٧\٥\٢٠٢٠
بانگەوازێ بۆ هێز
و لایەن و هاوبیرانی نەتەوەیی و کوردستانییەکی بەڕوومەت.

هەڵۆ محەمەد
لە دیدی بەرپرسیارێتییەکی گەورە و ھەستێکی قوڵی کوردایەتییەوە،
نیگەرانین بەو گرژی و ناکۆکی و ھەوڵ و پاساوھێنانەوانە بۆ زیاتر
لاوازکردن و کەرتکردنی باشووری کوردستان.
لە کاتێکدا نیوەی باشوور جارێ لەژێر دەسەڵاتی پۆستاڵی ڕەشی حشدی وەحشی
و سەربازەکانی قەعقاعدان و ھەموو دەستکەوت و ماف و ھەبوونی کورد لە
باشووردا ھێشتا مرەکەبی سەر کاغەزە، ھیچ دەستەیەکی سیاسی یاخود
ئەقڵێتێکی کولتووری یان زامنێکی نێودەوڵەتی نییە- لای ئەوانن!- داکۆکی
لە کورد بکات... ئالەم کاتەدا کە ھێشتا نیوەی دروشم و ئامانجەکانی
بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، ««فیدڕاڵی، مافی چارەنووس، کەرکوکی دڵ و قودس
و ... ھتد»»نەھاتوونەتە دی ، وا جارێکی تر حکومەتی عێراق قووتی خەڵکی
بڕیوە، لە چرکە ساتێکی ئاوھادا یەکریزی و پتەوکردنی سەنگەری خەبات و
بەھێزکردنی بازووی کوردایەتی بۆتە ئەرکێکی سەرەکیمان بۆ
ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە دەرەکی و سروشتییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ئێمە
دێین و بە ناوی شار و دەڤەرێکی بچووک و لاسایکردنەوەی سەقەت و
دیموکراسی و ھەق و ماف و دڕندوگی لەگەڵ یەکتردا، داوای ماڵ جیایی
دەکەین. بەڕاستی چارەنووسی قەوارەکە و دەستکەوتەکانی دەخەینە ژێر
مەترسییەوە.
ھیچ گومانی تێدا نییە، بایی ریال پۆلەتیک کێشەکانی ھەرێم دەبینین،
بەڵام پێمان وایە کە پەرلەمان باشترین شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشە و
ململانێ و داخوازییە جەماوەرییەکانە.
بە ھیوای ئەوەی ھێز و لایەنە کوردستانییەکان ڕێگری لەھەر ھەوڵ و
سیاسەتێک بکەن، کە یەکەی نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافیایی و سیاسی
کوردستانی پێ لاواز بێت و دەرفەتی ژیانی نەتەوەیی ئەوە ببڕن، ٤-٥ شار
نەتوانن پێکەوە چارەنووسیان گرێ بدەن. ئەوە ئاشکرایە شارێک بریتی نییە
لە کوردستان، کوردستان جوگرافیا و نیشتمانێکە چەند شارێکی لە خۆی
گرتووە.
ئەمە ئەرکی ھێز و لایەن و کەسایەتییە نەتەوەیی و نیشتمان پەروەرەکانە،
ئەرکی سەرەکی رۆشنبیرانە دەنگی ناڕەزایی بڵند کەنەوە و جەماوەریش دەبێت،
ھوشیار بە ئاگا بێت، لەو گەمە دۆڕاوەی بە ناوی ئەوەوە دەکرێت... کەواتە
ھەرچی لەدەست ئەم دەستەوتاقمە بێت، لە گوشارھێنان بە شێوازی شارستانی و
مانگرتن و دەنگ و رەنگ نیشاندان، درێخی نەکەن... چونکە ھەرکەس کە
خاوەنی ھوشیارییەکی نەتەوەیی و قەدەر و ھەستێکی کوردبوونە، دەبێ
ھەڵوێستی ھەبێت.
ئەوەی بەڵگە نەویستە و ھەموو دەیزانین، نەتەوەی کورد بە تێکڕا شەڕی
داگیرکەرە دڕندە و نامرۆڤەکانی پێ ناکرێ، جا گەر بێت و چەکی « یەکگرتن»
ی وەک گرنگترین چەک و فاکت ، بەدەستەوە نەبێت، چ دوژمن و چ دۆستیش
بەھایەکی بۆ دانانێت.
بەکورتی و کرمانجی ڕۆژی چاو نووقاندن و گوێ ئاخنین و دەم داخستن نییە
..دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان، بەتایبەت حیزبە گەورەکان ، بە شێوەی
سەرەکی بەرپرسن لەم دۆخە.... نابێت ئەوەش لە بیر بکرێ، سیاسەتی گەندەڵی
و بێ پرۆژەیی و بێ بەرنامەیی و بێ خزمەتگوزاری و بێ دادی و ھەوڵی
دژایەتی و ملشکاندنی یەکتر، دیاردە و ھەنگاوگەلێکی لەمە ترسناکتریشی
بەدواوەوەیە. بۆیەکا گرنگە بەزووترین کات، گۆڕانکاری و چاکسازی لە
بەرنامە و سیاسەتی خۆیاندا بکەن و بەرەو پیری ویست و داخوازییەکانی
خەڵکی ھەژار و بێدەرەتانەوە بچن.
بێگومان شاراوە نییە، تا سیما و مۆرکی دوو ئیدارەیی و پەرتەوازی سیاسی
چارەسەرنەکرێ، دیاردە ترسناکەکانی گەندەڵی و بێ یاسایی و وێرانەیی بە
دروستی چارەسەر نابێت.
ئێمە لەسەر ئەزموون و بنەمای مێژوو و خەبات و قوربانی ، دڵنیاین لەو
ڕۆژەوەی ڕۆڵەی کورد، لە ھەر بەرە و ڕەنگێک بوو بێت!، بۆیە چەکی کردۆتە
شان و قوربانی بە گیانی خۆی داوە، لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستاندا بووە،
نەک بۆ شارێک و گەرەکێک.
بەراستی سەردەمی شارپەرستی و حیزبحیزبێنە لە دنیادا بەسەر چووە و جیھان
بەدوای بەھێزکردنی ناوەند و دەوڵەتەکەی خۆیانەوەن و ھەر کەس بۆ
بەدەوڵەتبوون تێدەکۆشێ.
ئێمە نەتەوەیەکین لە ھیچ پارچەیەکی نیشتمانەکەماندا مافی ژیانمان نییە
و مافەکانی تریشمان بە ئاشکرا زەوت کراون.
ئەرکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی و مۆڕاڵی داوامان لێ دەکات، لە ھەموو کەس
زیاتر گرنگی بە یەکێتی ناوخۆ و مەحکەمکردنی سەنگەری بەرگری و داڕشتنی
میتۆدی خەبات بدەین.
کەواتە بە ھیچ لۆژیک و پێوەر و ئەقڵێتێکی نەتەوەیی و سیاسی و
جوگرافیایی و تەنانەت ئەزموونی خەبات و مۆڕاڵیش، نابێت و ناکرێ،
یەکنەگرتوو و غافڵگیر و سەرگەرمی کێشە ناوخۆییەکان بین و بەس و ھەڕەشە
دەرەکییەکان لە بیر خۆمان بەرینەوە.
ئەوە داعش و حشدی وەحشی ئامادە کراون...ئەوانیش نەمێنێن، دەیان ھێز و
گرووپ و ڕێکخراوی دیکە ساز دەدرێن... ئەوە دوژمنە زاڵمەکانی تورکیا و
ئێران و ئێراق و سووریا، ئەوەی ئەم ڕاستییانە نادیدە بگرێ، خۆی بە
ھەڵەدا دەبات و پێش ھەر کەس و لایەنێک پێستی خۆی لە دەباخانە
دەدۆزێتەوە...! مێژووش لەم ڕووەوە پڕە لە وانەی دڵتەزێن.
جەماوەری بە ڕوومەت و ھێز و لایەنەکان.
پێویستە ھەموو بە یەک دەنگ ڕابن : دژ بە گەندەڵی و نایەکگرتوویی و
ھەوڵی دابڕ دابڕکردنی نیوە بەشێکی پارچەیەکی ئازادکراوی وڵات.
ڕابن بۆ ڕێزلێنان لە خوێنی سەدان و ھەزار شەھید و ئاوات و ویست و
خواستی ملیۆنان کورد.
ئاشکرایە... ھەر کەس و لایەنێک لەم ڕۆژەدا خاوەن ھەڵوێست نەبێت، یاری و
گەمە بە گەوھەری پرسە نەتەوەییەکان بکات، مێژوو حوکمی تیژ و گرانی خۆی
دەدات بەسەریدا... مێژووش سەنگی مەحەکی ھەموو شتەکانە!!!
مێژووش دادگایەکی بێلایەنی حوکم گرانی ڕاست و ڕەوا و بە ویژدانە و ڕوحم
بە کەس ناکات.
ژیان و مردن بۆ نەتەوەیەک بە ویژدان ئارامی و کەڵ ژیانەوە، ھەموو
سامانی دنیا دێنێ... کەواتە ئەوەی بیەوێ سەربەرزانە بچێتە مێژووەوە،
دەبێت، لەخۆیی و بەرژەوەندی ئایدۆلۆژیا و حیزبەکەی ببورێ، بۆ ئەوەی لە
ڕووبەری مێژووی تژی لەسەربڵندی و شانازیدا، جێی شایستەی خۆی بگرێ.
من لە ھەموو حیزب و لایەن و کەس و ڕۆشنبیرەکان دڵنیام، زۆر بەرپرسانە
لەم دۆخە ترسناک و ناھەمووارەدا ھەنگاو دەنێن و گەشبینینم بە
ئایندەیەکی باشتر لەوەی ئێستا بۆ نەوەکانی ئایندەمان.
دەنا ئاگری دۆزەخی ژیان و ئێستا و مێژوومان کڵپەكڵپێتی و لە سووتانی
کەس شەرم ناکات.
بەھیوام ئەم بانگاشەیە لە بەندەیەکی بێ ناوونیشانی خەمخۆڕی نەتەوە و
نیشتمانی کوردەوە، وەک بانگەواز و پەیامێکی بە پەرۆشانە و خەمخۆرانە
وەرگیرێت.
لەگەڵ ئەوپەڕی سڵاوی کوردستانی خۆشەویستانەدا.
٤\٥\٢٠٢٠
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|