١٩\١٠\٢٠٢٣
با پێکەوە بەر بە
کوشتاری خەڵکی غەزە بگرین!
خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست.
رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و ئاشتیخوازان.
دوای
ئەوەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و هێزی چەکداری سەربازی کەتیبەکانی
قەسام سەرلەبەیانی ٧ی تشرینی یەکەم لە ژێر ناوی "توفانی ئەقسا"
پەلامارێکی لەناکاوی بە رێگای ئاسمانیی و زەمینیی و دەریاییان بۆ سەر
ناوچەکانی ئیسرائیل دەستپیکرد لە ئاکامدا ژمارەیەك سەرباز و دەیان
خەڵکی سڤیل کوژرا و بریندار و بەدیلگیران، حکومەتی ئیسرائیل لە ژێر
ناوی تۆڵەسەندنەوە لە حەماس، دەستی داوەتە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە
دژی خەڵکی فەلەستین بە ناوی "شمشیری ئاسنیین"ەوە و لە سەروو هەر
پرەنسیپێکی مرۆییەوە کەوتۆتە گەمارۆدانێکی ئابووریی و سەربازیی غەزە و
لە هەر ساتێکدا بە تۆپ و فڕۆکە و ڕۆکێت، کەوتۆتە کوشتاری بەکۆمەڵ و
خاپوورکردنی شوێنی هاوڵاتیان کە تا ئیستا بە هەزاران قوربانی لە خەڵکی
سڤیل لە ژن و منداڵ پیر و پەکەوتە سەندوە و بە سەدان کەسیش ئاوارە و بێ
شوێن و پەنا کراون و هەزارانیتریش لە نێو ئاگری شەڕ و بارووتدا
گیریانخواردوە و هیچ رێگەیەکی دەربازبوون لەبەردەمیاندا نەماوەتەوە.
بەم جۆرەش حکومەتەکەی ناتانیاهۆ خەڵكی فەلەستینی لەبەردەم کارەساتێکی
گەورەی مرۆییدا راگرتوە.
خەڵکی کریکار و زەحمەتکیشی و بیتاوانی
ئیسرائیل و فەلەستین قوربانی دوولایەنی کۆنەپەرست و مرۆڤکوژن کە
ساڵانیکە ژیان و ئاسایشیان خراوەتە مەترسییەوە. هەر بۆیە ئەم دۆخە
کاردانەوەی خێرا لە بەرەی ئازایخواز و خەڵکی پێشکەوتنخوازی جیهان
دەخوازێ. پێویستە لە بەرامبەر ئەو دۆخە و ئاکامە زیانبارەکانیدا
ئازادیخوازان و رێکخراوەکانی داکۆکییکار لە مافەکانی مرۆڤ و چینی
کرێکار و هێزە سۆسیالیست و پێشکەوتنخوازەکان، پێبنێنە مەیدانەوە و
سنوورێك بۆ دەستدرێژەییەکانی ئیسرائیل و ئەو میلیتاریزمە وێرانکەرەی کە
بەپشتیوانیی ئەمەریکا و دەولەتانی رۆژائاوا دەستیانداوەتێ دابنێن.
خەڵکی غەزە پێویستیان بە هاوپشتیی و کۆمەك و بەهانەوەچوونی خێرای
هەموومانە. لەم راستایەدا فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
بانگەوازی ئازادیخواز و خەڵکی پێشکەوتنخوازی جیهان دەکا بۆ راوەستانی
ئەو جەنگە و بەرگرتن بە لێکەوتەکانی پێبنێنە مەیدانەوە:
١- راوەستانی دەستبەجێی جەنگ و بۆردومانەکان وێرانکردنی ماڵی
هاولاتیانی سڤیل لە هەردوو لا.
٢- راگرتنی داگیرکاریی و سیاسەتی پاکتاوسازیی رەگەزیی و سزادانی
بەکۆمەڵی خەڵكی فەلەستین.
٣- هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی ئابووریی سەر کەرتی غەزە و رێگە بدرێ بە
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە بە هانای
بریندار و ئاوارەکانەوە بچن.
٤- راگرتنی لەشکرکێشیی و میلیتاریزمی ئەمەریکا و دەولەتانی تر بۆ
ناوچەکە و رێگەنەدان بە هەر کۆمەکێکی سەربازیی وتەکنیکیی بە هەردوو
بەرەی جەنگەکە.
٥- ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوەکانی جەنگ لە هەردوو لا.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

|