٦\١٠\٢٠١١
با به هه‌موو
لایه‌ک کورته باسێکی جوگرافیا و مێژووی ناوچه‌ی پشده‌ر بنووسینه‌وه.

خالید ئه‌حمه‌د ئاسنگه‌ر
ناوی پشده‌ر:
وێ ده‌چێت که له (پشت ده‌ر)ه‌وه هاتبێت، به
واته پشت (ده‌ر) یا ئه‌و ده‌ربه‌نده‌ی که زێ‌ی بچوکی به ناو‌دا ڕه‌ت ده‌بێت،
چیای کێوه‌ڕه‌ش و ئاسۆس لێک جیاده‌کاته‌وه. هه‌ر ئه‌و ده‌ر‌به‌نده‌ش
ناوچه‌ی پشده‌ری به ناوچه‌ی بیتوێنه‌وه گرێداوه.
ناوی قه ڵادزێ:
ڕای جیاواز هه‌یه له‌سه‌ر ناوی قه‌ڵادزێ. هه‌ندێک ڕایان وایه له ( قه
ڵادووزێ) وه هاتوه. له دامێنی خواره‌وه‌ی شاری قه‌ڵایه‌ک هه‌یه که
مێژووه‌که‌ی زۆر کۆنه { هه ندێک سه‌رچاوه بۆ سه‌رده‌می ئاشووریه‌کان،
هه‌ندێکی تریش بۆ سه‌رده‌می (خان بداغ) کوڕی فه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره‌شمانه‌ی
ده‌گێڕنه‌وه. ( گوایه ئه‌م قه‌ڵایه به توره‌که گڵ کێشی دروستکراوه) .
دوو چۆمی (وه‌ستا سێمان و چۆمخڕکه) ی به‌ناو قه‌ڵادزێ دا تێده‌په‌ڕن
له پشت قه‌ڵاته‌که یه‌ک ده‌گرنه‌وه.
هه‌ندێک ڕۆشنبیر و نووسه‌ر ڕای جیاوازیان هه‌یه له‌سه‌ر ناوی قه‌ڵادزی:
ا- مامۆستا (خدر ابراهیم خدر که مامۆستای مێژوویه له یه‌کێک له
قوتابخانه‌کانی قه‌ڵادزێ) ڕای وایه که له( قه‌ڵادووزێ) وه هاتووه.
ب- مامۆستا گه بابان له کتێبه‌که‌ی کۆستی شارێک ڕای وایه که (قه‌ڵا)
که ئه‌وه هه‌یه، (دژ) که هه‌میشه دژی داگیرکه‌ران بووه. به تێپه‌ڕ
بوونی مێژوو دژه‌که بووه به دزێ. واتا ( قه‌ڵادژێ) بووه بۆته ( قه‌ڵادزێ).
هه‌روه‌ک چۆن: ( ڕه‌واندژ) بۆته (ڕه‌واندز) و ( نه‌وڕۆژ) بووه به (نه‌ورۆز).
ج- میرزا خدری هێرۆیی ده‌ڵێ هه‌ندێک که‌س پێیان وایه له ( قه‌ڵای زی)
هاتووه، (زی: جۆره دڕک و داڵێکه). به‌واتا کاتی خۆی ده‌بێت هه‌ر چوار
ده‌وری قه‌ڵا‌که ( زی) بووبێ. به ڕای من ئه‌و بۆ چوونه لاوازه چونکا
زۆر قه‌ڵای تریش له وانه‌یه هه‌بن چوار ده‌وریان به ( زی) گیرابێت و
ئه‌و ناوه‌شیان به سه‌ردا نه‌بڕاوه.
د- دارا حه‌سه‌ن خدر پێی وایه قه‌ڵادزه ناوێکی فارسیه به واتای قه‌ڵای
قه‌ڵاکان دیت، چونکه ووشه‌که له ( قه‌ڵا دژی ) فارسیه‌وه هاتووه،
له‌زمانی عه‌ره‌بیشدا ووشه‌ی رسا نیه بۆیه بۆته قه‌ڵادزه.
هه‌ڵکه‌وتی جوغرافیایی:
پشده‌ر ده‌که‌وێته باکوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری سلێمانی و سه‌ر به پارێزگای
سلێمانیه.
هه‌ندێک له نوسه‌ر و ڕۆشنبیر پێیان وایه هه‌ڵکه‌وتی ناوچه‌که له‌سه‌ر
سنووری ئێران – عێراق و ئاڵوگۆڕی ئیداری که تا ساڵی ١٩٧٠ ناحیه‌ی
بنگرد سه‌ر به قه‌زای پشده‌ر بووه و دوای خراوه‌ته سه‌ر قه‌زایه‌کی
تر (ڕانیه دواتر دوکان). یان ناحیه‌ی ناوده‌شت که پێشتر سه‌ر به قه‌زای
ڕانیه بووه و له‌دوای ١٩٧٠ خراوه‌ته سه‌ر قه‌زای پشده‌ر ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ر
ڕووپێوه‌که‌یدا هێناوه، وای کردووه که ژماره‌ی ڕوو پێوی ته‌واوی ڕووبه‌ره‌که‌ی
به گوێره‌ی مێژووی ناوچه‌که گۆڕانی به‌سه‌ر داهاتووه.
به پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی که کاک ئه‌مین قادر له ده‌زگا ڕه‌سمیه‌کان
ده‌ستی که‌وتووه و له پاشکۆیه‌کی تایبه‌تیدا له کتێبی ئه‌منی
ستراتیجیی عێراق و سێکوچکه‌ی به‌عسییان بڵاوی کردۆته‌وه. ڕووبه‌ری
ناوچه‌ی پشده‌ر به پێی دابه‌شبوونی ئیداری عێراق له ساڵی ١٩٨٤ دا
١٣٠٢ کم٢ مه‌زنده کراوه.
به‌م شێوه‌یه به‌سه‌ر ناحیه‌کانی ئه‌و کاته‌دا دابه‌ش بووه:
مه‌رکه‌زی قه‌زا ٣١٣ کم٢
ناوده‌شت ٧٨٦ کم٢
هێرۆ ٢٠٣ کم٢
له ساڵی ٢٠٠٠ ناحیه‌ی ناوده‌شت کراوه‌ته دوو ناحیه‌ی:
ناوده‌شت ٦٠٦ کم٢
ژاراوه ١٨٠ کم٢
هه‌روه‌ها له شوین ناحیه‌ی (مه‌رکه‌ز و هێرۆ) ئێستا ناحیه‌کانی: (مه‌رکه‌ز،
هێرۆ، هه‌ڵشۆ، ئیسێوه) هه‌یه.
کۆمه‌ڵێک چیا ده‌وره‌ی ناوچه‌ی پشده‌ریان داوه سنوره‌که‌ی له ناوچه‌کانی
تر جیا ده‌کاته‌وه:
- زنجیره چیای بڵفه‌ت و ته‌ورداسه له ڕۆژ‌هه‌ڵاته‌وه له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت،
- چیای قه‌ندیل له باکوره‌وه له ناوچه‌ی پیرانشار [خانێ]،
- چیای کێوه‌ڕه‌ش له ڕۆژئاواوه له ناوچه‌ی بیتوێن،
- چیای ئاسۆس له باشوره‌وه له ناوچه‌ی مه‌رگه.
ئه‌م لوتکه سه‌رکه‌شانه به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا ده‌ڕوانن:
قه‌ندیل، چواس، هه‌رمێن، مامه‌نده، بڵفه‌ت و کوریس. سارا...هتد
ئه‌م زێ و ڕووبارانه‌شی تێدا هه‌ڵده‌قوڵن یان پێیدا ڕه‌ت ده‌بن:
زێ‌ی بچوک له بێتوشه‌وه به دامێنی چیای ئاسۆس به ناوچه‌ی پشده‌ردا ڕه‌ت
ده‌بێت له ده‌ر‌به‌ند ده‌ڕژێته ئه‌و ده‌ریاچه‌یه‌ی که پاشاوی به‌نداوی
دوکان دروستیکردوه.
ڕووبارێک که به چۆمی وه‌ستا سێمانی ناسراوه، له ئاوی سپی سه‌روی هه‌ڵشۆ
هه‌ڵده‌قوڵێت، له پشت قه‌ڵاتی قه‌ڵادزێ له‌گه‌ڵ چۆمی چۆمخڕکه یه‌کده‌گرنه‌وه،
له خوار گوێزیله و ده‌قناوه ده‌ڕژێته زێ‌ی بچوک.
ئه‌م چۆمانه‌ش (ژاراوه ، به‌سته‌ستێن و که‌ڵه‌گافڕێن) که له‌بناره‌کانی
چیاکانی باکور و بناری قه‌ندیل هه‌ڵده‌قوڵێن، له خوار سندۆڵان،
برایماوا و کۆمه‌ڵه له سێ شوێن به‌جیا ده‌ڕژێنه زێ‌ی بچوک که له هه‌ندێک
شوێنی ناوچه‌که به‌زێی سندۆڵانیش ناوی ده‌برێت.
پشده‌ر ناوچه‌یه‌کی کشتوکاڵی، ئاژه‌ڵداری و بازرگانیه. له ڕابردوو
باشترین توتن له‌م ناوچه و له بیتوێن به‌رهه‌م ده‌هێندرا. تا پێش
ڕاگواستن زنجیره‌ی بازرگانی ( هه‌ولێر، کۆیه ، ڕانیه ، سه‌رده‌شت،
میراوه و خانێ) یان ( که‌رکوک، کۆیه، ڕانیه، سه‌رده‌شت، میراوه و خانێ)
ی پێکه‌وه گرێده‌دا. هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ش بوو زۆر بازرگانی شاره‌کانی
تر له قه‌ڵادزێ ده‌ژیان به تایبه‌تی کۆییه‌کان.
کورته باسێکی مێژوویی ناوچه‌که:
- به‌پێ‌ی هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی مێژووی قه‌ڵادزێ مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ پێش سه‌رده‌می ئاشوری یه‌کان.
- له‌کاتی هێرشه‌کانی (سه‌رجۆنی) ی هه‌شته‌م ناوی زمبلی بووه.
- له ساڵی ٥٧٢ ی زاینی ناوی قه‌ڵادزێ ( نامرێ) بووه.
- له‌سه‌رده‌می عوسمانیه‌کاندا ناوی (الحمیدیه) بووه.
- له دوای هێرشه‌کانی له‌شکری عوسمانی له ساڵانی ١٨٩٢- ١٨٩٣ بۆ سه‌ر
ناوچه‌ی پشده‌ر و داگیرکردنی، ناوی شاره‌که‌یان گۆڕی به ( المعموره
العزیزه).
- له دوای ٢٥- ٦- ١٩٨٩ ئه‌م شاره به هه‌موو ناحیه و گونده‌کانی به
هۆی ڕاگواستنه‌وه نه‌ماوه و له‌گه‌ڵ ئه‌رز ته‌خت کراوه. له دوای ڕاپه‌رینه
مێژووه‌که‌ی ٤- ٣- ١٩٩١ و پاکسازی کورستان له ٥ – ٣- ١٩٩١ ئه‌و شاره
جارێکی دی به ره‌نج و نینۆکی خه‌ڵکه‌که‌ی دروست کراوه‌ته‌وه. نازناوی
شاری (دوو جار شه‌هید) به‌سه‌ر دابڕاوه. هه‌ندێک نوسه‌ر و ڕۆشنبیر له
نوسینه‌کانیان به (قه‌ڵای خه‌بات و ڕاپه‌ڕین) ناوی ده‌به‌ن.
ناوی هه ندێ شوێنه‌واری مێژووی:
زۆر شوێنه‌واری مێژووی له ناوچه‌که ده‌بیندرێن، له‌وانه:
١- قه‌ڵاتی ( قه‌ڵادزێ، سه‌ید ئه‌حمه‌دان و دینگه).
٢- به‌رشاخان له ناحیه‌ی هێرۆ،
٣- بێموش له گوندی بێموش،
٤- زندان له گوندی باده‌ڵیان،
٥- گردی حه‌سار له گوندی حه‌سار،
٦- گلکۆی فه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره‌شمانه،
٧- گڵکۆی شێخ فه‌رخ،
٨- گڵکۆی سۆفیه‌کانی سیکه‌نه و سه‌رخانان،
٩- زۆر شوێنه واری شه‌ڕه‌کانی سه‌رده‌می فتوحاتی ئیسلامی بۆ نموونه؛
(دۆڵی شه‌هیدان) له پشتی سه‌نگه‌سه‌ر و زۆری تریش.
هه ندێک دابونه‌ریتی ناوچه‌که:
- هه‌ر له کۆنه‌وه شورایه‌ک له ناوچه‌که هه‌بووه که نوێنه‌ری هه‌موو
چین و توێژه‌کانی تێدا بووه، به پیاو ماقوڵان و ڕیش سپیانی ناوچه‌که
ناو یان هاتووه. هه‌رچی کێشه و مه‌شاکیلی ناوچه‌که بووه به ئه‌ستۆی
خۆیان گرتوه و به بێ مقابیل خه‌ریکی حه‌ل کردنی کێشه‌کان بوون،
- له کاتی مردوو مردن‌دا هه‌موو خه‌ڵک به‌شداریان تێداکردوه و به ده‌فه
لێدان و به پێیان تابوته‌که‌یان له‌سه‌ر شانیان داناوه تا سه‌ر قه بران،
دوایش بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ هه‌موو گه‌ڕه‌ک سێ‌جه‌مه، به تایبه‌ت ئێواران
سینیان بردۆته‌وه بۆ ماڵی خاوه‌ن مردوو، نانی به کۆمه‌ڵیان خواردوه و
نه‌یان هێشتوه خاوه‌ن مردوو به ته‌نها هه‌ست به ئازاره‌کانی بکات. له
دوای ساڵانی‌هه‌شتاکان بۆ بارهاسانی و یه‌ک جۆری له‌سه‌ر سفره‌ی نان
خواردنه‌که، زۆربه‌ی ئه‌و خزم وکه‌سانه‌ی که‌به‌شدار تازیه‌که ده‌که‌ن
به بڕێک پاره بۆ مه‌سه‌ره‌ف به‌شداری ده‌که‌ن، ده‌سته‌یه‌کی خۆبه‌خشیش
سه‌رپه‌رشتی دروست کردنی خواردن و پێشوازی به‌شدارانی تازیه ده‌که‌ن.
- زۆر میوان دۆست و خزمه‌تگوزار بوون به‌رامبه‌ر به‌و ڕێبوار و غه‌ریبانه‌ی
ڕێیان که‌وتبێته ناوچه‌که، یاخود لێی قه‌ومابێ و په‌نای بۆ بردبن.
ئه‌م عه‌شیره‌ت، تیره، تایفه و بنه‌ماڵانه له ناوچه‌که‌دا ده‌ژین:
له سه‌رژمێری ساڵی ١٩٤٧ به ٣٦١٠٣ که‌س ناونوس کراوه. ژماره‌ی
دانیشتوانی پێش ڕاگواستن زیاتر له ١٠٠٠٠٠ که‌س مه‌زنده کراوه.
ئه‌مه‌ش ناوی هه‌ندێک له‌و عه‌شیره‌ت، تیره، تایفه و بنه‌ماڵانه‌یه که
له ناوچه‌که‌دا ده‌ژیان:
پشده‌ری:
هه‌ندێک نوسه‌ر و ڕۆشنبیر پێیان وایه عه‌شیره‌تێک به ناوی پشده‌ره‌وه
له ناوچه‌که نیه وه‌ک عه‌شیره‌ت، ته‌نها ده‌وڵه‌ت له تۆماری
سجیلاتی ناسنامه‌ی که‌سایه‌تی و ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی له شوێنی عه‌شیره‌ت
نوسیویانه پشده‌ر.
به‌ڵام (میراوده‌لیه‌کان) که له دوای ساڵی ١٨٥٤ ه‌وه باسیان لێ ده‌کرێ،
به واتا ئاغاکان، خۆیان به پشده‌ری ناوزه‌د ده‌کرد. ( مێجه‌ر ئه‌دمۆندز
له کتێبه‌که‌ی دا به ناوی کورد و تورک و عه‌ره‌ب ڕیشه‌ی میراوده‌لییه‌کان
ده‌گه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر حه‌ماغای گه‌وره، که له‌وه‌وه حه‌وت تیره‌ی
ئه‌سڵی میراوده‌لییه‌کان په‌یدا بوون که تایفه‌کانی هه‌باساغایی و
بابه‌کراغایی دوو تایه‌فه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارن و سه‌رۆکایه‌تی عه‌شیره‌ته‌که
له ناو ئه‌و دوو تایه‌فه دان. ئێستا چه‌ند تایه‌فه‌یه‌کی تر که به
زڕه ئاغا ناوده‌برێن وه‌ک ڕۆسته‌ماغاییه‌کان بوونه تایه‌فه‌یه‌ک له
میراوده‌لییه‌کان).
به‌ڵام دوای په‌رته‌وازه بوونی خه‌ڵکی قه‌ڵادزێ به شاره‌کانی تر و هه‌ند‌ران
زۆر که‌سی ڕۆشنبیر، سیاسی و مرۆڤی ئاسایش وه ک نازناو( پشده‌ری) یان بۆ
خۆیان هه‌ڵبژاردوه.
نوره‌دینی:
له کۆنه‌وه به قه‌باره‌یه‌کی بچوک عه‌شیره‌تی نوره‌دینی هه‌بووه له
گوندی نوره‌دین و ده‌وروبه‌ری جیا له گونده‌کانی تر و ده‌ڵێن ئه‌نجومه‌نێکی
ڕاوێژیان هه‌بووه. هه‌روه‌ها مسته‌ر ڕیج که ساڵی ١٨٢٠ سه‌ردانی
کوردستانی کردووه باسی نووره‌ددینییه‌کانی کردووه، هه‌روه‌ک باسی سه‌کریشی
کردووه له ناوچه‌که‌دا.
به‌ڵام له‌ساڵانی ٧٠ کان کۆمه‌ڵێک له جوتیارانی ناوچه‌که که که‌سایه‌تی
دیار و ناسراو بوون له ناو شۆڕش و له ناوچه‌که‌ش، له‌وانه ( ئه‌حمه‌د
مسته‌فا، ساڵحی حه‌سه‌نی، ساڵحی ده‌روێش قادری، حاجی برایم شیرخۆر، هه‌باسی
سۆفی ڕه‌سوی و زۆر که‌سایه‌تی تریش) له ده‌زگا ڕه‌سمی و حزبیه‌کان
ڕایان گه‌یاند که ئه‌وان عه‌شیره‌تی نوره‌دین و عه‌شیره‌تێکن له ناوچه‌ی
پشده‌ر ده‌ژین و جیان له عه‌شیره‌تی (پشده‌ری) که میراوده‌لیه‌کان
خۆیانی پێ ناوزه‌د ده‌که‌ن.
مه‌نگوڕ:
ئه‌مانه عه‌شیره‌تێکی گه‌وره‌ن له ناوچه‌ی مهاباد درێژ ده‌بنه‌وه تا
چۆمی ژاراوه له‌ناوچه‌ی پشده‌ر. له باشووری کوردستان ( عه‌لیاغای) مه‌نگور
له دیوی پشده‌ر سه‌رۆک عه‌شیره‌تیان بوو. ڕژێمی سه‌دام له سێداره‌یدا.
ئه‌م عه‌شیره‌ته دابه‌ش بوون به‌سه‌ر پێنج به‌ره باب یان تیره ( خدر
مامه سێنی، ڕه‌زگه‌یی، زوودی، چناره‌یی، قه‌لاوه‌یی). زۆر کوێخای
ناوداریشیان هه‌بوون وه‌ک کوێخا ( حه‌مه‌دی کوێخا ئاڵای، حه‌مه‌ده‌مینی
گڵه‌سپی، قادری حه‌مه‌دی، قادر حه‌سه‌نی، حاجی ڕه‌سوی زودان، ڕه‌سوی ده‌رگه‌ڵه‌ی،
محه‌مه‌دی مه‌لا شه‌ریف، مه‌حه‌مه‌دی دۆڵه به‌فره‌ی، خدری گرد ئێستری،
عه‌لی قه‌لاوێ، خدری خه‌نده‌که‌ی، ڕه‌سوی باره پانه‌ی.... هیتریش). ئه‌م
کوێخایانه له هه‌ڵگیرسانده‌نه‌وه‌ی شۆڕش له دوای نسکۆی ١٩٧٥ ڕۆڵێکی
گرنگ و به‌رچاویان بینیوه. جگه له‌وه‌ی که یه‌که‌م ده‌سته‌ن که له
ڕژێمی به‌عس یاخی بوون و ده‌ستیان وه‌چیا قه‌ندیل داوه، دیوه‌خان و ڕه‌شماڵه‌کانیان
له بناری قه‌ندیل و هه‌وارگه‌کانی بوونه بنگه و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی
پێشمه‌رگه.
مامه‌ش:
ئه‌مانه‌ش درێژ بوونه‌وه‌ی عه‌شیره‌تی مامه‌شایه‌تی به‌ری مه‌هاباده تا
دێلۆ، مێرتکه، به‌لکی و باداوان و چه‌ند گوندێکی تر. له ساڵانی ٦٠ ه
کان گونده‌کانی دێلۆ و مێرتکه‌یان به ده‌ستی ئاغاکانی پشده‌ر لێ
سوتێندرا، به‌ڵام ده‌ستیان نه‌داو نه‌چوونه ژێرباری ئاغاکانی پشده‌ر.
له پیاوه ناو داره‌کانیان (حه‌مه‌دی کا خدری دێلۆی و مه‌لا ڕه‌سوی
باداوان) بوون. ئێستاش زۆر که‌سایه‌تی سیاسی و ڕۆشنبیریان لێ هه‌ڵکه‌وتوون
ئاکۆ:
ئاکۆی دیووی پشده‌رێ باڵوڵ ئاغایان به گه‌وره‌ی خۆیان ده‌زانی. به‌ڵام
زۆربه‌ی عه‌شیره‌تی ئاکۆ له دیوی بیتوێنێ وه تا حاجی ئۆمه‌ران ( هه‌باساغا)
ی سه‌رکه‌پکان دیوی بیتوێنێ به گه‌وره‌ی خۆیان ده‌زانی. چه‌ندین تیره
و تایفه‌و به‌ره‌بابن. زۆری گونده‌کانیان بۆ ئۆردوگای کۆمتان دواتر
چوارقورنه ڕاگوێزراون. گونده‌کانیان له شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه تا ئێستا،
بنکه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانن. هه‌میشه له‌ژێر
تۆپ باران و بورومانی فڕۆکه‌کانی جاران عێراق دابوون، ئێستا ڕژێمه‌کانی
ئێران و تورکیا.
کۆمه‌ڵێک تیره و تایه‌فه و بنه‌ماڵه ی گه‌وره
له ناوچه‌که ده‌ژیان:
تیره و تایفه وه‌ک شۆڕی، به‌گ ، مه‌ره‌سه‌نه، بڵباس،شیلانه، جاف، سه‌کر،
خوار، ده‌ڵگه‌یی و جوامێری...هتد.
هه‌ندێک بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ش که له سلێمانی، کۆیه، مه‌رگه، سه‌رده‌شت،
بانه، مهاباد و شوێنه‌کانی تره‌وه هات بوون و ببوونه به‌شێک له خه‌ڵکی
ناوچه‌که به ناوی شوێنه‌کانی که لێیانه‌وه هات بوون ناوزه‌د ده‌کران.
بۆ نموونه: بنه‌ماڵه‌ی حاجی ئه‌حمه‌دی حه‌مه‌ده‌مین کۆێی، حاجی ڕه‌حیم
ئێرانی، مسته‌فا مه‌رگه‌یی، ئاوڕه‌حمان بانه‌یی... هتد.
________________________________________
سه‌رچاوه‌کان:
١- ڕێکخراوی شێڵته‌ر.
٢- ماڵپه ری کۆنی قه ڵادزێ له ئاماده‌کردنی کاک قوباد.
٣- کۆستی شارێک نوسینی پارێزه‌ر تاها بابان.
٤- تۆڕی ئینته‌رنێت گوگله ماپس.
٥- ئه‌منی ستراریجی عێراق و سێکوچکه‌ی به‌عسییان، کاک ئه‌مین قادر.
٦- ماڵپه‌ری قه‌ڵادزێ ئینفۆ.
٧- پیر وپێشیانانی ناوچه‌که.
http://www.nawandiqaladze.com/srudihamidabdullaboqaladze.pdf
http://www.nawandiqaladze.com/post50.html
ماڵپه‌ڕی خالید ئه‌حمه‌د ئاسنگه‌ر
|