په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٧\٢٠١٢

بانگەوازێکی بە پەلە: گیانی کەبوودوەند لە مەترسی دایە، دەبێ بە پەلە فریای بکەوین.

 


سکرتیری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕیز بانکی مۆن!
شووڕای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لێکۆلەری تایبەتیی ئەو شووڕایە بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، بەڕێز ئەحمەد شەھید!
رێکخراوی نێونەتەوەیی لێخۆشبوون!
رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی نێوەڕاست!
سەرجەم ناوەند و دامەزراوە و کەسایەتییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!


بەڕێزان!


زیاتر لە ٥٠ رۆژ بە سەر مانگرتنی محەممەد سەدیق کەبوودوەند، دامەزرێنەر و سەرۆکی رێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە کوردستان، لە بەندیخانە دا رابردوە. ئەو کەسایەتییە مرۆڤدۆستە کە بە تاوانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و پێکھێنانی رێکخراوی مەدەنی بۆ ئەو ئەرکە پیرۆزە، زیاتر لە ٥ ساڵە لە بەندیخانە دایە، لە رۆژی ٦ی جۆزەردان)( ٢٦ی مای)ەوە وەک نارەزایەتی دەربڕین لە ‌بارودۆخی خۆی لە بەندیخانە دا، مانی لە خواردن گرتوە. جگە لەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی رێگای ئەوەیان پێنەداوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی خۆی بچێتە دەرەوەی زیندان، تەنانەت بۆ راگەیشتن بە نەخۆشیی لاعیلاجی کوڕەکەی، پەژمان، نەیانھێشتوە وەک مەرەخەسی لە زیندان بچێتە دەر. بەڕێز کەبوودوەند ئەمڕۆ یەکشەمە لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ ھاوسەرەکەی لە بەندیخانەی ئێویندا، رای گەیاندوە کە لەکاتژمێر ٢٢ی شەوی رابردووە، مانی لە خواردنی وشکیش گرتوە و جیاوازیدانان لە نێوان بەندییەکانی سەربەکەمایەتییەکان و بەندییەکانی دیکەی وەک ھۆی مانگرتن لە خواردنی وشک ناوبردوە.


بە گوێرەی زانیارییەکان و بە سەرنجدان بە مانگرتنی ٥٠ رۆژەی، باودۆخی جەستەیی و دەروونیی ئەو بەندییە، لەو پەڕی خراپی دایە و ئەگەر ھەنگاوی بە پەلە بۆ دەرھێنانی لەم بارودۆخە ھەڵ نەگیرێ،مەترسیی لە نێوچوونی ھەیە.


ھەر بۆیە داوا لە ئیوە رێکخراو و کەسایەتییە مرۆڤدۆستەکان و ھەموو ناوەند ولایەنێکی خاوەن نفووز دەکەم ھەنگاوی بە پەلە ھەڵ بگرن و ھەموو ھەوڵی خۆتان بۆ گوشارھێنان بۆ سەرکۆماری ئیسلامیی ئێران بە کار بێنن، بۆ ئەوەی رێز لە داواکانی کەبوودوەند بگرێ و نەک ھەر ھەلومەرجێکی باشتر بۆ راگرتنی لە بەندیخانە دا پێک بێنێ، بەڵکوو لە زیندان ئازادی بکا و لەمەش زیاتر چاو بە سەرجەم سزا وبڕیارەکانی خۆی لە پێوەندی لە گەڵ چالاکانی سیاسی و مەدەنیی بەندکراو دا، بخشێنێتەوە.


ھەر لەم دەرفەتە کەلک وەردەگرم و لە رێگای بنەماڵە و ھەر کەسێک پێوەندیی بە بەڕێز کەبوودوەندەوە ھەیە ئەم پەیامەی خۆم و حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بەڕیزیان رادەگەیەنم کە بۆ ئەوەی ویستی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیەتە دی و بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان و ئێران ئەو رۆڵە تێکۆشەر و مرۆڤدۆستەی خۆیان بە ھاسانی لە دەست نەدەن، مانگرتنەکەی بشکێنێ.چونکە بە دڵنیاییەوە پەیامی مانگرتنەکەی کە نارەزایەتیدەربڕین لە ستەم و بێدادی کۆماری ئیسلامییە، بە گوێی بیروڕای گشتیی گەیشتوە. ئێستا دەمێنێتەوە سەر خەڵکی کوردستان و ئێران و ویژدانە زیندووەکان لە رادەی جیھانی دا، ئەرکی خۆیان لە پێوەندی لە گەڵ بارودۆخی کەبوودوەند و داوا ڕەواکانی دا جێبەجێ بکەن.


من بە دەرفەتی دەزانم بۆ ئەوەی داوا لە ھەموو حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانی کوردستان و ئێران بکەم ھەر چی زووتر پێکەوە بە ھاودەنگی وھاوھەنگاوی حەرەکەتێکی گشتی و سەراسەری لە رادەی کوردستان، ئێران و دەرەوەی وڵات دا، بە پشتیوانی لە بەڕێز کەبوود وەند و بە مەبەستی گوشارھێنان بۆ سەرکۆماری ئیسلامی وەڕێ بخەین.


جارێکی دیکە سەرنجی ھەموو لایەکتان بۆ لای پێویستیی ھەڵگرتنی ھەنگاوی بە پەلە بە مەبەستی نەجاتدانی گیانی بەڕێز کەبوودوەند رادەکێشم.

 


خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان
٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩١ - ١٥ی جولای ٢٠١٢

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک