په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٢\٢٠٢٤

با هەمووان لە پێشوازیی ئەنفالکراوانمان ئامادەبین.



هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و هێنانەوەی روفاتی ئازیزانمان بۆ كوردستان مایەی دەستخۆشییە، كە لە رابردوودا رەخنەمان هەبووە لە بوونی کەمتەرخەمی و بێباکی لایەنی پەیوەندیدار لە بەرانبەر نەهێنانەوەیان.

ئێستا کە دووەمین گۆڕی بە کۆمەڵی ئازیزانی ئەنفالکراوانمان لە ناوچەی تەلشێخە لە بیابانەکانی سەماوە هەڵدەدرێتەوە و پرۆسەکەش هێشتا بەردەوامە و بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، رووفاتی زیاتر لە (١٥٠) ئەنفالکراوی تێیدایە، کە سەرجەمیان ژن و منداڵن.

لەم ساتەوەختەدا، جەخت لە جێبەجێكردنی تەواوی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لەسەر كەیسی ئەنفال دەکەین، کە بریتین لە دادگاییکردنی تاوانباران و پێشکەشکردنی داوای لێبوردنكردن لەلایەن دەوڵەتی عێراق لە قوربانیان و قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوەی کەسوکاری قوربانیان.

هاوکات نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لە بەرانبەر:

یەکەم: بێدەنگی لایەنە فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەك (سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت ـ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ـ سەرۆکایەتی کۆمار ـ فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا)، شەرمەزار دەکەین، کە تا ئەم ساتە، بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێك لەمەڕ هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانمان بە ڕەو نابینن و هاوکات مایەی نەنگیە کە ئەو لایەنە حکومیانە کار بە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەسەر کەیسی ئەنفال و تەواوی کەیستەکانی تر ناکەن، هەر لە قەربوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و دادگاییکردنی تاوانباران و بە جیهان ناساندنی تاوانەکان.

دووەم: بەشداری پێنەکردنی کەسوکاری قوربانیان و نووسەران و رێکخراوەکان لە مەڕاسیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە، کە یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان لە دۆسیەی ئەنفال، ئەو مافەی بۆ هەموو لایەك دابینکردووە.

سێیەم: بەشداری پێنەکردنی لایەنە نێودەوڵەتیەکانی وەک نێردەی یۆنامی و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانی دیکە، کە مەخابن ئەمە لە هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی ئازیزانمان لە جینۆسایدی بارزانیەکان لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣ـشدا روویدا.

بۆیە ئێمە وەك رێکخراوەکان و نووسەران و چالاکوانانی بواری جینۆساید، کە ناومان لە خوارەوە هاتووە.. داواكارین:


١- پەلە بكرێت لە هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان و هێنانەوەی روفاتی ئازیزانمان بۆ باوشی نیشتمان.. لە رێگای فراوانتکردنی تیمی نیشتیمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان.
٢- پێویستە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان نوێنەری كەسوكاری قوربانیان و رێكخراوەكانی تایبەتمەند و نووسەرو چالاكوانان ئامادەبن.. کە یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان ئەم مافەی بۆ دابین کردوون.
٣- پێویستە بێ جیاوازی هەموو كەناڵەكانی راگەیاندن بانگ بكرێن و زەمینەی کاری میدیایی باش بۆ تۆمارکردنی ئازارەکانی میلەتەکەمان بڕەخسنێرێت.
٤- پێویستە كەناڵ میدیا جیهانیەکان و رێكخراوە بیانییەكان بانگهێشت بكرێن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، بۆ ئەم مەبەستە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێت.. ئەمەش وەك رێگایە بۆ بەجیهان ناساندنی کەیسەکانی جێنۆسایدی کورد.
٥- لە كاتی هێنانەوەی رووفاتەکان بۆ كوردستان، مەراسیمی شایستە رێكبخرێت، کە لە ئاستی گەورەیی قوربانییەكان بێت.
٦- نابێت پرۆسەی هەڵدانەوە و هێنانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لەلایەن هیچ لایەنێكەوە بقۆزرێتەوە بۆ بەرژەوەندی و تەوزیفی سیاسی.
٧- پێویستە پرۆسەی پشكنینی (دنا) خێراترو بەرفراوانتر بكرێت بۆ روفاتەكان و كەسوكاری قوربانیان، بە ئامانجی ناسینەوەی روفاتەکان.
٨- دۆسیەی ئەنفال تەنها پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان نییە، بەڵکو کاری سەرەکی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفالە و لە پێشیانەوە دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ٢٥٨ داواكراوی كورد لە جاش و موستەشارەکان، داواکاری سەرەكی هەمووانە.
٩- تیمەکانی وەرگرتنی خوێن لەکەسوکاری ئەنفالکراوان، بە مەبەستی پشکنینی (دنا) بەردەوام وفراوانتر بکرێت و سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە.
١٠- پێویستە پارێزگاری لە جل وبەرگ ۆ کەرستەکانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان بکرێت و بهێنرێتەوە بۆ کوردستان و لە شوێنێکی شایستە نمایش بکرێت، بۆ نەوەی داهاتوو و شاندە بیانیەکان.


١- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید - کوگ
٢- گۆڤاری تۆپزاوە ـ تایبەت بە پرسی ئەنفال و جینۆساید
٣- ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان
٤- تۆڕی ئایكان كوردستان ــ ئکن
٥ـ رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ ئۆئاومد
٦- رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
٧- تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان لهـ پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی - کۆنججج
٨- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ ئۆژج
٩-رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
١٠-رێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ
١١- رێكخراوی چاودێری كوردۆساید - چاك
١٢- ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان
١٣- رێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی
١٤- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
١٥- رێکخراوی داکۆکی لە قوربانیانی گۆرە بەکۆمەڵەکان
١٦- رێکخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال
١٧ــ عەلی مەحمود ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
١٨- عەدالەت عومەر ــ نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید
١٩- هێمن حەسیب ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
٢٠- هاوڕێ پێشڕەو ــ پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفالکراو
٢١- ئەحمەد مەجید ــ چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراو
٢٢- عادل مەلا ساڵح ــ باڵوێزی ناوەندی ئاشتی جیهانی
٢٣- شاخەوان شۆڕش ــ نوسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید
٢٤- جەبار ئەحمەد ــ توێژەر لەبواری جینۆساید
٢٥- حەمە زرنگ ــ چالاکوانی بواری جینۆساید
٢٦- گەردە مامە حەمە ــ چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ
٢٧- فواد عوسمان ــ نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید
٢٨- پەرژین جەعفەر حاجی رۆستەم ــ خوشکی شەهید و ئەنفال
٢٩-گەردە مامە حەمە، چالاکوان و خوشکی ئەنفالکراو
٣٠- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان

 

نووسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید

٢٨\١٢\٢٠٢٤


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک