٢۴\١\٢٠١٠
باڵندەیەکى بێکەس.

نەوزاد بەندى
ئێوارەیەک ،
باڵندەیەک ڕێى هێلانەکەى وون ئەکا
بارانە و کەس دەرگاى لێناکاتەوە ..
بە دەنووک ، زەنگى هەموو دەرگاکان کوون ئەکا
کڕێوەیە و کەس وەڵامى ناداتەوە ..
شەوێکە و باڵندەیەک بەرگى بێکەسى لە بەرا
شەوێکە و باڵندەیەک کاسکێتى غەریبى لەسەرا
دەنکە بارانەکان ئەبن بە بەفر
باڵندەیەک بێ هێلانە و بێ چەتر
گێژەڵوکەیەک هەڵدەکات و
کە دەگاتە ئاستى باڵندەکە ، شەرم ئەکات و
سڵاوێک ئەکات و
ئەو کۆڵانە بە جێ دێَڵێ
باڵندەکە بە چاو ، هەموو چرکەکانى شەو ئەکێڵێ
لە نێوان ئەو وبەیانیدا
مردن لەسەر سوچى کۆڵانەکە وەستاوە
جگەرە ئەکێشێ
تا بەیانى هەنگاوێک ئەنێ
مردن دوو هەنگاو دێتە پێشێ
ئەوسا تێ دەگا دونیا خەمێکى گەورەیە و
ئێمە ڕەنگاو ڕەنگمان کردووە
دونیا گریانێکى نەبڕاوەیە و
ئێمە بە پێکەنینى درۆ بێدەنگمان کردووە
ئەوە و لاشەى باڵندەیەک
ئەکەوێتە بەرچاوى یەکەم کرێکارى شار
بە دوو فرمێسک پرسەیەکى بۆ ئەگێڕێ
لەگەڵ ئاهى سینەیەکى بریندار.
|