١٨\٥\٢٠١٠
بانگەوازێک لە
لێژنەى کۆکردنەوەى دۆکیۆمێنت و کتێب و کتێبخانە.
قەڵەمدۆستان، کتێب پەروەران..
ئەکادیمیاى کوردى، هەر لەگەڵ دروستبوونییەوە، لە هەوڵى ئەوەدابووە، کە
چۆن بتواندرێ هەرچى ئەو کتێبء دەستنووس و بەڵگەنامەو دۆکیۆمێنت و وێنەى
کۆن و شوێنەوارو کەسایەتییەکانى کوردستان لەهەر قوژبنێکى ئەو دنیایەدا
هەبێ بەمەبەستى پاراستن و پۆلێنکردن و پاککردنەوەیان و لەپاشان لەدوو
توێى ئەو کارانەدا چەند کتێبێک چاپبکرێت و بخرێنە بەردەستى ئێوەى
خۆشەویست..
نووسەران و بنەماڵە کتێب پەروەرەکان..
میللەتى کورد بەدرێژایى مێژوو تووشى چەندین دەردەسەرى و ماڵوێرانى و لە
نێوبردن و جینۆساید بۆتەوە، دوژمنان هەر زوو وێنەکان، دەستنووسەکان و
کتێبخانەکانیان یا سوتاوە یا بەتاڵانیان بردووە، پاش 414 ساڵ،
مێژوونووسى کورد، شەرەفخانى بەدلیسى کتێبى شەرەفنامەى نووسیوەو بە چاپى
گەیاندووە، لەگەڵ هەموو نەهامەتییەکانیش، تەنیا ئەو کتێبە مایەوەو
ئەمڕۆ میللەتى کورد لە هەرکوێیەکى ئەو دنیایەدا بژیێت، شانازى پێوە
دەکات و سوودى لێوەردەگرێ و سەرچاوەیەکى زۆر گرنگیشە بۆ مێژوونووسان و
وەڵامدانەوەیەکى بەهێزە بۆ ناحەزانى کورد.
بۆیە هەر لەو پێودانگەوە، لێژنەیەک لە ئەکادیمیاى کوردى، سەرپەرشتى
کۆکردنەوەو پاراستن و بوژانەوەى کتێب و کتێبخانە کەسى و دۆکیۆمێنتەکان
دەکات، دەخوازێ و بەهەر شێوازێک بێت دەستیان بکەوێت، دڵنیاشتان
دەکاتەوە مافى هەموو ئەو کەسانە پارێزراو دەبێ لە هێنانى هەر نووسین و
بەڵگەنامەیەک و بەنووسراوى ڕەسمیش ئاگادار دەکرێنەوە.
ئەو لێژنەیە بڕیارى داوە لە هەموو شارو شارۆچکەکانى ناوەوەى کوردستان و
دەرەوەى کوردستان بگەڕێ، وەکو شوێنەوارناسەکان کنەو پشکنین بکات،
تابتوانێ لە ئایندەیەکى نزیکدا بۆ ڕاى گشتى هەرچى دەستکەوتووە و
دۆزراوەتەوە نیشانى ئێوەى خۆشەویستى بدات.
بەڵکو ئەو لێژنەیە بەوەش ناوەستێ، دەچێتە شوێنە دوورەکانەوە، سۆراغى
ئەو نووسین و وێنەو دۆکیۆمێنتانە دەکات کە مێژووەکەى بۆ مێژووى باب و
باپیرانمان دەگەڕێتەوە.. ئینجا با لێکۆڵەرەوانى کوردستان دەست و بازووى
زێرینى لێهەڵکەن و نووسین و لێکۆڵینەوەکانیان بنووسن، چونکە لە ئێمەوە
بۆ ئێوەیەو لە ئێوەشەوە بۆ نەوەى نوێ و بۆ پاشەڕۆژى گەلى کوردستانە.
بەرز و پیرۆز بێ ئەو کارانەى لە پێناو خزمەتکردن و دۆزینەوەى مێژووى
کلتوورى نەتەوەکەمان دەدرێ. کە سەدان ساڵە خەباتى بۆ دەکات.
بۆ ئەم مەبەستە دەتوانن پێوەندى بەو ئیمەیل و ژمارانەوە بکەن:
kurdistanacademy@yahoo.com
kurdishacademy@yahoo.com
0750 4544842
2234501
2234502
ئەکادیمیاى کوردى
لێژنەى کۆکردنەوەى دۆکیۆمێنت و کتێب و کتێبخانە
2\5\2010 - هەولێر
|