بابه‌تێکی (سه‌رده‌شت عوسمان)، که چه‌ند مانگێک به‌ر له تیرۆرکردنی
بڵاوکراوه‌ته‌وه.
یه‌که‌مین زه‌نگی
کوشتنم لێیدا ...
سه‌رۆ زه‌رده‌شت
له‌چه‌ند
رۆژی رابردوودا بۆ یه‌که‌مین جار پێیان گوتم، که ته‌مه‌نت چه‌ندی نه‌ماوه،
یان به‌گوته‌ی خۆیان مۆڵه‌تی هه‌ناسه‌دانم له‌م شاره‌دا نه‌ماوه، به‌ڵام
نه باکم به‌مردنه و نه ئازاردان، له‌چاوه‌ڕوانی کۆتاییهاتنی مۆڵه‌ته‌که‌مم
تا دیداری بکوژه‌کانی خۆم بکه‌م، دوعاش ده‌که‌م مردنێکی تراژیدیام
پێببه‌خشن که شایسته‌ی ژیانه تراژیدیاکه‌م بێت. بۆیه ئه‌م قسانه
ده‌که‌م تابزانن گه‌نجه‌کانی ئه‌م وڵاته چ هۆلیسۆسێکن و مردن ساده‌ترین
هه‌ڵبژاردنیانه، بۆئه‌وه‌ی تێبگه‌ن که ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌ترسێنێت به‌رده‌وامی
ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێستایه بۆ نه‌وه‌یه‌کی داهاتوو، نه‌ک مردنی خۆمان،
کاری منیش خۆشبه‌ختی برا بچوکه‌کانمه، نه‌ک خۆم.
زۆر به‌ساده‌ییش تاکه هۆکاری نیگه‌رانی من له‌م هه‌ڕه‌شانه ئه‌وه‌یه،
که هێشتا زۆرشت ماون قسه‌یان له‌سه‌ربکه‌ین و هه‌ر ئاوا به‌جێیان
بهێڵین. به‌دبه‌ختی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌وه‌یه، که باکی به‌مردنی نه‌وه‌کانی
خۆی نییه.
دوێنی راگری کۆڵێژه‌که‌م ئاگادار کرده‌وه، که شه‌وی رابردوو ئیهانه
و ته‌هدیدی کوشتنیان کردووم، به‌ڵام ئه‌و وتی ئه‌مه کێشه‌ی پۆلیسه،
نازانم ئه‌بێت له‌م سه‌ر زه‌مینه وڵاتێک هه‌بێت، که خوێنکارێکی
زانکۆکه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی کووشتنی بکرێت و زانکۆش بێموبالاتانه به دیار
ریسوایی خۆیه‌وه دابنیشێت؟ ده‌بوو راگره‌که‌م که‌یسی من بکات به که‌یسی
خۆی، یان خوودی زانکۆ، چونکه من له ئێستادا به‌شێکم له‌م زانکۆیه،
به‌ڵام هه‌رگیز تووشی شۆک نه‌بووم، چونکه ده‌مێکه ده‌زانم که زانکۆی
ئه‌م وڵاته ماڵی ئاسووده‌یی ئێمه نین.
دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیم به‌عمید عه‌بدولخاڵقی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی
هه‌ولێره‌وه کرد پێمی گووت" له‌وانه‌یه ئه‌م ژماره‌ی مۆباییله هی ده‌ره‌وه‌ی
وڵات بێت، یان کێشه‌یه‌کی شه‌خسی بێت، له‌وانه‌یه چه‌ند جارێکی دیکه‌ش
دووباره بێته‌وه، به‌ڵام هه‌ولێر ئارامه و شتی ئاوای لێڕوو نادات"،
به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی گاڵته‌ئامێزه‌وه خه‌یاڵم کرد به‌قسه‌ی جه‌نابی
به‌ڕێوه‌به‌ر بێت له‌وانه‌یه سارکۆزی بێت ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی کردبێت،
ئاخر من چۆن له‌گیانی خۆم دڵنیابم، که چه‌ند رۆژێکه هاوڕێیه‌کم له‌سه‌ر
چه‌ند نووسینێکه‌وه درایه به‌ر شه‌ق و ناچاربوو، ئه‌م شاره‌جێبێڵێت؟
هه‌رچی بێت من له‌م شاره‌ناڕۆم و له‌چاوه‌ڕوانی دیداری مردنی خۆم داده‌نیشم.
ئه‌زانم ئه‌مه یه‌که‌مین زه‌نگی مردنی خۆمه که له‌کۆتاییدا ده‌بێت
به‌زه‌نگێک بۆ گه‌نجه‌کانی ئه‌م مه‌مله‌که‌ته، به‌ڵام ئیدی ئه‌مجاره
نه‌سکاڵا تۆمار ده‌که‌م و نه‌لایه‌نه به‌رپرسه‌کان ئاگادار ده‌که‌مه‌وه،
هه‌نگاوێکه ناومه و ئازاره‌که‌شی خۆم ئه‌یگرمه ئه‌ستۆ، ئیدی بۆ من
له‌داهاتوودا هه‌ر وشه‌یه‌ک که ده‌ینووسم وابیرده‌که‌مه‌وه، که
دواهه‌مین وشه‌بێت له‌ژیانمدا، بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌م هێنده‌ی حه‌زره‌تی
مه‌سیح راستگۆبم له‌گوته‌کانما، خۆشحاڵیشم، که هه‌میشه شتێکم هه‌یه
بۆ گوتن و که‌سانێک نایانه‌وێت بیبیستن، به‌ڵام هه‌رکاتێک ئێمه
به‌چرپه قسه ده‌که‌ین ئه‌وا ئه‌وان گوێچکه‌کانیان نائارام ده‌بن. تا
ئه‌و شوێنه‌ی که ماوین ئه‌بێت قسه‌بکه‌ین، له‌و شوێنه‌ش، که
ته‌مه‌نمان کۆتاییهات با هاوڕێکه‌م خاڵێکم بۆ دابنێت و بێته سه‌ر
دێڕێکی نوی و سه‌ر له‌نوی ده‌ستپێبکاته‌وه.
|