په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٠\٢٠١٣

عازفێکی نابینا لە پاییزێکدا...

شوان عوسمان     

لەبەر پێی هەڵمەتە رەشبگیریەکەی پاییزی ١٦/١٠/١٩٨٧ شاری (شەقڵاوە)دا، عەزفێک بۆ رابردوو...


"بەر لە ٢٦ ساڵ وەکو ئەمڕۆکە لە پاییزێکی وەکو ئەو رۆژەدا، بەرلەوەی خەزان و پاییز دار و پەلکەکانی شارەکەم داوەرێنن، خەزانی رووزەردی (بەعس) دار و درەختی شار و پەلکەکانی ئاواییم بە کەلبەو سەرەنێزەی هەڵمەتێکی دڕندانەی رەشبگیری داوەرا، ئەوە بوو ١٥٠ کەس لە منداڵ وژن پیاو و بەساڵاچوو دەستبەسەر کران، دوای چەند رۆژێکیش ٢٣ رۆح هەریەک بە حوزنێک ومەرگەساتێکەوە کۆتایی بە ژیانیان هات منیش بە خۆم و سێ (٣) برامەوە ئەو رۆژە رووزەردە کەوتینە بەر ئەو خەزانەو گیراین دوانیان شەهید بوون، من و براکەشم کە هەریەکەمان ئێستا لە کیشوەرێکی دونیا وەکو شەهیدێکی زیندوو لەگەل دەردی غەریبی و ئاوارەییدا شەڕ دەکەین، دوای هەشت مانگ بەبێ براکان ودۆست وخزمانەوە ئازاد بووین وگەڕاینەوە ماڵێکی ساردوسڕ..".


من لە پاییزدا لەگەل وەراندا رۆژێک نیە نەوەرم ، جارێک نیە نەمرم ،هەر رۆژێک بە جارێک دەمرم ، هەر جارێک بە جۆرێک دەوەرم، من لە نێوان ئەو مردن و وەرانەدا لە عازفێک دەچم کە تازە لە شەڕدا گەڕابێتەوە، لەبڕی ئەوەی ژێی کەمانجێک بژەنێت، تفەنگێکی لەشانەو قایشی فیشەکدان رادەژەنێت، ئەو تازە ناتوانێت وەکو جاران عەزفێک بکات کە گوزارشت لە رەنگەکانی پاییز دەکات لەکاتی کاڵبوونەوەیاندا وەختێک چاوەڕێی ژاکان دەبوون.. باس لە چ سڕێک وسەردی حیکایەتی کامە پەلک بگێڕێتەوە کاتێک بە ئەسەفەوە دەوەرێت وبە نامرادی دەست لە لکەدارێکی دایکی بەر دەدات، ئەو کە خۆی لەناو سەرتاپای سڕو گینگلی مەرگەسات دایەو پڕە لە سەردی حیکایەتی وێران ووەران وپەڕان وکاڵبوونەوەو مردن، ئەوەندە لەبن باهۆزی تەپوتۆزی شەڕو بارووت جەنگاوە لە شەوەزەنگێکی تاریک دەچێت، جگە لە رەنگی رەش هیچ رەنگێکی تر نابینێت، هیچ خەیاڵێکی تەڕ لەناو هزریدا لە شەقەی باڵ نادات جگە لە حکایەتی کوشتن وتەپەی بەربوونەوەی رۆح وهەڵفڕین بەرەو دۆزەخێکی مەرگ، چ عەزفێک بکات ئەو کەسە کە واقیع لە عازفێکی عاشقەوە بە گۆڕهەڵکەنێکی ناوزەد کردووە..


تا دەفەکەت گەرم دەبێت لەبەر ئەو خۆرەتاوی حوزەیرانە، با گۆڕێک هەڵبکەنین بۆ ئەو مۆسیقاژەنە..تا خەیاڵت بۆ عەزفێک دەچێت، با بیر لە گۆڕێکی تر بکەینەوە تا شەڕ ساردەو تای سەربادانێکی نەگرتووە، با لەحنێکی ئەبەدی بۆ خەونەکانمان بژەنین ،کاتێک نیشتمان بە خاکێک لە حوزن ومەنفاو غوربەت رامان دەژەنێت، کاتێک خاک دەبێتە نیشتمانی شەیپور خوازانی شەڕو مەراسیمی کفن وتابووتی کوشتارگەکان... تازە هیچ پێ ناچێت شەڕ ئەوها زوو راوەستێت، کاتێک شەڕیش دوایی دێت، ئەوا هەر هەموومان سەرمان پڕ دەبێت لە وەسوەسەی ستیانی بەفرو سروودەکانی شەڕ، تەنانەت پەنجەیەکمان نامێنێت تا ئاوازێکی پێ بژەنین لە بیرەوەری ئاهەنگی سەرکەوتنێکی پڕ ئازاردا یان لە دۆڕانیکی ملکەچیدا..


ئەو ناتوانێت تازە بە عەزفێک باس لە وەرانی پەلکەکان بکات کە هەموو عەزفەکانی پڕن لە زرمەو تەقەی ناو شەڕگەکان، ئەو باس لە چ وەران ورژانێک بکات لەو پاییزەدا، ئەو ئەوەندە جەنگاوەری دیت، کە گوێچکەو چاوو کەپوویان دەوەرێ ودەپەڕێ ودەفڕێ ودەڕژێ تاقەتی هیچ ژێیەکی نەما تا دەستی بداتێ وعەزفێک بکات، تەنانەت گەرووی لە ژێ خاڵی بووە تا شتێک لەسەر عەزفی رابردووی بژەنێت..


عەزفی من لەو پاییزەدا، حوزنیکی ئەبەدی منەو وەکو دەردێکی موزمینی رۆح لە رابردووی پاییزێکی ناکاڵ بوودا دەست پێدەکات وهەمیشە لە تلانەوەیەکدا زامێکی دەتلێتەوە، لە هەناسەیەکی بەدەم خەزانیشدا برینێکی نەزیفی دەکوڵێتەوە، ئنجا دەتوانێت یەک دوو وشە بکاتە شیعرێک بۆ لەحنێکی غەریب وعەزفی رۆحێکی بەجێماوم..


ئەمشەو شەوو پاییز بەرەو پاییزێکی بەر لە ٢٦ ساڵ دەمبەنەوە، تا لە غوربەتدا تەنیاترو غەریبتر عەزفێک لە نێوان شەڕو شاییەکانی خۆم ساز بدەم....

 
١٦\١٠\٢٠١٣  - هۆلەندە

ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک