١٩\٨\٢٠١٥
بانگەوازێکی کراوە
بۆ ھەمووان!
بەکری میرزا حسەین
ئەمشەو ،شەوێکی کاریگەرە، لە چاوەروانی
سبەینێیەکی چارەنوس سازدا، کە وا چاوەروان دەکرێت پەرلەمان
کۆبوونەوەیەکی مێژووی بکات. دەربارەی ھەمواری دەستوور و چەسپاندنی
سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیەکی تەشریفاتی. ھەروەھا بۆ رێو رەسم و
رێکاری یاسایی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی داھاتوی ھەرێم ، ھاوزەمان لەگەڵ ،
کۆتاییایی ھاتنی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی، بەرێز کاک مەسعود لە دوای ١٩ ی
ئابی ٢٠١٥.
ئایا سبەینێ چ پەرلەمانتارێک و لایەنێک دەچێتە کۆبوونەوەی پەرلەمان و
ھەڵوێستیان چۆن دەبێت و، چ لایەنێک لە پێناوی بەرژەوەندی تردا ، خۆی
دەکێشێتەوە بۆ دواوەو لە سەنگەری ئازادی و دیموکراتیدا ، ئامادە نابێت
و پشتی میللەت بەردەدات؟
رێکارێکی ئاسایی یاسای ژمارە ١٩ ی پەرلەمان و ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی
سەرۆکی داھاتوو . بەداخەوە کراوەتە قەیران ، لەبەر ئەوەی کاک مەسعود و
پارتی، لە یاسای ژمارە ١٩ و ئەو گرێبەست و بەڵێنەی ساڵی ٢٠١٣ یان
پاشگەز بوونەتەوە و رێگری دەکەن لەھەر یاسایەک، سنور دابنێت بۆ
سەرۆکایەتی ھەتا ھەتایی کاک مەسعود . بە پاساوی ئەوەی کاک مەسعود
پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتی ھەیە ، ئەو پاساوەش مانای ئەوەیە کە پێویست
وابێت کاک مەسعود سەرۆکی ھەتا ھەتایی بێت (( مدی الحیات)). چونکە
بەدیھێنانی ئەو پرۆژەیە ھیچ ماوەو سنورێکی نیە.
لە ماوەی رابوردودا ، ھەڵوێستی سەرۆکی ھەریم و پارتی بەرامبەر بە چوار
ھێزە سەرەکیەکەی تری پەرلەمان بەداخەوە ،تاکتیکی راگەیاندنی شەری ناوخۆ
و بە خیانەتکردن و تاونبارکردن بە کودەتاو جیبەجێکردنی ئەجەندای بێگانە
بوە. بە ئاشکرا و بە بەکار ھێنانی ھەموو جۆرەکانی فشارو بەرتیل ، ھەوڵی
خۆ سەپاندنیان دراوە و سوکایەتی زۆریان کردوە بە پەرلەمانتارانی ھەرێم
و ھەرەشەی کوشتن و رێگرتن لە چوون بۆ کۆبونەوەکانی پەرلەمان . بە
ئاشکرا ئامادەباشی کراوە ، نەک بۆ بەرەکانی بەرامبەر داعش ، بەڵکوو
بەرەکانی ناوخۆ دژی ،لایەنەکانی تر . ئامادەکاری بۆ شەری ناوخۆ و دوو
ئیدارەیی و نیازی کۆنترۆڵی زیاتری سامان و ناوچەکان . لەبەرامبەریشدا ،
ھەوڵێ کرێنی وێژدان و ھەڵوێستی لایەن و پەرلەمانتارانی لایەنەکانی تر ،
ھەریەکە بە چەند ملیون دۆلار . بۆپشتیوانی لە ھەڵوێستی پارتی و
پشتیوانی لە بەردەوامی دەسەڵات و حوکومرانی کاک مەسعود . بۆیە ئێستا و
بۆ ئەگەرەکانی رۆژی ١٩ی ئاب ، ھەموو بەرپرسیاری کەوتۆتە سەر کاک مەسعود
. ئایا چ ھەڵوێستێک ھەڵدەبژێرێت ؟ شەری ناوخۆو ودوو ئیدارەیی و دووبارە
کردنەوەی کارەساتەکانی رابوردوو ، یان ئاشتی و سەقامگیری ھەرێم و
بەردەوامی کاری پەرلەمان و رێکارە یاساییەکان . ھەموی بەدەست کاک
مەسعودەوەیە . کاک مەسعود ئەمشە و سبەێنێ لەبەردەم ھەڵوێستیکدایە کە
چۆن بچێتە مێژوەوە؟
ھیوادارم کاک مەسعود ، بە ھەڵوێستیکی راست ترو ئاشتیخوازانە ترەوە
بچێتە بەردەم دادگای مێژوو.
لە مۆدێلەکانی سەرکردەکانی تری دنیادا ، چاولێکەری مۆدێلە باش و
نەمرەکان بێت و ھەڵوێستی ١٩ ی ئابی ، مایەی شادی و یەکخستنی رێزەکانی
گەل بێت . کاک مەسعود سەرۆکی فەرمیش نەبێت ، بەڵام پایەو کاریگەری خۆی
ھەیە و دەتوانی بە ھەموو شێوەیەک ، لە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی گەل و
نیشتیماندا بێت و پشتیوانی سەرۆکی داھاتوبێت و باشتریش کاربکات لەگەڵ
لایەنە نیشتیمانیەکان و کەسایەتیەکانی تر ، بۆ ھێنانەدی خەونی
سەربەخۆیی و پاشەرۆژێکی باشتر . ئەو کارە پرۆژەیەکی نیشتیمانیەو
پێویستی بە ھاوبەشی و خەبات و توانای ھەمەلایەنە ھەیە.
مێژوو چاویشی لەسەر رۆڵی ھەموو حیزبەکانی ترەووە ، ئایا ھەرێم بە چ
ئاقارێکدا ببرێت و ئاسۆکانی پاشەرۆژ چۆن بێت ؟ ئایا ، بانگەشەی ئەو
حیزبانە بۆ ئازادی و دیموکراتی و چاکسازی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی
سیستەمێکی پەرلەمانی ئازاد تا چەند راستە و چ مێژوویەک بۆ خۆیان و
حیزبەکانیان تۆمار دەکەن و چ میراتێکی خەبات جێ دێڵن بۆ نەوەکانی
داھاتوو.
مێژوو لێ بوردنی نیە و ، ئێمە خۆمان نامێنێن ، بەڵام مێژوو بەردەوام
دەبێت . ئێستاش دنیا زۆر گۆرراوە و بۆ شایەتی دادگای مێژوو ،ھەموو
بەڵگەکان دیارو ئامادەن.
شەوی ١٨-١٩\٨\٢٠١٥
-
سوێد
bakrhssain83@gmail.com
|