١٨\٢\٢٠١٣
بادینان و دیانە و
مەسیف سەلاحەدین (سێگۆشەی بەرمۆدا)*ن
بۆ ئازادی ڕادەربڕین.
- سەبارەت بە: ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی
لەسەر کوردستان -

ئامادەکردنی:
ئاراس رەشید
پاش ئەوەی دامودەزگا حکومی وئەمنیەکانی ڕژێمی بەعس لەساڵی ١٩٩١
بەتەواوی لەھەرسێ پارێزگاکانی کوردستان (سلێمانی و ھەولێر و دھۆک)
پاشەکشەی پێکراو کشایەوە. سەرەتا بەرەی کوردستانی ودواتریش پاش
ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ودامەزراندنی حکومەتی دەسەڵاتی کوردی لەھەرێمی
کوردستان، کەبەشێوەیەکی سەرەکی ھەردوو حزبی (یەکێتی و پارتی) دەستیان
بەسەرداگرت. ئەودەسەڵاتە ئیدۆای ئەوەبوو کەدەبێ بەیەکەم نموونەی حکومەت
ودەسەڵاتی دیموکرات لەناوچەکەو زۆریش شانازیان پێوەی دەکرد. بەبێ ئەوەی
بنەماکانی دیموکراتیەت کە ( ئازادی ڕادەربڕین و فەراھەمکردنی کەشو
ھەوایە بۆی) و پارێزگاری و داکۆکی لێبکەن.
ھەر لەسەرەتاوە، ھەرکەسولایەن و گروپێکی غەیری ئەو ٢ حزبە ڕەخنە و
گازندە و سەرنجیان لەبەرامبەر کارو کردەوە و نەخشەی ئەو دەسەڵاتە
گرتایە، ئەوا بە ( سیخور و داردەستی بەعس و تابووری پێنجەم ناوزەد
دەکرا) یان بەوەی دەستێکیان لەپشتەوەیە. لەباشترین حاڵەتدا وەڵامی
بەرپرسان بەو ڕەخنانە و پاساویان بۆ پەردەپۆشکردن و کپکردندنەوەی دەنگە
ناڕازیەکان ( ساوابوونی دەسەڵاتە دیموکراتەکەیان ) بوو. بەڵام لەگەڵ
ئەستوور بوون و گەورەبوونی ساڵانی دەسەڵاتیان و نەمانی بیانوەە
بێبنەماکانی سەرەوەیان. ووردە ووردە دەستیانکرد بەدروستکردنی دەزگا
سەرکوتگەرەکانی ( پۆلیس و ئاسیش وبەھێزکردنی دەزگا سیخوڕیەکانی پاراستن
و زانیاری). بۆئەوەی دەنگی ناڕازی ئەوبەری دەسەڵاتی پێ کپو بێدەنگو
خامۆشکەن. لەبەرامبەر ڕای گشتی ناوخۆ، تاڕادەیەک توانیان بەھێزی
زەبەلاحی میدیای حزبییان و ھێزی سەرکوتگەریان، خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و
چەواشەیان بکەن. بەڵام وەک دەڵێ ( بەڕە، لەتەنکی دەدڕێ، بەڵام زوڵم
وستەم لە ئەستووری). بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و بەرزبوونەوەی ڕۆژ لەدوای
ڕۆژی دەنگی ئازادو پێشکەوتووخواز، توانی وەڵام بەدرۆو پاساوە
بێناوەڕۆکەکانی ئەو دەسەڵاتە بداتەوە، و دەزگا نێودەوڵەتیەکانی مافی
مرۆڤیان لێوەئاگا بێنێت. بەتایبەت پاش ناڕەزایەتیە جەماوەریە گشتگرەکەی
١٧ی شوباتی ٢٠١١، کە ٦٢ ڕۆژی لەسەریەکی خایاند. دەسەڵات بەزەبری ھێزو
ترس وتۆقاندن و دوای کوشتنی ١٠ کەس و بریندارکردنی پتر لە ٢٥٠ کەس و
دەسگیرکردنی زۆرێک لەخۆپیشاندەران پاشەکشەیان بەنارەزایەتی و
خواستەکانی خەڵک کرد.
ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی سەربەنەتەوە
یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەو پێشێلکاریانەی دەسەڵاتی ھەرێم کردووە.
ئەوەتانێ لەتازەترین ڕاپۆرتیاندا لە ١٠/٢/٢٠١٣ درچووە بەم جۆرە تایتلی
ڕاپۆرتەکەیان دەست پێدەکەن" بیروڕای ئازاد لەھەرێمی کوردستان
لەژێرھێرشدایە، و ئەمانە ڕۆژە ڕەشەکانی ئازادی ڕادەربڕینن لەھەرێمی
کوردستان- عیراق. لەبری دەستەبەرکردنی سیستەمی دادپەروەری، گەندەڵی
لەبەرزترین ئاستی خۆیدایە، و ئەو یاسایانە فەرامۆش دەکەن کە تایبەتن
بەپاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی گشتی".
(سارا لی وایتسۆن) بەرێوەبەری ئۆفیسی مافی مرۆڤ لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست،
بەو شێوەی سەروە ڕاپۆرتەکەی دەستپێدەکات. بەکورتی ڕاپۆرتەکە بەم
شێوەیەی خوارەوە ئاماژە بۆ ئەو ھێرش و ھەرەشانەی کوشتن و ترساندن و
چاوسوورکردنەوە لەڕۆژنامە نووسان و ئۆپۆزسیۆن و ھەموو دەنگێکی ناڕازی
بەرووی دەسەڵات دەکات. ئەوەی جێی ئاماژەیە کە ڕاپۆرتەکە ھەموو
پێشێلکاریەکانی دەسەڵاتی ھەرێم و دام ودەزگای ئاسایش وپۆلیس و دەزگا
حزبیەکانی پارتی و یەکێتی تێدا باسکراوە. بەڵام تێبینی ئەوە دەکرێت
کەپارتی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی زۆرتر پێشێلکاری تێدا کرابێ (ئەوەش
پشتی ئەو بۆچوونە ڕاستدەکاتەوە کە پارتی دەیەوێت دەسەڵاتی تاکڕەوی خۆی
لەکوردستان بەزەبری ھێزی ملیشیاو ئەو بودجە گەورەیەی کە لەبەەردەستیەتی،
بسەپێنێ). ھەروەک لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەدا کەسەرچاوەی گرتوە لەگشتی
ڕاپۆرتەکە دەڵێ " بادینان و دیانە و مەسیف، سێگۆشەی بەرمۆدان بۆ ئازادی
ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان".
ئاماژەکانی ناو ڕاپۆرتەکە:
١- پرۆژە یاسای پیرۆزیەکان:
بەرپرسانی ھەردوو وەزارەتی داد وئەوقاف وکاروباری ئایینی ھەرێم.
ھەوڵیانداوە ئەوپرۆژە یاسایەی کە(سوکایەتیکردن) بەئایین و سەرکردە
سیاسیەکان بەتاوان لەقەڵەم بدات و بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام
سەرەڕای ئەوەی ئەو پرۆژەیە لەژێ فشاری حەملیەکی گەورەی ئازدیخوازاندا
ڕاگیراو، و لیژنەی یاسایی و مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی کوردستان ڕێگریان
لێکردوە، بەڵام بەپێی ھەندێک بەڵگەنامە کەدەست ئەو ڕێکخراوە کەوتووە،
ئاماژە بەھەوڵدانیکاردکردن بەو پرۆژە یاسایە کراوە لەلایەن ھەندێک
دەسەڵاتی تەنفیزیەوە. بۆیە سارا ووتی ئەگەر پەرلەمانی کوردستان ئەو
پرۆژە یاسایە پەسەند بکات، ئەوا دەبێتە مایەی پێشێلکاریەکی ئاشکرای
بنەماکانی ئازادی ڕادەربڕین، و ڕێگریکردن لەکاری رۆژنامەوانی.
٢- کەیسی ئەکرەم عبدالکریم:
ئەو ڕێکخراوە ٦مانگ لەکوردستان ماونەتەوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەو چاودێری
کردنی ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی. لەمانگی ١١و١٢ی ساڵی ٢٠١٢
. بە تەنیا لەساڵی ٢٠١٢ لانی کەم ٥٠ ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگر لەدەسەڵات و
چالاکوانی سیاسی سەربە ئۆپۆزۆسیۆن بەشێوەی ھەرەمەکی دەستگیر کراون، ٧
تیان لەوانە بەتۆمەتی سوکایەتی ولەکەدارکردنی ناوبانگی کەسایەتیە سیاسی
وحکومیەکان سزادراون. بەرپرسێکی پێشووی گومرگ بەناوی ئەکرەم عبدالکریم
ماوەی پتر لەساڵێکە، بێدادگاییکردن بەندکراوە بەتۆمەتی خەتەر بۆسەر
ئاسایشی نەتەوەیی. لەکاتێکدا دوای ئەوەی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا
ئاماژەی بەوەکردوە کەبەشێک لەداھاتی گومرگ بۆ بەرپرسێکی پارتی چووە.
ھەندێکی تریان بەھۆی لەکەدارکردنی بەرپرسان ڕووبەڕووی سزا بوونەتەوە.
٣- کەیسی پارێزەر زانا فەتاح لە چەمچەماڵ:
بۆماوەی ٦رۆژ دەستبەسەر
بووە بەتۆمەتی لەکەدارکردنی ناوبانگی دادوەرەکان. کاتێک زانا فەرمانگەی
ناچەکەی بەباسەربەخۆ و پاشکۆی پارتە سەرەکیەکان تۆمەتبار کردبوو. ھەر
لەومانگەدا، سارا لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی
ھەرێمی کوردستان کۆبۆتەوە و نیگەرانی خۆی نیشان داوە لەبەرامبەر ئەو
فشارو سەرکوتکاریانەی ڕووبەڕووی ئازادی بیروڕاو و دەربرین بۆتەوە.
لەوەڵامدا یەکێک لەبەرپرسەکان گوتبووی" باسکردنی گەندەڵی قبوڵ ناکرێت"
و ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان " درۆزنن" و " پێشێلکاری مافەکانی
مرۆڤی حکومەتیان کردوە". ئەمە لەکاتێکدا( یاسای ژمارە ٣٥ی ٢٠٠٧) ی
ڕۆژنامەوانی لەھەرێمی کوردستان، پارێزگاری لەڕۆژنامەنووسان دەکات
لەبەدەستھێنانی ئەو زانیاریانەی کەگرنگ و جێی بایەخن بۆ ھاووڵاتیان
وبەرژەوەندی گشتی، لەچەندین سەچاوەی جیاوازەوە".
٤- سەنتەری میترۆ:
کەبەرگری لەڕۆژنامەنووسان دەکات. پتر لە ١٠٠حالەتی سکاڵای لەسەر
پێشێلکاریەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان تۆمارکردوووە، کە لەلایەن
بەرپسانەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە. گوتیشی کەئەو یاسایانەش
پشتگوێ دەخەن کەناچاریان دەکات لێکۆڵینەوە بکەن، لەھەراسانکردن
وپێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و سزادانی بکەرەکانیان. ھەروەھا ٢١
کەیسی لێدانی جەستەیی و ھێرشی چەکداری بۆسەر ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراوە.
لەگەڵ ٥٠ حاڵەتی دەستگیرکردن، و ٣٤حاڵەتی دەستبەسەراگرتنی کامیراو
کەلوپەلی رۆژنامەوانی، و ٥ ھەرەشەی کوشتن. پاش ئەوەی ئەو بەرپرسەی مافی
مرۆڤ پرسیاری لەبەرپرسێکی باڵای ئاسایش کردووە، بۆ وەڵام نەدانەوەی ئەو
سکاڵایانە؟ بەرپرسەکە لەسەرەتادا نکوڵی لەوەکردوە کە سکاڵا پێشکەش
کرابێ. بەڵام دوای بەرەورووبوونەوەی بەڵگەکان، بەرپرسەکەی ئاسایش
گوتویەتی" ئەوانەی سکاڵایان کردووە درۆزنن".
٥- ڕووماڵ کردنی یادی یەک ساڵەی ١٧ی شوبات:
ئەو ڕێکخراوە ڕاپۆرتێکی دۆکیومێنتاری ئەنجامداوە لەسەر لێدان
ودەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن پۆلیس، لەکاتی ڕووماڵکردنی
ساڵڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی لە ٢٠١٢. بۆیە گوتی بەداخەوە"
ئەمرۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان کەمتروکەمتر لەو حکومەتە دیموکراسیە
دەچێ کەوێنەو بانگەوازی بۆ دەکات. بەکەم بایەخ تەماشاکردنی گەرەنتیە
یاساییەکانی ئازادی ڕادەربڕین. حکومەتی ھەرێم لەبایەخی یەکێک لەکۆڵەکە
بنچینەییەکانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد کەمدەکاتەوە". ھەروەھا لەزمانی
شایەتحاڵێکی ئەو یادە کەدەڵێ" بەسەدان کەس لەھێزە ئەمنیەکان گەمارۆی
١٥٠-٢٠٠ خۆپیشاندەریان دا لەبەەردەرکی سەرا لەسلێمانی. ھەروەھا بەدەیان
لەپیاوانی ئاسایش بەجلی مەدەنیەوە چووبوونە ناو قەرەباڵغاییەکەوە و
بەشەق و دار لەخۆپیشاندەرانیان داوە. ھەروەھا ھێرشکراوەتە سەر
ڕۆژنامەنووسان و لەوانەش ( سەباسچین مایەر، وێنەگری دەزگای میترۆگرافی
) لەگەڵ وێنەگرێکی کە بەناوی بژار محمد، ھەروەھا دەستگیرکردنی تیمێکی
تەلەفزۆیۆنی لەکەی ئێن ئێن و ئێن ئار تی و دەزگای تر.
٦- کەیسی شەوقی کانەبی و شێروان شێروانی لەھەولێر و
ئاکرێ: ئەم
کەیسە لەسەر ئاشکراکردنی تێوەگلانی بەرپرسانی پارتی بووە لەگەندەڵی.
ئەو ڕێکخراوە قسەکانی ئاسۆس ھەردی دێنێتەوە کاتێک پرسیاریان
لێکردوە لەسەر دۆزی ڕۆژنامەنووسان و گەندەڵی" قسەکردن لەسەر
سیاسەتەکانیان کارێکی ترسناکە...بەتایبەت باسکردنی گەندەڵی، بابەتێکی
ھەستیارە. کێشەکە ئەوەیە کەھیچ عەقڵیەتێکی لێپرسینەوە نیە". ھەروەھا
دەربارەی بەرپرسان ووتی" ئەگەر بیانەوێ کەسێک بسڕنەوە، ئەوا دەیسڕنەوە
و بەدوای بیانویەک دەگەڕێن بۆی". ھەروەھا شوان سابیر جێگری بەرپرسی
تۆڕی دادوەری بەندیەکان، ھەمان قسەکانی ھەردی تەئکید کردەوە " کاتێک
بەرپرسە گەندەڵەکان سزای ئازادی ڕادەربڕین دەدەن، ئاوات بەسەر دێت،
حزبە دەسەڵاتدارەکان ڕەخنە گران بێدەنگ دەکەن".
٧- کەیسی سەردەشت عوسمان:
ڕاپۆرتەکە ئاوا ئاماژە بۆ کەیسی سەردەشت عوسمان و سیناریۆی
لێکۆڵینەوەکەی دەکا" ھێشتا تەم ومژو نھێنی سەراپای کەیسی سەردەشت
عوسمانی گرتۆتەوە. ھەروەھا باس لەلێکنەچوونی ڕاپۆرتی یەکەمی لیژنەی
لێکۆڵینەوە و قسەکانی جێگری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم دەکات".
ئەمانەی سەروە مشتێکن لەخەرواری پێشێلکاریەکانی راپۆرتی ساڵانەی ٢٠١٢.
ھەموو یاسا نێودەوڵەتیەکان پارێزگاری لەئازادی رادەڕبڕین دەکەن و
بەبنچینەی مافەکانی مرۆڤی دادەنێن. لەبەرئەوەی کاریگەری گرنگی ھەیە
لەژیانی تاک و بەرێوەبردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات.
بەگەرانەوە بۆ سەر ماددەی ١٥ و ١٩ی
پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسیەکان، گەرەنتی بوونی ئازادی
ڕادەربڕین و گەڕان بۆ وەرگرتنی زانیاری بەھەموو جۆرەکانیەوە دەدات.
ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەسەر پێشێلکاریەکانی حکومەتی ھەرێم بەم
شێوەیە کۆتایی دێت:
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ دا نەیتوانی پابەندبێ بەو
بەندانەی لەپەیماننامە نێودەوڵەتیەکاندا ھاتووە. ڕێگەدان بە
ھەراسانکردن و تۆقاندنی
ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران لە دەسەڵات و
بەوانەشەوە کە ھەوڵیانداوە پەردە لەسەر
گەندەڵی و کارە نایاساییەکانی بەرپرسان لادەن. ئەمە جگە
لەوەی حکومەت چاوپۆشی دەکا لەو
کەسانەی کە سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان دەکەن.
__________________________________________
سەرچاوە:
http://www.hrw.org/news/2013/02/09/iraqi-kurdistan-free-speech-under-attack
*
سێگۆشەی بەرمۆدا: ناوچەیەکە لە ناو زەریای ئەتلەسی بەوە ناوبانگی
دەرکردوە ھەرشتێکی لێنزیکبێتەوە دیار نامێنێ. ھەرچەندە ئێستا ئاشکرا
بووە کە ھەروەک شوێنەکانی دیکە ئەو رووداوانەی لێ ڕوودەدات.
ماڵپهڕی ئاراس رهشید
|