په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠٢٦

باڵادەستیی سەرمایە لە سێبەری بێدەنگیی یاسادا!


رەوا حەمەجان      


لە کۆمەڵگا ستەمکار و نەریتییەکاندا، بەتایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، یاسا زۆرجار وەک ئامرازێک لە دەستی بەهێزەکاندا بەکاردێت، نەک وەک پەناگەیەک بۆ پاراستنی بێدەسەڵاتەکان. چیرۆکی هاوسەرگیریی " خەندە و ئیبراهیم " لە گوندی قەرەنی ئاغای سەر بە شارۆچکەی رانیە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وێنەیەکی ڕوونی ئەم واقیعە تاڵەیە، کاتێک سەرمایەی زەبەلاح و پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سیاسی و سەربازیدا دەبنە هەڕەشە بۆ سەر سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ، کە ئەویش مافی هاوسەرگیریی و پێكەوەبوونی کچان و کوڕانە.


ئیبراهیم مەولود مەحەمەد ، گەنجێکی کەمدەرامەتە، خەندە، کچی بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتوو و زەنگینە، دوای هەوڵێکی زۆر و بەپێی ویستی خۆیان هاوسەرگیرییان کرد. بەڵام ئەم هاوسەرگیرییە لە لایەن باوکی خەندەوە هەرگیز قبوڵکراو نەبوو. هوکارە سەرەکیەکەش ئەوە بوو کە باوکی خەندە پێی وابوو کە نابەرابەریی کۆمەڵایەتی و ئابووریی گەورە هەیە لە نێوان " خەندە و ئیبراهیم "دا.


ئەم نارازیبوونەی باوکی خەندە بەردەوام بوو تەنانەت پاش ئەوەی " خەندە و ئیبراهیم " منداڵیشیان بوو، بەجۆرێک چەندین جار بە چەندین بیانووی جیاواز جیاواز باوکی خەندە بۆ چەندین مانگ خەندەی دەهێنایەوە بۆ ماڵی خۆی و بە هیچ شێوەیەک رێگای نەدەدا " خەندە و ئیبراهیم "یەکتر ببینن،زۆر هەوڵی لەگەڵ خەندەدا کە لە ئیبراهیم جیابێتەوە بەڵام خەندە رازی نەدەبوو،رووبەرووی لێدان سووکایەتی دەبوەوە، تا کار گەشت بەوەی گوشار بخاتە سەر ئیبراهیم بەوەی کە هەر دەبێت لە کچەکەی جیاببێتەوە، بەڵام ئیبراهیمیش بە هەمان شێوەی خەندە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو لە خەندەی خۆشەویستی و دایکی منداڵەکانی جیاببێتەوە.


خەندە و ئیبراهیم دڵنیابوون لەوەی تەنها دوو رێگایان لە پێشە، یان جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکەیان، یان هەڵهاتن و دوو کەوتنەوە لە کوردستان، ئەگینا ژیانیان بە تەواویی کەوتبووە مەترسییەوە.


کێشەی سەرەکیی ئەم چیرۆکە راستەقینەیە تەنها ناکۆکی خێزانی یان نەریتی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی نەبوونی دادپەروەریی و سەروەرنەبوونی یاسایە. کاتێک "خەندە و ئیبراهیم" پەنا دەبەنە بەر دامەزراوە یاسایی و ئاسایشییەکان بۆ پاراستنی ژیانیان، ڕووبەڕووی بێدەنگیی و پشتگوێخستن دەبنەوە. لە سێبەری گەندەڵیی کارگێڕیی و جێبەجێکردنی نادادپەروەرانەی یاسادا، دەسەڵاتی دارایی و پەیوەندییە سیاسییەکانی باوکی خەندە بەهێزرتر بوون لە دەقە یاساییەکان.


ئەم بێئومێدییە لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەریی لە ناوخۆدا، " خەندە و ئیبراهیم " ناچار دەکات ڕێگەی سەختی تاراوگە بگرنەبەر و ڕووبکەنە وڵاتی بەریتانیا ، بە ئومێدی بەدەستهێنانی مافی پەنابەریی و پاراستنی ژیانیان.


بەڵام کۆستەکە بە هەڵهاتنی ئەوان کۆتایی نەهات. باوکی خەندە، کە خۆی بە کەسێکی ئاستبەرز و خاوەن شەرەف دەزانێت، دوای هەڵهاتنی " خەندە و ئیبراهیم " شێت و هار دەبێت و هەست دەکات ئابڕووی چووە و تووشی شکانێکی گەورە بووە لە ناو خەڵکدا.


تووڕەیی و شێتیی باوکی خەندە بەوە گەشت کە بە ئاشکرا هەڕەشە لە کەسە نزیکەکانی ئیبراهیم بکات کە ئەگەر کچەکەی بۆ نەگەڕێننەوە، بەشێوەیەک تۆڵەیان لێ دەستێنێتەوە کە وێنەی نەبووبێت.


مخابن، ئەم هەڕەشانە بوونە راستی؛ لە رێکەوتی ٢٥\٨\٢٠٢٦ لە ناو شارۆچکەی رانیەدا، (موحەمەد مەولود ئەحمەد) کە برای ئیبراهیمە، بە ٣ فیشەک تیرۆرکرا.


ئەم ڕووداوە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی و یاسایی لە سیستەمە گەندەڵەکاندا نموونەی (حکومەتی هەریمی کوردستان) کاتێک سەرمایەدار و دەستڕۆیشتووەکان دەتوانن یاسا بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان بچەمێننەوە و دامەزراوە فەرمییەکان بێدەنگ بکەن، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی تێک بدەن و تاکەکان ناچار بکەن بۆ رزگارکردنی گیانیان نیشتمان بەجێبهێڵن. تا ئەو کاتەی یاسا یەکسانیی تەواو لە نێوان دەوڵەمەند و هەژاردا دەستەبەر نەکات، چیرۆکی هاوشێوەی " خەندە و ئیبراهیم " وەک بەڵگەیەکی زیندوو لەسەر کورتهێنانی سیستەمی دادوەریی دەمێنێتەوە.

 


rawahamajan8@gmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک