په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١١

با لەخۆمان خۆش نەبین.


هاوژین غەریب


حوسێن خزری لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە شاری ئورمیە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لە سێدارەدرا. ئەوەی جێگای سەرنجی هەموو لایەک بوو لەسێدارەدانەکەی نەبوو بەڵکو کاتی لە سێدارەدان و راگەیاندنی تیرۆر کردنی بوو. قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نیە کە خزری ئەندامی پژاک بووە یان لایەنێکیتر، بەڵکو ئەوەی گرنگە کوردە و لە سێدارەدراوە و لەدوای هەمووشیانەوە مرۆڤە. ئەمانە هەموو شایەنی ئەوەن کە قسەیان لەبارەوە بکرێت، دەبێت ئەوە بڵێین چالاکیەکان بۆ حەبیبوڵا لەتیفی لە ماوەی رابردوودا گەیشتنە قیمە و لەهەرلایەک لەماوەی دوو رۆژدا چالاکی رێکخرا و هەڵوێست دیاریکرا، بەڵام ئەوە ماوەی دە رۆژە هەواڵی بێسەروشوێنی خزری لە ئارادایە بەڵام گەلی کورد و لایەنە سیاسیەکان و چالاکانی مەدەنی لەدوای ئەوەی هەوڵدانەکانیان بۆ حەبیبوڵا سەری گرت و توانی سێدارەی حەبیبوڵا رابگرێت پشتوێنیان لێکردەوە و وایان دەزانی ئیتر ئێران کەس لەسێدارە نادات. بۆیە ئەویش بەهەلی زانی سودی لەوە بینی کە ناوەندە هەرە چالاکەکانی مافی مرۆڤ لەمەڕ خزری بێدەنگن بۆیە بەبێ دەنگی لەسێدارەیدا. لەم چوارچێوەیەشدا پێویستە ئەم رەخنەیە لە هەموولایەکمان بگیرێت.


لەلایەکیتر کاتی لەسێدارەدانی ئەم چالاکە کوردە لەدوای گەڕانەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران بوو لە عێراق و لێدوانەکانی زێباری بوو کە زۆر نابەرپرسیارانە وتی پژاک پارتێکی تیرۆرستە. لەدوای ئەو لێدوانەش جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەرەو تاران فڕی و لەوسەرەوە پارێزگاری کرماشانی بۆ هێناین، لەدوای ئەمانە خزری بەچەند رۆژێک دواتر لەسێدارە دەدرێت پرسیاری هەرە مەزن ئەمەیە بۆچی لەمکاتەدا؟ ئەگەر رێکەوتنێک هەیە لەنێوانیاندا بۆ ئەوەی سەرانی دەسەڵاتداری کورد بێدەنگی هەڵبژێرن لە ئاست سێدارەکانی بەدەردی شێرکۆ بێکەسی شاعیر دەڵێت "کۆماری سێدارە" با ئاشکری بکەن هیچ نەترسن وەکو چۆن لە ساڵانی رابردوودا پارتەکەی بەڕێزیان شەڕی براکوژی کرد و هیچ نەترسان و خوێنی هاونیشتیمانیەکانیان رژاند. ئەمە دەمانگەیەنێت بەو باوەڕەی کۆماری سێدارە جیاوازیەکی وەهای نیە لەبەرامبەر پژاکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراقدا چونکە هەردووکیان یەک پێناسیان بۆ ئەو رێکخراوە هەیە کە خزری ئەندام بووە تیایدا. ئەگەر رێزدار زێباری دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆماری سێدارە، لەسەر حسابی پژاک رێک بکاتەوە ئەوکاتە پێویستە گەلی کورد لەبەرامبەر ئەویش هەڵوێست وەربگرێت. ئەمە لەکاتێکدایە حیزبەکەی زێباری پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆماری سێدارە هیچ باش نیە.


لە لایەکی ترەوە شێوەی راگەیاندنەکەی زۆر ترسنۆکانەبوو ئەمەش سەرەڕای ئەوەی مەرگی چالاکێکی مەدەنی پێدام بەڵام لە روویەکەوە دڵخۆشی کردم چونکە تێگەیشتم ئیتر کۆماری سێدارە گەرچی هیچ حساب بۆکەس ناکات و بووەتە کەڵەگای نێودەوڵەتی، بەڵام لە ئاست راگەیاندنی مەرگی کوردێک زۆر ترسنۆک بوو چونکە سەرەتا وتی کەسیک لە سێدارەدرا و دواتر ناوی لایەنە سیاسیەکەی و تۆمەتەکەی راگەیاند ودواتریش وتی ئەندامی پژاک بوو لە کۆتایدا ناوەکەی راگەیاند. ئەم جۆرە راگیاندنە زۆر ترسنۆکانەبوو ئەوەش ترسی بوو لە خەبات و چالاکی گەلی کورد چونکە پێشتر هەرشەکانی کوردی بینیبوو.

 


viyan2007@gmail.com