١٠\٥\٢٠١٠
با ده‌ستکه‌وته‌کان
به ره‌شه‌بای قه‌ده‌ر نه‌سپێرین.

سالار بابه‌شێخ
بێگومان لێکدانه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌ری رابردووی سیاسی کورد، له نووسینێکی
رۆژنامه‌ییدا، کارێکی مه‌حاڵه، پێناسه‌کردنی مێژوویه‌کی بێخه‌وش و
متمانه‌پێکراویش، ناتوانێت کارێکی وا ئاسان بێت، ئه‌مه کاری چه‌ندین
ساڵه‌ی پێویسته و کاری پسپۆر و مێژوونووسی کورده، به‌ڵام ئه‌وانیش سه‌باره‌ت
به‌م ئه‌رکه پیرۆزه، یان کهتهرخهم بوون، یان مامه‌خه‌مه‌ی مێژووی
گه‌لانی دیکه بوون!! جیا له مێژوو، له هه‌مبه‌ر گه‌لێک هاوکێشه‌ی
سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتووری و ...هتد، کورد شتێکی ئه‌وتۆی
له هه‌نبانه‌دا نییه، بۆیه به ناچاری زۆرجار داتاکانی ئێمه له
بوخچه‌ی خه‌ڵکی بیانی‌دا ده‌بیندرێن!!
زۆرجار پسپۆرانی بیانی له لێکۆڵێنه‌وه‌یه‌کی سیاسی‌دا، تێڕوانینی خۆیان
له سه‌ر دۆزی کورد به‌گشتی و باشووری کوردستان به تایبه‌تی، خستووه‌ته‌ڕوو،
به‌ڵام تا چه‌ند توانیویانه خۆیان به ناخی واقعی کوردستاندا شۆڕ بکه‌نه‌وه
و لێکۆڵێنهوهکهیان تا چه‌ند بابه‌تییانه بووه؟ بێگومان ئه‌گه‌ر
رامانێکی شرۆڤهکارانهشیان بۆ کردبێت و روانگه‌یه‌کی شۆڤینیشیان به‌رامبه‌ر
به کورد نه‌بووبێت، هێشتا نه‌یانتوانیوه خۆیان له کاریگه‌رییه‌کانی
وڵاتانی به‌رکه‌وته‌ی کورد رزگار بکه‌ن، بۆیه هه‌رده‌م زۆرینه‌یان هه‌وڵیان
داوه، کورد له پاشکۆیه‌تی وڵاتانی داگیرکه‌ری وڵاته‌که‌یدا بهێڵنه‌وه،
نموونه‌ی به‌رچاویشیان هه‌ڵوێسته‌کانی زڵهێزه‌کان و ناوه‌نده نێوده‌ڵه‌تییه‌کانه!!
باشووری کوردستان ئابوورییه‌که‌ی له گه‌شه‌کردندایه، هه‌ست به سه‌قامگیری
سیاسه‌تی ناوخۆیی ئه‌م که‌رته‌ی کوردستان ده‌کرێ، تا راده‌یه‌کیش
ئازادییه سیاسییه‌کان له‌م به‌شه رزگارکراوهی کوردستاندا ده‌سته‌به‌ر
کراون، گه‌رچی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و لووش دانی سامانی گشتی له
لایه‌ن هه‌ندێک له به‌رپرس و کاربه‌ده‌ستانی ئه‌م که‌رته‌ی کوردستانه‌وه
که به "هه‌رێمێکی عێراق" ناوی ده‌بردرێ، بووه‌ته سه‌رباسی باسان و
ساڵه‌هایه نه‌توانراوه رێکارێک بۆ به‌ره‌نگاری و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی
بدۆزنه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته
کوردییه وێڕای هه‌موو که‌موکوڕی و که‌م ته‌مه‌ن بوونی ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تدارییه‌که‌ی،
نموونه‌یه‌کی به‌رچاوه له ناوچه‌که. وڵاتانی دراوسێی باشووری
کوردستان، به هه‌زاران ساڵ مێژووی ده‌سه‌ڵاتداری و سه‌دان ساڵ ئه‌زموونی
ده‌وڵه‌تدارییه‌وه، نوقمی قه‌یرانی جۆراوجۆرن و به‌رامبه‌ر به
باشووری کوردستان دۆش داماون و جگه له‌وه‌ی که به بارته‌قای ته‌مه‌نیان
نکۆڵییان له کورد کردووه، ناتوانن له هاوکێشه سیاسییه‌کانی خۆیاندا
حیساب بۆ باشووری کوردستان نه‌که‌ن.
بریا وه‌ک چۆن له په‌یمانگه‌یه‌کی واشنتۆن هه‌ریه‌ک له(سونەر
کاگاپتەی، دەیڤید پوڵاک، مایکل نایت، ئۆدری فلەیک) دوور له به‌رژه‌وه‌ندی
په‌رستی، شیکارییه‌کیان له‌سه‌ر دۆزی کورد له باشووری وڵاته‌که‌مان
کرد، پسپۆرانی سیاسه‌توانی کوردیش لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد و بابه‌تییانه‌ی
سیاسی له‌سه‌ر عه‌ینییه‌ت و زهنییه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به هه‌موو که‌رته‌کانیه‌وه
بکه‌ن و ده‌سه‌ڵاتیش نه‌ک ناوه‌ندێکی کارتۆنی، به‌ڵکو ئۆرگانێکی ئه‌کادیمی
و تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بکات، بۆ ئەوەى چی نوخبه‌ی سیاسی کورده تێیدا
کۆببنه‌وه، تاوه‌کو کار بۆ ئه‌وه بکه‌ن بتوانن بیسه‌لمێنن، سیاسه‌ت
ته‌نیا "هونه‌ری مومکین" نییه و ته‌نیا ئه‌وه نییه که ئه‌ژنۆی چاوه‌ڕوانی
ده‌رفه‌ته‌کان له باوه‌ش بگری، به‌ڵکو هه‌وڵدانه بۆ ره‌خساندنی هه‌ل
و ده‌رفه‌ته‌کان، ئه‌م هه‌ویره‌ش ئاوی زۆر ده‌وێ و گه‌مه‌ی پولیتیکاڵ
و یاریزانی باشی ده‌وێ، ده‌نا گیڵترین مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌زانێت
مافی چاره‌ی خۆنووسینی کورد به کورسی په‌رستی، په‌رته‌وازی، لێکترازان
و دابڕانه‌کان و خۆ خستنه باوه‌شی نه‌یاران ده‌سته‌به‌ر ناکرێت، ئه‌وه‌شی
ناوی ده‌ستکه‌وته، گه‌ر نه‌یپارێزین، ده‌بێته ده‌وارێکی شڕ و ده‌بێت
به ره‌شه‌بای قه‌ده‌ری بسپێرین.
ماڵپه‌ڕی سالار بابه‌شێخ
|