٤\١\٢٠١٢ با کێشه حیزبیی و که‌سایه‌تیه‌کان تێکه‌ڵ به چاره‌نووسه نییشتمانییه‌کان نه‌که‌ین!!!
محه‌مه‌د بێبه‌ش
به هۆی درێژبوونه‌وه‌ی خه‌باتی سیاسی خه‌ڵکی کوردستان، له پێناوی ئازادی و سه‌ربه‌خۆی و به‌دیهێنانی دیموکراسی و مافه مرۆییه‌کان، زوربه‌ی هزر و ئایدیالۆژیه جیهانیه‌کان، بوونه به‌شێک له بیروبۆچونی خه‌ڵکی کوردستان و له ناو ڕێخراوێکدا یان حیزبێکدا خه‌باتیان بۆ ده‌کرێ، بێگومان زوربه‌ی زۆریشیان ئامانجه سه‌ره‌کیه‌که‌یان له‌سه‌نته‌رێکدا یه‌کده‌گرنه‌وه و کۆده‌نگن، واته ته‌واوی خۆاسته‌کان بۆئاشتی و ئازادی و سه‌ربه‌خۆی و یه‌کسانی و به‌دیهێنانی مافه‌کانی مرۆڤه، وه‌ک چۆن مارتین ده‌ڵێ له دوای زه‌رده‌شته‌وه، هیچ په‌یامێک نه‌هاتوه وشه‌یه‌ک له وته‌که‌ی زه‌رده‌شت زیاد بکا، که ده‌ڵێ: '' بیری باش، گفتاری باش، کرداری باش"، ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی تر بڵێین، ئه‌گه‌ر خواستی سه‌رکرده‌یه‌ک یان که‌سێک که‌مێک جیاوازی هه‌بێ، به‌ڵام تاک و ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و ڕێخراوه، هه‌مان خواست و ئامانجیان هه‌یه، هه‌ر ئه‌م هۆکاره‌یه که ده‌بینین حیزبه‌کان به‌رز و نزمیی له ناو جه‌ماوه‌ردا به خۆیانه‌وه ده‌بینن، به‌و مانایه ده‌بێ حیزب دوای خواست و ئامانجه‌کانی گه‌ل و جه‌ماوه‌ر بکه‌وێت نه‌ک پێجه‌وانه‌که‌ی، چونکه کاری پێچه‌وانه کارێکی نه‌گه‌تیڤی له‌سه‌ر ناوه‌رۆکی ئامانجه‌کان ده‌بێت و مێژوویه‌کی نادروستیش بۆ حیزبه‌که دروست ده‌کات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی حیزب زاڵده‌بن به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌ل و جه‌ماوه‌ر، ئه‌مه‌ش جگه له‌وه‌ی ئاوابوون و هه‌ڵدێری حیزبه‌که‌یه، گه‌ل و نیشتمانیش له ره‌وتی ئاسای مێژوو دواده‌خات، بارودۆخی سیاسی ئه‌مڕۆی ناوچه‌که‌و جیهان واده‌خوازێ... بابه‌ته گرنگه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌کان یه‌کهه‌ڵوێستی خه‌باتی سیاسی و یه‌ک وتاری سه‌رکردایه‌تی کوردی پێویسته، چونکه قۆناغه‌کانی داهاتوی ناوچه‌که زۆر گۆڕانکاری کت‌وپڕ به‌دوای خۆیدا دێنێ و چاوه‌ڕوانی بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه ناکا.
ئێستا کێشه‌کانی ئۆپۆزسیۆن وده‌سه‌ڵات، له دوو ته‌وه‌ر و ڕه‌هه‌ندی جیاواز پێک دێن، ڕه‌هه‌ندی چینایه‌تی و ڕه‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، کێشه‌ی ئۆپۆزسیۆن ئیستا زیاتر ته‌رکیزو سه‌رنج له‌سه‌ر بابه‌ته ڕه‌هه‌نده ئابوری چینایه‌تیه‌که‌یه. چونکه تا ئێستاش ئه‌و پرۆژانه‌ی که ده‌یخه‌نه به‌رده‌م ده‌سه‌ڵات و په‌رله‌مان زیاتر کێشه‌ی ئابوری و ئیدارین، که ئه‌مه‌ش خواست و حه‌ز و ئامانجی جه‌ماوه‌ر تێرناکا، هه‌روه‌ها ده‌سه‌لات و په‌رله‌مانیش ته‌رکیز و سه‌رنجیان له‌سه‌ر کێشه ده‌ره‌کیه‌کانه، کێشه ناوخۆی و ئابوری و ئیدار و چینایه‌تیه‌که‌ی به‌ستۆته‌وه به کێشه سیاسه‌کانی ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌شیان خواست و ئامانجی گه‌ل تێر ناکات، چونکه گه‌ل هه‌ردوو خواسته‌که‌ی لا مه‌به‌سته، هه‌م یه‌کسانی ئیداری و ئابوری وکۆمه‌ڵایه‌تی ده‌وێ هه‌م ئازادی نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانی، که‌واته له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن وده‌سه‌ڵات پێویسه هیچ ڕه‌هه‌ندێکیان قه‌تیس وبازنه‌دار نه‌که‌ن، واته نه‌ئۆپۆزسیۆن که‌م و کوریه ئیداری و ئابوریه‌کان بکاته چه‌کی ئایدیۆلۆژی و مافه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌کان بایکوت بکا، نه ده‌سه‌ڵاتیش چاوپۆشی له چاکسازی وکه‌م کوره ئیداریه‌کان بکا، پێویسه هه‌ردوو لا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ خواستی جه‌ماوه‌ر و ئامانجه ستراتیژیه‌کان که هه‌موومان ئاسوده ده‌کا، هه‌ر ئه‌و هۆکاره‌یه جه‌ماوه‌ری له هه‌ردوولا دابڕیوه، چونکه کاتێک تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌ده‌ستکه‌وته‌کانی خۆیان شاد ده‌بن، ئه‌و کاته ئینتمای نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانی به‌هێز ده‌بێ و ناچار ده‌بن ده‌ستکه‌وته‌کان بپارێزن، به‌لام کاتێک گه‌نجێک له وڵاتێک‌دا بژی هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ک وابه‌سته‌ی ئه‌و نه‌بێ، سۆز و ئینتمای لادروست نابێ، سۆزی منداڵ بۆ دایک له شیری مه‌مکه‌کانه‌وه دروست ده‌بێ.
لێره دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ووتاری ئۆپۆزسیۆن، گریمان په‌رله‌مانمان نه‌بوو، چونکه پێویسته هه‌لوێستی په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی جه‌ماوه‌ر بێ، به‌لام ئه‌مه‌ش خه‌باتێکی ناوخۆییه و جارێ له‌کوردستان نه‌بۆته مڵکی جه‌ماوه‌ر له هیچ لایه‌نێکه‌وه، گریمان گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ به‌ره‌ی کوردستانی! ئایا ووتاری ئێستای نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن له‌ناو به‌ره چی ده‌بوو؟؟ ئایا پێویستیمان به کۆ ده‌نگی و یه‌ک ووتاری سیاسی نییه بۆ ڕای گشتی له‌م قۆناغه‌دا؟؟ ئایا ناکرێ گه‌نده‌ڵیه‌کان بکه‌ینه چه‌کی هه‌ڵبژاردن و خه‌ڵکی کوردستانی زیتر لێ ئاگادار بکه‌ینه‌وه... به‌ڵام کۆده‌نگبین له‌سه‌ر چا‌ره‌نوسی نه‌ته‌وه و نیشتمانی که هه‌زاره‌ها قوربانیمان بۆ داوه؟؟ ئایا ناتوانین سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌مان یه‌کخه‌ین هه‌تا په‌رله‌مان و حکومه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی ئێوه ده‌بێته موڵکی میلله‌ت.
له کۆتایدا ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خواست و ئامانج و ویستی جه‌ماوه‌ر بێ، ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌دوو ڕه‌هه‌ندو ته‌وه‌ره‌که کار بکا، واته چاکسازی و نه‌هیشتنی گه‌نده‌ڵی ئابووری و ئیداری، هه‌م په‌ره‌پێدانی یه‌ک ووتاری سیاسی کوردستانی، که هه‌ردوکیان خواستی جه‌ماوه‌رن و هه‌م هه‌ردوکیان له به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه و نیشتمـانیدان.
|