په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٥\٢٠١٥

ئازاری شوناس و تراژیدیای مێژوو.

عەلی حسێن کەریمی  


ئێوارەیەکی سارد بو ، بایە بەهێزەکەی شاری گڵاسگۆ لەگەڵ نزیک بونەوەی ئێوارە بەهێزتر دەبو .منیش بەخەیاڵی تێپەڕ کردنی چەند کاتژمێری تر بوم لەکارەکەم ، بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژەی کارکردنم بەکۆتا بهێنم .

لە ئەمسفێیەکی هێمندا ، کە سەرقاڵی بەڕێکردنی موشتەریەکان بوین ، یەکێک لە موشتەریەکان پرسیاری ئەوەی لێکردم ، کە خەڵکی چ وڵاتێکم ؟ منیش وتم کوردم . کەچی هەر نەیدەزانی کورد چیە .

منیش لەکاتی ڕونکردنەوەکەمدا سەبارەت بە کورد و مێژوەکەی ، باسی دابەشبونی نیشتیمانی کوردەکانم بۆ دەکرد، کە لە دوای جەنگی جیهانی بەشێوەیەکی سیستەماتیکی و پلان بۆ داڕێژراو دەستپێدەکات . کاتێک هاتمە سەر کاریگەری بەهێزی بەریتانیا لەدابەشکردنی کوردستان ، بەشێوەیەکی دیار نیگەرانی ئەوەم لە چاوەکانیدا بینی کە بە نێگەتیڤ باسی کاریگەریەکانی بەریتانیام لە خاکی کورداندا کرد. بەڵام خۆشی ئاگاداری ئەوە نەبو کە سکۆتلەنداکەی ئەویش لە ئەنجامی سیاسەتی داگیرکاریانەی ئینگلیزەکان روبەروی قڕکردنێکی بەهێز بونەتەوە .

منیش ئاماژەم بۆ ئەوە کرد کە وڵاتەکەی تۆش ڕوبەڕوی داگیرکاری ئینگلیزەکان بۆتەوە ، بەڵام ئەویش وتی بەڵێ بەڵام ئەوە زۆر لەمێژە .

منیش وتم :بەڵێ ئەوە زۆر لە مێژە بەڵام شایەنی لەبیرکردن نیە . ڕژانی خوێنی هاونیشتیمانیەکانت ، بەرامبەر هێرشی داگیرکاری کارێکی مەزنە لە مێژودا بەبەرزی تۆمار دەکرێت .

بەڵام وا دیار بو کاکی سکۆتی ئەوەندەی دەیهەویست شانازی بە بەریتانی خۆی بکات ، ئەوەندە بیری لە سکۆتی بونی خۆی نەکردبۆوە .

بەڵام ئەمە لە ئەنجامی سیاسەتی قڕکردنی هەرێمەکان بو ، لە لایەن حکومەتی ناوەندی لەندەنەوە .

دوای سەد ساڵ لە دابەشکردنی کورد ، ئێمە نەوە دوای نەوە ئازار دەچێژین . بەڵام ئەوەی کە پێویستە لە بیر نەکرێت قڕکردن و سوتان و کیمیابارن و وێرانکردنی گوند و شارەکانمان ، کە تەنها کورد بون هۆکاری ئەم هەمو کارەساتەبو .


لە بیرمە یەکەم ڕۆژی چونم بۆکۆلیج لە بەریتانیا ، مامۆستاکەم بەقوتابیەهاوپۆلەکانمی وت ئەمە ئێرانیە . کە دواتریش پرسیاریشیان لە خۆم کرد ، وتم کوردم .

بەڵام ئەو کاتەی وەک ئێرانی ناسێنرام ، ئازارێک ڕایچڵەکاندم کە هەرگیز وەسف ناکرێت . تەنانەت پرسیاری ئەوەش بەخەیاڵمداهات ، کە بۆچی دەستبەرداری کۆلیج نەبم . واتە بەهاداریەت و نرخی خەونەکان کاڵ بونەوە .

دوای چەند رۆژێک لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانم لە کوردستان بە مۆبایل قسەمان دەکرد. دەمهەویست ئەوەی بۆ ڕونبکەمەوە ، کە ئازاری شێواندنی شوناس و ناسنامە و بێ دەوڵەتی زۆر ئازار بەخشە . کەچی هاوڕێکەم دەڵێ تۆ باسی فیکری پەکەکە دەکەیت .

دواتر لەوە تێگەیشتم کە ئێمەش لە سەرەتای ڕۆچونی قەیرانێکی گەورەداین .

هەمان ئەو هاوڕێیەم ، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا قسەم لە گەڵی کردەوە ، باسی شەڕی داعش و کاریگەریەکانی ئەو ڕوداوانە لەسەر کۆمەڵگای کوردی کرد . وتی نەبونی دەوڵەت بۆ کورد کارەساتی لەم شێوەیە بەرهەم دێنێ . خاکەکەت دەکاتە شوێنی هێزە تیرۆریستەکان . پاشان وتی هەبونی دەوڵەت وات لێدەکات کە لە سەر ئاستی جیهان مامەڵەیەکی ترت لەگەڵدەکرێت وەک ئەوەی ئێستا لە گەڵ کورد دەکرێت .

منیش ئەو کاتەم بیر کەوتەوە کە ماوەیەکی زۆر بەر لەم ڕوداوانە دەمهەویست ئەوە بۆ هاوڕێکەم ڕونبکەمەوە کە بێ دەوڵەت و وڵات ئازاری شوناس و تراژیدیای ژیان بەرهەم دەهێنێت ، دەمهەویست پێی بڵێم داڕنینت لە بنەچە و بەبەرداکردنی شوناسێکی تر زۆر ئازار بەخشە .

گەر ئەمڕۆ بۆ سکۆتیەک بەریتانی شانازی بێت ، کە لە کاتێکدا زمان کلتوری خۆیان زیاتر لە سەدا نەوەت دۆڕاندوە ، ئەوا بۆکورد گەر سەد لە سەدی کلتور و زمانی خۆیان لە دەستبدەن ، ئەوا هەر نابێتە ئەو رەحمەتەی کە هیوای بۆدەخوازن .

بۆیە ئاگادار بون لە مێژی وڵاتەکەت و رۆچون بەناخی روداوەکان ئەوەمان بۆ ڕون دەکاتەوە ، کە رابردوی نیشتیمانمان چۆن بوە .

ئەوەی لە ئەنجامی جیانەبونەوەی سکۆتلەند هۆکار بو ، هۆکاری بێ ئیرادەکردنی خەڵکەکەبو لەلایەن بەریتانیای کاپیتالیزم .

منیش زۆر لەوە دەترسم رۆژێک بێت نەوەکانی ئێمەش ئاوا بێ ئیرادە بکرێن . بە دەنگدانی خۆیان بریاری مانەوە بدەن لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەر .پێوستە نەوەکانمان لەوە تێبگەن سەرەتای ڕێگاکان لە کوێوە دەستی پێکردوە .

 


alihusainkarimi1986@gmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک