پێشبینى دەکرا و بەردەوام جێگەى سەرسوڕمان و واق وڕمانە ئەوەیە کە جیهانى دانوستانى بازرگانى –سیاسى، بەردەوام پشتە پێ لە مافەکانى نەتەوەیکى پتر لە 40 ملیۆن کەسى دەدات و گوێى خۆى لە داوا رەواکانى یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانى سەرزەوین کپ و کەڕ دەکات، بۆیە بە هیچ شێوەیەکى لێبڕاوانە تەنانەت زلهێزەکانى دنیاش بەرپەرچى زمانى هەڕەشە و دانپیشاندانەکانى داگیرکەرانى کوردستان نادەنەوە!!
وێڕاى ریش لە گرەو نان و هێور کردنەوەى بەرگرى و هەڵچوونەکانى pkk لە لایەن قیادەى سیاسى کوردەوە، سەرەڕاى رۆڵى ئیجابى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لە کاڵکردنەوەى بارگرژى نێوان دەسەڵاتى سیاسى تورک و کورد، جارێکى تر راگەیاندنەکانى ترکیا لە سەردەستى ژنڕاڵەکانى تینوو بە خوێنى سەرى کورد، لە شاڵاوێکى هەمە لایەنەى راگەیاندندا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەدەنە بەر پلارى ناڕەوا و هەموو پیلانەکانیشیان تەنها بۆ ئەوەیە کە خەنجەرى کورد بۆ گەردەنى کوردى برا لە هەسان بدرىِ و بە ئەمرى ئەوان بۆ سینگى شەڕێکى ترى براکۆژى دەمەزەرد بکرێتەوە!!.
کاڵفامترین مرۆڤى ئەم سەردەمە دەزانێت کە چەک و تەقەمەنى تەنها دوو خەسڵەتیان هەیە، ئەویش لە خراپترین حاڵەتیدا خواوەندەکانى پەلەپیتکە بۆ کۆشت و بڕ و گیانکێشانى مرۆڤ کەڵکى لێ وەردەگرن و لە باشترین حاڵەتیشدا لە نێو کۆگەکاندا دەڕزێ و فەرسوودە دەبێ و زیانێکى زۆر بە ئابوورى و ژیانى مرۆڤایەتى دەگەیەنێ... ئیتر نازانم سیاسەتى ملیشیایى ترکیا دەبێت چ ئاکامێکى هەبێت؟؟
دەنگۆى ئەوە هەبوو کە pkk دەستکردى داگیرکەرانى کوردستانە و رێخۆشکەرێکە بۆ تێکەوەگلانى کورد لە هەموو پارچەکانى کوردستاندا، دەنگۆى ئەوە هەبوو کە pkk دەستکەوتەکانى باشوورى کوردستان و پەرلەمانى کوردستان دەکاتە قوربانى هەڵپەهەڵپى خۆى و هیچ نرخێک بۆ چارەنووسى سیاسى کورد لەم بەشە رزگارکراوەى کوردستاندا دانانێ، دەنگۆى ئەوە هەبوو کە pkk بە فیتى تورکیا بۆ لەشکرکێشى تورک بۆ سەر هەرێمى کوردستان بیانووسازێکى کارامەیە، بەڵام بە ئازاد کردنى دیلەکان و راگەیاندنى وەستانى شەڕى یەک لایەنە، سەلماندیان کە جارێکى تر ئامادە نین دەستیان بە خوێنى برا سوور بکەن و لێبڕاوانەش بۆ پاککردنەوەى هەڵەکانى رابردوو ئامادەى مەیدانەکەن.
کە وابوو هیچ شتێک نامێنێتەوە تەنها حیکایەتى مەڕ و گورکە نەبێت کە داپیرانمان دەیانگێڕاوە و دەیانگوت : مەڕێکى داماو لە خوارووى جۆگەیەک ئاوى دەخواردەوە کە گورگێک لاى سەرووى لێگرتبوو، کەچى گورگەکە پەیتا پیتا پێیدەگوت ئەوە بۆ ئاوەکە لێڵ دەکەى؟ مەڕى لێقەوماویش هەرچى زیاتر دوورى دەگرت، گورکەکە زیاتر دەنگێ هەڵدەبڕى.. ناچار مەڕەکە گوتى "تۆ لاى سەرووت گرتووە، بیانووى چى دەگرى، ئەم مسەمسەى ناوێ ..بڵێ مستەفا و تەواو ... بڵێ دەتخۆم و ئاااااااا...".
بۆیە ئەز بۆ مێژووى دەڵێم و دڵنیام هەرچى کورد بایەخى زیاتر بە تەبایى و پێکەوە ژیانى ئاشتییانە بدات، هەرچى ئاگادارى دۆز و دۆخى ناسکى خۆى بێ و هەرچى هەوڵەکانیەتى بیخاتە گەڕ بۆ کردنەوەى دەرگەکانى گفتوگۆ و چارەسەرکردنى کێشەکانى لە رێگەى دیالۆگى سیاسییەوە، هێشتا لە هەڕەشەى گورگەکە رزگارى نابێت و ئەمەش تەنها نیازى بە دروستکردنى دەوڵەتێکى بەهێز و دانپێدانراوى نیونەتەوەییە و رزگاربوون لە هەڕەشە و مەترسییەکانیش پابەندە بە دامەزرانى کۆماری کوردستان و حکومەتێکى فەرمى و سەربەخۆ کە ئەندامێکى نەتەوە یەکگرتووەکان بێ و پاڵپشتییەکى نێودەوڵەتى بۆ خۆى دەستەبەر بکات.