په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٦\٢٠٢٥

با کەس دڵی بەم شەڕە خۆشنەبێ.


ئەرسەلان مەحمود      


ململانێی ئێران - ئیسرائیل، کە لە ١٣-١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا گەیشتە لووتکەی پێکدانی سەربازی ڕاستەوخۆ، لە دینامیکی سیستەمە سیاسییەکانی ناوچەکەدا دیاردەیەکی نامۆ نییە، ئەمە ڕێک ئەو دەرئەنجامەیە کە لە سیستەمێکی ناکارامەدا چاوەڕوان دەکرێت - سیستەمێک کە بۆ درێژەدان بە ژیانی خۆی، پێویستی بە دوژمنێکی دەرەکی هەیە تا لە ڕێگەیەوە بوونی خۆی پاساو بدات و مانا بە زیندوو مانەوەکەی ببەخشێت، لەبەر ئەوە گەلانی ئێران، ئیسڕائیلی، ناوچەکە و کەس با دڵی بەم ململانێ و شەڕە خۆش نەبێت، ئەمەی ڕوودەدات هیچ رەبتێکی بە حەق و باتڵ، دین و دنیا و قیامەت و ژیانی خەڵکەوە نییە.

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین لایەنەکانی ئەم شەڕە، هەوڵی هەردوو لایە بۆ پیشاندانی خۆیان وەک قوربانی. ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران "بەرگری پێشگرییە"یە لە دژی هەڕەشەی ناوەکی و تیرۆر. لە بەرامبەردا، ئێران خۆی وەک قوربانی "پیلانگێڕی ئیمپریالیستی و زایۆنیستی" پیشان دەدات. ئەم ستراتیژییە زیرەکانەی کە هەردوو ڕژێم لە ڕێگەی دروستکردنی وێنەی قوربانیبوونەوە، دەیانەوێ سەرنجی خەڵکەکەیان لەسەر کێشە و قەیرانە قووڵە ناوخۆییەکانیان لابدەن و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان ئاراستەی دەرەوە بکەن، هەروەک چۆن شەرعیەت بۆ سیاسەتە سەرکوتکەرەکانیان دروست بکەن و پشتگیری نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن. بۆ نموونە، ئیسرائیل بەبێ هەڕەشەی ئێرانی، چۆن دەتوانێت داگیرکاری سەر خاکی فەڵەستین پاساو بدات؟ ئەی ئێران بێ "شەیتانی گەورە" و "ڕژێمی زایۆنیستی"، چۆن دەتوانێت ناڕەزایەتییەکانی خەڵک گەمارۆ بدات و ڕەوایەتی بداتە ئەو سەرکوتکارییەی کە دەیکات؟

فەنتازیای دیپلۆماسی لە سەردەمی ترامپدا.

دۆناڵد ترامپ، کە پێشتر شانازی بە توانای "ڕێککەوتن" دەکرد، لەم قەیرانەدا ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی بنەڕەتی دەبێتەوە. چۆن دەکرێت "دیل - مامەڵە" لەگەڵ ڕژێمگەلێک بکەیت کە بوونیان بە دوژمنایەتی یەکتر بەستراوەتەوە؟ ئەمە وەک ئەوە وایە بتەوێت نێوەندگیری لە نێوان نەخۆشی و نەخۆشیەکەدا بکەیت - لە کاتێکدا سەرەتان بێ نەخۆشییەکە ناتوانێت بژی. ئیدارەی ترامپ لەم قەیرانەدا هەڵوێستێکی دووانەی گرتووە، لە لایەک پشتگیری و بەرگری لە ئیسرائیل دەکات، لە لایەکی ترەوە خۆ بەدووری لە کردەوە سەربازییەکانی ڕادەگەیەنێت. ئەم ستراتیژییەی "پشتگیری نا بەرپرسیارێتی" نیشاندەری ئەوەیە کە واشنتۆن تێگەیشتووە لە مەترسییەکانی تێوەگلان لە شەڕێکی فراوانتر، بەڵام ناتوانێت هاوپەیمانە ستراتیژییەکەیشی جێبهێڵێت.

شکاندنی شەڕگەی بەرگری - "مقاومە".

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەشێک لە ستراتیژییەتی درێژخایەنن بۆ لاوازکردن و لە کۆتاییدا ڕووخاندنی ئێران وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ناوچەکەدا. ئەم ستراتیژییەتە چەند ڕەهەندێکی هەیە، یەکەم: وێرانکردنی توانای بەرگری - ئەمە نەک تەنها لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکو لە ڕووی سیاسی، ئابووری، تەکنەلۆژی و کۆمەڵایەتیشەوە. گەمارۆ ئابوورییەکان کە ژیانیان لە خەڵکی ئاسایی کردووە بە دۆزەخ، بەشێکی سەرەکین لەم پلانە. دووەم: تەجریدکردنی دیپلۆماسی - دوورخستنەوەی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کەمکردنەوەی هاوپەیمانەکانی، تایبەت دوای لاوازبوونی شەڕگەی "بەرگری - مقاومە" لە سووریا، لوبنان و فەڵەستین. سێیەم: گۆڕینی هاوکێشە ناوچەییەکان - دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دژ بە ئێران کە خۆی لە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمدا دەبینێتەوە.

دووانەی میدیایی و دەستکاری ڕای گشتی.

شێوازی پێشکەشکردنی شەڕەکە لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا، نموونەیەکی ڕوونە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان بۆ دروست کردنی "ڕاستی". کاتێک ئێران مووشەک دەنێرێت، ئەوە "هەڕەشەیە بۆ ئاشتی جیهانی". بەڵام کاتێک کە ئیسرائیل سەدان فڕۆکەی جەنگی دەنێرێت بۆ وێرانکردنی دامەزراوە ناوەکییەکان و کوشتنی فەرماندە سەربازی و زانا ئەتۆمییەکان، ئەوە "بەرگری شەرعی"یە. ئەم دووانەییە لە چەمکسازیدا بەرگری بەرامبەر بە "هێرش". لە شەرعیەتداندا مافی بەرگری بەرامبەر "پێشێلکردنی سەروەری". لە مرۆییکردندا قوربانیانی هێرشی تیرۆریستی بەرامبەر "کوژراوانی کردەوە سەربازییەکان". میدیا لێرەدا نەک تەنها هەواڵ دەگوازێتەوە، بەڵکو ڕاستی دروست دەکات و پاساو بۆ کردەوەکان دەدۆزێتەوە.

کۆنتێکستی مێژوویی، لە ١٩٧٩ەوە تا ئێستا.

بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم شەڕە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩. شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران نەک تەنها ڕژێمی شای ڕووخاند، بەڵکو هاوسەنگی هێزی لە ناوچەکەدا تێکدا. ئێران لە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکاوە بوو بە دوژمنێکی سەرسەخت و بەمەش کێشەیەکی گەورەی ستراتیژی بۆ واشنتۆن دروست کرد. لەم چوارچێوەیەدا، ئیسرائیل ڕۆڵی "پاسەوانی ناوچەیی" وەرگرت. جا لەبەر ئەوەی کە ئەم ڕۆڵە بە پێی بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێت لە هەشتاکانی سەدەی رابردودا، ئیسرائیل بە نهێنی چەکی بۆ ئێران دەنارد لە شەڕی دژ بە عیراق، چونکە ئەو کاتە سەدام حوسێن وەک هەڕەشەیەکی گەورەتر دەبینرا.

ئەوەی ئەم قەیرانەی ئێستا جیاواز تر دەردەخات لاوازبوونی بێوێنەی تۆڕی هاوپەیمانەکانی ئێرانە، توانا سەربازییەکانی حەماس دوای شەڕی غەززە، وێران بوون. حیزبوڵڵاش دوای کوژرانی سەرکردەکانیان و زیانە قورسەکان، زیاتر سەرقاڵی مانەوەیە تا شەڕ، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، ڕێڕەوی سەرەکی ناردن و گەیاندنی چەکی بۆ هێزە بە وەکالەتەکانی داخست. ئەم لاوازبوونە، ئێران ناچار دەکات ڕاستەوخۆ ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل بکات، کە مەترسیدارترە و پێچەوانەی ستراتیژی ئەو "شەڕی بەوەکالەتە"یە کە بۆ دەیان ساڵ پەیڕەوی کردووە.

مەترسی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی.

ڕاستەوخۆ هێرش کردنە سەر دامەزراوە ناوەکییەکان خەتێکی سوور دەبەزێنێت کە کاریگەری درێژخایەنی دەبێت. لەوانەیە ئێران خێراتر بەرەو دروستکردنی چەکی ناوەکی بەرێت وەک "گەرەنتی بۆ مانەوە"، لە بری قبووڵکردن پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ڕەتبکاتەوە و ڕێگە بۆ پێشبڕکێی چەکی ناوەکی لە ناوچەکەدا خۆش بکات. سعودیە پێشتر ڕایگەیاندووە ئەگەر ئێران چەکی ناوەکی دروست بکات، ئەویش هەمان کار دەکات. ئەمە دەتوانێت کۆتایی بە سیستەمی دژە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی بهێنێت و ناوچەکە بخاتە ناو جەمسەرێکی نوێ لە ململانێ و پێکدادانی مەترسیدار تر لەوەی کە هەیە و ڕویداوە.

خوڵاسەی باس.

کەس یان با گەلانی ناوچەکە دڵیان بەم شەڕە خۆش نەبێت، چونکە ململانێی ئێران-ئیسرائیل، لە بنەڕەتدا نیشانەیەکە لە سیستەمێکی سیاسی کە تێیدا دوژمنایەتی بووەتە پێداویستی بۆ مانەوە. هەردوو ڕژێم پێویستیان بە "هەڕەشەی دەرەکی" هەیە بۆ:

- پاساودانی سیاسەتە ناوخۆییەکانیان.
- یەکخستنەوەی خەڵک لە پشت دەسەڵات.
- داپۆشینی شکستە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.
- درێژەدان بە بەسەربازیکردنی کۆمەڵگە.

تا ئەم سیستەمە بنەڕەتییە نەگۆڕێت - تا ڕژێمەکان نەتوانن بێ دوژمنی دەرەکی مانا بە بوونی خۆیان بدەن - ململانێ و قەیرانەکان بەردەوام دەبن. خەڵکی ئاسایی هەردوو نەتەوە دەبنە قوربانی ملمانێیەک کە لە بنەڕەتدا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان ناکات، بەڵکو تەنها دەسەڵاتی ڕژێمە ناکارامەکان دەپارێزێت.

ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت پرسیار لەوە بکەین: ئایا دەکرێت سیستەمێکی سیاسی دروست بکرێت کە شەرعیەتی خۆی لە خزمەتگوزاری و پێشکەوتن وەربگرێت، نەک لە دروستکردنی دوژمن و ترساندنی خەڵک؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، ڕەنگە کلیلی چارەسەری ڕیشەیی ململانێ ناوخوۆیی و ناوچەیی و هەرێمایەتییەکانیش بێت.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک