١٥\١\٢٠١٤
نامەیەکی کراوە بۆ رای
گشتیی خەڵکی کوردستان:
با ھەموومان دژی کوشتار و توندوتیژیی و
دەستدرێژیی سێکسیی بۆ سەر ژنان لە کوردستان بێینە مەیدان.
لە
ماوەی بیست و سێ ساڵی رابردووی دەسەڵاتی ھەرێم ، کوردستان بۆتە دۆزەخێک
بۆ ژنان. لە مێژووی ئەم چەند ساڵەدا بە ھەزاران ژن بە بیانووی
ئابڕووپەرستیی یان کوژراون یان لە ژێر گوشاری کۆمەڵایەتی و لە بێ
چارییدا خۆیان کوشتوە و بوونەتە قوربانی دەسەڵاتی پیاوسالاریی. ژمارەی
ژنانی قوربانی ژمارەی قوربانیانی جینۆساید و چەکی کیمیایی تێپەڕاندوە.
ئەگەر تەنھا سەیرێکی ھەوالەکانی ٢٠ رۆژی رابردووی قوربانیانی
توندوتیژیی و تیرۆر بکەین بەم شێوەیە بووە:
رۆژی ٢٣\١٢\٢٠١٣ ژنێکی
کارگوزار کە لە نیپاڵەوە بۆ کارکردن ھاتبوو بۆ ھەرێمی کوردستان بە
ھەڵواسراویی دۆزرایەوە، لە رۆژی ٢٩\١٢ لە
شەلتەری حکومیی بۆ پارێزگاریی لە ژنان، ژنێک سوتا. لە ٣١\١٢
کچێک لە لایەن براکەیەوە لە دێیەکی سەر بە کفری دەکوژرێ. ئەم ژنە
کەیسەکەی لە لای فەرمانگەی گەرمیانی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دەبێ
و بە فەرمانی دادوەر رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە. لە ٤\٣١\١٢
ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵ لە گەڕەکی ئەندازیارانی شاری ھەولێر بە دەستی
برایەکی بە کلاشینکۆف دەکوژرێ. ٥\٢\١ کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە ماڵەکەی
خۆی بەھەڵواسراویی دۆزرایەوە. ٦\٥\١
تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی گوڵان کە ٥ فیشەکیان بەسەریەوە
نابوو.. لە ٣٥ کیلۆمیتری شاری ھەولێر دۆزرایەوە. ٧\٦\١
کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ کە ئاوارەیەکی رۆژئاوای کوردستان بوو لە ھەولێر
فڕێندرا و لە لایەن ٦ کەسەوە دەستدرێژیی کرایە سەر. ٨\٧\١
کوڕێک بە دوای ئەوەی کە کچێک دەکوژێ لە شاری سلێمانی خۆشی دەکوژێ کە
هەردووکیان ئاوارەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون. دیارە ئەم ئامارە تەنھا
مشتێکە لە خەرمانێک و تەنھا ژمارەی ئەوانەن کە بڵاوبوونەوە، زۆرێک لە
بارەکانی توندوتیژیی و تیرۆری ژنان بە شاراوەیی لە لایەن
کەسوکارەکانیانەوە بە ھۆی گوشاری کۆمەڵایەتییەوە دەھێڵدرێنەوە. ئەمە
تەنھا قوربانییەکانی کوشتنن، مانگ نییە کە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی
توندوتیژیی دەردەچێ بە سەدان باری لێدان و دەستدرێژیی و ئەتککردن و
سوتاندن و کوشتنی تێدا نەبێ بە جۆرێک کە دەڵێی ئامارەکان دووبارە
دەبنەوە و مەرگی ژنان تەنھا بۆتەتە ژمارەیەکی مانگانە و بە بەرچاوماندا
تێدەپەڕێ.
لە بەرامبەر ئەمانەشدا دەسەڵات لە کوردستان بێ دەربەستە بەرامبەر بە
پرسی ژن، ئەم نموونانە لە کوشتنی رۆژانەی ژنان لە دوای چەند رۆژێک
روویداوە لە رۆژی بەرەنگاریبوونەوەی توندوتیژیی کە سەرۆکی حکومەت
خۆشحاڵیی دەربڕی بەرامبەر بەوەی کە دۆخی ژنان بەرەو باشتر رۆیشتووە!
ئەم دەسەلاتە لە ماوەی چەندین دەورەی پەرلەمان و کابینەی حکومەتیدا لە
ژێر گوشاری بزوتنەوەی یەکسانییخوازی لە کوردستان چەندین جار بەڵێنی
باشکردنی بارودۆخی ژنانیان داوە، بەڵام بە کردەیی کاریان بۆی نەکردووە!
ئەوەی کە ئیتر لامان ئاشکرایە کە دەسەڵاتی ھەرێم نایانەوێ بارودۆخی
ژنان بەرەو باشیی بڕوا لەبەرئەوەی ئەگەر ژنان کە نیوەی کۆمەڵگان ھۆشیار
ببنەوە ئەوە بە زیانی ئەوان و دەسەڵاتەکەیان کۆتایی پێدێ. لەنێو
دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیش کاتێک ژنێک ناچار دەکرێ بە خۆکوشتن، زۆر
بە ئاسانیی دەڵێن خۆی ھەڵواسی و یان خۆی سوتاند و کەیسەکەی دادەخەن، بە
بێ ئەوەی کە لێکۆڵینەوە بکەن لەوەی بۆ ئەو ژنە دەستی بۆ خۆکوشتن برد؟
پاڵنەرەکانی چی بوون؟ سەدان رووداوی سوتاندن و خۆسوتاندنی ژنان بە “
قەزا و قەدەر“ تۆماردەکرێ و لێپرسئنەوە و بە دواداچوونی بۆ ناکرێ، واتا
گوشار و توندوتیژیی دەروونیی ھیچ جێگە و رێگەیەکی بۆ دانەندراوە. ئەگەر
سەیرێکی سەنتەرە حکومیەکانی پارێزگاری لە ژنان بکەین بارودۆخیان
ئەوەندە خراپە کە ژنان ئامادەن بکوژرێن یان بچنەوە لای کەسوکاریان تا
ئەوەی لەوێ بمێننەوە، تا ئیستا چەند ژنیک لە دوای رادەستکردنەوەیان لە
رێگای دادگاوە بە کەسوکاریان کوژروان، ئەمە چەندین جارە لە دادگاکان
ئەم کارە روودەدا و بە بەڵێنێکی پووچ کچان رادەستی کەسوکاریان
دەکەنەوە. کوردستان لە سایەی ئەم دەسەڵاتە بۆتە شوێنێکی ئەوەندە
نائارام و بێ ئاسایش بۆ ژنان کە زۆر بە ئاسانیی کچێک دەفڕێندرێ و
دەستدرێژیی بە کۆمەڵی دەکرێتە سەر. ھەموو ئەم توندوتیژییانە ھەروا بە
بەرچاوی کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا تێدەپەڕن ، بەڵام بۆ ژیانی ھەموو ژنیک
زیندانێکی بنیات ناوە.. ئەم دیاردانە بوونەتە ھۆکاری نائارامیی لە
کۆمەڵگادا و کاریگەریی گەورەی لەسەر کار و خوێندن و ھەڵسوکەوت و
ھاتوچۆی ژنان لە دەرەوەی جوارچێوەی ماڵ بە فروانیی داناوە و لە
ئەنجامدا کچان و ژنان ناچاربوون کە زیاتر لە کونجی ماڵدا بھێڵدرێنەوە.
یاساکان لە کوردستان تەنھا مەرەکەبی سەر کاغەزن و ھەرچەندە بەپێی یاسا
ژن کوشتن قەدەغەیە و وەک ھەر تاوانێکی تر سەیر دەکرێ بەڵام زەمینە زۆر
لەبارە بۆ حەشاردانی ژن کوژان یاخود ئازادکردنیان چ بە پشتیوانیی
بەرپرسان لە چەکدار و پیاوانی خۆیان یان بە یاسای لێبووردنی گشتیی یان
بە بریاری دادوەر و دادگا لە زۆربەی کەیسەکانی کوشتنی ژناندا بە
بیانووی لێخۆشبوون و نەبوونی سکاڵاکەر کە زۆربەی کات لە ژێر گوشاری
(سوڵحی عەشایەری) و دەستتێوەردانی نووسینگە کۆمەڵایەتی و مەلا و
پیاوانی ئایینی و بەرپرسان روودەدا. لە ھەموو ئەمانەش خراپتر ئەوەی کە
بەدی دەکرێ لە کوردستان ئەوەیە کە ھەموو ستەم و چەوسانەوەیەک بەرامبەر
بە ژنان رودەدا بەڵام کۆمەڵگای کوردستان راناچڵەکێنێ و لەوانەش بەرەی
ئازادییخواز و بەرگریکار لە کۆمەڵی مەدەنیی و سەروەریی یاسا و مافی
ھاوڵاتیبوونی یەکسان.
ئازادییخواز و یەکسانییخوازان، ئەی ئەوانەی کە کەمێک دڵتان بۆ یەکسانیی
ژن و پیاو لێدەدا، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە بەرامبەر
بە تیرۆری رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی و گوشارھێنان بۆ دەستگیرکردنی
گومانلێکراوان و دەستگیرکردنیان، وەھەروەھا ھاتنە مەیدانی خەڵکی
سەیدسادق و ناچارکردنی بەڵێندانی دەسەڵات بە جیبەجێکردنی
داواکاریەکانیان و دەست لەکارکێشانەوەی بەرپرسانی ئەم شارە ئەوەمان
پێدەڵێت کە تەنھا ڕیگا بۆ بەدیھێنانی مافەڕەواکانمان ھاتنە مەیدانمان و
گوشارھێنانە بۆ ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرست و پیاوسالارە. با بێدەنگیمان
بشکێنین و بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەھێز بێنینە مەیدان بۆ باشکردن و
بەجدی وەرگرتنی مەسەلەی ژنان لە کوردستان. باشکردنی بارودۆخی ژنان لە
کوردستان تەنھا بە بزوتنەوەی یەکسانییخوازی یاخود بە تەنھا ژنان
ناکرێت، کێشەی ژنان کێشەی ھەموو کۆمەڵگایەو دەبێت ئەم ناھەقیانە
کۆمەڵگا بوروژێنێت و ھەروەک کێشەکانی گەندەڵی و تیرۆری رۆژنامەنووسان و
نەبوونی خزمەتگوزارییەکان بۆی بێتە مەیدان.
بابێینە مەیدان و داوا بکەین:
١- لە بواری یاسایی دا: یاسای
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ژمارە ٨ی پەرلەمان جێبەجێبکرێ و
پیویستیەکانی جی بە جی کردنی بە تێروتەسەلیی دابین بکرێ. یاسای باری
کەسێتی ھەموار بکرێتەوە و ھەموو ئەو ھەلاوردنانەی کە لە دژی ژنان
تێیدایە لاببرێن و لە جیگەیان مافی یەکسانیی ژن و پیاو مسۆگەر بکرێت لە
بوارەکانی ھاوسەرگیریی و جیابونەوە و سەرپەرشتی منداڵ و میراتی و...
ھتد. یاسای سزادانی عێراقی ھەموار بکرێتەوە و سزای “زینا“ ھەڵبوەشیتەوە
و کوشتنی ژنان وەک تاوانی بە ئەنقەست بە ئاشکرا راگەیەندرێ و ھیج
یاسایەک نەتوانێ دایمەزرێنتەوە. ھەموو ئەو ناکۆکییانەی لە یاسادا ھەیە
و بە زیانی کەیسەکانی ژنان لە دادگادا بەکار دەھێنرێ ھەڵبوەشیتەوە. بە
ھیچ شێوەیەک یاسای لێبووردنی گشتیی دەرنەکرێ لە کوردستان و بەو
بەھانەیەوە ژن کوژان ئازادنەکرین.
٢- خوێندن و پەروەردە: ھەڵمەتی ھۆشیاریکردنەوەی بەھێز دەستپێبکا لە
کوردستان لەڕێگای سیستەمی خوێندن وپەروەردە ،ھەموو جۆرە ھەڵاوردن و
جیاکاریەک چ لە نیو پەرتووک و هنیۆیەک فیربوون و چ لە ھەڵسوکەوت و
مامەڵەی مامۆستایان و ستافی پەروەردەدا قەدەغە بکرێ، بە پێچەوانەوە
بنەماکانی مافی یەکسان و ھاوڵاتیبوون و مرۆڤدۆستیی ببنە سەرچاوەی
فێرکردن و خویندن، لەم بارەوە پێکھێنانی لیژنە بۆ چونە ناو شوێنە
گشتییەکان، گەڕەک و لادێکان. میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن کۆمەکی
فراوان بکەن بە ھەڵمەتی فیربوون و ھوشیارکردنەوەی گشتیی.
٣- کۆمەکی قوربانیانی توندوتیژیی: سەنتەری
شیاو بۆ ژنان بکرێتەوەو بودجەی تایبەتی بۆ خەرج بکرێ، کەسانی پسپۆڕ
رابھێندرێن بۆ ئەوەی کە بتوانن ھەڵسوکەوتی مرۆییانە لەگەڵ ئەم ژنانە
بکەن کە ژیانیان لە مەترسیی دایە. ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی
توندوتیژیی، لە بواری دەروونییەوە کۆمەک بکرێن و یارمەتی بدرێن بۆ
ئەوەی کە بتوانن ژیانێکی نۆرماڵیان ھەبێ، ھەروەھا قەرەبووی مادیی
قوربانیانی توندوتیژیی بکرێتەوە.
٤- نابێ رێگا بدرێ باجی ئەم توندوتیژییە بەردەوامانە، ژنان بیدەنەوە و
ببێتە ھۆکاری بەستنەوەی زیاتریان لە ماڵدا و بێ ئاسایشیی ببێتە ھۆکاری
دابڕانیان لە خوێندن، کارکردن و بەشدارینەکردنیان لە لە بەڕێوەبردنی
کایە سەرەکیەکانی کۆمەڵگا. ئەمەش ئەرکی دەسەڵاتدارانە کە بەر بەم رەوشە
کۆنەپەرستانەیە بگرێت و ئارامیی بۆ ھەموو تاکەکان لە کۆمەڵگادا دابین
بکا.
واژۆیەکان:
١- لاوژە ماهیە/ نووسەر و چالاکوانی بواری یەکسانیی ژن و پیاو/
دانیمارک
٢- گۆنا سەعید/ چالاکوانی بواری یەکسانیی ژن و پیاو/ بەریتانیا
٣- ئاسۆ کەمال/ چالاکوانی سیاسی کۆمۆنیستی کرێکاریی/ بەریتانیا
٤- رێکخراوی ژنانی کوردو خۆرھەڵاتی ناوەڕاست/ بەریتانیا
٥- ئاراس رەشید/ چالاکوانی سیساسی لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری
کوردستان/ کەنەدا
٦- جەلیل رەزایی/ چالاکوانی سیاسی کۆمۆنیست/ دانیمارک
٧- موزەفەر عەبدڵا/ چالاکوانی سیاسی/ ئوستوڕالیا
٨- جەبار موستەفا/ ھەڵسوڕاوی سیاسی/ ئوستوڕالیا
٩- عامر موستەفا/ ھەڵسوڕاوی سیاسی/ ئوستوڕالیا
١٠- حەسەن مارف/ چالاکوانی سیاسی/ ئوستوڕالیا
١١- چیمەن مارف/ چالاکوانی بواری یەکسانیی ژن و پیاو/ ئوستوڕالیا
١٢- زەینەب رەحیم/ چالاکوانی بواری یەکسانیی ژن و پیاو/ ئوستوڕالیا
١٣- گەشە حەمید/ خوێندکاری ماستەر/ تورکیا
١٤- رۆژ عەزیز/ نووسەر و چالاکوانی سیاسی/ تورکیا
١٥- ناز عەلی/ خوێندکاری زانکۆ/ سلێمانی
١٦- پێشڕەو ئیسماعیل/ چالاکی مەدەنی/ بەلجیکا
١٧- رەنجدەر گراوی/ چالاکی مەدەنی/ بەلجیکا
١٨- سۆزان سەعید/ خوێندکاری دکتۆرا لە فەلسەفە/ بەلجیکا
١٩- رێکخراوی کوردستان فۆرم/ بەلجیکا
٢٠- کارزان عەلی/ رۆژنامەوان/ بەلجیکا
٢١- ھەندرێن ھۆرامی/ ڕۆژنامەوان/ بەلجیکا
٢٢- کارزان عومەر/ کرێکار/ بەلجیکا
٢٣- لوقمان سالح/ کرێکار/ سلێمانی
٢٤- ئاکۆ کەریم/ رۆژنامەنووس. سلێمانی
٢٥- چنار عەلی/ خوێندکاری زانکۆ/ سلێمانی
٢٦- ھێمن رۆژھەڵاتی/ خوێندکار/ بەلجیکا
٢٧- ھێمن سوھرابی/ چالاکوانی مەدەنی/ دانیمارک
٢٨- میدیا حەسن/ وەرگێری زمانەوانی/ دانیمارک
٢٩- لارس مەسن/ تەکنیکی کۆمپیوتەر/ دانیمارک
٣٠- ئیلھام لەک/ خوێندکار/ دانیمارک
٣١- ئیبراھیم لەک/ بێکار/ دانیمارک
٣٢- فەراسەت میرزایی/ کرێکار/ دانیمارک
ھەر رێکخراو و کەسایەتیەک دەیەوێ پشتگیریی لەم نامەیە بکا، دەتوانێ
پەیوەندیی بکا بە:
لاوژە ماهیە:
lawzha@yahoo.co
گۆنا سەعید:
gona_saed@yahoo.com
|